کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئاسایشى پارتى په‌ڵه‌یه‌كى رِه‌ش به‌ نێوچاوانى دیموكراسیه‌وه‌

Sunday, 07/03/2010, 12:00


ئه‌زمونى چه‌ند ساڵه‌ى هه‌رێم له‌ سایه‌ى ده‌سه‌لاتى دوو حیزبه‌ گه‌وره‌كه‌ى كوردستاندا هه‌میشه‌ به‌ده‌ست كۆمه‌ڵێك گیرو گرفت و نه‌خۆشى كوشنده‌وه‌ نالاندویه‌تى كه‌ رِێگر بوون له‌وه‌ى وه‌ك پێویست سود له‌م ده‌رفه‌ته‌ زێرِینه‌ى بۆ كورد رِه‌خسا بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ خاوه‌ن ئیداره‌یه‌كى نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆ وه‌ربگیرێت، رویه‌كى گه‌شى دیموكراسى پیشانى دنیاى ده‌ره‌وه‌ بدرێت و خۆشمان له‌ سایه‌یدا بحه‌سێینه‌وه‌، به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌رگیز ده‌سه‌لاتى هه‌رێم نه‌یتوانى دیموكراسى له‌ دروشم بازیه‌وه‌ بگوازێته‌وه‌ بۆ واقیع، و ماناو مه‌دلولێك كه‌ ئه‌م چه‌مكه‌ له‌ خۆرئاوا وه‌ریگرتووه‌ له‌م ولاته‌ى له‌مه‌رِ خۆشمان وه‌ك خۆى پیاده‌ بكرێت، لێره‌ دیموكراسى مه‌رجدار كرا به‌مانه‌وه‌ى ده‌سه‌لاتى دوو حیزبه‌ گه‌وره‌كه‌ و مانه‌وه‌ى خۆیان و بنه‌ماڵه‌ ده‌ست رِۆشتووه‌كانیان له‌ هه‌ره‌مى ده‌سه‌لاتدا بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام چنگیان له‌ قورِگى خێرو بێرى ئه‌م ولاته‌دا بێت، له‌م پێناوه‌شدا به‌تایبه‌ت له‌هه‌رێمى زه‌رد هه‌میشه‌ هه‌وڵ ئه‌درێت سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ و حیزبى بالاده‌ست وه‌ك پیرۆز و كاریزماو ئاغاو گه‌وره‌ى هه‌موان سه‌یربكرێت، وێنه‌كانیان له‌ فه‌رمانگه‌ حكومیه‌كان و فولكه‌و شوێنه‌ گشتیه‌كاندا هه‌ڵبواسرێت، و له‌گه‌ڵ ناو هێنانیان پاشگرى خوا بیپارێزێت بوترێت، چونكه‌ به‌بێ ئه‌وان بوونمان نابێ ئه‌گه‌رچى سالانێكیش باجى هه‌ڵه‌كانى ئه‌وانمان دابێت، ئه‌م بۆ چوون و حه‌زو خواست و هه‌وڵى قۆرخ كردنى ده‌سه‌لات و هه‌ژمون خوازى و پاوان خوازی و نكولى كردن له‌ ئه‌وانیتر، له‌ سه‌رو به‌ندى هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكدا ده‌كه‌وێته‌ له‌رزه‌ و خۆى ناگرێت، چونكه‌ مۆدێلى به‌سه‌ر چووه‌و له‌گه‌ڵ به‌ره‌و پێشچوونى كۆمه‌ڵگه‌دا ئه‌م به‌جێ ماوه‌و له‌بازنه‌ى سه‌روه‌رى و بێسه‌رو به‌ریه‌كانى دوێنێ دا ده‌خولێته‌وه‌، ئه‌گینا له‌كوێى دونیا مۆدێلێكى له‌م چه‌شنه‌ى ده‌سه‌لات په‌یره‌و كراوه‌ كه‌ پرۆسیسى دیموكراتى له‌ هه‌رێمیكدا بانێك و دوو هه‌وابێت و له‌ شارێكه‌وه‌ بۆ شارێكى تر كێرڤى دیموكراسى دابه‌زێت و له‌هه‌ندێ ناوچه‌دا دیموكراسى هه‌میشه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى بازنه‌وه‌ بێت و وه‌رنه‌گیرێت، و رِۆژانه‌ له‌دورى چه‌ند سه‌د مه‌ترێك له‌ باره‌گاى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ته‌لارى په‌رله‌مان و له‌ بن ده‌ستى سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا له‌لایه‌ن بچوكترین كارمه‌ندى ئاسایشى حیزبه‌وه‌ دیموكراتى ئه‌تك بكرێت و سوكایه‌تى به‌ كه‌سایه‌تیه‌كى گه‌وره‌و ئه‌میندارى حیزبێكى كاراى سه‌ر گۆره‌پانى سیاسى عێراق و هه‌رێم بكرێت و له‌ مافێكى یه‌گجار ساده‌ى ئاسایى بێبه‌ش بكرێت، كه‌ ده‌شێت هه‌ر تاكێك لێى به‌هره‌مه‌ند بێت، و داواى وێنه‌گرتنى پرۆسه‌ى ده‌نگدانى خۆى بكات، چ جاى ئه‌وه‌ى ئه‌میندارى حیزبێكى ئۆپۆزسیۆنى به‌شدارى پرۆسه‌كه‌ بێت، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌و ئه‌ندامانى خودى ئه‌و حیزبه‌ ده‌سه‌لاتداره‌ به‌فه‌وجێك حیمایه‌و ته‌شریفات و له‌ خۆبایبونێكى زۆره‌وه‌ به‌ خۆیان و خێزانه‌كانیانه‌وه‌ كه‌ هه‌رله‌و رِۆژه‌دا ده‌بینرێن شوێن و جێگاو سندوقى تایبه‌تیان بۆ ته‌رخان ده‌كرێت و فه‌رمووى ده‌نگدانیان لێده‌كرێت، نازانم هه‌ڵوێسته‌كه‌ى ئه‌مجاره‌ى ئاسایشى پارتى به‌ چ شتێك پاساوى بۆ ده‌هێنرێته‌وه‌، خۆ كاك نێچیرڤان له‌ سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تدا نه‌ماوه‌ تاوه‌كو وه‌ك 25/7 سه‌ردانى باره‌گاى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كگرتوو بكات و هه‌وڵى دڵدانه‌وه‌و هێوركردنه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌بدات، بێگومان ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ى ئه‌مرۆى ئاسایشى پارتى به‌رامبه‌ر ئه‌میندارى گشتى یه‌كگرتوو په‌ڵه‌یه‌كى رِه‌شى دیكه‌یه‌ به‌ نێوچاوانى ده‌سه‌لاته‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە