کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


رۆشنبیرانیشمان دزیشن، شێركۆ بێکه‌س و ده‌زگای سه‌رده‌م... وەك نموونە!

Saturday, 03/07/2010, 12:00


مەسەلەى باسكردنى گەندەڵى و خراپ بەكارهێنانى دەسەڵات بۆ كۆكردنەوەى سەروەت و سامانى نایاسایى، باس و خواسێكى رۆژانەى سەر زارى خەڵكى كوردستانە و ئیتر گەندەڵیەكان گەیشتوون بەڕادەیەك كە ئاستەمە بتوانرێت بە هێنانى چەند بەهانەیەك ڕاستییەكان ئاوەژوو بكرێن.
هەرە دوایش جەدەلى نێوان دەزگایى سەردەم و رۆژنامەنووس شوان ئەحمەدە لە سەر ڕاپۆرتێكى دەزگایى چاودێرى دارایی، هەر چەندە ساڵى ڕابردووش رۆژنامەى ئاوێنە بەشێك لە ڕاپۆرتەكەى دیوانى چاودێرى دارایى لە سەر دەزگایى گەندەڵى سەردەم بڵاو كردەوە و ئەوكاتەش دەزگایى سەردەم بە هەندێك بەڵگەى كالأ وەڵامى رۆژنامەى ئاوێنەیاندایەوە، بەڵام وەڵامەكە قەناعەت هێنەر نەبوو بۆ خەڵكى، وادیارە بە پشتاوپشت زاكیرەمان كۆڵەوارە و زوو زوو شتمان لە بیردەچێت بۆیە لەوكاتەوەو تا مانگى شەشى ئەم دووهەزار و دەیە ئیتر كەس نەبوو باسى گەندەڵیەكانى سەردەم بكات و خەریكبو كێشەكە دیزەبەدرەخونە بكرێت و ڕاپۆرتەكانى دیوانى چاودێرى دارایى بە یەكجارى لە زاكیرەماندا بسڕدرێتەوە، بەڵام خوا دەلیلە و بە قسەى دەزگایى سەردەم كاك شوان تۆراوە و بەقسەى خۆیشى لە بەر گەندەڵی و بێدادى وازى هێناوە، ئەمە هەرچۆنێك بێت من قسەى لە سەر ناكەم، ئەوەى گرنگە ئەوەیە كە شوان ئەحمەد بەو نووسینە دەرگایەكى كردەوە و كۆمەڵێك شتى شاردراوەى ئاشكرا كرد و دەزگایى سەردەمیش بەوەڵامدانەوەكەى خۆیان بەشێكى زۆریان لە قسەكانى شوان ئەحمەد لە سەر خۆیان كردە ماڵ بە وەڵامەكەى خۆیان وەكو ئەوان دەڵێن بوختانەكانى كاك شوانیان لە سەر دەزگایى سەردەم پشت ڕاست كردەوە، ئەمەیە كە دەڵێن: ئەگەر قسە كردن زیوبێت قسەنەكردن ئاڵتونە.
ئەوەى كاك شوان باسی لێوە كردووە بە قسەى خودى سەردەمیەكانیش شتێكى تازە نییە و ڕاپۆرتێكى كۆنى دیوانى چاودێرى داراییە كە دوو ساڵ لەمەوبەر لە سەر چۆنیەتى خەرجىو سەرفیاتى دەزگایى سەردەم دەریانكردوە و نامەیەكى شێركۆى بێكەسە بۆ كاك جەلالى سام ئاغا لە سەر چۆنیەتى سەرف كردنى یارمەتیەكەى جەلال تاڵەبانى كە مانگانە (10) هەزار دۆلار بووە، پێموایە سەردەمییەكان بە وەڵامدانەوەكەى خۆیان گشت قسەكانى كاك شوان ئەحمەدیان لە سەر خۆیان پشتڕاست كردەوە و ئێستا بە تەواوى بەڵگەیان بەدەستەوە داوە كە بەڵێ ڕاستە گەندەڵى لە ناو دەزگەكەدا هەیە، بۆ پشتڕاستكردنەوەى ئەم قسەیەشم با چەند نمونەیەك لە وەڵامەكەى سەردەمیەكان وەرگرین و بزانین چۆن خۆیان شاهیدى لە سەر خۆیان دەدەن و هەستیشى پێناكەن. بەڵام ئەو قسەیەش ڕاستە كە دەڵێ: لە كورد گەڕێ خۆى شەرحى حاڵى خۆى دەكات..
دیارە كاك شوان ئەحمەد كۆمەڵێك شتى لە سەر بەرێوەبەرانى دەزگایى سەردەم باسكردوە و من نامەوێ قسەكانى ئەو بەرێزە دووبارە بكەمەوە، بەڵكو دەمەوێ تەنیا لە سەر وەڵامەكەى دزە سەردەمەكان قسەبكەم.

فەیلەسوفانى سەردەم دەڵێن:
شوان ئەحمەد كە لافى ئەوە لێدەدات باسى گەندەڵى دەكات و هەندێك لە نووسەرانى سەردەم بەوە تاوانبار دەكات موچەى بەلاش وەردەگرن، خۆى كارمەندى (بەرێوەبەرایەتى سەر بە وەزاەرتى رۆشنبیرى) بووە لە سلێمانی و بە درێژایى (5) ساڵى رابردوو بەبێ ئەوەى (5) دەقیقە دەوام بكات موچەى موفت و بەلاشى وەرگرتوە. ببورن خۆیشى وەرینەگرتوە بەڵكو هەموجارێك لە لایەن هاورێكانیەوە بۆى وەرگیراوە.

ئەگەر ئەم قسەیەتان ڕاستە ئەى ئێوەى نا گەندەڵ چۆن قبوڵتان كردووە و قڕوقەپ بێدەنگیتان لێكردوە؟ یاخود ئێوە زیاترتان دەست كەوتوە بۆیە قسەتان نە كردوە؟!
هەروەها لە بەشێكى تردا گوایە سەردەم وەڵامى شوان ئەحمەد دەدەنەوە بەڵام خۆیان تاوانبار دەكەن كە دەڵێن: (شوان ئەحمەد بە هۆى دەزگاى سەردەم و لە ڕێى دەزگایى سەردەمەوە (6)ساڵ لەمەوبەر زەوى بۆ وەرگیراوە، كە لەو رۆژگارەدا زۆر نووسەرى تر هەبوون لە دەرەوەى سەردەم، رەنگە زۆر لەو موستەحەقتربوون و تا ئێستاش بستێك زەوییان پێنەدرابێ هەروەها لە ناو سەردەمیشدا كارمەندى وەها هەیە كە زەوى وەرنەگرتووە، بەڵام ئەو بەبێ ئەوەى خێزانداریش بێت زەویى بۆ وەرگیراوە).
بەڕاستى ئەمە بەڵگەى ئەوپەڕى گەندەڵیی دەزگایى سەردەمە و ئیتر پێویستى بە شاهید نییە بۆ سەلماندنى گەندەڵیەكانتان، لە كاتێكدا بە پێى رێنماییەكان ئەوەى خێزاندار نەبێت ناتوانێت زەوى وەرگرێت، كەچى بە قسەى خۆتان ئێوە زەویتان بۆ شوان ئەحمەد وەرگرتووە بەبێ ئەوەى خێزانداریش بێت، باشە كامتان گەندەڵن؟ ئێوە یاخود شوان ئەحمەد، كامتان یاساتان پێشێلكردووە؟ بێگومان ئێوە لە بەرئەوەى خۆتان دان بەوەدا دەنێن كە دەزگایى سەردەم زەوییەكەى بۆ كاك شوان وەرگرتووە كەواتە ئێوە تاوانبارن و یاساتان پێشَلكردووە، چونكە وادیارە شوان ئەحمەد خۆى داوایى وەرگرتنى ئەو زەوییەى نەكردووە، دەنا دەتان وت: بە تكا و رەجا ویمان بۆ وەرگرتووە...
لێرە پرسیارێكى ترى گرنگ ئەوەیە باشە ئەگەر ئێوە دزیتان كردبێت و پێشكەشتان كردبێت بە كاك شوان ئەى دەبێ بۆ خۆتان چیتان دزى بێت؟! ئێستا بەم قسەیەى خۆتان هەرچى لە سەر ئێوە باس بكرێت پێویستى بە بەڵگە نییە و هەر هەمووى ڕاستە، چونكە ئەگەر كەسێك دزى وگەندەڵى بۆ خەڵكى تر بكات ئەى چۆن بۆ خۆى ناكات؟! ئەم قسەیەتان لەسەر كاك شوان ئەحمەد، نیشانەى دزیی وگەندەڵى ئێوەى فەیلەسوفانى ئاخیرزەمانى كوردە، ئاخر خەڵكى وەكو ئێوە بە ناوى رۆشنبیرى و ئەدەب و داهێنان و خزمەتى رۆشنبیرییەوە، ئەو هەموو گەندەڵیە ئەنجام بدەن دەبێت بڵێین هەزاران ڕەحمەت لە گۆڕى (تالیرانو میرابوو) كە (هەردووكیان باوكى درۆ و فرتوفێڵن لە مێژووى فەرەنسا دا) بەڕاستى ئێوە دەرهێنەرن لە بوارى دزىو گەندەڵى... بەڵام ئایا لە دواى مردنتان ئێمەش تەرمەكانتان لە گۆڕستانى پیاو خراپان دەنێژین؟! بەداخەوە نیمانە..
ئێوەى گەندەڵانى سەردەم لە شوێنێكى تردا بە كاك شوان ئەحمەد دەڵێن: ئەم كابرایە لە كاتێكدا بەڕێوەبەرى نووسینى گۆڤارى سەردەم بووە كە كاك (رەووف بێگەرد) (بەڕاستى بێگەردو خۆڵە) سەر نووسەرێتى، بە حوكمى ناونیشانى پۆستەكەى كە ناونیشانێكى ئیدارییە و بە پێى ئەو گرێبەستەى لەگەڵ دەزگاشدا هەیبووە و بە بەندو مەرجەكانى قایلبووە و ئیمزای كردووە و نموونەى گرێبەستەكە لە دەزگا هەیە دەبوایە ڕۆژى شەش سەعات لە سەردەم دەوامى بكردایە، بەڵام ئەو نەك شەش سەعات بەڵكو جارى وا بووە بە هەفتەش دەوامى نەكردووە، هەروەها گۆڤارى سەردەم گۆڤارێكى وەرزییە و سێ مانگ جارێك دەردەچێت، شوان ئەحمەد، كە مووچەى مانگانەى پتر لە (850) هەزار دینار بووە، كۆى ئەو بابەتانەى لە ژمارەیەكدا و بە درێژایى سێ مانگ تەرجومەیكردوون ناگاتە (20) ئەوپەڕى (25) لاپەڕەى ئەى فۆڕ، بەڵام ئەو سێ موچەى (850) هەزارەى لە سەرى وەرگرتوون واتە زیاتر لە (2,5) ملیۆن دینار بۆ (20) تا (25) لاپەڕەى ئەى فۆڕ، ئەمە جگە لەوەى دیسانەوە زۆربەى ئەم وتارانەى كۆكردوونەتەوە، یان هەر لە سەردەم و لە زنجیرەى كتێبدا بە شێوەى كتێب چاپیكردوونەتەوەو سەرلە نوێ پاداشتى كتێبیشى پێوەرگرتووە.
هەزاران ڕەحمەت لە كفن دز..... ئەگەر ئێوەى پاك و بێگەرد و بێكەسوكارو ئازاد و شێر، ئەمە لە شوان ئەحمەد قبوڵ بكەن ئەى بۆ خۆتان چیتان كردووە؟ چۆن ئەو پارەیەتان دابەشكردووە، ماقوڵ نییە ئێوە قبوڵ بكەن شوان ئەحمەدو خەڵكانی تر ئەو پارە موفتە وەرگرن ئەگەر سەدان بەقەد ئەوەتان دەست نەكەوتبێت..
لە كۆتاییدا دەڵێم بەڕاستى ئێوە داهێنەرن، بەڵام بۆ لەخشتەبردنى خەڵكى ساویلكە ودزیی و شتیتر، نەك داهێنانى ئەدەبى، هەرچەندە هیچكاتێك بڕوام بە شاعیرى دەربار (شێركۆى بێكەس) نەبووە و هەر كەسێك ڕابردووى ئەم كەسە بزانێت دەزانێت چ قوماشێكە، بەڵام بەڕاستى بۆ هەندێك ناوى تر كە ئێستا دەركەوت ئەوانیش شەریكە شعورى بێكەسن بۆ دزیی و گەندەڵیی و لەخشتەبردنى خەڵكى بەداخەوەم..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە