ساتیره نووسین: چێشتی مجه‌ور، ئه‌وه‌ی من، ئه‌وه‌ی هه‌ژار موکریانی نا!
Sunday, 19/09/2010, 12:00
سڵاو خوێنه‌ری خۆشه‌ویست ..
من خوێنه‌رێکی به‌رده‌وامی ئینته‌رنێتم و زۆر سایت و مایت هه‌یه ده‌چم و به‌سه‌ریان ده‌که‌مه‌وه.. لێتان ناشارمه‌وه وا خه‌ریکه ده‌بم به نووسه‌ریش. ئینجا چییه؟ نووسین وه‌ک ئاوخواردنه‌وه‌ی لێهاتووه، عه‌یب نه‌بێ هه‌رکه‌سێک هه‌ڵده‌ستێ، پێچێک به مێشکیا هات، یه‌کسه‌ر کرت کرت، ده‌ست به دوگمه‌ی کیبوردهکهیدا ده‌نێت و ده‌ست ده‌کات به نووسین. کوره دوای ئه‌وه‌ش که لێی ده‌پرسن تۆ چییت، ده‌ڵێ من رووناکبیرم... ها هاهاها، واته ئه‌گه‌ر بچیته ناو مێشکییه‌وه پێویست به لایت و گڵۆپ ناکات، هه‌موو خانه‌کانی مێشکی چاراخان و رووناکه، هه‌رچییه‌کت بوێت وه‌کو کتێبخانه‌یه‌کی گه‌وره‌ی گشتیی دێته به‌رده‌ستت.
له به‌ینی خۆماندا بێت، کورد خوێنه‌ر و نووسه‌ری فشه‌که‌ری زۆر تێدایه، هه‌ر له خۆمانه‌وه وشه رێزدهکهین و زاراوه و ناو و ناونیشان داده‌نێین. ئینجا ئه‌و که‌سه به‌وه‌شه‌وه ناوه‌ستێ، ده‌ڵێت من رۆژنامه‌نووسم، وا تێده‌گات رۆژنامه‌نووس، یانی رۆژانه ده‌نووسێت و رۆژبوێری ناکات، دوای ئه‌وه ئه‌گه‌ر لێی بپرسیی براله تۆ نووسه‌ریت، یان رۆژنامه‌نووس، ده‌ڵێت هه‌ردووکیان، پێی عه‌یبه بڵێت ئه‌رێ به راست جیاوازی له نێوان نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسدا چییه؟.
زۆر له‌و که‌سانه پاش نووسینی ده دوازه وتار و بابه‌ت.. ئیتر ته‌واو ده‌ڵێت من نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و رووناکبیرم، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ خه‌ڵکدا دابنیشێت و قومێکیش بخواته‌وه، وه‌ک بۆق فوو ده‌کاته خۆی و قسه‌ی زل زل و سیاسییشت بۆ ده‌قیڕێنێت، چونکه به فڵانه به‌رپرسی وتووه گه‌نده‌ڵ، فڵانه سه‌رکرده دز و خائین، ئیتر ئه‌میش خۆی لیده‌بێت به بیل کلینتۆن و ئوباما و ... کێ و کێی تر..
خوا پێم نه‌گرێت یه‌کێک له‌و براده‌رانه‌ی که له پاره‌وه بۆته نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و رووناک‌بیر، خه‌وێکی خۆمم بۆی گێڕایه‌وه و وتم: ده‌زانێت ئه‌مشه‌و له خه‌ومدا ئه‌وه‌نده بێ ئه‌قڵ بووم له‌گه‌ڵ کێسنجهردا ده‌ممان له‌یه‌ک ئاڵابو، هێرشم ده‌کرده سه‌ری پێم وت: تۆ خیانه‌تت له کورد کرد، هاتییت ئاش به‌تاڵت به‌و مه‌لا مسته‌فا فه‌قیره کرد، هه‌ر له خه‌وه‌که‌مدا ههچییهکم به کێسنجه‌ر ده‌گووت، فزه‌ی لیوه نه‌ده‌هات، نوتقی نه‌بوو، وه‌کو قوتابییه‌ک گوێی لیدهگرتم، به‌ڕاستیی خه‌وێکی خۆش بوو، له خه‌وه‌که‌مدا ئه‌وه‌نده بێ ئه‌قڵ بووم خۆم به زیره‌ک و به عاقڵتر ده‌زانی له کێسنجه‌ر.
من خه‌وه‌که‌م بۆ ئه‌و براده‌ره ده‌گێڕایه‌وه. که‌چی هاواری لێبه‌رز بووه، بووه‌سته برا ئه‌وه تۆ چیی ده‌ڵێیت؟ بۆچی ئێمه خۆمان به بچووک ده‌زانین؟ ئێمه‌ش به‌شی خۆمان سیاسیین و ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت بۆ من بڕه‌خسێ سه‌د قات له کێسنجه‌ر و له‌و سیاسییانه‌ی عاله‌م زیره‌ک تر و شاره‌زاتر ده‌بیین. من ئه‌گه‌ر بمکه‌ن به سه‌رۆکی هه‌رێم له مه‌سعود باشترت بۆ ده‌که‌م.
وه‌ڵامم دایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سعود ره‌نگه بڵێم ئممممم، ناڵێم ئا... بۆ ئه‌وه‌ی کیسنجه‌ریش. هاهاهاهاهاها ده‌ستم کرد به پێکه‌نیین.
له‌و رۆژه‌وه ئه‌و ماڵ مردوو مراوه قسه‌م له‌گه‌ڵدا ناکات، ده‌ڵێت تۆ هه‌ستت بریندارکردووم. جارێک له ناو بازاردا بینیم رووی لێکردم به‌ولاوه. منیش وه‌ک خۆتان ده‌زانن، گوێ به‌و شتانه ناده‌م، هه‌ڵسام و تهلهفونێکم بۆی کرد، وتم کاکی برا ئه‌وه بۆ لووتت لێم خواره، خۆ من هیچی وام نه‌ووتووه! وتی چۆن هیچت نه‌ووتووه، تۆ له نرخی تاکیی کورد که‌م ده‌که‌یته‌وه، کورد زۆر به که‌متر ده‌زانیت، پێت وایه کورد، ناتوانێت کێسنجهرێکی تێدا دروست بێت، منیش وتم براکه‌م من خه‌وم بۆ گێڕاویته‌وه، په‌یوه‌ندی به تۆوه نییه، مادام پێت خۆشه وا له‌مه‌و دوا هه‌ر به کاک کێسنجه‌ر بانگت ده‌که‌م. ئیتر ئه‌وه‌نده‌ی تر لێم چوو به قیندا، ئیستا هه‌رچی وتارێک ده‌نووسێت لابه‌لا نوقرچێکم لێده‌گرێت.
جارێکی تر سڵاو خوێنه‌ره خۆشه‌ویسته‌کان. با بێمه‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌مانه ده‌بنه ئه‌و هه‌موو شته، ئینجا دوای ئه‌وه دێن له کتێبی بێگانه‌وه ئه‌و قسه نه‌سته‌ق و جوانانه‌ی که فه‌یله‌سوف و زانا و ئه‌دیبه‌کانی بێگانه کردوویانه: دێت نه‌ختێک ترش و خۆی ده‌کات و به خوێنه‌ری کوردی هه‌ژاری دهفرۆشێهوه. ئا لێره‌وه ئه‌و براده‌ره نووسه‌ره کوردانه. لێمان ده‌بن به فه‌یله‌سوف و شتی زۆر به‌له‌زه‌ت تر.
باشه براده‌رینه.. با سه‌رنجتان بۆ شتێک رابکێشم، به‌س تکایه ئه‌وانه‌ی که (دال) ده‌خه‌نه پێش ناوه‌کانی خۆیانه‌وه، لێم زوویر نه‌بن.
کێ تا ئیستا ئه‌گه‌ر زمانی ئینگلیزیی و زمانێکی تری بێگانه ده‌زانێت و کتێبێک، یان نامیلکه و وتار و شتێکی به‌و زمانانه خوێندبێته‌وه، کامتان دیوتانه و به‌رچاوتان که‌وتووه، له وتارێکدا، نووسه‌رێکی ئه‌وروپیی که دکتۆرای هه‌بێت جگه له ناوه‌که‌ی خۆی بێت و بڵێت دکتۆر فڵانه که‌س، ده‌شێت بۆ نمونه وتارێک له‌سه‌ر بابه‌تێکی زانستیی بنووسرێت، که له بواره‌که‌ی خۆیدا بێت و بۆ میسداقییهتیی ئه‌وه‌ی نووسیوێتی بڵێ د. فڵان، تا بزانرێت پسپۆره له‌و بواره‌دا که ئه‌م نووسینه په‌یوه‌ندیی به‌و باسه‌وه هه‌یه، ئه‌ویش هه‌موو کاتێک نا، به‌ڵام کورده‌که‌ی خۆمان چووه دکتۆراییهکی له سه‌ر (به‌کتریای ناو مێشکی کرم) وه‌رگرتووه له‌ملاوه پارچه هۆنراوه‌یه‌ک ده‌نووسێت: ده‌ینێرێ بۆ سایت و رۆژنامه‌کان، ده‌ڵێت بنووسن ئه‌م هۆنراوه‌یه هی (د. فیسار)ه. واته خۆتان لایه‌ن، فڵانه دکتۆر هۆنراوه‌ی نووسیوه، به‌رده‌می به‌رده‌ن، هه‌رچی وت به گران لێی بکڕن. واته نه‌مانزانیوه، که دکتۆری (دکتۆرای به‌کتریای مێشکی ناو کرم،) شاعیریشه و ئیبداعی کردووه.
نمونه زۆره و منیش کاتم که‌مه.. ده‌مه‌وێت ئه‌وه بڵێم.. میلله‌تێک ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و دکتۆری هه‌بێت پێم سه‌یره تا ئیستا نه‌بووه به هیچ، ئایا ئێمه‌ی کورد هه‌ر له ئه‌زه‌له‌وه بۆ خۆمان به هیچی دروست بووین، یان ئه‌مانه هیچن و ئیمه‌یان خستۆته ناو خانه‌ی هیچانهوه؟ ئایا هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه‌یه، که ئێمه‌ی دانراو له خانه‌ی هیچاندا، ئه‌و سه‌رکرده و رابه‌ره هیچانه له هیچییدا ئێمه وا ده‌خوێننه‌وه ، بۆیه نرخێکمان بۆ دانانێن؟.
له کۆتاییدا و له‌م ساتیره نووسینه‌دا ده‌ڵێم پهکووو له سیاسیی کورد، په‌کوو له نووسه‌ر و له رۆژنامه‌نووس، له خۆم و له خۆشت، که‌سمان به حاڵی گیرفان و پاشه‌ڵی خۆمان نازانیین، که‌سمان خاوه‌نی خۆمان نیین و به‌تاڵ و حه‌تاڵ، خۆمان به هه‌موو شتێک ده‌زانیین، ئه‌وه‌تا بنه‌ماڵه‌ی مه‌لا، و بنکورهکهی شێخ حسامه‌دین و بله‌ی ئه‌حه ره‌ش چی‌یان لێکردووین، ئیستا خاوه‌نی هیچ نیین، ته‌نانه‌ت ئه‌وان ناسنامه و جزدانی گیرفانیانیشیان بردووینو به‌خۆمان نازانیین، بۆیه هه‌موو نابووت له فیکر و له عه‌قڵ و له گیرفان خۆمان ناناسینه‌وه.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست