کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وەڵامێک بۆ دەزگا چەواشەکارەکانی یەکێتی لەوانە تیڤی بەناو "گەلی کوردستان" و هەڵۆی ئیبراهیم ئەحمەد

Wednesday, 23/04/2014, 12:00




چەند ڕۆژێکە وەک بانگاشەی دۆڕاوی هەڵبژاردنی یەکێتیەکەتان، کە لەبری کارو بەرنامەی نوێ نیشاندان بۆ حوکمی داهاتووتان، هەمیشە کای کۆن بەبادان و دوێنێ فرۆشتنەوە بە خەڵک بوە بە پیشەتان، لە چەندین بۆنەدا باسی دانا ئەحمەد مەجیدی پارێزگاری پێشووتان کردۆتە بەشێکی بانگاشەکەتان، گوایە کارەکانی سەردەمی ئەو نموونەی کاری بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت لە داهاتوودا.
نامەوێت بچمە ووردەکاریەکانی کارەکانی داناوە وەک پارێزگار نە ووردەکاریەکانی کارەکانی سەرجەم پارێزگارەکانی کە لە ماوەی ئەم ٢٢ ساڵەی حوکمی یەکێتیدا لە سلێمانی لەدەسەڵاتدابوون (جا کاری باشیان کردبێت یان خراپ)، بەڵکو ئەوەندە دەڵێم کە:
یەکەم: هەموویان لەسەر لیستی یەکێتی پارێزگاربوون، واتە سیاسەت و بەرنامەی یەکێتیان جێبەجێکردوە.
دووەمیان: کارەکانیان هەمووی بە سلێمانیەوە دیارە کە چیان کردوە، لەبەر ئەوە خێرە هەر دانا خراپبوو لەنێو هەمواندا، یان لەبەر ئەوە خراپبوو چونکە ملی نەدا بۆ سیاسەتی کۆمپانیاکەتان کۆمپانیای نۆکان ودوواتر بووش بە گۆڕان؟
وەڵامی ئەوە هەموو کەسێکی ووریاو تێگەیشتوو دادپەروەر دەیزانێ، مەگەر بەس کەسە ملشۆڕە بەرژەوەندپەرستە کوێرانە بەدوواداکەوتووەکانی یەکێتیەکەتان پێچەوانەکەی بڵێن. خۆ ئەگەر دانا یەکێتی بمایایەتەوە، ئەوە تائێستاش هەر کوڕە بەوەفاکەی مامتان دەبوو وە دەبوایە ووتەبێژ ومیدیاکارانی یەکێتیەکەتان دەستنوێژ بگرن بۆ باسکردنی، بۆ خەوشەکانیشی ئەوە سکرتاریەتی مامتان لە بری حکومەت پاساوی بۆ دەهێنایەوە ودیفاعی لێدەکرد، وەک چۆن پاساوی بۆ 18 ملیۆن دۆلارە قووتدراوەکەی کارەبا هێنایەوە، کە هەموو کەس دەزانێت چووە گیرفانی کێوەو چۆن لە بری خزمەتگوزاری بۆ خەڵک بۆ تەلەفیزیۆنەکەتان ومیدیا چەواشەکارەکانی تری یەکێتیەکەتان سەرف کرا، ئەوە دۆکۆمێنتەکانی بڵاووکراوە لە سایتی (سبەیی و کەناڵی کەی ئێن ئێن) دەیسەلمێنن و ووتەکانی وەزیری سامانە سروشتیەکان، کە ووتی یەکێتیەکەتان 30 ملیۆن دۆلاری لە پارەی نەوت وەرگرتووە بە ناوی یارمەتی میدیای ئازادەوە، کە نازانرێت چۆن سەرفکراوە جەختە لەسەر دزیەکانتان. جگە لە سەرجەم دزیو بەهەدەربردنی سامان و موڵک و زەوی ئەم ووڵاتە، کە 22 ساڵە بۆ خۆتان و کەسوکارتان و ئەڵقە لەگوێکانتانی سەرف دەکەن، منەتیشمان بەسەرا دەکەن کە وەک هەر ئێوە لە سەنگەرەکانی خەباتدا بووبن بۆ "بەرگری لە نیشتیمان" ، ئێوە خەڵکتان بە کوشتدا بۆ ئەوەی خۆتان و کەسوکارتان پێی دەوڵەمەندبن، ئێوە 50 ساڵ کوشتوبڕینتان کرد بەناوی ئەوەوە پارتی حیزبی بنەماڵەیە، کەچی ئێوە ڕووی پارتیتان سپیکردەوە لە بنەماڵەچێتیدا و هەرچی مناڵتان هەیە کرد بە مەسٶول. پێویست ناکات باسی خەبات و تێکۆشان و ئازارەکانی ماڵی دانا بکەین، چونکە خەڵکی بەشەرەفی کوردستان و سلێمانی وبەتایبەت دروسێکانی ماڵی دانا شایەتن کە چی بەسەر کەسوکاری دانادا هاتوە، لەبەر ئەوە تەنها هەندێکیتان بیردێنمەوە کە:
- کاتێک دانا زانکۆی بەجێهێشت و بووبە پێشمەرگە دوای کارەساتی هەکاری هەندێکتان نەتاندەزانی یەکێتی هەیە یان نا، کوڕو کچ وخوشکی هەندێکتان لە نیعمەتی ئەوروپادا ئەژیاو گەورە ئەبوو.
- لە کاتێکدا دوای ئەنفال زۆربەی لێپرسراوەکانتان بە خاوخێزانەوە لەترساندا چوونە هەندەران و بوون بە پەناهندە، دانا بێدابڕان پێشمەرگە مایەوە.
- لە کاتێکدا کەسوکاری زۆربەتان ژیانی ئاسایی خۆی بەسەر دەبرد، باوک و دایک و خوشکی دانا لە زیندانی ڕژێمی بەعسدا لەگەڵ کۆمەڵێک خێزانی سەربڵندی پێشمەرگەدا تاڵی و ناخۆشی و ئیهانەی ئەو ڕژێمەیان دەچێشت.
- ئەو کاتەی کە ڕژێمی بەعس ناوبەناو بە هێزێکی زۆری سەربازەوە دەچوە سەر ماڵی دانا بۆ گرتن و ئازاردانی کەسوکاری و حیجزی ماڵەکەیان کە هەموو گەڕەکەکەیان شایەتە، کەسوکاری زۆربەتان لە ماڵ و حاڵی خۆیدا دەژیا بەبێ ئەوەی پێیان بڵێن "سەرو چاویان برۆیە"، چونکە هەندێکیان دەرکەوت کە فایلدارن و هەندێکیان جاش خەفیفە بوون. کەچی ئێستا بەعس ئاسا هێز دەنێرنە سەر ماڵی دانا و حیجزی دەکەن، لەڕێگەی ئەو دەسەڵاتە دادگاییەوە کە بێلایەن نیەو ئەمری حیزبەکەتان جێبەجێدەکات.
- زۆربەی ئەندامانی خێزانی دانا پێشمەرگە بوون لە کاتە سەختەکانی خەباتدا و ئێستاش سەربەرزانە کاری ئاسایی خۆیان دەکەن، بەڵام ئێوە زۆربەتان کوڕ و کچ و خوشک و براو ژنبرا و ژنخوشکی کۆن و نوێتان کرد بە شت بێئەوەی ڕۆژێک پێشمەرگایەتیان کردبێت و تاڵی ژیانی شاخیان چەشتبێ، هەندێکیان تا دوای ڕاپەڕین کوردوستانی هەر نەبینیبوو، ئێستا بە پلەی وەکیل وەزیر و موستەشار و (عەمیدە) خانەنشین دەکرێن.
- تەحەدای هەمووتان دەکەین سەروەتوو سامانی خێزانی دانا بخەنە بەرچاوی سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێم و عێراق ولیژنەی بێلایەنی نێودەوڵەتی بزانن "من این لهم هژا" بۆ ئێوەش ئەوە خەڵک خۆی دەزانێ سامان و سەروەتی هەندێ لێپرسراوتان و ژن وکوڕ و کچیان چەندە و چۆن دەژین وئەو ملیۆن دۆلارانەی کە وەرتان گرتوە بۆ کوێ چوە.
دانا ئەوکات نەچوە بەردەم دادگا لەترسی دەسەڵاتە مافیا ئاساکەی ئێوە چونکە دەستێکی حاقدی لێپرسراوی سەرکردایەتی یەکێتی پلانی هەبوو بۆ ئیهانەو ئازاردانی و ناچارکردنی یان خۆی بکوژێ یان خۆیان بیکوژن هەرچەندە کەس بڕوای پێنەکرد وداوای لێکرا بمێنێتەوە تا دادگا بڕیاڕ بدات، لەگەڵ ئەوەی هەموو دەزانن دادگا "لا حول ولا قوە" ی نیەو ئامڕازێکە بەدەست دەسەڵاتە مافیا ئاساکەتانەوە، بەڵام دوای ئەوەی زانای قایمقامیان بەو دەردە برد، بۆ هەموو کەس دەرکەوت کە ڕاستی کرد.
لە کۆتاییدا دەڵێم کەسوکاری شەهیدە نەمرەکان، پێشمەرگە دێرینە بەوەفاکان، کەسوکارە سەربەرزەکانیان ئەوە هەموو وەفای یەکێتیە بۆ خێزانی دانا، وەفایان بۆ ئێوەش لەمە زیاتر نابێت بۆ ئێوە، ئەوان وەفای نیشتمانیان گۆڕیەوە بە وەفای پارەو پول و پلە، کە پێویستیشیان پێدەبێت، باستان دەکەن و هاناتان بۆ دەبەن وفرمێسکی درۆ بۆ خوێنی شەهیدانتان هەڵدەڕێژن بۆ ئەوەی ئێوە دەنگیان پێبدەن.

بۆ هەڵۆی ئیبراهیم ئەحمەدیش دەڵێم کە ماڵت لە شووشە بوو بەرد مەگرە لە ماڵی خەڵکی تر و تەنها ئەوەندەت پێدەڵێم، ئێوە بۆ مردوەکانیشتان مانگانە لە پارەی گشتی بەقەد پارەی سەد خێزانی فەقیر سەرف دەکەن بۆ کارەباو حیمایە و گردێکی گەورەتان داگیر کرد کە موڵکی خەڵکی تر بوو، لەبەر ئەوە بێدەنگبیت باشترە، یان ئەگەر دەتویست بێلایەنانە بنووسیت، دەبوو ئەسڵی مەسەلەکە و مەجرای لێکۆڵینەوەکان بپرسیت و سەیری ڕاپۆرتەکەی عیماد ئەحمەد بکەیت، کە ئەندامی مەکتەب سیاسی یەکێتی و جێگری سەرۆک وەزیرانە، ئینجا شت بنووسیت و ئەگەر خۆشت بە بێلایەن و هاووڵاتیەکی ئاسایی دەزانیت، ئەوا دەبوو لەسەر دز و دزیە گەورەکان بنوسیت ئینجا توخنی ئەم بابەتەش بکەویت، بۆ ئەوەی هیچ نەبێت میسداقیەتێک بۆ نووسینەکەت پەیدا بکەیت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە