کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


من بەیاننامەكەی هەولێرم نوسیو بێ منەتیشم!!

Tuesday, 01/03/2011, 12:00


پێشتر یەكێتی بەناو قوتابیان فشاریان خستە سەرم، پێش فشاری ئەو قوتابیانەی حیزبیش لەگەڵ بەرپرسی لقی دووی هەولێر بەتەلەفۆن قسەمان كردو پێی ڕاگەیاندم كە"وەزعەكە لەهەولێر ناسكەو وەك سلێمانی نیە، باشتر وایە نەیخوێنمەوە"، هەر شەوی هەڕەشە پڕ لەجنێوە حیزبییەكەی ئەوان بوو كە قوتابیانی پارتی هاتنە بەشە ناوخۆییەكەمو سوكە كۆنفرانسێكیان لەگەڵ بەستم! هێنایانو بردیان تاوەكو جورئەت نەكەم بەیاننامەكە بخوێنمەوە لەبەردەم پەرلەمانی بەڕۆژ نوستووی كوردستاندا، بەڵام هیچ لەو قسانەیان نەچوو بەمێشكمدا، بۆیە كە لە چەلەحانێكەی ئەوان بوومەوە، تەلەفۆنێكم بۆ هاتو ئەوەی كە لەبەرژەوەندی پارتی بوو پێی وتم، لەو تەلەفۆنەدا هەزار جنێوی وەك خۆیان ناشرینیان پێدام، من وەمزانی بۆسبەی ئینقلاب دەكەم نەك بەیاننامە دەخوێنمەوە، لەڕاستیدا هیچ ئەزموونێكم نەبوو لە هەڕەشە بۆ كوشتنم، چونكە من پێشتر لەسلێمانیدا بوومو زۆر شتیشم وتووەو وام پێنەكراوە، سەیربوو بەلامەوە كە پارتی بەو جۆرە لەبەیاننامەكەی من بترسێن، لەڕاستیدا خۆشحاڵ بووم كە پیرەپارتێكی شەست ساڵەی چەكدار لە بەیاننامەی گەنجێكی 25 ساڵەی وەكو من بترسێت كە لەسەر وەرەقە دەمخوێندەوە نەك لەسەر تانگ، دكتۆر پشتیوانی بێ پشتیوانیش تەنها تەلەفۆنی لەگەڵ من كردوو داوای كرد ناوی بخەمە سەر بەیاننامەكە، مخابن دووای ئەو هەڕەشەیەی كە لێم كرا بیستمەوە دكتۆر پشتیوان لەلایەن هێزە مافیاییەكانەوە فڕێندراوە، بەدرێژایی ئەو ماوەیەی كە سەرقاڵی بەیاننامەكە بووم چیم گوتبوو لەڕێی تەلەفۆنی كۆڕەكەكەمەوە هەموویان گوێ لێ گرتبوو، من ئەو شەوە كە فشاریان لێ كردم لەناخی دڵمەوە هەستم بە غەریبی كرد، وام نەزانی كە لە پایتەختی وڵاتی خۆمم، پێم وابوو لەبەحرەینم، ئەوەشم بە بەرپرسی لقی دووی پارتی وت، ئەوان وەفای ئەوەیان نەكرد كە لەخاڵێكی بەیاننامەكەمدا داوام لەپەرلەمان كردبوو لەدەزگای ئاسایشی سلێمانی بپێچنەوە چونكە لقەكەی ئەوانی نەپاراستووە.
بەداخەوە هەرزوو پارتییەكان كەوتنە هەڕەشە لەو گەنجە بێ پشتانەی كە ئیمەیلیان بۆ ناردم تا ناویان بخەمە سەر بەیاننامەكە، ئەوان ترسان بۆیە پەشیمان بوونەوە، ناهەقیان ناگرم، ئەوان نەوەی نوێن هیچ ئەزمونێكیان لەگەڵ زمانی چەكدا نیە، هەڕەشەكەرانیش هەر ئەو زمانەیان بۆ دیالۆگ لەگەڵ دۆستانم دەزانی، ئاڤان فارسم نەدەناسی بەڵام دەزانم چۆن پارتییەكان ترساندوویانە تا ڕوون كردنەوەیەك بنوسێتو پەشیمان بێتەوە، هاوڕێیانی تریشم هەر وا دەڵێنو دەترسن، هەندێكیان هەر خێرا وەلائیان بۆ یەكێتی قوتابیانەكەی حیزب دووپات كردەوەو بیریان دەخستەوە كە فلان ساڵ لەفڵان شوێن ئەندامو لایەنگریان بوون، بۆئەوەی هەڕەشەیان لەسەر لابچێت، من دەمزانی ئەوان لەترسا وایان كرد، گوێ نادەمێ هەولێریش هەر شاری خۆمە، من دەڕۆمەوە بۆ هەولێر هەرچەند هەڕەشەم لێ كراوە تا بمكوژن، من هەموو بەرپرسیارێتییەك دەخەمە ئەستۆی ئەوان، بۆیە پێیان دەڵێم: سەرۆك وا ناپارێزرێت، تكا دەكەم ئەگەر سەرۆكتان خۆش دەوێـت بەوكارانەتان تەمەنی تەختەكەی قارس مەكەن!
22/2/2011 بەیاننامەیەكم نوسی تاوەكو لەبەردەم پەرلەمان بیخوێنمەوە، گەنجە ڕۆژنامەنوسو چالاكوانی مەدەنیو خوێندكارەكانی هاوڕێم پشتگیرم بوون، ئێمە بەنیازی ئینقلاب نەبووین، بەڵكو وتمان حەوت كەس تا هەشت كەسمان لە ناو حەوشەی پەرلەمان دەیخوێنینەوە، بەڵام نەیان هێشتو زەندەقی هەموو ئەوانەیان برد كە لەگەڵم بوون، لەسەرتاپای بەیاننامەكەدا ئەوە هاتبوو كە پەرلەمان بەئەركی خۆی هەستێت، هەمووی 11 خاڵ بوو كە پەرلەمانی كوردستان 17 خاڵەكەی دەركرد، من دە خاڵی خۆمانم تیا بینییەوە، داوا دەكەم بچن هەموویان سەر ببڕن، چۆن بەیانێكیان دەركرد لەهی كۆمەڵێك منداڵو مەزنی وەك ئێمە دەچوو، ئەوان دەترسان دەستێكمان لەپشت بێت، بەیاننامەكەی ئێمە هیچ تەجەموعێكی بۆ نەدەكرا، بەڵام میدیاكان ماڵخراپانە بڵاویان دەكردەوەو لەگەڵ كۆمەڵێك نوسینو قسەی تری كەسانی نادیاردا تێكەڵیان كرد، هەندێكیان حیزبیان لەئێمە وشیار كردەوە كە گوایە هەڕەشەی خۆپیشاندان دەكەین، بۆیە هەرچی زووە ئەوەشی كە هی ئێمە نەبوو خەریك بوو لەسەر ئێمە ببێتە ماڵ، قەیدی چی دەكات، من بێ منەتم"هەموو حۆری موبارەك بێت بە زاهید، لەبۆ من هەر كچو غیلمانی تۆ خۆش"، خۆ ئێمە ئامانجان خۆ پیشاندان نەبوو، بەڵام خۆزیا خۆپیشاندانێك ڕووی دەدا تاوەكو بە شوجاعانە بەشداریم تێدا بكردبا!!
ئێستا كە هیچیان ڕووی نەدا، تكا لەپارتی دەكەم كەس نەفڕێنێتو كەس نەبات، سەدان ئیمەیلی ترم بۆ هاتووەو داوا دەكەن ناویان بخەمە سەر بەیاننامەكە، بەڵام لەترسی ئەوەی نەكا ئێوە ئازاریان بدەن، ناوەكانم زیاد نەكردووە، بەڕێزن ئەگەر خوێندەواریتان هەیە بەیاننامەكەی ئێمە ڕوونەو ئەگەر بەردەوامن لەئازاردانی ئەوانەی ئیمزایان بۆ كردم، دەست هەڵگرن لەئازاردانی هەموویان خۆم دێمەوە بۆ هەولێرو تۆڵەی ناهەقی خۆتانم لێ بكەنەوە، تكا دەكەم لەوە زیاتر هاوڕێكانم مەترسێنن، ئەوان فێرنین نەوەی نوێنو هیچ مەعریفەیەكیان لەسەر چەكو باروتی ئێوە پێ نیە!!

ڕۆژنامەنوسو نوسەری ئەو بەیاننامەیەی كە پارتی بەهەموو شێوەیەك ڕەتی كردەوە لەهەولێر بەیاننامەكە لەژێر ئەم ناوەدا بوو:
بەیاننامەی كۆمەڵێك گەنجی قوتابیو خوێندكاری زانكۆو نوسەرو ڕۆژنامەنوسو چالاكوانی مەدەنی بۆ پەرلەمانی كوردستان.
لەم لینكەدا دەتوانن بیبینن، تا بزانن ئێمە چمان گوتو ئەوان چیان كرد!
http://rudaw.net/kurdish/index.php/raport/5105.html
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە