ناكۆكى نێوان بەرپرسانى حەجى وەزارەتى ئەوقاف، پڕۆسەى حەجى ئەمساڵ دەخاتە مەترسیەوە.
Thursday, 24/06/2010, 12:00
لەكابینەى شەشەمى حكومەتى هەرێمى كوردستاندا كێشەى گەورە دەكەوێتە نێوان بەرپرسانى حەجى وەزارەتى ئەوقافى حكومەتى هەرێمى كوردستان و ئەم ناكۆكیەش هەڕەشە لەسستمى رێكخستنى حەجى هاوڵاتیانى هەرێمى كوردستان دەكات.
سەرچاوەیەكى بەرپرس لەكاروبارى حەج لەوەزارەتى ئەوقاف تایبەت بە(ئیسلام پەیك)رایگەیاند:بەهۆى ناكۆكیەكانى بەرپرسانى حەج و عومرەى وەزارەتى ئەوقاف،كامیل حاجى عەلى وەزیرى ئەوقاف لەكابینەى شەشەمى حكومەتى هەرێم بەپێكهێنانى لیژنەیەك بۆ راپەڕاندنى كاروبارەكانى حەج و عومرە ئەوەندەى تر كێشەكانى ئەم بەڕێوەبەرایەتیەى ئاڵۆز كردوە و گومانى ئەوە دەكرێت لەرێگاى ئەم لیژنە نوێیەوە پرسیارەكانى تاقیكردنەوەى مورشیدەكانى حەجى ئەمساڵ كە بڕیارە رۆژى یەكشەممە ئەنجامەكانى ئاشكرابكرێت، درابێتە هەندێ لەو مامۆستایانەى كە بەشدارى ئەم تاقیكردنەوەیان كردوە، لەمبارەیەوە كەسێك لەبەڕێوەبەرایەتى گشتى حەج و عومرە كە ئەنجامى تاقیكردنەوەكانى بینیوە و نەیویست ناوى ئاشكرابكرێت ، ئەم گومانە پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێ: مامۆستایەكى ئاینى كە براى بەرپرسێكى وەزارەتى ئەوقافە ساڵى پار لەتاقیكردنەوەی مورشیدایەتیدا نمرەكەى زۆر نزم بوو، ئاستى رۆشنبیرى و شەرعى زۆر لاوازە كەچى ئەمساڵ لەریزى پێشەوەى دەرچوەكاندایە و 89 لەسەد هێناوە، ئەمە وادەكات گومان لەوە بكرێت كە ئەو لیژنەیەى سەرپەرشتى تاقیكردنەوەكانى كردوە پرسیارەكانى دابێتە هەندێك لەو كەسانەى كە خۆیان مەبەستیانە، بەرێوەبەرى گشتى حەج و عومرەش لەم رێوشوێنە تازانەى پرۆسەى حەجى ئەمساڵ نیگەرانە و چەند جارێك دوپاتى كردۆتەوە كە دروستكردنى لیژنەیەك بۆ كاروبارى حەج و عومرە بازدانە بەسەر دەسەڵاتى بەرێوەبەرایەتى گشتى حەج و عومرە كە حكومەتى هەرێم لەرێگاى پەرلەمانى كوردستانەوە لەیاساى خۆیدا لە ساڵى 2007وە جێگیرى كردوە و فەرمانبەر و بوجەى بۆ تەرخان كردوە،ئەم گومانانەى لەكارى ئەم لیژنە تازەیەى حەج و عومرەدا دروست بووە وادەكات چارەنووسى حاجیانى ئەمساڵ بكەوێتە دەست چەند مورشدێكى ئاینى نەشارەزا و بێتوانا كە رەنگە بەشێكیان دۆست و خزم و مەحسوبى بەرپرسانى حەجى ئەمساڵ بن و بەحەقى خۆیان نەبوبنە مورشید و پێشوەختە پرسیارى تاقیكردنەوەكانیان پێدرابێت.
جێگاى ئاماژەیە لەجیاتى ئەوەى پرسیارى تاقیكردنەوەكانى موڕشیدایەتى حەج بەكڵێشەى رەسمى بەرێوەبەرایەتى گشتى حەج و عومرە چاپبكرێت، بەكڵێشەى لیژنەى باڵاى حەج و عومرە چاپكراوە و وێنەیەكى ئەو كڵێشەیەش لەبەردەستماندایە، بۆ سەرپەرشتى تاقیكردنەوەكانى موڕشیدایەتى حەجى ئەمساڵ كە نزیكەى 500كەس تیایدا بەشداریان كرد و نزیكەى 50كەسیان لێ هەڵدەبژێردرێت، ئەندامانى ئەم لیژنەیە بەسەر 3 گروپدا دابەشبوون و سەرپەرشتى تاقیكردنەوەكانیان لەهەولێر و دهۆك و سلێمانى كرد،ئەوانەى لەم تاقیكردنەوانە دەردەچن وەزارەتى ئەوقاف لەسەر خەرجى خۆى دەیاننێرێتە حەج و بەپێى زانیاریەكانى (رۆژنامەى كۆمەڵ)نزیكەى 200ملیۆن دۆلار بۆ مورشیدەكانى حەجى ئەمساڵ خەرج دەكرێت كە كرێى هاتوچۆى فرۆكە و نیشتەجێبوون و خواردن و هاتوچۆى ناو سعودیە و خواردنیانە لەعەرەبستانى سعودیە جگە لەبرێك پارە كە دەدرێت بەخۆیان بۆ خەرجى.
ئەم گومانانە ئەگەر راست دەرچێت ئەوا مەسەلەى دیاریكردن و تاقیكردنەوەى خاوەن كۆمپانیاكانى حەجیش دەكەوێتە بەرگومان و ئەوەش وادەكات پێشبینى وەرزێكى حەجى ناتەندروست بۆ حاجیانى هەرێم بكرێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست