ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرنامە ئەتۆمیەكانی
Wednesday, 22/09/2010, 12:00
دوو شت لەجیهاندا بێ كۆتایین، گەردوون و گەوجیی ئادەمیزاد، لە كاتێكدا من بۆ یەكەمیان هێشتا دڵنیا نیم. ( ئەلبێرت ئاینشتاین)تەكنۆلۆجیای ئەتۆمی گەلێك بەسوودە و پیشەسازی دەگەیەنێتە ئاستێكی بەرز بەڵام كێ گارانتی ئەوە دەكات كە بۆ مەبەستی چەكداری بەكارنەهێنرێت، لەجیهاندا بەتایبەتی ئەوروپا و ئەمریكا ژمارەیەكی زۆر كارلێككەری ئەتۆمی (مفاعل نووی) هەیە وە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا بە پلەی یەكەم ئیسرائیل خاوەنی ئەم تەكنۆلۆجیایەیە و ئیرانیش لە هەوڵ و كۆششدایە بۆ بەدەست هێنانی.
شایانی باسە ئیسرائیل خاوەنی بۆمبی ئەتۆمیشە دیارە بە بۆچوونی خۆیان بۆ بەرگری و مانەوە پێویستە و ئەگەر بۆمب و تەكنۆلۆجیای ئەتۆمیان نەبوایە، لەوانەیە هاوكێشەكان بە جۆرێكی تر سووڕیان بخواردایە.
بەڕای من لەقازانجی ئێراندایە واز لە بەرنامە ئەتۆمیەكەی كە بەو جۆرەی ئێستا خەریكیەتی بهێنێت و بەرەو ڕۆژئاوا هەنگاو بنێت، هەروەك چۆن لەم ساڵانەی دواییدا ووڵاتی لیبیا ئەو هەنگاوەی ناو وازی لە بەرنامەی ئەتۆمی هێنا بەمەش ڕێگایەكی هۆشیارانەی هەڵبژارد و ووڵاتەكەی لەلیستی ڕەشی جیهانیدا وەدەرنا و جگە لەوە یارمەتیش دەددرێت بۆ دروست كردنی مفاعلێك لەژێر چاودێری نێونەتەوەییدا.
بەداخەوە خەریك بوونی ئێران بە بەرنامەی ئەتۆمیەوە مەترسیەكی گەورەیە بۆ سەر كوردستان و ناوچەكە چونكە ئەگەر بەرنامەكە و دامەزراوەكانی تووشی كارەساتێكی تەكنیكی یان هێرشێكی ناوەكی یان دەرەكی هاتن، ئەوە بۆ ئێمەی كورد زۆر مەترسیدارە، ئەمە لەلایەكەوە لەلایەكی ترەوە هەموو مفاعلێكی نووی پاشەڕۆی هەیە دەبێت چارەسەر بكرێت و لەكۆڵ خۆ بكرێتەوە هەروەها ئەو مفاعلانەی ساردكردنەوەیان بە ئاوی سووكە لە دووكەڵكێشەكانیانەوە پاشەڕۆی تیشكدەری نووی (اشعاعات نوویه) دەردەكەن بەڕاددەیەك لەماوەی ساڵێكدا بۆ هەر مێگاواتێك بەقەدەر بۆمبێكی هیرۆشیما تیشك دەردەكەن واتە محگەیەكی نووی ١٢٠٠ مێگاواتی كە ووزەی كارەبا بەرهەم دەهێنێت لە ساڵێكدا بەقەدەر ١٢٠٠ بۆمبی هیرۆشیما تیشك و پاشەڕۆ دەردەكەن كە بەشێكی خێرا شی دەبێتەوە و بەشێكی تری كە پلۆتۆنیۆمی تێدایە هەتا ٢٤٠٠٠ساڵ دەمێنێتەوە.
جگەلەوە هەرگیز سەلامەتی تەواو نیە لەم بوارەدا، چونكە هیچ بەرنامە و هیچ پرۆژەیەك لە جیهاندا ١٠٠% ئەنجام نادات بەدەستەوە و ڕێژەیەك هەیە بۆ هەڵە، ئنجا چ هەڵەی تەكنیكی بێت یان كارەساتی تر، لە تەكنۆلۆجیای ئەتۆمیشدا كەمترین ڕێژەی هەڵە كارەساتی مەزن و فەوتانی ئادەمیزادی لێ دەكەوێتەوە، باشترین نموونە كارەساتی چێرنۆبیلی ئۆكرانیایە.
تەكنۆلۆجیای ئەتۆمی چی یە؟تەكنۆلۆجیای ئەتۆمی واتە سوود وەرگرتن لە كاردانەوەی ئەتۆمی چەند ماددەیەك.
ئەتۆم (ژره) بچووكترین یەكەی دروستكەری ماددەیە بە جۆرێك كە ملیۆن بلیۆن ئەتۆممان دەوێ بۆ داپۆشینی نوكی دەرزیەك، ئەتۆمیش لەبەشی تر پێك دێت وەك ناوك كە قەبارەیەكی بچوكی ئەتۆم پێك دێنێت بەڵام %99،9 ی بارستاییەكەیەتی ناوكیش لە پرۆتۆن و نیوترۆن پێك دێت.
ئادەمیزاد لەسەرتای سیەكانی سەدەی پێشووەوە پێكهاتەكانی ئەتۆمی بۆ ڕوون بووەوە لەو كاتەوە هەموو دەوڵەتێك خەو بە بەدەستهێنانی ئەم تەكنۆلۆجیایەوە دەبینێت چونكە هەر دەوڵەتێك ئەم خەوەی هێنایە دی، ئیتر جیهان حسابی بۆ دەكەن و ناتوانن دەستدرێژی بكەنە سەری.
بەڵام لەم 10 ساڵەی دواییدا بەهۆی پێشكەوتن لە بواری پەیوەندیدا هیچ دەوڵەتێك ناتوانێت لە بەرنامەی ئەتۆمیدا بەئاسانی كار بكات چونكە جیهان خێرا پێی دەزانن و دژی دەوەستنەوە و بۆی هەیە ببێت بە شەڕێكی دۆڕاو بۆ ئەو ووڵاتە و زیانی ئابووری لێ بكەوێت و ژیانی دانیشتوانیشی سەخت ببێت.
كاریگەریەكانی چەكی ئەتۆمی تەنها لە سووتاندن و ڕوخاندندا نیە بەڵكو لە ڕاددەی تیشكدانەوەكەیدایەتی كە بۆ ماوەیەكی درێژخایەن هەر بەردەوام دەبێت، ئەم تیشك دانەوەیەش بەهۆی شی بوونەوەی ئەتۆمی ماددەكەوە ڕوودەدات كاتێك ناوكەكەی ووردیلەی ئەلفا و بێتا و تیشكی گاما دەداتەوە و لەئەنجامدا دەگۆڕێت بۆ ناوكێكی تر كە پێی دەووترێت ناوكی لەدایك بوو.
ووردیلەی ئەلفا ناتوانێ پێستی ئادەمیزاد ببڕێت یاخود پارچەیەك كاغەز یان كراسێك، بەڵام زۆر مەترسیدارە ئەگەر بچێتە ناو سی یەكانەوە لە ڕێگای هەناسەدانەوە.
ووردیلەی بێتا بە خێراییەكی ئێجگار زۆر دەردەپەڕێ بەجۆرێك خێراییەكەی نزیك دەبێتەوە لە خێرایی تیشك و زۆر لە ووردیلەی ئەلفا بەهێزترە.
لەكاتێكدا ناوكەكە ووردیلەی ئەلفا و بێتا دەداتەوە دەچێتە بارێكی ناجێگیرەوە بەهۆی زۆریی ووزەی ناوەكیەوە، وە بۆ ڕزگار بوون لەم ووزە زیادەیە تیشكی گاما دەداتەوە، ئەم تیشكەش ئاستێكی ووزەی زۆر بەهێزی هەیە و دەتوانێ پارچەیەكی ئەستووری قوڕقوشم ببڕێت.
یۆرانیۆم 235 تەنها ماددەی سروشتیە كە بۆ دروست كردنی چەكی ئەتۆمی دەست بدات، ئەو بۆمبا ئەتۆمیەی هێرۆشیمای وێران كرد پێك هاتبوو لە نزیكەی 60 كیلۆگرام یۆرانیۆم 235 وە قەبارەكەشی بەقەدەر تۆپێكی پێ دەبوو، ئەو ماددانەی تر كە بۆ دروست كردنی چەكی ئەتۆمی بەكاردەهێنرێن وەكو یۆرانیۆم 233 و پلۆتۆنیۆم 239 لەسروشتدا نین و دەبێ بە ڕێگەی پێشەسازی ئامادەبكرێن بەهۆی پیاكێشانی نیوترۆن بە دوو ماددەی پیتاوی پۆریۆم 232 و یۆرانیۆم 238 وە ئەم ماددانە پێیان دەوترێت پیتاو چونكە دەبن بە سووتەمەنی ئەتۆمی.
ئەو كارلێكانەی ماددەی پیتاو دەكەن بە ماددەی پارچەپارچەبوو پێیان دەوترێت كارلێكی بەرهەمهێن، كاتێك نیوترۆنێكی سەربەست دەچێتە ناو ئەتۆمی یۆرانیۆم 238 دەیگۆڕێ بۆ یۆرانیۆم 239 ئەمیش زۆر ناجێگیر دەبێت و بۆ ئەوەی بچێتەوە باری ئاسایی خۆی، نیوترۆنەكە لە ناوكەكەیدا دەبێ بەپرۆتۆن و ئەلەكترۆنێكی تازە و هەندێك ووزە دەردەپەڕێ و لە ئەنجامدا ناوكێكی تر لەدایك دەبێت بە ناوی نپتۆنیۆم 239 كە ئەویش ناجێگیرە و بەهەمان شێوە نیوترۆن دەبێت بە پرۆتۆن و ئەلەكترۆن و ووزە دەردەپەڕن و پلۆتۆنیۆم 239 دروست دەبێت.
ئەو بۆمبایەی كە بەكارهێنرا لە وێرانكردنی ناگازاكیدا لە پلۆتۆنیۆم 239 دروست كرابوو، هەموو كەس دەتوانێ بەبێ هیچ مەترسیەك پلۆتۆنیۆم لەنزیك دڵیەوە یان سەریەوە دابنێت بەڵام ئەگەر بڕی 0،001 گرام بەشێوەی تۆز چووە ناو سیەكانەوە ئەوا پاش چەند كاتژمێرێك یان چەند ڕۆژێك دەمرێت و بگرە بڕی 0،000001 گرامیش دەبێتە هۆی تووش بوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی سیەكان یاخود ئێسقان چونكە پلۆتۆنیۆم لە ڕێگەی سووڕی خوێنەوە لە ئێسقاندا جێگیر دەبێت و ووردیلەی ئەلفا دەداتەوە، ئیتر ئێسقان توانای بەرهەمهێنانی خڕۆكەی سپی نامێنێت.
ئەو گۆڕانانەی بەسەر ئەو ماددانەدا دێن وەكوو پێشتر باسمان كرد دەبنە هۆی پارچە پارچەبوونی ئەتۆمیی زنجیرەیی چونكە گۆڕانەكە بەردەوام دەبێ وەكوو لە حاڵەتی بۆمبی ئەتۆمیدا بەڵام لەناو (مفاعل نووی) كارلێككەری ئەتۆمیدا دەتوانرێت كۆنترۆڵ بكرێت.
سەرەنجامئەم تەكنۆلۆجیایە ووڵاتان هەوڵی بۆ دەدەن بە ئاشكرا یان بە نهێنی بەڵام مەترسیەكە بۆ سەر ژیانی ئادەمیزاد هەتا بێت گەورەتر دەبێت، بارودۆخ ترسناك دەبێت ئەگەر بكەوێتە دەست كەسانی نامەسئول وەیان تیرۆریست، چونكە خۆی لەخۆیدا هەبوونی ئەم تەكنۆلۆجیایە یان بۆمبی ئەتۆمی كێشەیە و دەبێت ئەو دەوڵەتانەی كە ئەم دامەزراوانەیان هەیە سیاسەتی دان بەخۆداگرتن بەكاربهێنن و بیركردنەوەی بەكارهێنانی ئەم چەكە لە حساباتیاندا وەلابنێن نەك دوا ڕێگا بێت بۆ هێرش كردن چونكە كۆتایی دوژمن و خۆیان و هەموو ئادەمیزاد و گۆی زەوی دەبێت.
تایەر عەلی ڕەسوڵ
www.taher.org
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست