کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


بێ جورئەتی میدیای بەناو ئەهلی و ئۆپۆزسیۆن لە ئاست نێچیرڤان بارزانی دا

Thursday, 15/03/2012, 12:00





 
ئەمڕۆ 14\3\2012 لە مەكۆی سەرەكی گۆڕان لەسلێمانی نێچیرڤان بارزانی لەگەل شاهۆ سەعید كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان بەستوو، هەموو كەناڵە بەناو ئەهلی و ئۆپۆزسیۆنەكانی بە نوسراو و بینراو و بیستراوە لەوێ بوون، دەیان پرسیاری قۆڕ و بێمانایان لەسەر چاكسازی و كابینەی بەناو حەوتەم لێكرد، كەچی یەك رۆژنامووسی بەناو ئەهلی و ئۆپۆزسیۆن جورئەتی ئەوەی نەبووە لێی بپرسێ: ئەری كە جەنابت باسی چاكسازی و شەفافییەت دەكەی، بێزەحمەت كوانێ داهاتی 21 ساڵی كومرگی ئیبراهیم خەلیل؟ تەنانەت پەیامنێرەكانی كەناڵی نالیاش كە خاوەنی جوڵاندنی ئەو پرسەیە و وەك بنێشتەخۆشە باسی لێوەدەكات، كەچی جورئەتی ئەوەیان نەبووە رووبەروو لێی بپرسین : ئەری جەناب ئەو هەموو پارەیەت چی لێكردووە؟ بۆ كوێت بردووە؟ بۆ دەستت بەسەردا گرتووە؟
ئەوەی بەلای منەوە جێی سەرنج و گرێیە ئەو ماستاوكردنەوەی میدیای ئەهلی و ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت خودی سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆنیشە بۆ نێچیرڤان بارزانی؟

ماوەی چەند مانگێك دەبێت میدیای بەناو ئەهلی و ئۆپۆزسیۆن هەراو بەزمیانە و ناوەناوە باسی لێوە دەكەن. زێتر لە 50 پەرلەمانتاری كوردستان، واتە هەموو پەرلەمانتارەكانی هەر سێ حزبی ئۆپۆزسیۆن یاداشتێكیان بەرز كردبۆوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، كە لیژنەیەك پێكبهێنریت بۆ لێكۆڵینەوە لە قسەكانی سەید ئەكرەم بەرێوەبەری پێشووی كومرگی ئیبراهیم خەلیل، كە لە چاوپێكەوتنێكی كەناڵی "nrt" وتی : داهاتی ئیبراهیم خەلیل ناچێتە خەزێنەی حكومەت و بودجەی گشتییەوە، بەڵكو هەمووی دەچێتە گیرڤانی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی.


من وای دەخوێنمەوە نێچیرڤان لە كابینەی پێنجەم زۆرترین خەڵك و حزب و رۆژنامەنووسی لە گەندەڵییەوە تێوە گلاندووە و دەمی چەور كردووە. بە رۆژنامەكانی هاوڵاتی و ئاوێنە و لڤین و حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنیشەوە بە سەركردایەتی و میدیاكانیشەوە.
بۆیە چاوەڕی ناكەم میدیای ئەهلی و ئۆپۆزسیۆن بتوانن بەو هێز و نەفەسەی كە دژایەتی كابینەی شەشەمیان دەكرد بە هەمان نەفەس و هێز بتوانن دژایەتی كابینە چەورەكەی نێچیر بكەن، بەداخەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە