مانگانه زیاتر له 200 ملیۆن دینار له‌پێشمه‌رگه وه‌رده‌گیرێت
Saturday, 24/07/2010, 12:00
ده‌ستوور
هه‌وڵه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن‌و فشاری ده‌ره‌كی له‌سه‌ر پارتی‌و یه‌كێتی ئه‌نجامی نه‌بووه بۆ پێكهێنانی هێزێكی یه‌كگرتووی نیزامی، به‌ڵێنه‌كانی سه‌رۆكی ههرێمو حكومه‌تیش نه‌برایه سه‌ر لهدهستبهردرابوونی یهكێتیو پارتی له‌هێزی چه‌كداری.
به‌پێی زانیارییه‌كانی ده‌ستوور له‌كاتی وه‌رگرتنی موچه‌ی ئه‌م مانگه‌دا، پارتی‌و یه‌كێتی له‌ڕێگه‌ی رێكخستنه‌كانی خۆیانه‌وه بۆ هه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌ك بڕی (5) هه‌زار دیناریان له‌موچه‌كه‌یان بڕی، وه‌ك ئابوونه‌ی حیزبی، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداریش له‌رێكخستنه‌كانی هه‌ردوو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌نزیكه‌ی 250 ملیۆن دینار له‌م مانگه‌دا ئابوونه‌ی حیزبی وه‌رگیراوه.
ده‌ستوور زانیویه‌تی كهههڕهشهی ئه‌وه‌ش له‌پێشمه‌رگه‌كان كراوه كه‌ئه‌گه‌ر باسی بكه‌ن دوورده‌خرێنه‌وه. به‌ڵام به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌ڵێت ئه‌و ئابوونه‌یه له‌نێو لیواكاندا نه‌بووه، به‌ڵكو له‌نێو ئه‌و هێزانه‌دا بووه كهپێیاندهوترێت پێشمه‌رگه‌و سه‌ر بهحیزبهكانن.
له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 25/7ه‌وه هه‌ریه‌كه له‌سه‌رۆكی ههرێمو سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان به‌هاووڵاتیانی كوردستاندا كه‌هێزی پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به‌حیزبه‌كان نامێنێت‌و هێزێكی یه‌كگرتووی نیزامی دروستده‌كرێت، به‌ڵام هه‌نگاوه‌كانی ئه‌و به‌ڵێنانه بهسیستی ده‌ڕۆن، به‌جۆرێك تائێستا ئه‌و 4 لیوایه‌ی كه 8 مانگ له‌مه‌وبه‌ر بڕیاری له‌سه‌ردرا به‌ته‌واوی پێكهێنانی رانه‌گه‌یه‌نراوه.
ئه‌نوه‌ری حاجی عوسمان بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له‌لێدوانێكدا بۆ ده‌ستوور ده‌ڵێت به‌پێی ئه‌و بڕیارانه‌ی كه له‌سه‌رووی خۆمانه‌وه هاتووه، ده‌بێت له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان لهسوپایهكی یه‌كگرتوودا یه‌كبخرێت.
ئه‌و وتی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته چه‌ند هه‌نگاوێك نراوه له‌وانه دروستكردنی ئه‌و چوار لیوایه‌ی بڕیاریداوه، كه‌خۆشبه‌ختانه ئێستا به‌شی زۆری كاره‌كانی ته‌واوكراوه.
راشیگه‌یاند كهبڕیارێكیتر هه‌یه هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌دا 4 بۆ 6 لیوایتر دروستبكرێت.
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت ژماره‌ی هێزی پێشمه‌رگه به‌ته‌واوه‌تی دیاریبكات، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و خه‌مڵاندنه‌ی ئه‌وان كردوویانه خۆی له‌نزیكه‌ی 190 هه‌زار پێشمه‌رگه ده‌دات.
ئه‌نوه‌ری حاجی عوسمان وتی پێشتر له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقدا باس له 190 هه‌زار پێشمه‌رگه كرابوو. هه‌روه‌ها وتی به‌ڵام بێگومان ئێستا هێزی پێشمه‌رگه له‌و رێژه‌یه زیاتره.
یه‌كێك له‌سه‌ره‌كیترین كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی ناوهندیو حكومه‌تی هه‌رێم، داننه‌نانه به‌و ژماره‌یه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان‌و به‌شێك لهكێشهكهش خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه كه تائێستا هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان سه‌ر بهحیزبهكانن.
نه‌ریمان عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوخۆ له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت حكومڕانی وڵات واپێویست ده‌كات كه له‌نێو هێزه چه‌كداره‌كاندا كاری حیزبی قه‌ده‌غه بكرێت، به‌ڵام وتی ئه‌وه‌ی له‌وڵاتی ئێمه‌دا په‌یڕه‌وده‌كرێت نه‌شازه‌و له‌هیچ وڵاتێكدا نییه.
نه‌ریمان وتی به‌ڵگه‌مان لایه كه‌یه‌كێتی‌و پارتی به‌رده‌وام كاری حیزبی له‌ناو ریزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌دا ده‌كه‌ن، پێشمه‌گه سه‌ر بهحیزبهكانن، له‌ناو حیزبه‌كانیشدا سه‌ر بهكهسانێكن.
به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه هه‌بوونی هێزی پێشمه‌رگه‌ی تایبه‌ت به‌حیزبه‌كانی كوردستان به‌تایبه‌ت یهكێتیو پارتی ره‌تناكه‌نه‌وه.
ئه‌نوه‌ری حاجی عوسمان ده‌ڵێت كهرێكخستنی حیزبی له‌ناو لیواكان نییه‌و به‌هه‌موو مانایه‌ك قه‌ده‌غه‌یه. هه‌روه‌ها وتی هێزی پێشمه‌رگه هی حیزبه‌كانه به‌تایبه‌تی پارتی‌و یه‌كێتی، ئه‌مه راستییه‌كه ئیتر كه‌یفی خۆیانه ئابوونه وه‌رده‌گرن یان نا.
ئه‌وه له‌كاتێكدا به‌پێی یاسای رێكخستنی كاری حیزبه‌كان كه‌ساڵی 1993 په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ریكردووه، نابێت حیزبه‌كان هێزی چه‌كداری تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌بێت، یان رێكخستن له‌ناو هێزی پێشمه‌رگه‌دا بكه‌ن.
به‌پێی یاساكه ئه‌گه‌ر هه‌ر حیزبێك ئه‌و مه‌رجانه‌ی جێبه‌جێ نه‌كرد، ئه‌وا رووبه‌ڕووی داخستن ده‌بێته‌وه، به‌ڵام تا ئێستا زۆربه‌ی حیزبه‌كان ئه‌و مه‌رجه‌یان پێشێلكردووه، له‌پێش هه‌موویانه‌وه یهكێتیو پارتی.
به‌رپرسێكی پێشمه‌رگه كه‌نه‌یوست ناوی بڵاوبكرێته‌وه به‌ده‌ستووری وت له‌م مانگه‌دا كاتێك هێزه‌كانی پێشمه‌رگه موچه‌یان وه‌رگرت، رێكخستنه‌كانی یهكێتیو پارتی ئابوونه‌یان له‌پێشمه‌رگه‌كان وه‌رگرتووه.
ئه‌و به‌رپرسه وتی خۆم به‌دواداچوونم بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه كردووه، بۆم ده‌ركه‌وتووه زیاتر له 50 هه‌زار پێشمه‌رگه ئابوونه‌ی لێوه‌رگیراوه، كه 250 ملیۆن دینار ده‌كات.
پڕۆژه یاسایه‌ك له‌په‌رله‌مانی كوردستاندا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی كاری حیزبی له‌ناو هێزی پێشمه‌رگه‌دا، كه له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كراوه، به‌ڵام ئۆپۆزیسیۆن ره‌خنه‌ی ئه‌وه ده‌گرن كه‌ده‌سه‌ڵات نیه‌تی یه‌كگرتنه‌وه‌ی لاوازه.
نه‌ریمان عه‌بدوڵڵا وتی ده‌مانه‌وێت كاری حیزبی له‌ناو هێزه چه‌كداره‌كاندا قهدهغهبكهین، به‌ڵام لیستی ده‌سه‌ڵات كار بۆ دواخستنی ده‌كه‌ن.
ئه‌و وتی كه‌به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو حیزبه‌كه له‌وه‌دایه كه‌به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا بمنێتێتهوه.
ئه‌نوه‌ر وتی هیوادارین یهكێتیو پارتی سستی نه‌نوێنن له‌یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه، بۆئه‌وه‌ی بتوانین سوپایه‌ك دروستبكه‌ین بۆ پاراستنی ئه‌م وڵاته.
تائێستا هێزی پێشمه‌رگه‌ی حیزبه بچووكه‌كان نه‌چووه‌ته ژێر ركیفی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و ئه‌و چوار لیوایه‌ی كه‌هه‌وڵی دروستكردنی ده‌درێت. یهكێتیو پارتیش رێكخستنه‌كانی له‌ناو هێزی پێشمه‌رگه‌دا رانه‌گرتووه.
عه‌بدوڵڵای حاجی مه‌حمود ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی سۆسیالیست وتی ئه‌وكاته‌ی كهبڕیاردرا ئه‌و لیوایانه دروستبكرێت، داوامانلێكرا، به‌ڵام تائێستا هه‌ر وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه‌و نه‌چووه‌ته ناو ئه‌و چوار لیوایه‌وه.
حیزبی سۆسیالیست نزیكه‌ی 1000 پێشمه‌رگه‌ی هه‌یه، كه له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێن و موچه‌یان ده‌درێتێ.
شوان قه‌ڵادزێی وته‌بێژی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی وتی هێزی چه‌كدارمان به‌ڕه‌سمی نه‌چووه‌ته ژێر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، لایه‌نی سه‌ربازی بزووتنه‌وه‌ش له‌ماڵه‌وه دانیشتوون.
شوان ره‌شبینی خۆی نیشاندا له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بتوانێت به‌منزیكانه هێزێكی نیزامی له‌كوردستاندا دروستبكات.
ئه‌و وتی نزیكه‌ی 1000 تا 1500 چه‌كدارمان هه‌یه.
نه‌ریمان عه‌بدوڵڵا رایگه‌یاند كه‌ئێستا ته‌واوی پێشمه‌رگه به‌بێ خواستی خۆیان حیزبینو وتی په‌رته‌وازه‌یی له‌هێزی پێشمه‌رگه‌دا به‌دیده‌كرێت، مافی پێشمه‌رگه‌ش به‌ته‌واوی خوراوه.
http://destur.net/zyatr/babeti-halbzharde/681-berzani-berham-salih-oil-smugling.html
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست