بۆ داڵەكەرخۆرە باڵادەستەكان
Thursday, 24/02/2011, 12:00
هەموو دوو ڕووەكان خۆیان و حەقیقەتى خۆیان لەو دیو تارماییەوە دەشارنەوە , هەمیشە لە نابەینى خۆیان و ڕووى بینراو و ڕاستەقینەى بوونیاندا شورایەكى ئەستوور هەیە , دوو ڕووەكان و ساختەچییە پڕوپوچەكان بەردەوام بۆ خۆ ونكردن دەیان ڕێگەى جۆراوجۆریان هەیە , ئەوان مامۆستان لە فێڵدا , فەیلەسوفن لە درۆ دا , زانان لە فریواندندا , ئەوان جەربەزەن لە ڕیسواكردنى حەقیقەتدا , هەر لە ئەزەلەوە دەڵێ ى بۆ ئەوە خوڵقاون ببنە پەیامبەرى درۆ , ببنە پەیامبەرى ئەهریمەن و بە باڵاى تاریكیدا هەڵبڵێن , ئەوانەى كە دەتوانن بیانناسن دەشێ پێیان سەرسامببن , سەرسامبونێك كە هەرگیز نایانگەیەنێتە ژێر سایەى ڕیاكارى و ساختە كارییەكانیانەوە , بەڵكو تەنها سەرسامییە بەو قودرەتە گەورەیەیان لە ئەفراندنى ناشیرینى و قێزەونیدا.
ئێوە ئەى داڵەكەرخۆرە ڕیاكار و دووڕووەكان , ئێوە ئەى ئەوانەى كە قسەكانتان و كردارەكانتان تەنها حەرفێكیان بە شێوەش ناچنەوە سەر یەك , ئێوە ئەى ئەو بونەوەرانەى لە پشت هەر حەرفێكتانەوە ڕستەیەك درۆ هەیە , لە پەناى هەر بانگەشەیەكى چاكەخوازیشتانەوە , لە
ڕاستەقینەدا خراپەیەكى گەورە هەیە , ئێوە ئەوەن كە من دەیڵێم !!!!
ئێوە لە كاتێكدا زارتان پڕدەكەن لە وشەى ئاشتى ئەوە ڕق و توڕەیى شەڕێكى لە هەناودا هەڵایساندون , هەر لەو ساتەدایە ویستى شەڕەنگێز-
یتان ئۆقرەى لێبڕیون و , خاپوركردنى ئاشتى و دۆستانى ئاشتى بووەتە تەنها خەیاڵێكى ڕقەنامرۆییەكانتان , ئێوە !! ئەى ئەوانەى تەنها زارتان پڕە لە حەرفى حەقیقەت , ئایا لە ئێوە شەڕپەرستتر لە جیهاندا هەیە !!!
ئێوە داڵەكەرخۆرەكان هەمیشە لە خوتبەكانتاندا وانەى نیشتمانپەروەرى و دڵسۆزى بۆ نەتەوە و بۆ شەهیدان دەڵێنەوە , وانەى سیاسەتى حەكیمانە و ئاسایشى نەتەوەیى پێشكەش دەكەن , ئەى هەر ئێوە نین لە واقیعدا پێچەوانەى خیتابە فریودەرەكانتان خوڵقاندووە !!!
ئەى بوونەوەرە دوو ڕووەكان ئێوە خۆتان لەبیركردووە , ئەگەرنا دەبوو بەقوڵى شەرمەزارببوونایە , كاتێك بە باسى دڵسۆزى بۆ نیشتمان گوێكانمان پڕدەكەن , چونكە ئێوە بۆ خۆتان خالقى خیانەتن , ئەى بۆ تەماشایەكى ئەو بۆگەناوە ناكەن كە تێیدان , ئایا ئێوە تواناى بۆنكردنتان بزركردووە یان ناخوازن بۆنى حەقیقەتى خۆتان بكەن !! خۆ ئێوە بە تەواوى غەرقى پیسین !!
داڵەكەرخۆرەكان !! هەر ئێوە نین دەستتان بەسەر بستبەبستى نیشتمان و سەروەتەكەیدا گرتووە و , ورگتان و بانقەكانتان لێ پڕكردووە !
ئایا چ بازرگانێك لە مێژووى مرۆڤایەتیدا هەیە هێندەى ئێوە كە سەوداتان بە نیشتمان و پیرۆزییەكانییەوە كردووە , توانیبێتى سەودا بە شت و مەكەكانیەوە بكات!!
ئەى داڵەكەرخۆرەكان بۆگەنى ئەو لاكە تۆپیوانەى لە پاشتانەوە حەشارتانداوە وەختە دەمانخنكێنێت , بۆنى ئەو ڕابردووەتان كە ئێستاشتان درێژكراوەیەتى خەریكە كوێرمان دەكات , هەناسەدانەوەتان نەتەوەیەك ژەهراوى دەكات , هەر ساتێك لە سەر شاشەى داڵەكەرخۆرەكانەوە ڕووە و نەتەوەكەتان دەڕشێنەوە هەموو حەقیقەتێك پیس دەكەن و , جوانییەكان ئەگەر مابن هەموویان لە سێدارە دەدەن .
ئێوە لە ڕەگەزى ئەو بوونەوەرانەن كە كوشتنى جوانى و , ڕازاندنەوەى ناشیرینى پیشەیانە ! ئێوە ئەى داڵەكەرخۆرەكان جگە لەو تام و بۆنەى لە لاكەتۆپیوەكانەوە نۆشى دەكەن , ناتوانن بە هەناسەیەكى پاك بژین , هەر بۆیە كاروكردەوەشتان بە قوڵى پەیوەستى ئەو تام و بۆنەیە !!
ناتوانین لێتان تێبگەین , هەتاكو نەتوانین لە "بۆگەنى" تێبگەین !!!
ئەى ئەو خەڵكانەى دۆست و شەیداى جوانین , ئەى ئەوانەى كەیلى تام و بۆنى حەقیقەتن , بە بۆنى خۆشى حەقیقەتتان دەتوانن نەهێڵن
تام و بۆنە خنكێنەرەكان ماوەیەكى درێژ بژین !!!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست