کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كە‌ناڵی‌ ئە‌لجەزیرەی‌ ئینگلیزی‌ بە‌رنامەیە‌ك لەبارە‌ی‌ سە‌ردەشت عوسمانە‌وە پێشكه‌شدەكات .

Monday, 28/06/2010, 12:00


به‌رنامه‌ی‌ "inside iraq"ی‌ كه‌ناڵی‌ ئه‌لجه‌زیره‌ی‌ ئینگلیزی‌ نوێترین به‌رنامه‌ی تایبه‌ت كرد به‌تیرۆركردنی‌ سه‌رده‌شت عوسمان، به‌ناونیشانی‌ "كوشتنی‌ سه‌رده‌شت عوسمان".


به‌رنامه‌كه‌ جاسم عه‌زاوی‌ پێشكه‌شیكرد‌و به‌میوانداریی‌ هیوا مه‌حمود عوسمان لێپرسراوی‌ ئینستیوتی‌ جه‌نگ‌و ئاشتی‌ له‌عێراق‌و هۆزان مه‌حمود ئه‌ندامی‌ ڕێكخراوی‌ ئازادیی‌ ژنانی‌ عێراق پێشكه‌شكرا، ئه‌وه‌ی‌ خواره‌وه‌ وه‌رگێڕانی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌یه بۆ زمانی‌ كوردی‌‌.

جاسم عه‌زاوی‌ له‌سه‌ره‌تای‌ به‌رنامه‌كه‌دا وتی‌ "سه‌رده‌شت عوسمان كۆمه‌ڵێك وتاری‌ ناوازه‌ی‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و مه‌سعود بارزانی‌‌‌ بڵاوكرده‌وه‌، كوشتنه‌كه‌ی‌ سه‌رده‌شت عوسمان، خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ عێراقی‌ تووشی‌ شۆك كردووه،‌ كه‌ ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان. تائێستا ئاشكرا نه‌بووه‌ كێ‌ كوشتوویه‌تی‌، ئایا بكوژه‌كانی‌ سه‌رده‌شت له‌ده‌ستی‌ یاسا ڕزگاریان ده‌بێت؟".

له‌وه‌ڵامی‌ پرسیاری‌ كێ‌ سه‌رده‌شتی‌ كوشتووه‌‌و بۆچی‌؟ هۆزان مه‌حمود وتی‌ "له‌به‌ر نووسینی‌ ئه‌و وتارانه‌یه‌ كه‌ باسی‌ گه‌نده‌ڵیی‌ حكومه‌ت‌و مه‌سعود بارزانی‌‌و بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ كردووه‌. ئه‌مه‌ وه‌ڵامی‌ پرسیاره‌كه‌یه‌، كه‌ بۆچی‌ سه‌رده‌شت كوژراوه‌، له‌به‌ر ڕاستگۆیی‌‌و بوێری‌ بووه‌. بنه‌ماڵه‌ی‌ بارزانی‌ ناهێڵن هیچ كه‌سێك به‌خراپه‌ باسیان بكات. من لێره‌ نیم بۆ تاوانباركردنی‌ ڕاسته‌وخۆی‌ بارزانی‌، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و وتار‌و ڕاپۆرتانه‌ی‌ له‌سه‌ر سه‌رده‌شت نووسراوه‌، خه‌ڵكانی‌ سه‌رشه‌قام ده‌ڵێن حكومه‌ت‌و مه‌سعود بارزانی‌ به‌رپرسیاره‌".

هیوا مه‌حمود عوسمان وتی‌ "سه‌ره‌تا ده‌بێت چاوه‌ڕێی‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ین، هه‌رچه‌نده‌ كاتێكی‌ زۆری‌ پێچوو، كه‌ نه‌ده‌بوو هێنده‌ی‌ پێبچێت، تائێستا هیچ زانیارییه‌ك بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌ بۆچی‌‌و چۆن سه‌رده‌شت كوژرا، نابێت پشت ببه‌ستین به‌هه‌ندێك بۆچوون‌و بیركردنه‌وه‌ تائه‌نجامه‌كان بڵاونه‌كرێته‌وه‌، ڕایگشتی‌ ده‌ڵێن له‌سه‌ر ئه‌و وتارانه‌یه‌ كه‌ كوژراوه‌، ئه‌گه‌ر وابێت، نابێت بكوژان له‌ده‌ستی‌ یاسا ده‌ربچن‌و تاوانێكی‌ گه‌وره‌یه‌‌و به‌كوشتن حسابه‌".

جاسم عه‌زاوی‌ وتی‌ "سه‌رده‌شت عوسمان كوڕێكی‌ گه‌نج بوو، خوێندكاری‌ دواین قۆناغی‌ زانكۆ بوو، زمانی‌ ئینگلیزیی‌ باش زانیوه‌، له‌به‌رده‌م زانكۆی‌ سه‌ڵاحه‌دین چوار كه‌س ڕفاندوویانه‌‌و دواتر له‌موسڵ كوژراوه‌، دوو گولله‌ به‌ده‌مییه‌وه‌ نراوه‌، ئه‌وه‌ش وه‌ك په‌یامێك كه‌ هه‌ر كه‌سێك ده‌م بكاته‌وه‌ ده‌یكوژن".

هۆزان مه‌حمود وتی‌ "بنه‌ماڵه‌ی‌ سه‌رده‌شت عوسمان پێویستیان به‌دۆزینه‌وه‌ی‌ بكوژه‌كان‌و سه‌قامگیریی یاسایه‌، له‌ڕوونكردنه‌وه‌كه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌دا هاتووه‌ یه‌ك گولله‌ به‌سه‌ری‌ سه‌رده‌شته‌وه‌ نراوه‌‌و ئه‌شكه‌نجه‌ نه‌دراوه‌، به‌ڵام خێزانه‌كه‌ی‌ سه‌رده‌شت ئاگادارن‌و به‌ڵگه‌یان هه‌یه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ی‌ سه‌رده‌شت دراوه‌‌و گولله‌كان به‌ده‌مییه‌وه‌ نراوه‌، ئه‌و په‌یامه‌ ڕوونه‌، هه‌ركه‌سێك له‌باره‌ی‌ حكومه‌ت‌و به‌رپرسه‌كانییه‌وه‌ بنووسێت، ئه‌وه‌ ئه‌نجامه‌كه‌یه‌تی‌".

به‌ڵام هیوا مه‌حمود عوسمان وتی‌ "ته‌نیا كلیل بۆ ئه‌م كێشه‌یه‌، ئه‌وه‌یه‌ چاوه‌ڕێی‌ ئه‌نجامه‌كان بكه‌ین، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌نجامه‌كان زۆری‌ پێچوو، ئه‌م به‌یانییه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ قسه‌مكرد، هه‌ندێك له‌وانه‌ ڕاپۆرتی‌ پزیشكی‌ دادوه‌رییان بینیوه‌، هه‌ندێكیشیان چوون بۆ موسڵ بۆ بینینی‌ ته‌رمه‌كه‌ی‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن به‌هیچ جۆرێك گولله‌ به‌ده‌مییه‌ نه‌نراوه‌. ئه‌وه‌ كێشه‌ نییه‌ به‌ده‌مییه‌وه‌ نراوه‌، یان به‌سه‌ریه‌وه‌، دواجار كوژراوه‌. خاڵی‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ هۆكاره‌كانی‌ كوشتنی‌ چین؟".

هۆزان مه‌حمود وتی‌ "قسه‌كه‌ره‌كانی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ ده‌ڵێن نه‌ده‌بوو سه‌رده‌شت هێڵی‌ سووری‌ ببه‌زاندایه‌، من بۆچوونم له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا نییه‌، ده‌بێت خه‌ڵك ئازادیی‌ ته‌واوی‌ هه‌بێت چی‌ ده‌ڵێت، ده‌بێت خه‌ڵك ئازاد بێت باسی‌ گه‌نده‌ڵی‌ بكات، مه‌سه‌له‌كه‌ ڕۆژنامه‌نووسی‌ باش‌و ڕۆژنامه‌نووسی‌ خراپ نییه‌، ئه‌م بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیی‌ به‌ئازادیی‌ ڕاده‌ربڕینه‌وه‌ هه‌یه‌. 18 ساڵه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم هه‌یه‌. ڕۆژنامه‌نووسان تووشی‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان بوون، واته‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌. بۆچی‌ هه‌زاران كه‌س ڕژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، له‌ناوه‌وه‌‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ كوردستان‌و داوای‌ ئازادیی‌ ڕاده‌ربڕین ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ نیشانه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئازادیی‌ ڕاده‌ربڕین كه‌مه‌".

له‌به‌رانبه‌ردا هیوا عوسمان وتی‌ "كه‌یسی‌ سه‌رده‌شت له‌كاتی‌ بڵاوبوونه‌وه‌یه‌وه‌، له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ بیدۆزنه‌وه‌ كێ‌‌ َكوشتوویه‌تی‌، ئۆپۆزسیۆن، ده‌سه‌ڵاتی‌ تۆمه‌تبار كردووه‌، له‌جیاتی‌ ئه‌وه‌ی‌ ڕێگه‌كان بدۆزنه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌و كه‌یسه‌، ده‌سه‌ڵات‌و ئۆپۆزسیۆن ده‌ستیانكردووه‌ به‌ده‌ركردنی‌ به‌یننامه‌ دژی‌ یه‌كتر، كه‌ نه‌ده‌بوو ئه‌و شته‌ ڕوویبدایه‌. ئۆپۆزسیۆن كه‌یسه‌كه‌ی‌ قۆسته‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی‌ خه‌لك بێنه‌ سه‌ر شه‌قام. زیاتر پارتی‌‌و گۆڕان ڕووبه‌ڕووی‌ یه‌كتر بوونه‌وه‌، هه‌ر كێشه‌یه‌كیان هه‌بووه‌ به‌رانبه‌ر حكومه‌ت، ئه‌و كه‌یسه‌یان به‌كارهێناوه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌".

هۆزان مه‌حمود له‌به‌رنامه‌كه‌دا ئه‌وه‌شی‌ وت "كه‌یسی‌ سه‌رده‌شت به‌كارنه‌هاتووه‌. هاتنه‌ سه‌ر شه‌قام، هیچ په‌یوه‌ندیی‌ به‌ئۆپۆزسیۆن‌و گۆڕانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیی‌ به‌خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نییه‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌رباره‌ی‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌یه‌ كه‌ خزمه‌تگوزاریی‌ سه‌ره‌تاییان نییه‌، ته‌ندروستییه‌كی‌ باشیان نییه‌، زۆربه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ هاتوونه‌ته‌ سه‌رشه‌قام، سه‌رده‌شت وه‌ك په‌یامبه‌رێك بووه‌ بۆ ئه‌وان دژی‌ گه‌نده‌ڵی، سه‌رده‌شت له‌چینی‌ هه‌ژاری‌ كۆمه‌ڵگه‌ بووه‌‌".

هه‌ر له‌به‌رنامه‌كه‌ی‌ كه‌ناڵی‌ ئه‌لجه‌زیره‌دا هیوا مه‌حمود عوسمان وتی‌ "له‌بیرمان نه‌چێت، ساڵێك له‌مه‌وپێش 70 تا 80%ی‌ خه‌ڵك، ده‌نگیان بۆ حكومه‌ت داوه‌. سێ‌ چوار مانگ له‌مه‌وبه‌ریش ئه‌و خه‌ڵكه‌ ده‌نگیان داوه‌ته‌وه‌ به‌حكومه‌ت".

جاسم عه‌زاوی‌ ئاشكرایكرد "سه‌رده‌شت عوسمان گۆڕان بووه‌‌و ده‌نگیشی‌ به‌گۆڕان داوه‌ دژی‌ ئه‌و حكومه‌ته‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ به‌كوشتنی‌ كۆتایی‌ هات".

هۆزان مه‌حمودیش وتی "كه‌ ده‌ڵێن 70 تا 80%ی‌ خه‌ڵك ده‌نگیان داوه‌ به‌حكومه‌ت، ئه‌وه‌ ئه‌نجامێكی‌ ڕاسته‌قینه‌ نییه‌، هه‌موومان ده‌زانین ساخته‌كاری‌ كراوه‌، ئه‌گه‌ر ده‌نگیان پێنه‌ده‌یت نانبڕاو ده‌كرێت‌و له‌كاره‌كه‌ت ده‌رده‌كرێیت، له‌به‌رئه‌وه‌ باسی‌ 70 تا 80% مه‌كه‌، خه‌ڵك ماڵ‌و منداڵی‌ هه‌یه‌ن ناچاره‌ ده‌نگبدات، بۆئه‌وه‌ی‌ كاره‌كه‌ی‌ له‌ده‌ستنه‌دات".

هه‌روه‌ها وتی‌ "دوو ساڵ له‌مه‌وپێش سۆرانی‌ مامه‌حه‌مه‌ له‌كه‌ركوك كوژرا، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ چه‌ند ڕاپۆرتێكی‌ نووسیوه‌ له‌باره‌ی‌ گه‌نده‌ڵییه‌كانی‌ حكومه‌ت‌و بارزانی‌، دوو ساڵ پاش ئه‌ویش سه‌رده‌شت كوژرا، به‌هه‌مان شێوه‌. كه‌یسه‌كه‌ی‌ سه‌رده‌شت ئاشكراتره‌، چونكه‌ پێیش ئه‌وه‌ی‌ بكوژرێت، هه‌مووی‌ ئاشكراكردووه‌، بۆچی‌‌و چۆن ده‌كوژرێت، پێش ئه‌وه‌ی‌ بكوژرێت زانكۆ‌و ئاسایشی‌ ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام بۆ كه‌س هاوكاریی‌ نه‌كرد، له‌پاریزراوترین شاری‌ عێراق كه‌ هه‌ولێره‌، كه‌سێكی‌ گه‌نج ده‌ڕفێنرێت‌و به‌چه‌ندان بازگه‌دا ده‌برێت، ئه‌و كه‌یسه‌ زۆر ڕوونه‌، پێویستی‌ به‌هیچ نییه‌".

به‌ڵام هیوا وتی‌ "زۆر كه‌س ده‌ڵێت سه‌رده‌شت زیره‌ك بووه‌، كه‌سێكی‌ باش بووه‌. ئێستا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ئابووری‌‌و ئازادیی‌ ڕاده‌ربڕین له‌ئاستێكی‌ باشدایه‌. من چۆن ڕه‌خنه‌ له‌حكومه‌ت‌و گه‌نده‌ڵییه‌كانی‌ ده‌گرم، داوای‌ پارێزگاریش له‌وان ده‌كه‌م كه‌ بمپارێزن، تێناگه‌م چۆن ئه‌وه‌ ده‌بێت، ڕه‌خنه‌ له‌حكومه‌ت بگریت‌و داواش له‌حكومه‌ت‌و سه‌رۆكه‌كه‌ی‌ بكه‌یت، پارێزگاریت لێبكه‌یت".

هاوكات هۆزان مه‌حمود پێیوابوو "سه‌رده‌شت خۆی‌ زانیویه‌تی‌ پشتگیریی‌ ناكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌نیا ڕێگه‌ی‌ بووه‌ كه‌ داوای‌ هاوكاری‌ بكات، تۆ به‌حكومه‌ت‌و به‌رپرسه‌كان ده‌ڵێیت پارێزگاریت لێبكه‌ن، سه‌رده‌شت باش ده‌یزانی‌ ده‌كوژرێت، كه‌سێكی‌ زیره‌ك بووه‌، زانیویه‌تی‌ چیده‌كات".

دەتوانیت تەواوی بەرنامەکە لەخوارەوە ببینیت:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە