کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پڕۆژه‌و به‌رنامه‌یی هه‌لبژاردنی لیستی (مایینه‌ چه‌موشه‌که‌ی) کوردستان

Tuesday, 02/06/2009, 12:00


دانیشتوان وجه‌ماوه‌ری خێر له‌ خۆ نه‌دیوی کوردستان ، ده‌رباره‌ی ئێمه‌ی حوکمدارو سه‌رۆکه‌کانتان باشده‌زانین له‌ ماوه‌ی ئه‌م 18 ساڵه‌ی حوکمڕانیمان به‌ سه‌ر ئێوه‌ی گوێڕایه‌لوکوێله ‌وبرسی، ئێوه‌ی قوربانیده‌رله‌ پێناو بیرومێشکه‌ شه‌ڕانگێزو داخراوه‌کانی ئێمه‌، خۆتان ومنداڵه‌کانتان له‌ پێناو خۆشیو ڵه‌ززه‌ته‌کانمان، له‌ پێناو سه‌روه‌ت و سامانو ڕابواردنی ژنو کچو کوڕه‌کانمان، له‌ خه‌باتێ دوورو درێژو بێوچاندا بوون، وه‌ک خزمه‌تکارێکی به‌ وه‌فا بۆ سه‌رکرده‌کانتان بۆ داروده‌سته‌و کۆمپانیاکانمان ،تاکو ئێستا تاکه‌ ساتێکیش له‌ خزمه‌تکردنمان دریغیتان نه‌کردووه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ی خاوه‌ن هه‌ردوو حزبه‌که‌ پارتی ویه‌کێتی خاوه‌نی لیسته‌ پڕ له‌ خێرو به‌ره‌که‌ته‌که‌تان لیستی (مایینه‌ )کلک ڕه‌په‌که‌مان که‌ وه‌ک گۆلکه‌ نایابه‌که‌ی (حوزێر پێغه‌مبه‌ر) وایه‌و کۆمه‌ڵێک پڕۆژه‌ی چاکی له‌ خۆگرتووه‌ بۆ دوای ئه‌نجامه‌کانی هه‌ڵبژاردن ،هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ی سه‌رۆکی هه‌ردووحزب، مه‌کته‌ب سیاسی هه‌ردوو حزب، گومانمان له‌وه‌دا نییه‌ که‌ ئێوه‌ی خادیمی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی نه‌ته‌وه‌و نیشتمان له‌ خزمه‌تکردنی ئێمه‌ی سه‌رکرده‌کانتان چاولێده‌که‌ن ، به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ ئێمه‌ وه‌ک وه‌فایه‌ک به‌رامبه‌ر به‌و هه‌موو خزمه‌ته‌ی ئێوه‌ ئه‌گه‌ر جارێکیتر ده‌نگمان پێبده‌ن ،وه‌ توانیمان ده‌سته‌لاتی حکومڕانی بگرینه‌وه‌ ده‌ست به‌و پڕۆژه‌یه‌ی که‌ له‌ خواره‌وه‌ ڕیزبه‌ندکراوه‌ پابه‌ند ده‌بین،به‌ هه‌لبژاردنه‌وه‌مان بۆ چوار سالیتر خۆشحالمان ده‌که‌ن هیوادارین ئه‌م هه‌له‌ زێڕینه‌ بۆ ئێمه‌وخۆتان له‌ ده‌ست نه‌ده‌ن .

1-‌ وه‌ک هه‌ردوو سه‌رۆکی پارتی و یه‌کێتی(تاله‌بانی+بارزانی) تا له‌ ژیان مابین به‌ڵێنتان پێده‌ده‌ین ئێوه‌ هه‌رمێرووله‌و ئێمه‌ش هه‌ر قوڵه‌ی قاف بیین ،له‌ به‌رزی قوله‌ی قاف بۆ نزمی ئێوه‌ بڕوانین .

2-تا ئێمه‌ سه‌ردارو سه‌رۆکی ئه‌م دوو حزبه‌ بین به‌لێن ده‌ده‌ین، له‌ نۆکه‌ری وخزمه‌تکردن به‌ داگیرکه‌رانی نیشتمان و نه‌ته‌وه‌که‌مان سارد نه‌بینه‌وه‌و هه‌ر به‌رده‌وامبین له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان وبه‌رژه‌وه‌ندیه‌کانمان، سه‌رکوتکه‌رێکی بێیاساو ڕێساش بین به‌ سه‌رسه‌ری ئێوه‌دا، تا سه‌لامه‌تی بۆحکومه‌تی هه‌رێم وخۆمان وخۆتان بپارێزین .

3-دڵنیاتان ده‌که‌ین که‌ هه‌ر له‌ خه‌می ناوچه‌ دابڕاوه‌کانی کوردستان دابین ،که‌رکوک هه‌ر قودسو دڵه‌ گه‌وره‌که‌مان بێت، تا ئه‌و کاته‌ی به‌ یه‌کجاری له‌ ده‌ستمان ده‌چێت ، بۆ ناوچه ‌دابڕاوه‌کانیتریش نزیکه‌ی نیوه‌ی ناوچه‌ کوردنشینه‌کانی پارێزگای موسل مان له‌ ده‌ست چووه‌، به‌ڵام بۆ نیوه‌که‌یتر له‌ خه‌باتداین وه‌ریگرینه‌وه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایه‌کمان وا پێویسته‌ له‌م قۆناغه‌ ناسکه‌ی ئێستادا که‌ بوجه‌ی سالانه‌مان له‌ حکومه‌تی ناوه‌ندی فیدڕال بۆ دێت، ناکرێت زۆر پێ له‌ سه‌ر ئه‌م کێشه‌ بچوکانه‌ دابگرین ،نه‌بادا برا خۆشه‌ویسته‌ عه‌ره‌به‌کان له‌ به‌غدا لێمان زوێربن و بوجه‌که‌شمان لێببڕن.

4- ڕووی ئه‌م قسه‌یه‌مان له‌ دایکوباوک وخوشک وبراو ژنو کیژوکوڕی ئه‌و شه‌هیدانه‌یه‌ که‌ له‌ شه‌ری نێوان هه‌ردوو حزبه‌که‌مان، له‌ سه‌ر پاره‌ی ئه‌وکاتی گومرکه‌کان و به‌ ئیعازی داگیرکه‌ران گیانیان له‌کیسچوو، پێویسته‌ له‌ سه‌ر هه‌موویان داوای لیبوردن له‌ ئێمه‌ی هه‌ردوو سه‌رۆک و ئه‌ندامانی مه‌کته‌ب سیاسی هه‌ردوو حزب بکه‌ن، تا جارێکیتر ڕێگا به‌کوڕه‌کانیان نه‌ده‌ن فتنه‌ی شه‌ڕی ناوه‌خۆ هه‌لگێرسێنن ، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌که‌ن ئه‌وه‌ ناچارین وه‌کو ئه‌وناحه‌زانه‌ی لیستی گۆڕان و که‌سانیتر نانبڕاویان بکه‌ین.

5- پێویسته‌ له‌ سه‌ر خانه‌واده‌ی هه‌موو شه‌هیدانی هه‌له‌بجه‌و شێخوه‌سان و بالیسان و وه‌رێ و بادینان هێنده‌ پێ له‌سه‌ر له‌ سێداره‌دانی تاوانبارانی کیمیاباران دانه‌گرن ، چونکه‌ ئێمه‌ی سه‌رۆکی هه‌ردوو حزب کاتی خۆی به‌لێنمان به‌ سه‌ید ره‌ئیس وحزبی به‌عس داوه‌ که‌ به‌ هه‌موو هێزێکمان به‌رگری بکه‌ین له‌ئیعدام نه‌کردنیان ، دیاره‌ ئه‌مه‌ هه‌لوێستێکی مرۆڤانه‌یه‌و به‌ ئه‌خلاقی شۆڕشگێڕیمان په‌یوه‌سته‌ و ئازادکردنی کاکه‌ ڕه‌مه‌زان جبوری فڕۆکه‌وانیش‌ که‌ کاتی خۆی به‌ درۆ گوتمان هه‌لاتوه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌بوو پیاوێکی زمان درێژه‌، هه‌ندێک له‌ نهێنیه‌کانی ئێمه‌ی ده‌زانی که‌ په‌یوه‌ندی به‌ پڕۆسه‌ی کیمابارانه‌که‌وه‌ هه‌یه‌، دیاره‌ به‌ردانی باشتر بوو بۆ هه‌ردوو لیسته‌که‌ به‌ تایبه‌تی که‌ ئێستا پڕۆسه‌ی هه‌لبژاردن له‌ پێشمانه‌ .


6- مزگێنی به‌ که‌سوکاری ئه‌نفاله‌کانی گه‌رمیان و بادینان بارزانیه‌کان ده‌ده‌ین که‌ له‌ ساڵی 2020 له‌ قازانج و ڕێنته‌ی ئه‌و مه‌بله‌غه‌ دۆلاره‌ زۆره‌ی که‌ له‌ بانکه‌کانی ئه‌وروپی وجیهانی دامانناوه‌ خانوو بۆ هه‌ر یه‌کێک له‌ خانه‌واده‌ی قوربانیانی ئه‌نفال دروست بکه‌ین ،به‌ مه‌رجێک سوێندو ته‌لاق بخۆن تا ده‌نگه‌کانیان بۆ ئێمه‌ مسۆگه‌ر بێت، ئه‌گه‌ر ده‌نگیشمان پێنه‌ده‌ن ئه‌وه‌ ناچار ده‌بین که‌ ئه‌ستێره‌ گه‌شکه‌ی ئێراق (سولتان هاشم) ئازاد بکه‌ین.

7- له‌ سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندیه‌کانمان له‌ گه‌ل دراوسێیه‌کانمان خۆتان زۆر باشده‌زانن که‌ هیچ که‌سێک ولایه‌نێک به‌ درێژایی مێژوو هێنده‌ی ئێمه‌ی هه‌ردوو سه‌رۆک له‌ خزمه‌تی حکومه‌ت وگه‌ل و ولاته‌که‌یان دانه‌بونه‌ ،به‌ تایبه‌تی ئه‌وه‌نده‌ی بۆمان کرابێ وئاو له‌ دوای بێرمان هاتبێ، پلانمان بۆ نه‌یاره‌کانیان داناوه‌ یان به‌پێش جه‌ندرمه‌و پاسداره‌کانیان که‌وتوین بۆ کوشتنو لاوازکردنیان، چونکه‌ به‌ گه‌شه‌کردنی ئه‌و شۆڕشگێڕانه‌ی ئه‌مدیوو ئه‌ودیو باری پڕ له‌ باری ئێمه‌ ڕوو له‌ لاوازی و تێکشکان ده‌کات ، بۆیه‌ بۆخاتری هه‌موو لایه‌کمان پێویسته‌ درێژه‌ به‌و سیاسه‌ته‌مان بده‌ین وهه‌میشه‌ خزمه‌تکارێکی گوێڕایه‌ل بین بۆ به‌جێهێنانی فه‌رمانی نه‌وه‌کانی عوسمانی وسه‌فه‌ویه‌ دلسۆزه‌کان.


- 8- بۆ مه‌سه‌له‌ی گه‌شه‌پێدانی ئابوری کوردستانیش به‌رنامه‌ی باشمان له‌به‌ر ده‌سته‌ بڕیارمانداوه‌ باجی سالانه‌ له‌ سه‌ر سه‌رجه‌م دوکاندارو کارگه‌کان دوو قات زیاد که‌ین ، بۆ خاوه‌ن مولکه‌کانیش به‌ تایبه‌تی ئه‌و که‌سانه‌ی خانوو دوکانییان بۆ کرێ هه‌یه‌ باجه‌کانیان چه‌ن به‌رامبه‌رێک زیاد بکرێت ، تا ناچریان بکه‌ین به‌ نرخێکی هه‌رزان مولکه‌کانیان لێبکڕین

9-لێتان ناشارینه‌وه‌ هه‌ردوو حزب له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێککه‌وتوین که‌ مه‌سعود بارزانی کاندید که‌ین بۆ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له‌ حکومه‌تی فیدڕالی ئیراق ،که‌ له‌ سیسته‌می فیدڕالی هه‌موو دونیا نییه‌ حکومه‌تی هه‌رێم جگه‌ له‌ سه‌رۆکی وه‌زیران سه‌رۆکێکی تریشی هه‌بێت به‌ناوی سه‌رۆکی هه‌رێم ، به‌لام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ که‌ دوو حزبی دیموکرات و سۆشیال دیموکراتین وه‌ک داهێنانێکی نوێ بۆ سیسته‌می جیهانی وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی گه‌له‌که‌مان به‌ باشی ده‌زانین که‌ سه‌رۆک هه‌رێمیشمان هه‌بێت .

حه‌سکۆ تاله‌بانی
ئه‌ندامی ده‌سته‌ی ڕێنوسی پڕۆژه‌که‌
01-06-2009




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە