KCK: لە ئێستادا ھیچ دیدارێکمان لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا نییە

Friday, 28/09/2012, 12:00





کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کۆماجڤاکێن کوردستان بەسەرۆکایەتی موراد قەرەیلان وەڵامێکی توندی ئەردۆگانی دایەوە ئەوەش دەقی وەڵامەکەیە


سەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی KCK لێدوانەکانی حکومەتی تورکی سەبارەت بە ئۆجالان و دیدارەکانی ئۆسڵۆ وەکو "ھەڵمەتێکی تەکتیکی" بەناو کرد و رایگەیاند:" لەکاتێکی وەھا دا تەڤگەڕەکەمان لەگەڵ دەوڵەتی تورک ھیچ دیالۆگ و دیدارێکی نییە." KCK دەستنیشانی کرد کە دەوڵەتی ھیچ نیازی چارەسەری نییە و نیاز و ئامانجی خڵەفاندنی کوردانە رایگەیاند کە بۆ ئەوەی ئۆجالان رۆڵی خۆی بگێڕێت، پێویستە :"ھەنگاوی بەر چاو" بنرێت.


سەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان KCK سەبارەت بە گۆڕانکاری و رۆژەڤی ئێستا و بەتایبەتیش لێدوانەکانی کاربەدەستانی تورک سەبارەت بە رەوشی ئۆجالان و دیدارەکانی ئۆسڵۆ، لێدوانێکی گرنگی دا. KCK لێدوانەکانی ئەردۆغان و وەزیری دادی تورک، سەعدوڵڵا ئەرگینی بەدرۆخستەوە و دەستنیشانی کرد کە ئۆجالان لە بەرخۆدانێکی گەورەدایە.


KCK ڕادەگەیەنێت کە ئەگەر حکومەتی تورک نیازی چارەسەری ھەیە، لەدوای ئەوەی ھەنگاوی بوێر و بەباوەڕ بنێت ئەو کات ھەڵوێستی پێویستی کوردیش لەبەرامبەر خۆی دەبینێت و دەستنیشانی کرد کە بۆ ئەوەی ئۆجالان رۆڵی خۆی ببێنێ دەبێ ھەنگاوی بەرچاو و کرداری بنرێ.


حکومەتی تورک لێدوانی نادروست و بێ بنەما دەدەن


KCK رایگەیاند:"لەپاڵ ئەو شەڕە سەرتاسەرییەی حکومەتی تورکیا دژ بە خەڵکی کورد و بزوتنەوەکەمان دەستی پێکردوە، سەرۆک وەزیران و وەزیری دادی تورک لێدوانی نادروست لەسەر ڕەوشی ڕێبەر ئاپۆ و دانوسانەکانی ئۆسلۆ دەدەن. ئەو لێدوانانە وێرای ئەوەی کە لە زاری جیاوازەوە دێنە دەرەوە بەڵام لە گەوھەر و ناوەرۆکدا گوزارە لە ھیچ شتێک ناکەن."


ھەروەھا وتیشی:"ئەو لێداونانەی کە AKP دەیکات گەمە کردن و ئاوەژوو کردنەوەی راستیەکانە، لە جێی ئەوەی کە ھەنگاوی چارەسەری بنێ ھەڵمەتیکی تەکتیکی دەکات."


ھیچ دیدارێکمان لەگەڵ حکومەتی تورکدا نییە


KCK لەسەر گۆشەگیری ئیمراڵی ئاماژە بەوە دەکات کە سیستەمی ئەشکەنجەی فیزیکی و دەرونی ئیمراڵی بەردەوامە بەڵام ڕاستیەکان پێچەوان دەکرێنەوە و لێدوانی نادروست دەدرێت و وتیشی:"مەدیاکانی تورکیش ئەو ڕاستیانە چەواشە دەکەن و زانیاری ھەڵە و نادروست دەدەنە کۆمەڵگا."


KCK دەستنیشانی کرد کە لە حاڵی ئێستادا ھیچ دیدار و دانوسانێکمان لەگەڵ حکومەتی تورکیادا نیە، ھەموو ئەو ھەواڵانەشی لەو بارەیەوە بڵاو دەبێتەوە بەتەواوی درۆیە و دوور لە ڕاستیە. ئاماژە بەوەش دەکەن کەلە دیدارەکانی ساڵانی ڕابردووی ئۆسلۆ و ئیمراڵیدا ئەو پڕۆتۆکۆڵە گرنگانەی بۆ چارەسەری پێشکەش کران قبوڵ نەکران و لەجێی چارەسەری دیموکراتیک سیاسەتی پاکتاو و نکۆڵیان پێشت خست لەو بارەیەشەوە KCK دەڵێت: " لەبەرامبەر بزوتنەوەی ئازادی کورد حکومەتی AKP دەستی بە قۆناغیکی نوێی پاکتاوکاری ھەرێمی و نێونەتەوەیی کردوە، ئەوەش لەپاش ئەوەی کەلە ٢٧تەموزی ساڵی ٢٠١١ ڕێبەری ئاپۆ سیاسەتی سەرقاڵ و دوو ڕووی AKP ی ئاشکرا کرد و خۆی کشایەوە، ڕێبەر ئاپۆ گەمەکانی حکومەتی AKPی بینی کە بە نەخشەی ھەرێمی و نێو نەتەوەیی دەیویست بزوتنەوەی ئازادی گەلی کورد پاکتاو بکات، بە کشانەوەی خۆی لە ٢٧ ی تەموزی ساڵی ٢٠١١دا ھەڵوێستی خۆی لە دژی ئەو گەمە و دووڕوویانە نیشاندا."


ئۆجالان دیداری بێ واتا و کۆنترۆڵکراو ئەنجام نادات


KCK ڕایگەیاند کە لە بەرامبەر ئەوە حکومەتی AKP حقوق و یاساکانی خۆیشی پێشێلکرد، دوور لە ھەموو پرەنسیپێکی ئەخلاق و ویژدان و بە رێبازی نامرۆیی و قیزەونی و شکاندنی ئیرادەی مرۆڤ ویستی ئەنجام بگرێ و دەڵێت:" لە دژی ئەو رێبازە نامرۆیی و ناحقوقیانە ڕێبەر ئاپۆ ھەلویستی نیشان دا و دەستنیشانی کرد کە ئەو مل کەچ ناکات و ، بەرخۆدانی دەکات، دیدارێک لەگەڵ بنەماڵە و پاریزەرانی ئەنجام نادات کە لەلایەن حکومەتی تورکەوە بێ واتا کراوە و لە ژێر کۆنترۆڵدا بەرێوەبچێ. بۆ ئەوەشێ دیدارەکانی ئەنجام بددات داوای کرد کە ھەندێ ھەنگاو بنرێن."


لە لێدونەکەیدا KCK جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئۆجالان لە دژی ئەو ریبازە چەپەڵ و کەرامەتشکێنە و توند وتیژیانەی کە گەلی کورد ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە نێو بەرخۆدانێکی دایە و وتیشی:"بەڵام سەرۆک وەزیر و وەزیری داد بەتایبەتی بۆ ئەوەی کە ئەو بەرخۆدانە گەورە و بە واتایەی ڕێبەری گەل کورد لە ئیمراڵی بشارنەوە درۆ دەکەن."


ھەڵماڵدرانی پەردە لەسەر دیدارەکانی ئۆسڵۆ ئەنجامی شەڕی ناوخۆی دەوڵەت بوو


KCK وەڵامی ئەو بانگەشەیەی ئەردۆغانیشی دایەوە کە دەیوت لایەنی KCK پابەند نەبوون بە خاڵە سەرەکییەکانی دیدارەکانی ئۆسڵۆ و نھێنی ھێشتنەوەی دیدارەکان و KCK رایگەیاند:"دزەکردنی دیدارکانی ئۆسلۆ ئەنجامی شەڕی دەسەڵاتی نێو دەوڵەتە." وتیشی:"سەرۆک وەزیری دەوڵەتی تورک لە مەسەلەیدا و زۆر بابەتی تردا ئاوەژوو کردنەوەی وەک شێوازێک پەیڕوە دەکات، لێدوانەکەی سەرۆک وەزیری دەوڵەتی تورک کە دەڵێ دیدیارەکانی ئۆسلۆ گوایە ئێمە دزەی دەرەوەمان کردووە بەتەواوی درۆ و گوزارە لە راستی ناکات، خۆبەخۆ ئەو دۆخە دەستنیشانکرابوو کێ کردویەتی."


شەڕ سەرتاسەری باکوری کوردستانی گرتۆتەوە


KCK ڕاشیگەیاند کە تاکتیکی سەروەری "گەریلاکانی ئازادی کوردستان" بە شێوەیەکی ئەنجامگیر فراوان بووە و سەرنجیشی بۆ سەر ئەوە ڕاکێشا کە لە نزیکەی سەرتاسەری کوردستان شەڕ بەردەوامە و دۆخێکی شەڕی سەرتاسەری لە ئارادایە و دەڵێت:"بەڵام ئەو ژمارە و زانیاریانەی کە سەرۆک وەزیر داویەوتی دوورن لە راستیەوە ، دەبێ زانیاری راست بدرێتە رای گشتی تورکیا و بە ھەڵەدا نەبرێن."


سەرۆک وەزیری تورک لە وتنی چارەسەرییشدا نادروستە


لە ھەمان لێداون دا KCK لەسەر تەگەرەکانی گەیشتنی دەنگی رێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان بە گەل و ھەوڵەکانی سەرۆک وەزیر بۆ پارچەکردنی رای گشتی کورد وتی:" ئەردۆغان کاتێ دەڵێ دەکرێ لە ئیمراڵی و ئۆسلۆ دیدار ئەنجام بدەین بەڵام لەگەڵ BDPییەکان کە لە ژێر ھەمان چەتردان دیدار ئەنجام نادەین، ئەمەش دەیسەلەمێنێت کە ئەردۆغان چەند لەمەسەلەی چارسەری پرسەکەدا نادروستە."


گەلی کورد یەک موخاتەبی ھەیە ئەویش ئۆجالانە


سەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی KCK لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا سەرنج بۆ یەکپارچەیی گەلی کورد رادەکێشێت و دەڵێت:" لایەنی کرد یەکە و یەک جەستەیە، گەلی کورد و تەڤگەڕی ئازادی کورد، بە سەرجەم دام و دەزگا فەرمی و نافەرمییەکانییەوە لە یەک چوارچێوەدا ھەڵوێست نیشان دەدات و بۆ دیالۆگ تەنیا رێبەر ئاپۆی بە موخاتەبی خۆی پەسەند کردووە. ئەگەرچی ھەر دەستە و کۆمەڵەیەکی لە چوارچێوەیەکی جیاوازیشدا بێت، بەڵام لە ھەموو ھەل و مەرجێکدا بە نیشاندانی ھەڵوێستی یەکێتیگەرایی، لەناو بریارمەندی، ئەزموون و ئیرادەدایە."


لە لێدوانەکەی KCK دا لەبارەی لێدوان و روونکردنەوەکانی حکومەتی تورک و سەرۆک وەزیری تورک ئەردۆغانەوە ھاتووە:" لێدوانەکانی سەرۆک وەزیری تورک لەمەڕ دەست کردن بەقۆناخێکی نوێ، لێدوان و روونکردنەوەیەکە کە قسە لەسەر پابەندی و جدییەتی بکرێت."


لابردنی مافی حەسانە بەواتای توندترکردنی شەڕە


سەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری KCK ھەوڵەکانی حکومەتی تورکی سەبارەت بە لابردنی مافی حەسانەی نوێنەرانی سیاسەتی کورد ھەڵسەنگاند، KCK رایگەیاند کە ھەر ھەوڵێکی بەو شێوەیە گوڕترکردنی شەڕە و دەڵێت:" لابردنی مافی حەسانەی پەرلەمانتاران و زیندانیکردنیان، بێ گومان بەواتای بەرفراوانتر و قوڵترکردنەوەی شەڕ دەبێت. سەرەڕای ئەو راستینەیە گەر بڵێی (ھەم ئەوانە دەخەمە زیندانەوە کە باوەش بۆ گەریلا دەکەنەوە و ھەم سازش لەگەڵ گەریلا دەکەم) کاری ئاقڵانە نییە. ھەموو ئەمانە نیشانی دەدات کە بەھیچ شێوەیەک ناشێ باس لە دروست بوونی پێکھاتەیەکی ھزری لەمژاری چارەسەریدا بکرێت. دیارە کە ئەو ھەڵمەتە بەتەواوی وەکو پارچەیەکە لەو تەکتیکە زانراو و کلاسیکەی AKP کە ھەوڵی بەڵێنی پووچ و خڵافاندنی گەل دەدات. نەک چارەسەرکردنی پرسی کورد، بەڵکو بە دروستکردنی ھیوایەکی بێ ئەنجام لەدڵی گەل دا و ھەوڵدان بۆ جیاوازی خستنە ناو یەکپارچەگیرییەکەیی و لاوازکردنی تەڤگەڕی کورد، ھەوڵی شیتەڵکردن و پەرش و بڵاوکردنی تەڤگەڕی ئازادی کورد لە پیلانی سەرەکیدایە."


پێویستە ھەنگاوی کرداری سەمیمی ــ باوەڕمەندانە بنرێت


KCK لە لێدوانەکەیدا بانگەوازی لەسەرۆک وەزیری تورک و حکومەتی AKP کرد کە ئەگەر بەڕاستیش ھەوڵی گۆڕانکاری دەدرێت ئەوا پێویستە ھەنگاوی کرداری ــ سەمیمی و جێی متمانە بنرێت و وتی:"پێویستە بەر لە ھەموو ھەنگاوێک، ھەلومەرجی تەندروستی، پاراستن و جموجۆڵی ئازادانە بۆ رێبەری گەلی کورد عەبدولڵا ئۆجالان دەستەبەر بکرێت".


KCK وتیشی:"تا ھەنگاوی بەرچاو و کردارییانە نەنرێت بەپشتبەستن بە لێدوان و روونکردنەوە پڕ ناکۆکی، نارێک و نایەکانگیرەکانی سەرۆک وەزیری تورک بیرکردنەوە لە ھاتنە کایەی قۆناخێکی نوێ، دەبێتە ھەڵەیەکی زۆر مەزن. تەڤگەڕەکەمان لایەنگری چارەسەرییەکی سەمیمیە، چارەسەرییەک کە خەڵەتاندنی لەناودا نەبێت، چارەسەرییەکی دیموکراتی ــ ئاشتیانە و دادپەروەرانەیە، تەنیا لەو چوارچێوەیەدا ھەڵوێستی دەبێت، تەماشای گۆڕانکاریی و پێشکەوتنەکان دەکات، بەتایبەتیش لە ھەنگاوە کردارییەکانی حکومەت دەڕوانێت و بەو پێیە لەکاتی پێویستدا ھەڵوێستی پێویستی دەبێت."


بانگەوازییەک بۆ گەلی کورد و ھەموو لایەنێکی ئاشتیخواز و ھۆشمەند


سەرۆکایەتی کۆنسەی KCK لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بانگەوازی لە گەلی کورد و سەرجەم لایەنە ئاشتیخواز و دیموکراتەکان کرد، KCK دەڵێت:" ئەو تەکتیکەی حکومەتی AKP ئاشکرایە و دەزانرێت کە لە رابردوودا بێ پشتبەستن بە ھیچ پرۆژەیەک و تەنیا لە چوارچێوەی شەڕی دەروونیدا جەماوەر دەخڵافێنێت، پێویستە بزانرێت کە ئامانجێکی ئەو جۆرە ھەوڵانە لاوازکردنی زەمینەی تێکۆشانی جەماوەرە و شکاندنی ھەنگاوەکانی تەڤگەڕی شۆڕشگێڕییە. لەسەر ئەو بناخەیە بانگەوازی لە گەلەکەمان دەکەین کە زیاتر بەشداری لە تێکۆشانی ئازادی بکات و تێکۆشانی کۆمەڵایەتی خۆی بڵندتر بکاتەوە."

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە