هێزێكی نوێ له‌كه‌ركوك ده‌رده‌كه‌وێت
Sunday, 28/02/2010, 12:00
كه‌ركوك، عێراق-یه‌كه‌م جار قاره‌مانی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی كورد مام رۆسته‌م سه‌ركردایه‌تی هێزێكی پڕ ده‌نگه ده‌نگی له‌ناو جاده‌كانی كه‌ركوك كرد له 21ی ئاداری 1991 بو، دوای ئه‌وه‌ی چه‌كداره گه‌ریلاكانی له‌شاخه ره‌نگه خۆڵه‌مێشییه‌كانی ده‌وروبه‌ر بۆ تێكێشكاندنی یه‌كه داگیركه‌ره‌كانی سوپای عێراقی سه‌دام حسێن هاتنه خواره‌وه.
دوای 12 سال، شاره‌كه‌ی خۆی وه‌كو فه‌رمانده‌یه‌كی مه‌یدانی پێشمه‌رگه بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ كۆنترۆڵكرد، دوای ئه‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كان سه‌ركردایه‌تی داگیركردنی عێراقی كرد كه سه‌دامی روخاندو جه‌نگێكی خوێناوی تایهفیو ئیتنیكی هه‌ڵگیرساو پارچه جێناكۆكه‌كانی عێراقی وێران كرد، كه كه‌ركوك باشترین نمونه‌یه.
رۆژی هه‌یینی رابوردو (12/2/2010)، رۆسته‌م جارێكی تر لێرهبو، له‌پێشه‌وه‌ی كاروانێكی 100 ئۆتۆمبیلیدا كهپڕبو له‌گه‌نجانی بهحهماسو منداڵان‌و سه‌ربازان كه پێده‌چو له‌جه‌نگ بن. ئاڵا‌و چه‌كی كڵاشینكۆفیان پێبو، له‌په‌نجه‌ره‌ی توێتایهكی پیكابه‌وه، كاتێك كاروانه‌كه له‌وبه‌ری قه‌ڵای كه‌ركوكی دێرین‌و كڵپه‌ی گاز‌و گڕی نهوتهكهیو به‌ناو كامپه قوڕینه به‌خشت دروستكراوه‌كانی ئاواره‌كاندا به‌هێمنی تێپدهپهڕی، ده‌ستی سڵاوی راده‌وه‌شاند.
رۆسته‌م وتی: "له‌ساڵی 1991 ئێمه كه‌ركوكمان لهدیكتاتۆریهت ئازادكرد، ئه‌مجاره له‌گه‌نده‌ڵی رزگاری ده‌كه‌ین".
ئه‌وه رۆژێكی بانگه‌شه‌ی سیاسی بو به‌ر له‌هه‌ڵبژاردنه زۆر چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی په‌رله‌مانی نیشتمانی له 7ی ئادارو رۆسته‌م نوێنه‌رایه‌تی گۆڕانی ده‌كرد، كه جوڵانه‌وه‌یه‌كی سیاسیی نوێیه‌و له‌هێڵی پێشه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی زۆرێك له‌و بڕوایه‌دان ده‌بێته گه‌رموگوڕترین جه‌نگی ركابه‌ری هه‌ڵبژاردنه‌كه له وڵات، سه‌نگه‌ر لێدهدهدات. به‌دڵنیاییه‌وه له‌هه‌مو هه‌ڵبژاردنه ناوخۆییه‌كانی تر به‌وریایی زیاتره‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.
پارێزگای كه‌ركوك له‌سه‌ر چه‌ند كێڵگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی نهوتدایهو دۆلارێكی زۆری له‌و نه‌وته زۆره‌ی دهستكهوێتو بۆ چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك وه‌كو پایته‌ختێكی سیاسی ده‌ركه‌وتوه. لوله‌ی نه‌وتی كه‌ركوك-جیهان كه درێژییه‌كه‌ی 970 كیلۆمه‌تره‌و گه‌وره‌ترین لوله‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی عێراقه، مه‌زه‌نده ده‌كرێت هه‌مو رۆژێك 500 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی لێوه ره‌وانه‌ی كه‌ناره‌كانی توركیا بكرێت.
به‌هۆی جیاوازی مه‌زهه‌بی- ئیتنیكییه‌وه، كه‌ركوك وه‌كو (عێراقێكی بچوك) ئاماژه‌ی پێده‌كرێت-شوێنی نه‌ته‌وه سكاڵاكهرهكان كه دابه‌شبون بۆ چه‌ند كۆمهڵهیهكو ئاماده‌نین بیروبۆچونو هه‌ڵسوكه‌وتیان بگۆڕن. ئهگهرچارهسهرێك بۆ كێشه‌كانی عێراق بدۆزرێته‌وه، كه‌ركوك ده‌بێته شوێنی نمونه‌یی بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی.
عه‌ره‌به‌كان، كورده‌كان‌و توركمانه‌كان له‌سه‌ر كۆنترۆڵكردنی شاره ته‌مه‌ن ههزارساڵییهكه له‌وه‌ته‌ی سه‌ربه‌خۆبونی عێراق له‌ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی له 1919وه ده‌جه‌نگن. هه‌ریه‌ك له‌و گروپه ئیتنیكیانه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ركوك وڵاتی مێژوییانهو ئه‌وه‌شیان رونكردوه‌ته‌وه ئه‌ندامه‌كانیان ئاماده‌ن له‌پێناویدا بمرن.
رۆسته‌م به ئاسیا تایمز ئۆنلاینی وت: "كه‌ركوك قودسی كوردستانه".
له‌وه‌ته‌ی ئه‌مه‌ریكا سه‌ركردایه‌تی داگیركردنی له2003 كرد، كه‌ركوك خراوه‌ته ناو لیستی (ناوچه جێیناكۆكهكان) له‌نێوان به‌غداو هه‌ولێر، پایته‌ختی سیاسیی هه‌رێمی كوردستانی عێراق. چاوگه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌و ناوچه‌یه‌یه كه به(هێڵی پهلهپیتكه) ناسراوه-ئه‌و سنوره‌ی له‌ئێرانه‌وه بۆ سوریا درێژده‌بێته‌وه هێزه پڕچه‌كه عهرهبو كورده‌كان له‌یه‌ك جیاده‌كاته‌وه‌و به‌هۆی بونی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا زۆر له‌یه‌كه‌وه نزیك نه‌بونه‌ته‌وه.
زۆر هاوكێشه‌ی هاوبه‌شیكردنی ده‌سه‌ڵات بۆ هێوركردنه‌وه‌ی ركابه‌ریی پێكهاته‌كانی كه‌ركوك گفتوگۆی له‌باره‌وه كراوه به‌ڵام هیچیان كاریان پێنه‌كراوه. دواجار، نه‌ته‌وه یهكگرتوكان پێدانی (بارێكی تایبه‌تی) به‌كه‌ركوك بۆ ماوه‌ی پتر له10ساڵ پێشنیازكرد، كه له‌لایه‌ن واشنتۆن‌و ئه‌نقه‌ره‌وه پشتیوانی لێكرا. به‌پێی پێشنیازه‌كه‌ی یوئێن، كه‌ركوك ئۆتۆنۆمییه‌كی سیاسیی پێده‌درێت، به‌ڵام رێگه‌ی پێ‌نادرێت ببێته به‌شێك یان بخرێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك له‌و باوه‌ڕه‌دان ئه‌گه‌ر كورده‌كان بتوانن كۆنترۆڵًی كه‌ركوك‌و نه‌وته‌كه‌ی بكه‌ن، ئه‌وه هه‌نگاوێك له‌خه‌ونی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نزیكیان ده‌كاته‌وه. ئه‌م خواسته له‌لایه‌ن گه‌وره‌ترین هاوپه‌یمانی كورده‌كانه‌وه، ئه‌مه‌ریكاوه ره‌تده‌كرێته‌وه‌و سوریا‌و ئێران‌و توركیاشی نیگه‌رانكردوه، كه‌ژماره‌یه‌كی زۆر لهدانیشتوانهكانیان كوردن.
ئێستا‌و بۆ یه‌كه‌مجار له‌ماوه‌ی پێنج ساڵدا، بۆ هه‌موان هه‌یه كێبڕكێ له‌سه‌ر 12 كورسییه‌كه‌ی كه‌ركوك له‌په‌رله‌مانی عێراقدا بكهنو ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر به‌غداو ده‌ره‌وه‌ش ده‌بێت.
جوست هیلته‌رمان، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رنامه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌گروپی قه‌یرانی نێوده‌وڵه‌تی وتی: "مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك زۆر جێی بایه‌خه بۆ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌بێته گه‌وره‌ترین هۆكاری پارچه پارچه‌كردنی عێراق‌و ئه‌وانیش ئه‌وه‌یان ناوێت".
وتیشی: "سیناریۆكه‌ی یوئێن به‌سوده، یوئێنو ئه‌مه‌ریكا پلانیان هه‌یه بۆئه‌وه‌ی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كه‌و ناسینی سه‌ركرده نوێیه‌كان بیخه‌نه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌و من پێشبینی ده‌كه‌م، كه‌ركوك بایه‌خێكی زۆری پێبدرێت. ئه‌م چاره‌سه‌ره له‌لایه‌ن كورده‌كان یان عه‌ره‌به‌كان یاخود توركمانه‌كانه‌وه په‌سه‌ند بكرێت یان نا ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی تره".
به‌ڵام رۆسته‌م له‌م ساته‌دا نیگه‌ران نییه له رای جیهان. نێوبانگی زۆری رۆسته‌م‌و كاریزمای ئه‌و پیاوه وه‌كو جه‌نگاوه‌رێك، له‌هه‌ڵوێستی هاوڕێیانه‌و میزاجی گه‌رموگوڕی كوردانه‌و له‌سه‌رخۆ ده‌رده‌كه‌وێت. جگه‌ره‌یه‌ك بهدهستییهوهیهو بهقۆڵه ئهستورهكانیهوه له‌ناو گه‌ڕه‌كی ههژانشینی شۆریجه، كه لێی گه‌وره بوه ده‌سوڕێته‌وه‌و باس له‌وه‌ده‌كات خه‌ڵكی كه‌ركوك داواكاریی سه‌ره‌كییه‌كان هه‌یه، جیا له‌مشتومڕی جیۆسیاسیو گه‌مه‌ی لوله نه‌وته‌كان.
رۆسته‌م وتی: "به‌چوارده‌وری خۆتدا بڕوانه، ئه‌م شاره وێرانه‌یه، خزمه‌تگوزاریی نییه، رێگاكان زۆر خراپن. خه‌ڵك كاره‌باو ئاو سوته‌مه‌نی نییه. عێراق وڵاتێكی ده‌وڵه‌مه‌نده به‌تایبه‌تی كه‌ركوك، به‌ڵام حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ئێره نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵك ناكه‌ن. ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌ناوچه‌كه‌و له‌نه‌وته‌وه دێت راسته‌وخۆ ده‌چێته ناو گیرفانیانه‌وه".
له‌ساڵی 2003وه هه‌ردو حیزبه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی كوردستان-یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان (ینك)و پارتی دیموكراتی كوردستان (پدك)- ده‌ستیان گرتوه به‌سه‌ر حكومه‌ت له‌كه‌ركوك‌و داوده‌زگا ئه‌منییه‌كانیدا. ئه‌م دو گروپه شه‌ڕی یه‌كتریان كرد له 1994-1998و جه‌نگێكی ئه‌هلی خوێناوی له‌نێوانیاندا دروستبو كه نزیكه‌ی 5000 كو ردی تێدا كوژرا، به‌ڵام له 2003 به‌یه‌كه‌وه حكومه‌تی هه رێمی كوردستانیان پێكهێنا. ئه‌و حیزبانه وه‌كو هاوپه‌یمانیی كوردستانی له حه‌وت ساڵی رابوردودا كه‌ركوكیان كۆنترۆڵكردوه، به‌ڵام شیكه‌ره‌وه‌كان ده‌ڵێن: ئه‌و شه‌راكه‌ته لهههڵوهشاندنهوهدایهو به‌شداریكردنی گۆڕان ره‌نگه خاڵی كۆتایی بێت.
عه‌ره‌به‌كان، توركمانهكانو مه‌سیحییه ئاشورییه‌كان باس له‌خراپ مامه‌ڵه‌كردنی به‌رفراوانی ده‌سه‌ڵاتی كورده‌كان له‌كه‌ركوك ده‌كه‌ن. ئیدیعای ئه‌وه ده‌كه‌ن، هێزه كوردییه‌كان كوشتن‌و رفاندن‌و هه‌ڕه‌شه‌ی جه‌سته‌ییان به‌كارهێناوه بۆترساندنی كه‌مینه‌كان بۆئه‌وه‌ی ناوچه‌كه بهجێبهێڵنو ئه‌و ئیدیعایانه له‌وه‌ته‌ی ده‌ستپێكردنی وه‌رزی بانگه‌شه زۆر باسی لێوه‌ده‌كرێت.
جه‌مال شان سه‌رۆكی حیزبی نه‌ته‌وه‌یی توركمان‌و ئه‌ندامی هاوپه‌یمانێتی جه‌بهه‌ی توركمان له‌كه‌ركوك وتی: "ئێمه ده‌سه‌ڵاتمان نییه له‌م شاره‌داو مافه‌كانمان پێشێلده‌كرێت. حیزبه سه‌ره‌كییه كوردییه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ر هه‌مو شتێك‌دا گرتوه. له‌وه‌ته‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ستیپێكردوه، رۆژانه دوچاری توندوتیژی ده‌بینه‌وه‌و كێشه‌مان بۆ دروست ده‌كه‌ن. حیزبه كوردییه‌كان میلیشیای چه‌كداریان هه‌یه، كه هۆكاری ئه‌و توندوتیژییانه‌ن".
ره‌خنه‌گره‌كان باس لهوهدهكهن، حیزبه كوردییه‌كان سودیان له‌و سیاسه‌ته وه‌رگرتوه كه رێگه‌یان پێده‌دات ئه‌و كوردانه‌ی له‌كه‌ركوك‌و له‌لایه‌ن سه‌دام له‌ماوه‌ی شاڵاوی بهعهرهبكردندا ده‌ریكردون، سه‌رله‌نوێ نیشتهجێبكهنهوه بۆئه‌وه‌ی كۆنترۆڵی ناوچه جێناكۆكه‌كان بكه‌ن. سه‌رانی كه‌مینه‌كان ده‌ڵێن: ئه‌و حیزبانه ژماره‌یه‌كی زۆر‌و به‌ده‌یان هه‌زار كوردی‌یان هێناوه‌ته كه‌ركوك‌و پاره‌ده‌ده‌ن به‌وانه‌ی تازههاتون بۆئه‌وه‌ی ئه‌نجامی ریفراندۆمه به‌ڵێندراوه‌كه له‌باره‌ی دیاریكردنی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ی بیانه‌وێت ببنه به‌شێك له‌كوردستان كۆنترۆڵ بكه‌ن.
كورده‌كان له‌كه‌ركوك نزیكه‌ی 55%ی 900هه‌زار كه‌سه‌كه‌ی ژماره‌ی دانیشتوانی خه‌مڵێنراوی پارێزگاكهنو خۆشیان سكاڵایان هه‌یه له‌حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان. زۆربه‌یان له‌سه‌رئه‌وه كۆكن كه گهندهڵیو مه‌حسوبیه‌ت دو حه‌قیقه‌تی ژیانیانه‌و سكاڵادهكهن له‌ده‌ست سیستمی خزمه‌تگوزارییه سهرهكییهكانو ژێرخانی ئابوری.
شارهزایانو خه‌ڵك وتیان: (زیادبونی ناكۆكی له‌نێوان هه‌ولێر-ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی پدكو سلێمانی-ناوچه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ینك وایكردوه ئیداره‌ی شاره‌كه سه‌ركه‌وتو نه‌بێت).
عه‌لی كوردستانی شیكه‌ره‌وه‌ی سیاسیی كورد وتی: "حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان سیاسه‌تێكی باشیان له‌كه‌ركوك نه‌بوه، به‌تایبه‌تی له‌بواره‌كانی دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان. وه‌كو تیمێك كاریان نه‌كردوه. تائێستاش دو ده‌زگای ئاسایشی كوردی هه‌یه-یه‌كێكیان سه‌ر بهپدكهو ئه‌وه‌كه‌ی تریان سه‌ر بهینك- هه‌ندێك له‌فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت له‌لایه‌ن ینك‌و ئه‌وانی تریشیان له‌لایه‌ن پدك-ه‌وه پشتیوانیان لێده‌كرێت".
وتیشی: "له‌گه‌ڵ گروپه ئیتنیكییه‌كان مامه‌ڵه‌یه‌كی باشیان نه‌كردوه‌و له‌ماوه‌ی حه‌وت ساڵی رابوردودا ئه‌و به‌ڵێنانه‌یان جێبهجێنهكردوه كهبهخهڵكیان داوه. به‌كورتی نه‌یانتوانیوه قه‌یرانی كه‌ركوك چاره‌سه‌ربكه‌ن، كورده‌كان ناڕازیین و ئێستا گۆڕان ده‌توانیت سود له‌هه‌مو ئه‌و ناڕه‌زاییانه وه‌ربگرێت".
له‌ساڵی 2005ه‌وه هه‌ڵبژاردن له‌كه‌ركوك نه‌كراوه. زیادبونی توندوتیژی لهشهقامهكانو مشتومڕی لابه‌لای سیاسی پارێزگاكه‌ی له‌هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له 2009 بێبه‌شكرد. لهدوادهنگداندا، حیزبه كوردییه‌كان 26 كورسییان له 41 كورسییه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا برده‌وه‌و له‌پاڵ نمایشێكی به‌هێزی ینك كه مافی ئه‌وه‌ی دایه پارێزگار‌و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌ستنیشان بكات.
ینك ئێستا كه‌وتوه‌ته ژێر كاریگه‌ریی گله‌یی زۆری جهماوهرییو خواسته‌كانی ركابه‌رێك له‌ده‌نگدانی مانگی داهاتو. هه‌ندێك له‌چاودێران واهه‌ستده‌كه‌ن جه‌نگی سیاسی له‌كه‌ركوك ره‌نگه دواوێستگه‌ی ینك‌و دامهزرێنهرهكهیو سكرتێری گشتییهكهیو سه‌رۆكی عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی بێت.
ینك واپیشان ده‌دات كه نیگه‌ران نییه. وته‌بێژی حیزبه‌كه محه‌مه‌د عوسمان وتی: "خه‌ڵكی كه‌ركوك ده‌نگ به ینك ده‌ده‌ن له‌به‌ر ده‌ستكه‌وته‌كانی حیزبه‌كه له‌م ناوچه‌یه‌و پشتیوانیی له‌ماوه‌ی كاته سه‌خته‌كاندا".
هه‌روه‌ها عوسمان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا تاڵه‌بانی كه ژیانی منداڵی له‌كه‌ركوك به‌سه‌ربردوه، گه‌یشتوه‌ته شاره‌كه‌و به‌درێژایی ماوه‌ی بانگه‌شه له شاره‌كه ده‌بێت بۆ زیادكردنی ژماره‌ی ده‌نگه‌كان.
ناوبراو پێشبینی ده‌كات، كه ینك شه‌ش كورسی په‌رله‌مان ده‌باته‌وه‌و گۆرانیش به‌خت یاری ده‌بێت ئه‌گه‌ر كورسییه‌ك ببات. به‌ڵام رۆسته‌م ئه‌وه ره‌تده‌كاته‌وه‌و مه‌زه‌نده‌ی كرد كه 75%ی پێشمه‌رگه دێرینه‌كان په‌یوه‌ندییان به‌گۆڕانه‌وه كردوه‌و ئه‌وانه‌یشی وازیان له‌یه‌كێتیی نه‌هێناوه ته‌نیا لهبهرهێشتنهوهی موچه‌كه‌یانه.
(گۆڕان وریایه له‌وه‌ی خۆی وه‌كو حیزبێكی سیاسیی تۆمارنه‌كردوه له‌به‌رئه‌وه لایه‌نگره‌كانی تائێستاش ده‌توانن سهربهحیزبهكانی تر بن. به‌نهێنی باس له‌وه‌ده‌كرێت كه زۆرێك له لایه‌نگرانی گۆڕان تائێستاش موچه لهینك وه‌رده‌گرن).
رۆسته‌م وتی: "من 34 ساڵ له‌گه‌ڵ ینك بوم. ینك به‌ڵێنه‌كه‌ی شكاند‌و قوربانی دا به‌ئه‌ندامانی حیزبه‌كه‌ی له‌پێناو خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردنی. ده‌یانوت كه خزمه‌تی خه‌ڵك له‌كه‌ركوك ده‌كه‌ن به‌ڵام ده‌ركه‌وت ده‌یانچه‌وسێننه‌وه. من ئه‌و هه‌مو ساڵه بۆ ئه‌وه شه‌ڕم نه‌كردوه".
به‌زانینی ئه‌و ناڕه‌زاییه جه‌ماوه‌رییه، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه تازه ده‌ركه‌وتوه، ئاماده‌یه ببێته به‌شێك لهجموجوڵی سیاسیی كورد. بون به‌ئۆپۆزسیۆنی دو حیزبه سه‌ره‌كییه‌كه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی راسته‌وخۆیه بۆ رێككه‌وتنێكی شاراوه‌ی یه‌كه‌ی كورد له‌به‌غدا له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كانی وه‌كو داهاته‌كانی نهوتو ناوچه جێیناكۆكهكانی وه‌كو كه‌ركوك.
گۆران وه‌كو گروپێكی بچوك له‌ناو ینك ده‌ستیپێكردوه، به‌مه‌به‌ستی چاكسازیكردن له‌ناو حیزبه‌كه‌دا. ساڵی رابوردو لهینك جیابوه‌وه‌و له‌هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ته‌موز بۆ په‌رله‌مانی كوردی له‌پلاتفۆرمی دژ بهگهندهڵیو نه‌بونی شه‌فافیه‌تی دارایی‌و كۆتاییهێنان بهمیلیشیای حیزبه سیاسییه‌كان پێگه‌ی خۆی گرت. گروپه نوێیه‌كه 25 كورسی له‌كۆی 111 كورسییه‌كه‌ی پهرلهمانو 23%ی كۆی هه‌مو ده‌نگه‌كانی برده‌وه‌و به‌بردنه‌وه‌ی له پێگه دێرینه‌كه‌ی ینك له‌سلێمانی، ئه‌و حیزبه‌ی خسته ره‌وشێكی دژواره‌وه.
هیلته‌رمان له‌گروپی قه‌یرانی نێوده‌وڵه‌تی به‌گرنگییه‌وه ئه‌وه ده‌خاته‌ڕو: "ئه‌وه شتێكی جێی بایه‌خه كه سه‌ركرده یه‌كه‌مه‌كانی گۆڕان پێشتر به‌شێك بون له‌هه‌مان شێوازی سه‌ركردایه‌تی ینك‌و پدك له‌و بواره‌ی پێشتر سه‌ركرده‌ی پێشمه‌رگه‌ی بون، كه له شاخه‌كاندا ژیان‌و له‌دژی سه‌دام جه‌نگاون له‌ماوه‌ی ساڵانی 1980كاندا". دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ی تاڵه‌بانی ژماره دو بوه‌و له‌وساڵانه‌دا ئیدیۆلۆجیستی ینك بوه. ناوبراو مێژونوسێكی دیاری ئه‌و ماوهیهیهو هه‌ندێك كتێبیی مێژویی گرنگی له‌باره‌ی جوڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆیانه‌وه نوسیوه. ئێستاش ئه‌و پێشمه‌ر دێرینانه‌ی شاخه‌كان له‌ده‌ورین، به‌ڵام توانیویه‌تی خه‌ڵكی گه‌نج قایل بكات كه‌په‌یوه‌ندی پێوه‌بكه‌ن‌و ئه‌وانه هیچ كاتێك له‌شاخه‌كان نه‌بون".
كه‌ركوك ده‌بێته زه‌مینه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی تواناكانی گۆڕان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی گروپه ئیتنیكییه‌كان له‌میانی جارێكی تر هه‌وڵدانی بۆ به‌ده‌ستهێنانی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان. به‌گوێره‌ی قسه‌كانی كوردستانی، گۆڕان یه‌كه‌م گروپی سیاسیی كوردییه كه چالاكانه هه‌وڵده‌دات بۆ راكێشانی كه‌سانی سه‌ر بهباكگراوهندی سیاسیی‌و ئیدیۆلۆجیو گروپی ئیتنیكی جیاواز به‌لای خۆیدا.
عومه‌ر جبوری سه‌ركرده‌ی حیزبی سه‌ره‌كی عه‌ره‌بی له‌كه‌ركوك كه هاوپه‌یمانێتی عه‌ره‌بی عێراقییه وتی: "خاڵی زۆری هاوبه‌ش له نێوان پلاتفۆرمی لیستی گۆڕان‌و لیسته‌كه‌ماندا هه‌یه كه رێگه‌خۆشكه‌ره بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتییه‌ك له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كه‌و باشتر خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی كه‌ركوك. به‌یه‌كه‌وه ده‌توانین ناسنامه‌ی عێراقیبونی شاره‌كه ده‌ربخه‌ن. ئه‌مه دیدێكه كه حیزبه كوردییه‌كانی تر حه‌زی پێناكه‌ن".
ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌رچی ژماره‌یه‌ك له‌كاندیده‌كانی گۆڕان پێشبینی سه‌ركه‌وتن له‌كه‌ركوك ده‌كه‌ن، جۆرێك له‌گومان له‌شه‌قام هه‌یه له‌باره‌ی تاقینهكردنهوهی توانای روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی جوڵانه‌وه‌كه له‌دژی حیزبه دێرینه‌كان كه تۆڕی سیاسیان باش دامه‌زراوه. له رۆژ ی چوارشه‌ممه (17/2/2010)، گۆڕان هێزه ئه‌منییه‌كانی ینكی تۆمه‌تبار كرد به‌ته‌قه‌كردن له كه‌ژاوه‌یه‌كی لایه‌نگرانی ئۆپۆزسیۆن لهسلێمانیو برینداركردنی سێ لایه‌نگری.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر گۆڕان كورسییه‌كانی په‌رله‌مان له‌سلێمانی بباته‌وه هه‌روه‌كو چاوه‌ڕوان دهكرێتو بتوانێت هه‌ندێك كورسی له‌كه‌ركوك ببات، ده‌توانێت هه‌نگاوبنێت به‌ره‌و ئه‌وه‌ی ببێته هێزێكی سیاسی حساب بۆكراو له‌به‌غدا.
هیلته‌رمان وتی: "له‌به‌رئه‌وه پشتده‌به‌ستێت به‌دروستكردنی هاوپه‌یمانێتی له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كه، ژماره‌ی ئه‌و كورسییانه‌ی به‌ده‌ستیده‌هێنن، پێگه‌یه‌كی دیاریان پێده‌به‌خشێت، كه ره‌نگه بتوانێت رۆڵێكی سه‌ره‌كی ببینێت له‌ده‌ستنیشانكردنی كه‌سێك بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار (پۆسته‌كه‌ی تاڵه‌بانی). ینك‌و پدك ده‌یانه‌وێت ئه‌و ببێته‌وه به‌سه‌رۆك كۆمار. نه‌وشیروان به‌ئاشكرا ئه‌وه‌ی ره‌تكردوه‌ته‌وه، به‌ڵام ره‌نگه به‌بێ مشت‌ومڕ قبوڵی بكات، ئه‌گه‌ر هه‌ندێك داواكاریی سه‌ره‌كی جێبه‌جێبكرێت.. به‌ئاشكرا ئه‌مه وایكردوه ئه‌و حیزبانه نیگه‌رانن له‌وه‌ی گۆڕان بتوانێت ببێته هێزی راسته‌قینه له‌به‌غداو هاوپه‌یمانیی هه‌ر حیزبێكی عه‌ره‌بی".
-چارڵس ماكدێرمید نوسه‌ره له‌په‌یمانگای ئاشتی‌و جه‌نگ له‌عێراق
له ئینگلیزییه‌وه: سبه‌ی
سه‌رچاوه: ئاسیا تایمز ئۆنلاین
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست