کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سیستەمی هاتووچۆ و قڕكردنی نەتەوەیەك

Monday, 12/03/2012, 12:00


دوای ئەوەی ئادەمیزاد فێری ژیانی بە كۆمەڵ بوو ئنجا لە ئەشكەوت هاتە خوارەوە و شوێنی گونجاوی هەڵبژاردو بۆ ژیانێكی ئاسوودە و ئاسانتر هەوڵی دا و هەستا بە دروستكردنی گوند و ڕێگاوبان و پرد و دواتر شاری دروست كرد.
پێش زیاتر لە ٦ هەزار ساڵ كە شار دروست دەكرا پلانی بۆ دادەنرا و حساباتی ورد لە ڕاكێشانی جادەدا دەكرا، قەڵای هەولێر و بابل و نەینەواو میسر و ڕۆما و شارە كۆنەكانی تری جیهان شاهیدی ئەم قسەیەن و لەو سەردەمەوە تا ئەمڕۆ لە جیهاندا ڕووی نەداوە ئەوەندەی كوردستان ڕێگاوبان دروست بكرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە و ساڵانە نۆژەن بكرێتەوە و هەر وەك كومبار (موكێت) چرچی تێبكەوێت، جگە لەوە لە هیچ وڵاتێك ئەوەندەی عێراق بینا و خانوو بەرجادە نەكەوتووە ڕاستە هەندێ جار هۆی سیاسی لەپشتەوە بوە ڕژێم پلانی چەپەڵی هەبووە دژ بە كورد بەڵام ڕێژەیەكی زۆری بەرجادەكەوتن بەهۆی نەبونی پلان و نەخشەی دروستی دواڕۆژەوە بوە.

لێرەدا باس لە قڕكردنی جەسەدی و نەفسی و ئابووری دەكەین بە هۆی سیستەمی هاتووچۆوە ئەمیش دوو لایەن تێیدا بەشدارن یەكەمیان دامودەزگای هاتووچۆیە كە دەوڵەت لێی بەرپرسە و دووەمیان بەكارهێنەرانی سیستەم و ڕێگاوبانن كە هاوڵاتیان دەگرێتەوە.
من لێرەدا هەندێ لە كێشەكان دەخەمە بەرچاو و سەرەتا بە لایەنی دەوڵەت دەستپێدەكەم:

١ - لایەنی یەكەمی سیستەمەكە (دەوڵەت)
١-١ تاسەكان (قۆرتەكان)
هەموو دەزانین لەدایكبوونی تاسەیەك بەهۆی لێخوڕینی خێراو ڕووداوی زۆرەوەیە بەڵام ئەم ژمارە زۆرەی تاسە و چاڵ بە ڕاستی دیاردەیەكی ناشارستانیە و هیچ پاساوێكیان نیە، چونكە بۆ كۆنترۆڵ كردنی خێرایی كامێرای مۆدێرنی شەووڕۆژ هەیە جێگیر دەكرێت و جۆری گەڕۆكیش لەناو ئۆتۆمۆبیلدا دادەنرێت و هەر جارە لە شوێنێكدا دەوەستێت بە تایبەتی لەو شوێنانەدا كە زۆر سەرپێچی و پابەند نەبوون بە خێراییەوە ڕوودەدات هەروەها لەگەڵ پۆلیسی هاتووچۆدا دەبێت دەوریاتی پۆلیسیش بتوانن شۆفێری سەركێش و لێخوڕینی شێتانە سزا بدەن لە ئەڵمانیا پۆلیس و پۆلیسی هاتووچۆ هەریەكن و ئەمەش هەیبەتی پۆلیسی هاتووچۆ زیاد دەكات چونكە ئەركەكانیان هیچ جیاوازی نیە بۆیە پێشنیار دەكەم بكرێن بەیەك دەزگای بەهێزی مۆدێرن.
جێگای داخە لەجیاتی تاسە لاببرێت و كەم بكرێتەوە كەچی زیاد دەكرێت و شێوەی تازە و داهێنانی تیا دەكرێت وەك تاسە گەورە و پانەكانی كە دەبێت هێواشی بكەیتەوە ئەگینا ئۆتۆمۆبیل وەردەگەڕێنێت، جۆرێكی تری تاسە چوارگۆشە ئاسنەكانە كە بە قیرەكەدا بزمارئاسا چەقێنراون و چەند هێواش لێبخوڕیت هەر وەك تاسەیەكی ڕەق و زەرەرەومەندن بۆ ئۆتۆمۆبیلكان، جۆرێكی تریان كە تەفەنونی تیاكراوە واتە هونەری تیا بەكارهێنراوە ئەویش خەت خەتی سپیە كە تۆزێك بە بەرزی لەسەر شێوەی سلمی مۆسیقی ئاوازت بۆ دروست دەكات كاتێ بەسەریدا دەڕۆیت و هێواش بیت یان خێرا هیچ جیاوازی نیە تەنها ریتمی ئاوازەكە دەگۆڕێت.
ئەگەر وا بڕوات لەوانەیە تاسەكانی دواڕۆژ ئەڵغامی بچوك بن ئۆتۆمۆبیل هەڵپەڕێنن یان ئەڵغامی دەنگی بن و شۆفێر بتۆقێنن.
ئەمانە و جگە لەو تاسانەی كە زۆر بەرز دروست كراون و ئۆتۆمۆبیلی نزم ژێرەكەی لە تاسەكە دەدات و هەندێ جاریش بۆ تێكدانی زەوقی شۆفێر یەك دوو جۆر تاسە پێكەوە یەك بە دوای یەك تێكەڵ دەكرێن.
تاسە، زیان بە ئابووری نیشتیمانی دەگەیەنێت بەهۆی زیاد سەرف كردنی سوتەمەنی و برێك و تایە و دەبڵ و هەروەها زۆر جار دەبێتە هۆی دروست بوونی ڕووداوی هاتووچۆ.

١-٢ ماتۆڕی ٣ تایی
وەك ئەڵغامەكانی ڕژێم كە تا ئەمڕۆ لێمان دەكوژن، ئەم ماتۆڕە٣ تایەییانەش بەردەوام لێمان دەكوژن و بریندارمان دەكەن، جگە لە بێزاركردنی هاوڵاتیان.
بەبێ ئەوەی هیچ مەرجێكی سەلامەتیان هەبێت بەسەر جادە و كۆڵانەكاندا وەك مووشەك دەردەپەڕن زۆربەی شۆفێرەكانیان منداڵن ومۆڵەتی لێخوڕینیان نیە جگە لەوە مەنزەرەیەكی زۆر ناشارستانیان هەیە نازانم مەرحەلەی دوای ئەمانە چی دەبێت؟ هەر خوا بكات پاسكیلی ٣ تاییش نەهێنن و بیكەن بە تەكسی و لەجیاتی ئەوەی ببین بە دوبەی ببین بە هندستان.
لەلایەكی ترەوە ئەم ماتۆڕانە، بارهەڵگرن لەجیاتی پیكاب واتە پیكاب ئیشی كەم دەبێتەوە هەروەها دوكانی شیرینی و خواردەمەنی گەڕۆكن بە بێ هیچ مۆڵەتێكی تەندروستی و یاسایی، وە چەندین ڕۆڵی تریش دەبینن كە هەموویان زیان بە كۆمەڵگا دەگەیەنن.
پێویستە ئەم ماتۆڕانە قەدەغە بكرێن و هەموویان كۆبكرێنەوە و حكومەت ئەو بابەتە چارەسەر بكات بۆ نمونە لەجیاتی هەر ماتۆڕێك پیكابێكی بچووك بدەن بە خاوەنەكەی ، بەم جۆرە زوڵم لەكەس ناكرێت و باجی هەڵەیەكی بێ پلان دەدەین.

١-٣ كەمی یان نەبوونی هێماكانی ڕێنمایی
زۆربەی زۆری جادەكان و بە تایبەتی هێڵی نێوان شارەكان خەتیان بۆ نەكێشراوە و گرنگی پێ نادرێت لەكاتێكدا وەك چۆن سكە بۆ شەمەندەفەر گرنگە بەو جۆرەش هێڵە كێشراوەكان بۆ جادە گرنگن چونكە بۆ شەو ڕێنیشاندەرن و لەكاتی تەم و بارانیشدا زۆر سوودبەخشن.
هێماكانی سەرجادە بە نەشارەزایی دانراون، نمونەش زۆرن لەوانەش كاتێ داخڵی شار دەبیت خێرایی دەبێت بە ٨٠ كم/كاتژمێر و دوای ١٠٠ مەتر دەبێت بە ٣٠ كم/كاتژمێر یاخود هەر لەنێوان شارەكاندا زانیاری لەسەر درێژیی ڕێگاكە زۆر كەمە بۆ نمونە هەولێر بۆ سلێمانی دوو یان سێ جار پێمان دەڵێت چەند كیلۆمەترمان ڕێگا ماوە لە كاتێكدا لە ٢٠٠ كیلۆمەتری ڕێگادا نزیكەی ٢٠ جار ئەو زانیاریە پێویستە جگە لە داخڵ بون و دەرچون لە شارۆچكەكانی سەرڕێگا كە لەوێشدا زانیاری و دووری ڕێگاكە پێویستن لەهەمان كاتدا دەبێت ئەم هێمایانە لە جێگای بەرچاودا دابنرێن و بە ئاسانی ببینرێن.
لە ئەڵمانیا بۆ جادەی یەكتربڕ كە هەمان شێوە و بەرزاییان هەبێت بە تایبەتی لە كۆڵانەكاندا یاسای هاتووچۆ دەڵێت: "ئەگەر ترافیك لایت هەبوو ئەو حوكم دەكات ئەگەر نەبوو هێماكانی سەرجادەو خۆ ئەگەر جادەیەك هێمای نەبوو ئەوە ڕاست لە پێش چەپدا دەڕوات واتە هەتا لەلای دەستی ڕاستەوە ئۆتۆمۆبیل بێت مافی ئەوە بڕوات"
بەداخەوە لێرە هەموومان وەك برا پێكەوە دەڕۆین و جار جاریش فوللایت لەیەكدی دەدەین و هۆڕنیش زۆر دەبیسترێت وەك مۆسیقایەكی باكگراوند كە چەندین مانا بە پێی بارودۆخەكە دەبەخشێت.

لە جیهاندا زیاتر لە ٦٠٠ هێمای هاتووچۆی جۆراوجۆر هەیە بە داخەوە لە كوردستاندا ناگاتە ٢٠ جۆر هێمای هاتووچۆ كە زۆریان بۆ مجامەلە بەكار دەهێنرێن و هاوڵاتیان هێماكانی تر ناناسن و ئەگەر لە ووڵاتێكی تردا ئۆتۆمۆبیل لێبخوڕن كێشەیان بۆ دروست دەبێت.
بە شێوەیەكی گشتی تابلۆی سەرجادەو كۆڵان لە كوردستان زۆر زۆر كەمن بگرە لە كۆڵانەكاندا هەر هێما و تابلۆ نیە، لە ئەڵمانیا نزیكەی ٢٠ ملیۆن تابلۆی هێمای ڕێنمایی و ڕوونكردنەوە لەسەر جادە و كۆڵانەكان هەیە ئەمانەش كێشە و ڕووداوی هاتووچۆ كەم دەكەنەوە.

١-٤ كاركردنی ئۆتۆمۆبیلی تایبەت وەك تەكسی و دوكانی گەڕۆك
ئۆتۆمۆبیلی تایبەتی هەیە لەسەرجادە بە ئاشكرا وەرەقەیەكی ناوە بە جامەكەیەوە و نوسیویەتی "بازاڕ". تۆ بڵێیت ئەو وەرەقەیە سیحری بێت و تەنها نەفەر بیبینێت و برادەرانی هاتووچۆ نەیبینن یان وابزانن "بازاڕ" ماركەی ئۆتۆمۆبیلكەیەتی؟

پیكاب هەیە وەك دوكانی كوتاڵ دەگەڕێت، جام و ئاوێنەی داپۆشراوە و شۆفێر هەر بە سیلەی ڕەحم لێ دەخوڕێت، لەكاتێكدا ئەم بابەتانە دەبێت ڕێوشوێنیان بۆ دابنرێت و ئۆتۆمۆبیل لەسەر جادە بەهیچ شێوەیەك بە كوتاڵ و بە قاپ و قاچاغ و سەتڵی باغەوە نابێت لێبخوڕێت، ئەمانەو ئۆتۆمۆبیلی میوە و شتی تر دەتوانن كە ڕادەوەستن دەرگای گەورەیان هەبێت كاڵاكانیان بخەنە بەرچاوی خوشكانی گەڕەك، نەك بیخەنە بەرچاوی بەكارهێنەرانی ڕێگاوهاتووچۆ و وەك فلیمی ترسناك پارچە كوتاڵ لە سەروقژی وەحشێك بچێت ڕەشەبا یاری پێبكات لەكاتی لێخوڕیندا.

١-٥ ماتۆڕ و ترافیكلایتی سوور
تا ئێستا نەمدیوە پۆلیسێكی هاتووچۆ ماتۆڕێك ڕابگرێت لەسەر ئەوەی لە ترافیكلایتی سوور نەوەستابێت، بەبەرچاوی هەموو خەڵك و پۆلیسەوە وردەوردە بە هێواشی و هەندێ جار بە خێراییش لە سوور دەدەن، لەئەڵمانیا پیادەش لەسوور بدات غرامە دەكرێت، سەیر لەوەدایە لە شەستەكانی سەدەی پێشوودا لە كوردستان خەڵك لە بەكارهێنانی سیستەمی هاتووچۆدا هوشیارتر بوو وەك لەمڕۆ و بگرە لەسەر خەتی پەڕینەوەش نەبوایە كەس نەدەپەڕیەوە.

١-٦ غەرامەی خێرایی
كاتێ لەسەر سایتەكەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر خوێندمەوە غەرامەكان بە عەرەبی نوسرابون دڵم خۆش بوو وامزانی تەنها بۆ گەشتیارە عەرەبەكانە دوایی توشی شۆك بوم كەسەیرم كرد بۆ هەموانە و لەوانەیە ڕۆژێك منیش بكەومە ئەو داوەوە و غەرامە بكرێم.

كێشەكە لە خشتەی غەرامە و پارەكانیدایە.
لەجیهاندا ئادەمیزاد هەتا ئەمڕۆ ئامێرێكی دروست نەكردوە كە ئەنجامی كاركردنی ١٠٠% بێت هەتا چالنجەریش كە تەقیەوە Reliability توانای ئەنجامدانی %٩٩ و چەند ٩ یەكی دوای فاریزە بوو، لەبەر ئەوە مەرج نیە هەموو ئۆتۆمۆبیلكان خوێندنەوەی كیلۆمەتریان تەواو بێت و ناتوانیت یاسای ئاوها پیادەبكەیت كە هەتا ٦٠كم\كاتژمێر غەرامەی نیە بەڵام ٦١ غەرامەی هەیە، لەبەرئەوە دەبێ ڕێژەی هەڵە واتە نسبه‌خگا دابنرێت و بۆ نمونە ٣-٥ كم\كاتژمێر خێراترلە ڕێپێدراو غەرامەی نەبێت، هەروەها گونجاوترە غەرامەی ناوشار جیابێت لەگەڵ دەرەوەی شار و خەتی خێراو بەهەمان شێوە غەرامەی لۆری و ئۆتۆمۆبیلی گەورە جیابێت لەگەڵ ئۆتۆمۆبیلی بچووك.
پارەی غەرامەكەش زۆرە چونكە بۆ ٥ كیلۆمەتر خێراتر ٦٠٠٠٠دینار زۆر زۆرە
جگە لەوە خشتەی سەر سایتەكەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر لە ٦١ وە دەستپێدەكات ئەی ئەگەر خێرایی ڕێپێدراو ٣٠كم\كاتژمێر بوو و یەكێك لە ٣٠ كم\كاتژمێر خێراتری لێخوڕی؟

١-٧ ماڵپەڕەكەی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر
بە دەتسخۆشیەوە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر، هەنگاوێكی زۆر زۆر مۆدێرن و بەسوودیان ناوە بە كردنەوەی ماڵپەڕی تایبەت بەخۆیان، بەڵام من هەندێ تێبینیم هەیە لەسەر ماڵپەڕەكە،
هەرچەندە ئینتەرنێت لە كوردستان خۆی زۆر خاوە و خاوەن ماڵپەڕ و كۆمپانیاكان شەرمەزار دەكات، بەڵام ئەم ماڵپەڕە خۆیشی زۆر خاوە و كەموكوڕیی زۆری تێدایە وەك ئەمانەی خوارەوە:
- لەسەر هەموو لاپەڕەكان لەخوارەوە ئەم دەستەواژەیە نوسراوە
گشت مافه‌گانى پارێزراون له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تى هاتووچۆى هه‌ولێر @2011
من كە ئەمەم خوێندەوە هاوارم كرد مەدەد...
دەستم دامێنتان ئەودەستەواژەیە چیە و چی دەگەیەنێت؟
- كێشەی فۆنتی كوردی و تێكەڵكردنی كوردی و عەرەبی وەك لەژێر هێماكانی هاتووچۆدا كە لەسەرەوە بە عەرەبی نوسراوە بەهەمان شێوەی لە شوێنەكانی تردا وەك ڕووداوەكانی هاتووچۆ.
- كلیك لەسەر "بەشی بێ بژاردن" كە مەبەستیان(بەشی پێ بژاردنە) دەكەیت غەرامەكان دێن كە پێشتر باسمان كرد و لەسەرەوە هاوڵاتیان دەتوانن بزانن ئەگەر ئۆتۆمۆبیلەكانیان سزای هەبێت، دیارە ئەمە خزمەتگوزاریە بەڵام یاسایی نیە چونكە وەك ئەوە وایە تۆ لیستی ناوی سزادراو و بەندكراوەكان بخەیتە بەرچاوی خەڵك و ئینتەرنێت چونكە غەرامەی ئۆتۆمۆبێلیش هەرسزایە و زانیاری كەسایەتیە و نابێ بڵاوبكرێتەوە، هەروەها زانیاریەكان تەواو ڕاست نین بۆ نمونە تاقیمان كردەوە ژمارەی تەكسی مۆدێلی ٢٠١١ سزای ساڵی ٢٠٠٩ ی هەیە.
- ڕۆژی ٨/١/٢٠١٢ دوای بانگی خەوتنان سایتەكە ماڵئاوایی لێكردین و چاوی لێك نا و ئەمەی خوارەوەی لەدوای خۆی بەجێهێشت:
Bandwidth Limit Exceeded
The server is temporarily unable to service your request due to the site owner reaching his/her bandwidth limit. Please try again later.
________________________________________
Apache mod_qos/9.69 mod_fcgid/2.3.6 mod_auth_passthrough/2.1 mod_bwlimited/1.4 FrontPage/5.0.2.2635 Server at www.hawlertp.com Port 80
ئەویش دەڵێت، سێرڤەرەكە بە شێوەیەكی كاتی ناتوانێ خزمەتی داواكەت بكات بەهۆی ئەوەی گەیشتە سنووری باندویدسەكەی كاتێكی تر سەرمان لێ بدەرەوە واتە (تعال بعدین)
ئیتر منیش زۆر لەسەری نەڕۆیشتم و هاتمەوە هیچیان نەدامێ.

١-٨ هەندێ بابەتی تر
١- دیراسەكردن و شیكردنەوەی سەرچاوەكانی قەرەباڵغی و خنكاندنی هاتووچۆ و چارەسەركردنیان.
بۆنمونە پێویست ناكات هەموو پزیشكەكان و عەیادەكانیان لەیەك جێدا كۆببنەوە، قابیلە هەمان كەس لە یەك ڕۆژدا نەخۆشی دڵ و گورچیلە و پێست و ددانی توش ببێت؟
با لەگەڕەكەكاندا عەیادە بكرێتەوە خۆ ناشكوری نەبێت نەخۆش ئەوەندە زۆرن دكتۆر عەیادەكانیان ببەنە سەر قەندیلیش هەر ئیشیان دەبێت.

٢- لەو شوێنانەدا كە ئیشی تیا دەكرێت هیچ ڕێنماییەك نیە و چاڵی قووڵ هەیە و وەك تەڵەی شێر و پڵنگ لەدارستاندا ئۆتۆمۆبیل دەكەوێتە ناوی، لەهەموو جێیەك كە لادانی كاتی هەبێت ناچار دەكرێیت بە ڕێگایەكی زۆر خراپدا بڕۆیت لەكاتێكدا لادانی كاتیش دەبێت قیرتاو بكرێت چونكە بڕێك قیر بۆی هەیە ژیانی كوردێك ڕزگار بكات و لەڕووداو بیپارێزێت.

٣- داپۆشینی هێمای ڕێنمایی هاتووچۆ بەوەرەقە و رەسمی كاندیدی هەڵبژاردن كارەساتە و دەبێت حكومەت داوا لەسەر كاندیدەكە تۆمار بكات و پێی ببژێرن.

٤- فڕۆكەخانەی هەولێر ڕێگاكەی وەك پلەیستەیشن وایە و ئەو زیكزاكە بۆ شۆفێری تازەفێربوو یان ئۆتۆمۆبیلی پان دەست نادات.
ڕێوشوێنی پێشوازی كە هاوڵاتیان چاوەڕێی گەڕانەوەی دۆست و خزمیان دەكەن زۆر سەیرو سەمەرەیە و هاوڵاتیانی بەئەمەك لەبەر سەرماو باران و لەناو قوڕدا چاوەڕێن، ناوبەناو بە پاسێك كە جامەكانی تەم گرتویەتی دەڵێی سەمونی گەرمی باركردوە ، گەیشتوەكان فڕێدەدرێنە دەرەوە.
ئۆتۆمۆبیل بۆ چونە ناو ساحەكەوە پشكنینی وردی بۆ دەكەن كەچی ٥ مەتر لەملا ساحەكەوە دەتوانی ئۆتۆمۆبیل بە تی ئین تیەوە ڕابگریت و لەهەمان كاتدا بە پیادە دەتوانیت بەبێ پشكنین و بە تەقەمەنیەوە بچیتە ناو ئەو ساحە چۆڵەوە كە زۆر بە گرنگی دەزانن.
بەشێوەیەكی گشتی دەروازەی فڕۆكەخانە هیچ سیمایەكی فڕۆكەخانە نابەخشێ و دوورە لە خزمەتگوزاریەوە و بێ پلانە و دیزاینیشی لە فڕۆكەخانە ناچێت و ئەو كەسەی بۆ یەكەم جار دەگاتە ئەو جێیە ئەگەر وەك ڤیپ VIP چاوەڕێنەكرێت ئەوا توشی شۆك دەبێت.
بەهەمان شێوە فڕۆكەخانەی سلێمانیش خەڵك لەسەر فولكەیەك ڕادەوەستن بۆ چاوەڕێی خۆشەویستانیان.

٥- ئەوەی منی سەرسام كردوە پاك كردنەوەی سەرجادە و شۆستەكانە بە گسكی دەستی،
نازانم ئەو ئامێرە بۆچی پێش ناكەوێت، چەندین هەزار ساڵ لەمەوبەر سەرجۆنی ئەكەدی و یاخود نەبوخوزنەسر یان حامورابی و كاربەدەستەكانیان پێش ئەوەی بچن بۆ دەوام ڕێگاكان بە گسك پاك دەكرانەوە، ئەمڕۆش هەمان ئامێرە تەنها لەجیاتی پوشی خورما فڵچەی نایلۆنە.
واتە ئەو ئامێرانەی كەجادەكانی نەینەوا و ئەریدۆ و ئور و بابل و ئەربائیلۆیان پێ پاك دەكرایەوە تا ئەمڕۆش هەمان ئامێرن.

ئنجا با بێینە سەر لایەنی دووەم كە ئەویش هاوڵاتیانن كە سیستەمی هاتووچۆ بەكار دەهێنن:
٢ - لایەنی دووەمی سیستەمەكە (هاوڵاتیان)
٢-١ لێخوڕینی خێرا
لە هیچ جێیەكی ئەم سەرزەمینە (جگە لە پێشبڕكێكانی ڕالی ئەویش لە دەشت و بیابان دەكرێن) نەبوە لۆری و گەڵابە و تەنكەر لەناو شاردا بە بارەوە ١١٠ كم\ كاتژمێر وبگرە خێراتریش لێبخوڕن، كێ دەیەوێت بە چاوی خۆی بیبینێت با فەڕڕەكی سەتی لە هەولێر لێ بدات و تەنكەری سووتەمەنی بە ٣٦٠٠٠ لیتر بەنزینەوە ببینێت كەبە خێرایی ١١٠ و خێراتریش لێدەخوڕن.
ئایا جیاوازی ئەوە چیە لەگەڵ ئۆتۆمۆبیلێك بە بڕێك تی ئێن تیەوە بە هەولێردا پیاسە بكات، مەترسیەكان هەروەك یەك نین؟
لە ئەڵمانیا ئۆتۆمۆبیلی گەورە لە ٨٠ كم لەكاتژمێرێكدا خێراتر بۆی نیە لێبخوڕێت، چونكە:
لەوە خێراتر مەترسی ڕووداو زیاد دەكات و بە ئاسانی خۆی بۆ ناگیرێتەوە.
جگە لەوەبە هۆی ئەو زیخ و بەردانەی كە لە ناو تایەكانیدا كۆدەبنەوە ئۆتۆمۆبیلەكانی دوای خۆی زەرەرەومەند دەكات بە فڕێدانی بۆ دوای خۆی و بە خێراییەكی زۆر، خۆ ئەگەر بارەكەی لم بێت و داینەپۆشیبێت ئەوە دوای خۆی دەكات بە ڕەشەبای لماوی (عاسفە رملیە) و جادەكە وەك بیابانی لێ دێت.

٢-٢ هاوڵاتیان و ئۆتۆمۆبیلەكانی فریاكەوتن و پۆلیس و ئاگركوژێنەوە
هەر جارێك ئۆتۆمۆبیلێكی فریاگوزاری (اسعاف) نەخۆشی پێ بێت ئۆتۆمۆبیلەكانی بەردەمی یان خۆیان لانادەن یان لەپێشیەوە خێراتری دەكەن!
"من هیچ لێكدانەوەیەكم نیە بۆ ئەم جۆرە كارانە و نازانم بە چی وەسف بكەم و جێی دێڵم بۆ ئێوە"
تەنها دەڵێم ئۆتۆمۆبیلی پۆلیس و فریاكەوتن و ئاگركوژاندنەوە بۆ خزمەتی ئێمە لەسەرجادەن و لەوانەیە دەقیقەیەك یان چەند سانیەیەكیش زووتر بگەنە جێی مەبەست ژیانی كەسانێك ڕزگار بكەن و لەوڵاتان دواخستنی ئەو سەیارانە لەكاتی واجبیاندا سزاكەی زۆر گەورەیە.

٢-٣ مۆبایل لەكاتی لێخوڕیندا
ئەگەر كەسێكی خەڵكی دەرەوە بێتەكوردستان و ئەم هەموو شۆفێرە ببینێت لەكاتی لێخوڕیندا دەستیان بە بناگوێیانەوەیە لەوانەیە وابزانێ گوێیان ئازاری هەیە یان مەقام دەڵێن (بێگومان بە تەبەقەی بەرز)
شۆفێری لۆریش لەكاتی لێخوڕیندا زۆرجار مۆبایل بەكاردەهێنن بێ گوێدانە مەترسیەكان.
هەندێك شۆفێری تریش دەیگرن بەدەستیانەوە و شان دادەدەن و لەسەرلایەكیان دانیشتون و بەسەماعەی خارجی قسە دەكەن بەجۆرێك كەخۆیان بیردەچێتەوەو نازانن لەدیوەخان نین بەڵكو ئۆتۆمۆبیل لێدەخوڕن و بۆی هەیە هەڵەیەكی بچووك ژیانێك لەناو ببات.
لەئەڵمانیا شۆفێر تەلەفۆن بەدەستیەوە بێت نەك بە بناگوێیەوە غەرامە دەكرێت، خۆ ئەگەر بەبێ هێدفۆن و بلوتوس تەلەفۆن بكەیت دەبێ ڕابوەستیت و مەكینەی ئۆتۆمۆبیلەكەشت كوژابێتەوە، واتە لە ڕاوەستانیشدا ئەگەر مەكینەی ئۆتۆمۆبیلكەت ئیش بكات و تەلەفۆن بكەیت كە تەلەفۆنەكەت بەدەستەوە بێت سزای هەیە.
پێویستە هاوڵاتیان گرنگی ئەم بابەتە بزانن و ئەگەر زۆر پێویست نەبێت لەكاتی ئۆتۆمۆبیل لێخوڕیندا مۆبایل بەكارنەهێنین و ئەگەر زەنگیشیان بۆ هات و ناچاربوون وەڵام بدەنەوە، با هێدفۆن یان بلوتوس بەكاربهێنین.

٢-٤ ستایلی لێخوڕین
ئەم خاڵانەی خوارەوە نیشانەی گوێنەدانی شۆفێرانە بە هاوڵاتیان و شۆفێرانی تری ڕێگا:
- لادان بۆ سەرخۆڵ و تۆز كردن، بە تایبەتی كاتێ كە لەسەیران دەگەڕێنەوە و كاتێكی خۆشیان بەسەربردوە و گۆشتیان زۆر برژاندوە دەست دەكەن بە پێشبڕكێ و لادەدەن بۆ سەر خۆڵ و تۆز دەكەن بۆ كەسانی تر، نازانم بۆچی هەمویان پەلەیانە زوو بگەنەوە ماڵەوە، لە خێزانەكانیان بێزارن و دەیانەوێ زوو بڕۆنەوە یان دەیانەوێ فریای زنجیرە دۆبلاجكراوەكە بكەون؟
- هەندێ شۆفێر چاوی لەترافیكلایتەكەی پێشیەتی و دەبینێت كە سوورە لەگەڵ ئەوەشدا هەر خێراتر لێدەخوڕێت و كە دەگاتە نزیكی ئنجا برێك دەكات.
- هەندێكی تر لەلای ڕاستی جادەوە دەچنە بەردەمی هەموو ئۆتۆمۆبیلكانی تر و دواتر بۆ لای چەپ پێچ دەكەنەوە.
- هەندێك شۆفێر كاتێك شۆفێرێكی ئافرەت دەبینن وەك شێتیان لێ دێت لە ئۆتۆمۆبیل لێخوڕیندا و دەیانەوێ نیشانی بدەن كە زۆر پاڵەوانن و هەروەها لەكاتی وەستانی ترافیكیشدا وەك پانكەی عەرزی، سەریان بەملاولادا دەگێڕن و سەیری ئافرەتان دەكەن.
تازە دڵداری واش هەیە كە دڵدارەكەی یان دەزگیرانەكەی لەگەڵدا بێت دەیەوێ بە لێخوڕینی شێتانە بۆ كچەكەی بسەلمێنێ مێردی دواڕۆژ و باوكی مناڵەكانی پاڵەوانە و هەڵبژاردنەكەی لەجێی خۆیدا بوە.

٢-٥ خاڵی پشكنین
لەسەردەمی ڕژێمی گۆڕبەگۆڕدا كە دەكەوتینە خاڵی پشكنینەوە لەترسی گرتن و سوكایەتی پێكردن "وجعلنا من بین ایدیهم سدا و من خلفهم سدا فاغشیناهم فهم لا یبسرون" مان دەخوێند، كەچی ئێستا زۆرلە شۆفێران و بەتایبەتی تەكسی كە دەگەنە نزیك خاڵی پشكنین، خێراتر و هەندێ جارلەسەر خۆڵ لەلای ڕاستی عالەمەوە یان بە فول لەخەڵكدان لێدەخوڕن، بێ ئەوەی بزانن ئەوخاڵی پشكنینانە كوردن و كورد دەپارێزن.

٢-٦ هەندێ بابەتی تر
١- كولتوری دانانی ناوی وەهمی بۆ ئۆتۆمۆبیل وەك شەبەح و سەقەر ومۆنیكا و ئۆباما و ... زۆریان لە بەغداوە بۆمان هاتون و تا ئێستاش ناوی سەیر و سەمەرە لە ئۆتۆمۆبیل دەنێن كە هیچ مانایەكی نیە و نیشانەی دواكەوتنی كۆمەڵگەیە و ڕادەی نەشارەزایی و بێ ئاگایی دەردەخات لە بواری تەكنیكی ئۆتۆمۆبیلدا، سەیر ئەوەیە دامودەزگای دەوڵەتیش ئەو ناوانە بەكار دەهێنن و لە دۆكومێنتەكانیشیاندا ئەو ناوانە هاتووە خۆ ئەگەر هەر دۆكومێنتێك لەوانە پێویست بكات بڕواتە دەرەوەی وڵات و تەرجومە بكرێت بۆ زمانێكی بیانی ئەوە جیهانی دەرەوەش پێمان دەزانێ كە چەند لە تەكنیك دەزانین!

٢- شۆفێر هەیە لە دوای بانگی مەغریبەوە هەر بەفوول لایت دەڕوات و حساب بۆ كەس ناكات جگە لەوە لایتی تەم (كە پێی دەڵێن لێزەر) دادەگیرسێنێت و ئەوانەی دوای خۆی بێزار دەكات.

٣- شۆفێرهەیە كاتێ ڕێگایان دەدەیت پێش تۆ بڕۆن و فەرموویان لێ دەكەیت، پێیان عەیبە دەست بەرز بكەنەوە و سوپاست بكەن ، وادەزانن لێیان دەترسیت.

بە بڕوای من هەڵسوكەوتی سەرجادە و شێوەی لێخوڕینی ئۆتۆمۆبیل لەلایەن هاوڵاتیانەوە ئاوێنەی بیروبۆچونی میللەتن و ڕەنگدانەوەی پەیوەندیەكانی نێوان خەڵكن، بەرپرسێكی ئەڵمان هەموو شتێكی ئێرەی بەدڵ بوو تەنها لێخوڕینی ئۆتۆمۆبیل نەبێت، ڕاست دەكات بەراوورد لەگەڵ ئەوروپا ئۆتۆمۆبیل لێخوڕین لە كوردستان وەك شەڕ وایە و مێشك و جەستە هیلاك دەكات.


ئەندازیار: تایەر عەلی رەسوڵ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە