کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


جەماوەری شارۆچكەی (پردێ)ش دژی كەمی كارەبا خۆپیشاندان دەكەن

Saturday, 14/08/2010, 12:00


دواى ئەوەى كەمی كارەباو بێدەنگی دەسەڵاتدارانی پردێ لە هەمبەر ئەو بێ كارەباییەدا گەیشتە ئاستێك، ئیدى خەڵكی شار چیتر بەرگەی بێدەنگی نەگرێت، دوێنێ پێنج شەممە 12/8/2010 كۆمەڵە گەنجێكی شارەكە بە پاڵپشتی جەماوەری بێزارو ناڕەزایی لە دەسەڵاتی شار، رژانە سەر شەقام و ناڕەزایی خۆیان دەربڕی، سەرەتا خۆپیشاندانە جەماوەرییەكە لەناو شارۆچكەى پردێوە دەستى پێكرد بەرەو ئاراستەى وێستگەى كارەباكە لە گەڕەكی كوردستان، لەوێ ژمارەیەك لە گەنجانی خۆپیشاندەر بەردبارانی وێستگەكەیان كردو مۆڵەتی چەند خولەكێكیان دایە بەرپرسان، ئەگەر بە زووترین كات وەڵامیان نەدرێتەوە، ئەوا وێستگەكە ئاگر دەسووتێنن، بەڵام بەشداریكردنی خەڵكانێكى بە ئەزموون و ئامادەبوونى عەقید عەلی بەڕێوەبەری بنكەى پۆلیسی پردێ كە داواى خۆپیشاندەرانى بە رەوا زانی و داواى لە بەرپرسانى سەرووتر كرد بە دەنگی داواى جەماوەرەوە بێن، هەر زوو قایمقامی دووبز (هادی حەمە مستەفا) گەیشتە نێو ئاپۆراى خۆپیشاندەران و لە وتەیەكى كورتدا ئەوەى روونكردەوە كە قەزاى دووبزو شارۆچكەى پردێ وەكو یەك بڕە كارەبایان هەیە، بەڵام كەمتەرخەمییەكە لە دەسەڵاتدارانی پردێیە. ئەم قسەیەى قایمقام زیاتر جەماوەری ناڕازی جۆشتر داو بڕیاریاندا كە هەر دەبێ بەڕێوەبەرى ناحیە ئامادەبێت و بەڵێن لە خودى ئەوەوە وەربگرن، ئەگەرنا رازى نابن. دواتر ئاپۆراى خەڵكى ناڕازی بە ئاراستەى شەقامی گشتیی نێوان كەركوك و هەولێر چوون و لەوێ بۆ ماوەى نزیكەى (2) كاتژمێر ئەو شەقامە گشتییەیان گرت و لێنەگەڕان هاتوچۆ بەردەوام بێت، جێگاى داخە لەكاتى كۆنترۆڵكردنى شەقامە گشتییەكەدا هێزێكى سەربازى بەوێدا تێپەڕی و تەقەى بەسەر جەماوەری ناڕەزایدا كرد، ئەمەش زیاتر بووە بارگرژی و هێندەى نەمابوو دۆخەكە لەدەست دەربچێت و رووداوى ناخۆش رووبدات.
دواتر بەرپرسانى شارو ئاپۆراى خەڵكەكە روویان لە باڵەخانەى بەڕێوەبەرایەتی شارۆچكەی پردێ كردو لەوێش بە زمانێكی زبر هەڕەشەی بێدەنگ نەبوون لە كەمی كارەبا دووبارە كرایەوە.
شایانی باسە قایمقامی دووبز بەڵێنی ئەوەی بە خەڵكی پردێ دا لە رۆژی یەكشەممە بەدواوە خۆى سەرپەرشتی بارودۆخى پێدانى كارەبای پردێ بكات. ئەوەى جێگاى داخە جارێكى دیكەش حزب خۆى لە بارودۆخەكە هەڵقورتاندەوەو مشتومڕ لەنێوان قایمقامی دووبزو بەرپرسێكى حزبی لەنێو تەلارى ناحیەدا روویدا. ئەمە لە كاتێكدایە كە هەقوایە حزبەكان لایەنگرى جەماوەر بن و بەهیچ شێوەیەك داكۆكی لە كەمتەرخەمی و هەڵەى بەرپرسانی شار نەكەن. چونكە ئەگەر ئەمڕۆكە خەڵك دژی گەندەڵی و كەمتەرخەمی بەرپرسانى حكومی رادەپەڕێت و خۆپیشاندان دەكات، ئەوا بە دڵنیاییەوە سبەینێ دژی كەمتەرخەمی خودی حزبەكانیش رادەپەڕێت و هێزیش نییە بەرگەى رقی جەماوەرى ناڕازی بگرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە