کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هەوڵدان بۆ گۆڕینی سرودی نیشتمانی كوردستان

Monday, 17/10/2011, 12:00


سروودی نیشتمانی گۆرانی یان پارچە مۆسیقای وڵاتێكە، كە لە بۆنە و ئاهەنگەكاندا بەهۆیەوە خۆی پێشكەش دەكات، وەك پێشوازی رەسمی و وەرزش لەگەڵ وڵاتانی تردا، زۆربەی سرودە نیشتمانیەكان لە مارشی سەربازیەوە هاتون كە باسی جەنگ و سەركەوتن بەسەر دوژمناندا دەكەن، لەكوردستانیش زیاتر لە نیو سەدەیە سروودی ئەی ڕەقیب لە بۆنە و ئاهەنگی نەتەوەیی و لە قوتابخانەكانیشدا دەخوێنرێت، تا ئەمڕۆش هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی سەر بە عێراقی فیدراڵ ئەم سروودە دەخوێنێت، بەڵام بە داخەوە ماوەیەكە هەندێ كەس و لایەن دژی ئەم سروودە دەوەستن و بگرە هەوڵ بۆ گۆڕینیشی دەدەن، بە بیانوی ئەوەی، كە لەگەڵ ئەم قۆناغەدا ناگونجێ و كەموكوڕی تیایە.

هەندێك لەو بیانوانە یەكێكیان دەستەواژەی دینمانە ئاینمانە نیشتمان، كە ئەمەیان بە دژی ئاین لێك داوەتەوە بەڵام ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە كورد دین و ئاین لەلای بەرزترین بەهایان هەیە.
بیانویەكی تر كە دەڵێت ئێمە نەوەی میدیا و كەیخوسرەوین.
وەك چۆن هەندێك نوسەری سەردەمی ڕژێم هەوڵیان دەدا كە بیسەلمێنن سلاح الدین كورد نەبوە، ئێستا ئەمانە دەڵێن نەسەلمێنراوە كە میدیاكان و كەیخوسرەو كورد بون، كە ئەم قسەیەش نەشارەزایی لە مێژووی كورد و ناوچەكەدا دەردەخات و سەرچاوە زۆرن بۆ سەلماندنی ئەم بابەتە.

*******************************

*******************************
بەڵێ لە بەرواری 4 / 9 / 2011دا 22 پەرلەمانتار یاداشتێكیان بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرز كردوەتەوە كە داوا دەكەن ئەم سروودە بگۆڕدرێ بە سروودێكی تر كە بە واتای خۆیان گوزارشت لە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییە جیاوازەکانی ناو کوردستان بکات و جەخت لەسەر چەمکە بەرز و ئینسانییەکانی وەک ئاشتی و پێشکەوتن و پێکەوە ژیان بکات، کە ئەمە لە راستیدا سیمای ئێستا و داهاتووی هەرێمەکەمانە.

ئایا یاداشتی داهاتوویان چی دەبێت؟ گۆڕینی ناوی پێشمەرگە؟
ئایا بەم هەڵوێستە دەیانەوێ دڵی كێ ڕازی بكەن؟
ئەگەر ئەزمەی بابەتە فەرموو ئەمە چەند بابەتێك كە وڵات بەرەو پێشەوە دەبات نەك بەرەو فەوزا:
 كێشەكانی سیستەمی پەروەردە و بەرز كردنەوەی ئاستی زانستی قوتابیان
 كێشەكانی سیستەمی هاتوچۆ
 كێشەكانی بێكاری و دابین كردنی هەلی كار لەجیاتی بیمەی بێكاری
 چاكسازی سەرتاسەری لە سیستەمی ئیدارەی دەوڵەتدا
 بایەخدان بە گەنجان و منداڵان
 بایەخدان بە بەساڵاچوان و سوود وەرگرتن لە زانیاری و بیرەوەریەكانیان كە مێژووی ئەم نەتەوەیەن

ئەگینا چەندین دەوڵەتی ئەم جیهانە سروودی نیشتمانیان وشەی ڕەق لەخۆدەگرێت و هەڕەشە لە دوژمنان دەكات و خوێن و كوشتن و بڕینی تێدایە و لەگەڵ ئەوەشدا تا ئەمڕۆ نەیانگۆڕیوە بفەرمون ئەمەش چەند نمونەیەك:



 فەرەنسا
بەشێكی تێكستەكە بە ئینگلیزی دەنوسم كە بەم جۆرەیە:

Arise children of the fatherland
The day of glory has arrived
Against us tyranny's
Bloody standard is raised
Listen to the sound in the fields
The howling of these fearsome soldiers
They are coming into our midst
To cut the throats of your sons and consorts

واتە منداڵانی وڵاتی باوك هەستن، ڕۆژی شكۆداری هات، دژی ئێمە زۆر قەتڵ و عام كراوە، ئاڵا خوێناویەكە بەرزكرایەوە، گوێ هەڵخەن لە مەیدانی جەنگەوە، نەڕەی جەنگاوەرە ترسناكەكان دێت، دێنە سەرتان، تا ژن و منداڵتان پارچە پارچە بكەن.
لە بەشەكانی دواتریشدا زیاتر و ڕەقتر دەڵێن: دەست بدەنە چەك و ڕیزەكانتان یەكخەن، بەرەو پێشەوە، با خوێنە پیسەكەیان، ڕوومەتمان ئاو بدات، ئەو كۆیلە و خائینانە چیان دەوێ، ئەو بێگانە بۆگەنانە یاسا لەوڵاتی ئێمەدا پیادە دەكەن... هتد.

خۆ فەرەنسا خاوەنی شارستانیەت و ڕۆشنیبیری و ئەدەب و هونەرن لە جیهاندا ئەی بۆ نەیانگۆڕیوە.





 ئەمریكا:
And the rockets' red glare, the bombs bursting in air
Their blood has washed out their foul footsteps' pollution.

بەڵێ ئەمانیش دەڵێن ساروخە سورەكان و بۆمبەكان دەتەقێنەوە لە ئاسماندا، یان دەڵێن خوێنەكەیان شوێن پێ پیسەكانیانی شتەوە.



 بەریتانیا
Send her victorious
Happy and glorious ...
O Lord, our God arise
Scatter her enemies
And make them fall
داوا لە خوا دەكەن شاژن سەربخات، ئنجا دەڵێن: ئەی گەورەم ئەی خواكەمان هەستە و دوژمنەكانی تێك بشكێنە و با بكەون.


 ئیتالیا:
ئەمانیش باسی زەنگی شەڕ و شمشێرەكان دەكەن و بگرە خراپ باسی هەندێ وڵاتی تریش دەكەن كاتێ دەڵێن:
هەڵۆ نەمساویەكە پەڕەكانی لێ بوەوە، خوێنی ئیتالیەكان و خوێنی پۆڵۆنیەكانی لەگەڵ كۆساكەكاندا (گروپێكی جەنگاوەربون) خواردەوە بەڵام دڵی سوتاند ...


 چین:
ئەمانیش بە سەربەرزیەوە دەڵێن:
با بە گۆشت و خوێنمان دیوارە تازەكە دروست بكەین..
پێكەوە دژی گڕی تفەنگی دوژمن، هەستنە سەرپێ، بۆ پێشەوە بۆ پێشەوە...


 ڕۆمانیا:
سروودی نیشتمانی ئەمانیش دەڵێت:
هەستە لەخەو ئەی ڕۆمانیا، هەستە لەخەوی مەرگ، لەوخەوەی كە بەربەری و قەڵاچۆكەران نقومیان كردیت، ئێستا یان هەرگیز چارەنوسی تازەت دیاری بكە ئەوەی كە دوژمنە سەرسەختەكانت دەخاتە سەر ئەژنۆ...
چەكەكان بەدەست و گڕی ئێوە لە خوێنیاندا، هەموو هاوار بكەن بە ئازادی دەژین یان دەمرین.



 مەكسیك:
ئەمانیش لەبەرچاوی جیهان سروودی خۆیان دەخوێنن و دەڵێن:
مەكسیكیەكان بقیژێنن بۆ جەنگ، تاوڵەی ئەسپە ئازاكان ئامادەیە، زەمین دەهێنینە بومەلەرزە، بە ناڵەی تۆپەكانمان.
ئەگەر دوژمنێك ڕێگە بەخۆی بدات و بە قاچەكانی خاكی وڵاتەكەت گڵاو بكات ئەو كاتە ئەی وڵاتی خوشەویستی باوك، ئاسمان لەهەر منداڵێك سەربازێكت دەداتێ.

ئەمانە نمونەی چەند سروودێكی ئەو وڵاتانە بوو، كە بە شانازی و سەربەرزیەوە دەیخوێنن و هیچكامیان بیریان لە گۆڕینی نەكردوەتەوە چونكە ئەو سروودە ڕابردوو وقۆناغی خەبات و هەوڵ و كۆششی باوو باپیریان وەبیردەهێنێتەوە بۆیە تكا دەكەم لەو برا بەڕێزانە و میدیای كوردی، چیدی پشتگیری ئەم بۆچونە استفزازی و ناهەقانە نەكەن، شەقامی كوردی پەرت پەرت مەكەن چونكە زۆری خەڵك و لەوانەیە دەزگای ناحكومیش پابەند نەبن بە سروودێكی ترەوە، هەروەكو چۆن ئاڵای عێراق هەر لایەن و دەستەیەك، نمونەیەك بەكاردەهێنن كە دەلالەت لە بۆچوونی سیاسی خۆیان دەكات، مەسەلەی ئەم سروودەش ئاوای لێ دێت.

سروودی ئەی ڕەقیب سروودی قۆناغی خەباتە، كەس نیە لە كاتی سەركەوتن و گەیشتن بە هەندێ لە ئامانجەكانی خەباتی خۆی بسڕێتەوە، بە تایبەتی خەباتی نەتەوەی كورد و قارەمانیەكانی كە لەمێژوودا هاوتای كەمن.
لە كۆتاییدا داوا لەو ٢٢ برا پەرلەمانتارە دەكەم یاداشتەكەیان بكێشنەوە و كاتی خۆیان بۆ سوودی كوردستان تەرخان بكەن هێشتا رێمان هەورازە.

ئەندازیار تایەر عەلی ڕەسوڵ
www.taher.org

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە