ئابڵوقە و هەڵکەندنى سنور پێشێلکاریى مافەکانى مرۆڤە
Sunday, 13/04/2014, 12:00
گوشار خستنە سەر هاوڵاتیانى مەدەنى و سیاسەتى برسیکردنى خەڵک پێچەوانەى بنەماکانى مافى مرۆڤە و هەر هەنگاوێک بۆ بێبەشکردنى خەڵک لە هاتوچۆى ئازاد و ریگریکردن لە گەیاندنى پێداویستى مرۆیى بۆ هاوڵاتیانى هەر کۆمەڵگایەک پێشێلکاریى بنەڕەتیى مافەکانى مرۆڤە.
لەو چوارچێوەیەدا کۆمەڵەى مافى مرۆڤى کوردستان گەمارۆدانى خەڵکى رۆژئاواى کوردستان و داخستنى سنوور بەسەریاندا و رێگریکردن لە گەیاندنى هاوکاریى مرۆیى بۆ خەڵکى ئەو بەشەى کوردستان بەپێشێلکاریى مافە مرۆیى و مەدەنى و ئابورییەکانى خەڵک دەزانێت.
لە ئێستاشدا هەڵکەندنى خەندەق لە لایەن هێزە ئەمنى و سەربازیەکانى ناوچە سنوریەکانى نێوان رۆژئاواى کوردستان و باشورى کوردستان، کە بە ناوچەى ژێر دەسەڵاتى پارتى دیموکراتى کوردستانى عێراق دەناسرێت هەوڵێکە بۆ رێگریکردنى تەواو لە گەیشتنى هەر جۆرە هاوکارییەکى مرۆیى و داخستنى تێکڕاى رێگاکانى هاتوچۆى خەڵک بۆ بازرگانى و دابینکردنى پێداویستیى مرۆیى وەک خۆراک و دەرمان، ئەوەش جگە لە پێشێلکاریى مافەکانى مرۆڤ، سیاسەتێکى دژە مرۆیى و نابەرپرسیارانە و دژە خواستى نەتەوەیى گەلى چەوساوە و بێبەشکراوى کوردە.
سیاسەتى دابڕاندنى خەڵکى بەشەکانى کوردستان و شار و لادێکان لە یەکترى و داخستنى رێگاکانى هاتوچۆ و پێشگرتن لە هاتوچۆى یاسایى و ئاسایى خەڵک، هەمو چین و توێژ و رەنگ و بۆچوونە جیاوازەکان دەکاتە ئامانج و تێکڕاى مافى هاوڵاتیان بە بێ جیاوازى پێشێل دەکرێت.
ئەو جۆرە سیاسەتە بۆ گەمارۆدان و تێکشکاندنى پەیوەندیى ئاسایى کۆمەڵگایەک هیچ نییە جگە لە پێشێلکردنى پەرەنسیپەکانى رێزگرتن لە مافى هاوڵاتیان و پێشێلکردنى رێکەوتننامە نێودەوڵەتیەکانى ژنێڤ و جاڕنامەى گەردونى مافەکانى مرۆڤ.
گەمارۆدانى کۆمەڵگا و شار و لادێکان و هەر بەشێکى کوردستان بەپلەى یەکەم منداڵ و ژن و نەخۆش و پەککەوتە و خەڵکى هەژار و کەمدەست دەکاتە قوربانى. ئەوەش ترسناکترین سیاسەتى دژە مرۆییە بۆ بەرەنگاربوونەوەى سیاسى و جەنگى نێوان لایەنەکان و هەر لایەنێک لە ئاستى جیهانیشدا پەناى بردبێتە بەر ئەو جۆرە سیاسەتە بۆ دژایەتیکردنى تێکڕاى چین و توێژەکانى کۆمەڵگایەک، ئەوا ئەو جۆرە نزیکایەتى و رەفتارە بەهۆى ئەنجامدانى پێشێلکارى مافەکانى مرۆڤ و شکاندنى سەروەرى و کەرامەتى مرۆڤەکانەوە ئیدانە کراوە.
تەنانەت بەپێى یاساکانى جەنگیش نابێت هیچ هێزێک پێوەرە چەسپاوە نێودەوڵەتییەکان پێشێل بکات و تەنها بەهۆى رکابەریى سیاسییەوە ئەو مافەى پێنادرێت سیاسەتى برسیکردن و بێبەشکردن و گەمارۆدان و زیندانیکردن بەسەر کۆمەڵە مرۆڤێکدا بسەپێنێت.
سەربارى ئەوەش لە رووى نەتەوەییەوە هیچ یەک لەو هەنگاوە ئاماژە پێکراوانە بۆ دژایەتیکردنى بەشێکى کوردستان دروست نییە. ئەوەش لە کاتێکدایە خەڵکى ئەمدیو و ئەودیوى سنورى نێوان باشورى کوردستان و رۆژئاواى کوردستان خزمایەتیان هەیە و بەدرێژایى مێژوو پەیوەندیى مرۆیى و ئابورى و بازرگانى و هاتوچۆیان هەبووە و هیچ هێزێک نەیتوانیوە بە تەواوەتى ئەو پەیوەندییە سروشتییەى نێوان خەڵکى ئەو دوو بەشەى کوردستان لەناو ببات.
لەو رووەوە کۆمەڵەى مافى مرۆڤى کوردستان لە پێناو داکۆکیکردن لە مافەکانى مرۆڤ و ئازادیى هاتوچۆ بۆ هەمو چین و توێژەکانى کۆمەڵگا، سیاسەتى هەڵکەندنى خەندەق لە دژى خەڵکى رۆژئاواى کوردستان ئیدانە دەکات و جەخت لەوەش دەکەینەوە هەر جۆرە بێبەشکردنى مرۆڤەکان لە پێداویستى و مافەکانیان بە پێشێلکاریى مافەکانى مرۆڤ ئەژمار دەکرێت، بۆیە وەک کۆمەڵەى مافى مرۆڤى کوردستان و لە پێناوکەمتر پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤدا پێداگرى لەوە دەکەین، کە دەستبەجێ هەڵکەندنى خەندەق و هەر جۆرە سیاسەتێکى دیکەى دابڕاندنى خەڵک لە یەکتر و گەمارۆدان و بێبەشکردنى خەڵکى رۆژئاواى کوردستان لە پێداویستییە مرۆییەکانیان کۆتایى پێبهێنرێت.
کۆمەڵەى مافى مرۆڤى کوردستان (KMMK)
١٢/٤/٢٠١٤
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست