کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هه‌ڵوێستی ڕه‌گ سه‌باره‌ت به‌‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان

Tuesday, 05/05/2009, 12:00


سه‌رهه‌ڵدانی ڕه‌گ، وه‌ک ڕه‌وتێکی دیموکراسیی گۆڕانخواز له‌ ناو یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان دا، هه‌روه‌كو له‌ په‌یامه‌ سه‌ره‌تاییه‌که‌شیدا هاتووه‌‌، زیاتر په‌یوه‌ندی به‌ چاره‌نووس‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی گه‌له‌که‌مانه‌وه‌ هه‌بووه‌ تا چاره‌نووس‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی یه‌کێتی. هه‌ر بۆیه‌ ئاڵای گۆڕینی بنه‌ڕه‌تیمان له‌ ناو یه‌کێتی دا هه‌ڵکرد، تا له‌وێوه‌ گۆڕان له‌ سه‌رتاپای سیستمی حوکمڕانی له‌ کوردستاندا بێته کایه‌وه. ‌ هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌‌وه‌، هه‌ر هه‌ڵوێستێک ڕه‌گ وه‌ریگرتبێ یان وه‌ریبگرێ، مه‌سه‌له‌ نیشتمانی‌و نه‌ته‌وایه‌تییه‌کان پێوه‌ری یه‌که‌م ده‌بن نه‌ک مه‌سه‌له‌ حزبییه‌کان.
ئێستاش که‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستانداین‌و حزب‌و لایه‌ن‌و که‌سایه‌تییه‌ جیاجیاکان له‌ سه‌ره‌تای ململانێی دیموکراسیانه ‌دان، به‌و هیوایه‌ین هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مان، ببنه‌ سه‌ره‌تای داهێنانی نه‌ریتی دیموکراسی له‌ ده‌ستاوده‌ست پێکردنی ده‌سه‌ڵاتدا. ئه‌گه‌ر به‌ حه‌زو ویستی دڵسۆزانی یه‌کێتی‌و میلله‌ته‌که‌مان بوایه‌، ده‌بوایه‌ یه‌کێتی به‌ پرۆسه‌ی گۆڕانی دیموکراسییانه‌ی ناوخۆییدا ڕه‌ت بباو، له‌وێشه‌وه‌ وه‌ک حزبێکی مۆدێرن‌و به‌رنامه‌ ڕوون، به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستاندا کردبا. به‌ بۆچوونی ئێمه‌ ئه‌وه‌ زۆر زیاتر له‌ خزمه‌تی پڕۆسه‌ی دیموکراسی‌و ته‌نانه‌ت خودی یه‌کێتیشدا ده‌بوو. به‌ڵام ترسی زۆری ته‌وه‌ری ده‌سه‌ڵات له‌ ناو یه‌کێتیدا، له‌ گۆڕان‌و له‌ دیموکراسی‌و له‌ ده‌نگدانی ئازاد، کردونیه‌ته‌وه‌ به‌ شه‌ریکه‌ لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ئێمه‌ گومانمان له‌وه‌دا‌ نیه‌ که‌ ئه‌م هاولیستییه‌ی یه‌کێتی له‌گه‌ڵ پارتیدا، هه‌م یه‌كێتی بچووکتر ده‌کاته‌وه‌و دوورتریشی ده‌خاته‌وه‌ له‌و‌ پرنسیپه‌ سه‌ره‌تاییانه‌ی که‌ بانگه‌شه‌یان بۆ ده‌کرا و هه‌میش کۆسپی گه‌وره‌ دێنێته‌ سه‌ر ڕێی گۆڕان‌و به‌ره‌و پێشه‌وه ‌چوون‌و دیموکراسی‌و ئازادی‌و ڕه‌وایی‌و پاکژیی ده‌نگدان. هه‌روا گومانیشمان له‌وه‌دا نیه‌ که‌ پێکهاتنی ئه‌م دوو لایه‌نه‌و یه‌کگرتنه‌وه‌یان له‌ یه‌ک لیستی هاوبه‌شدا، له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستاندا نییه‌، به‌ڵکو له‌ پێناوی دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات‌و سامانه‌کانی کوردستانه‌ له‌ ناو خۆیاندا. لیستی هاوبه‌ش ده‌یه‌وێ سیستمی‌ حوکمڕانی له‌ کوردستاندا گۆڕانی به‌سه‌ردا نه‌یه‌ت‌و حزب له‌ حکومه‌‌ت جیا نه‌کرێته‌وه‌و ده‌رگای به‌رده‌م حزب هه‌میشه‌ به‌ ئاواڵه‌یی بمێنێته‌وه‌ بۆ ده‌ستوه‌ردان له‌ کاروباری دامووده‌زگانی قه‌زایی، یاسا دانان، به‌ڕێوه‌بردن‌و دارایی، خوێندن‌و په‌روه‌رده‌، ته‌ندروستی و ... هتد.
لیستی هاوبه‌ش ده‌یه‌وێ درێژه‌ به‌و‌ وه‌زعه‌ ناهه‌مواره‌ی ئێستای بدا که‌ گه‌نده‌ڵی تا ئه‌وپه‌ڕی په‌ره‌ی سه‌ندووه‌و یه‌کسانی‌و دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و شه‌فا‌فیه‌ت حسابێکیان بۆ نه‌کراوه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تایی‌و پێویسته‌کان له‌ حاڵه‌تی به‌زه‌یی پێدا هاتنه‌وه ‌دان‌و په‌یوه‌ندییه‌ خێڵه‌کییه‌‌کان‌و ئینتما بۆ حزب‌و سه‌رۆك‌و بنه‌ماڵه‌و هۆز، جێی په‌یوه‌ندیی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌و جێی ئینتمای نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتمانییان گرتۆته‌وه‌. لیستی هاوبه‌ش که‌ چه‌ندین ساڵه‌ حوکمڕانی کوردستانی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ به‌رپرسه‌ له‌م بارودۆخه‌ی که‌ ئێستا هه‌یه‌؛ به‌رپرسه‌ له ‌داته‌پینی باری ئابووری‌و وابه‌سته ‌بوونی کوردستان به‌ ئابووری ده‌وروبه‌ره‌وه‌؛ به‌رپرسه‌ له‌ گۆڕینی کۆمه‌ڵی کوردستانی له‌ کۆمه‌ڵێکی به‌رهه‌مهێنه‌ره‌وه‌ بۆ کۆمه‌ڵێکی به‌رخۆر؛ به‌رپرسه‌ له ‌سه‌رگه‌ردانی‌و له ‌چاره‌نووسی نادیاری گه‌نجان‌و له‌و باره‌ کاره‌ساتاوییه‌ی که‌ به‌سه‌ر ژنانی کوردستاندا هاتووه‌ به‌ هۆی زیندوو کردنه‌وه‌ی به‌ها دواکه‌وتووه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان‌؛ به‌رپرسه‌ له‌ له‌باربردنی ئه‌و بارودۆخه‌ جیهانییه له‌باره‌ی که‌ بۆ خه‌ڵکی کوردستانی عێراق هاتبووه‌ کایه‌وه‌و له‌ ناشیرین کردنی دۆزی کورد له‌ جیهاندا؛ به‌رپرسه‌ له ‌بچووک کردنه‌وه‌ی ئیراده‌و قه‌واره‌ی کوردی له‌ناو ده‌وڵه‌تی عێراقدا؛ به‌رپرسه ‌له‌ نه‌گێرانه‌وه‌ی که‌رکوك‌و ناوچه ‌دابڕاوه‌کانی تری کوردستان‌و ئه‌و بارو دۆخه‌ نامرۆییانه‌ش که‌ به‌ سه‌ر قوربانیانی ئه‌نفال‌و کیمیاباران‌و ئاواره‌کانی ناوچه‌ دابڕاوه‌کاندا هاتووه‌؛ به‌رپرسه‌ له‌ ناکارامه‌یی پرۆسه‌ی خوێندن و په‌روه‌رده‌ و له‌ دابه‌زینی ئاستی زانستیی زانکۆ و په‌یمانگاکانی کوردستان. لیستێك که‌ ناسنامه‌ی ئه‌زموون‌و قۆناغی حوکمڕانییه‌که‌ی گه‌نده‌ڵیی بێ، مانه‌وه‌ی له‌ حوکمدا ده‌بێته‌ مایه‌ی درێژه‌پێدانی ئه‌م بارودۆخه‌ دژواره‌ی که‌ ئێستا هه‌یه‌و دوور نییه‌ ببێته‌ مایه‌ی ڕوودانی کاره‌ساتی نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتمانی تر. ئه‌زموونی هه‌ژده‌ ساڵه‌ی حوکمڕانی ئه‌م دوو حزبه‌، جا به‌یه‌که‌وه‌ بووبن یان به‌جیا، وێنه‌یه‌کی ناشیرین و نا دیموکراسی حوکمڕانیی کوردییان به‌رهه‌م هیناوه‌.
ئێمه، ‌وه‌کو ڕه‌وتی گۆڕینی دیموکراسی، پێداویستی گوڕانگاری بنه‌ڕه‌تی له‌ ناو یه‌کێتی داو له‌وێشڕا بۆ ده‌ره‌وه‌ هۆکاری سه‌رهه‌ڵدانمان بوو. ‌ کاتێکیش که‌ هه‌موو هه‌وڵه‌کانی گۆڕان له ‌ناوه‌وه‌ڕا به‌ ئاکام نه‌گه‌یشتن، بۆیه‌ گۆڕان له‌ ده‌ره‌وه‌ڕا بو به‌‌ ئه‌ڵته‌رنا‌تیڤێکی جدی. هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه،‌‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هێڵه‌ گشتییه‌کانی به‌رنامه‌که‌‌ی لیستی گۆڕان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان‌و پێویستیی به‌دیهێنانی گۆڕان له‌ کۆمه‌ڵی کوردستاندا‌، ڕه‌وتی گۆڕینی دیموکراسی پشتیوانی ته‌واوی خۆی بۆ ئه‌و لیسته‌ ڕاده‌گه‌یه‌نێ.
هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌‌وه‌ داوا له‌ خه‌ڵکی کوردستان به‌گشتی و له‌ ئه‌ندام و لایه‌نگرانی یه‌کێتی و که‌سوکاری شه‌هیدان به‌ تایبه‌تی ده‌که‌ین که‌ ده‌نگ به‌ لیستی گۆڕان بده‌ن؛ ئه‌و لیستی ئومێده‌ی که‌ ده‌یه‌وێ گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی له‌ سیستمی حوکمڕانیدا ئه‌نجام بداو، له ‌ڕێی به‌رنامه‌ چڕو هه‌مه‌ لایه‌نه‌که‌یه‌وه‌، کۆمه‌ڵی کوردستان به‌ره‌و ئه‌و قۆناغه‌ بگوازێته‌وه‌ که‌ خه‌ڵکی کوردستان شایه‌سته‌یه‌تی. ده‌نگدان به‌ لیستی گۆڕان ده‌نگدانه‌ به‌ ئومێد و به‌ ئاینده‌، ده‌نگدانه‌ به هێنانه‌دی خواستو خه‌ونه‌کانی خه‌لکی کوردستان و پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان؛ وێڕای ئه‌وه‌ش ‌زه‌مینه‌ی گۆڕانی ناوخۆیی یه‌کێتیش به‌هێزتر ده‌کا.
به‌ره‌و دابینکردنی دادپه‌روه‌ریی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و دامه‌زراندنی سیستمێکی دیموکراسی‌و چه‌سپاندنی سه‌روه‌ریی یاسا له‌ کۆمه‌ڵێکی شارستانیی پێشکه‌وتوودا.


01/05/2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە