ئەوە كێ یە سووكایەتى بەشەهید دەكات؟ وەڵامێك بۆ مەكتەبى سیاسى ڕووڕەشى یەكێتى و پەرلەمان و وەزارەتى شەهیدان !!
Friday, 06/05/2011, 12:00
لەسەر لێدوانى ئەندامێكى مەكتەبى سیاسى كۆمەڵى ئیسلامى كەگوایە لەڕۆژنامەى هاوڵاتیدا ووتوویەتى ((ئەو شەهیدانەى لەپێناو ئازادى شەهید بوون بەشەهیدى حزبایەتى و بەرژەوەندى وەسف كردوون)) هەریەك لەسۆزانى خاڵە شەهاب و ڕۆژنامە ڕووڕەشەكەى كوردستانى نوێ و ڕاگەیاندنە چەواشەكارەكەى وەزارەتى شەهیدان و مەكتەبە نووستووەكەى شەهیدانى یەكێتى بەپەلە هاتوونەتە سەرخەت و وەك ئەوەى هەنگیان لەدارا دۆزیبێتەوە كەوتوونەتە وەڵامدانەوەو تۆمەت و هەڵمەتێكى ڕاگەیاندنى چەواشەكارانەیان دەست پێ كردوەو داوا دەكەن ئەو ئەندامەى مەكتەبى سیاسى كۆمەڵ بەپەلە داواى لێ بوردن بكات ئەگینا ڕێگاى یاسایى دەگرنەبەر .
بەڕێزان ئەسڵى بابەتەكە بەم شێوەیەیى خوارەوە سەرى هەڵداوە .
دوایى ئەوەى دیمانەى بەڕێز نازم عەبدوڵا ئەندامى مەكتەبى سیاسى كۆمەڵى ئیسلامى لەڕۆژنامەى هاوڵاتى بڵاوبۆتەوە ، ئازادجوندیانى باش چاوەش ئەمەى دیوە و خوێندیەتیەوە بەپەلە پەیوەندى بەسۆزان و وەسفیەوە كردووە گووتوویەتى ئەم دیمانەیە شتێكى باشە زوو ئیدانەى بكەن و بیكەنە هەڵا تەنانەت ئەوەندە بەپەلەبوون هیچیان ئاماژەیان بەژمارەى هاوڵاتى نەداوە ، چونكە هیچیان چاوپێكەتنەكەیان نەدیوەو نەیان خوێندۆتەوە ، بۆیە منیش حەزمكرد وەك برا شەهیدێك وەڵامى دانە بەدانەیان بدەمەوە ؟ هەرچەند ئەو بەڕێزەى كۆمەڵى ئیسلامى بەم شێوەیە قسەى نەكردووە بەڵام ئەوە حەقیقەتە ئەوە ئەوانن ناوى شەهیدیان سووك كردوە و بۆ بەرژەوەندى خۆیان بەكارى دێنن .
1 _ سەبارەت بەڕاگەیاندنى وەزارەتى شەهیدان .
دەڵێم كەئەوەندە لەخزمەتى كەسوكارى شەهیدان داهەن ئەى ئەوە خێرە ماوەى شەش مانگە ئەم وەزارەتە بێ وەزیرە جەنابتان ڕوونكردنەوەیەكتان نەدا ؟ كامەیان زەروورترە ؟ لەو ماوەیەدا چەند شەهید بەناحەق و لەژێر هەڕەشە و كاغەزى ئەندامە تەمبەڵەكانى مەكتەبى سیاسى مووچەكانیان فڕێندرا ئەى بۆ ئیدانەى ئەوەشتان نەدەكرد ؟ ئەى ئەوكاتەى بەپێیى ئامارێكى فەرمى كە 9 / 9 / 2009 وەزیرى شەهیدانى كابینەى پێشوو بڵاویكردەوە دەڵێ 54720 شەهیدمان هەیە كەناو و دۆسیەیان تۆمارە بۆ وەرگرتنى شەهیدانە ، بەڵام كاتێك كەشفى ئەم ناوانەى شەهیدان كرا 4000 ناوى ساختە دۆزرایەوە كەپارتى و یەكێتى داخڵى ناوى شەهیدانیان كردبوو ، ئەى بۆ ئەوكاتە ئەو ڕاگەیاندنە موحتەڕەمە ڕوونكردنەوەیەكى نەدا ؟ ئەى ئەوكاتەى سۆزانى خاڵە شەهاب بەپێچەوانەى یاسا مووچەى شەهیدانەى باوكى وەردەگرێ ئەى بۆ ڕوونكردنەوەیەكتان نەدا ؟ كەم مردووتان كرد بەشەهید بەو مەرجەى سێ مانگى یەكەم مووچە بۆ جەنابى مودیر عام بێ ؟ وادەزانن ئێمەى كەسوكارى شەهیدان ئەوەندە ساویلكە و خۆش باوەڕین بەو ڕوونكردنەوە چەواشەكارانەى ئێوە باوەڕ بكەین و وابزنین ئەوە ئێوەن لەخزمەتى شەهید و كەسوكاریان دان ؟ .
2 _ كێ سۆزانى خاڵە شەهاب بداتە دادگا .
ئەوەى زیاتر بۆتە مەهزەلەى ئەم بابەتە و سووكایەتى كردن بەكەسوكارى شەهیدان و ناوى پیرۆزى شەهید سایتى پیوكەى میدیایە ، ئەم سایتە ڕووڕەشە هاتووە ناوى سۆزانى خاڵە شەهابى سەرۆكى لیستى پارتى و یەكێتى لەدیوەخانەكەى كەمال كەركوكى و وەسفیەبەنى وەیسیى لێپسراوى مەكتەبى شەهیدانى لەگەڵ یەك و بەیەك هەواڵ هێناوە و واتێكەڵى كردوون وادەزانى پۆستەكەى سۆزانیش ئۆڕگانێكە لەئۆڕگانەكانى یەكێتى ، ئەم دووخانمە داوا دەكەن ئەم بەرپرسە داواى لێ بوردن بكا ؟ .
من دەڵێم ئێوە نەك هەر داواى لێ بوردن كێ ئێوە بدات بەدادگا ؟ سۆزانى خاڵە شەهاب پێچەوانەى بڕگەكانى یاساى ژمارە 9 ى یاساى ماف و ئیمتیازاتى كەسوكارى شەهیدان و ئەنفالكراوانى پەرلەمانى كوردستان مووچەى شەهیدانەى باوكى بەنایاسایى وەردەگرێت و مەكتەبى بێ ئیش وكارى سیاسى یەكێتى بڕیارێكى تایبەتى بۆ دەركردووە بۆ ئەوەى مووچەكەى لەدەست نەچێ ؟ .
لەسەر بڕیارى وەزارەتى شەهیدان ئەو شەهیدانەى بەپلەى تایبەت یان بەهەر شێوەیەك خانەنشین كراون و مووچەیان بۆ بڕاوەتەوە دەگوێزرێنەوە بۆسەر لیستى مووچەى وەزارەتى شەهیدان ، بەڵام لەبەر ئەوەى شمولى هەندێكیانى نەكردووە گواستراونەتەوە بۆسەر بەڕێوبەرایەتى گشتى خانەنشینى و دواتر بەهۆى ئەوەى لەوێش بڕیارەكانى وەزارتى دارایی نەیگرتوونەتەوە وەزیرى دارایى بڕیارى دەركردووە ئەمانە شمولى مووچەى خانەنشینیش ناكەن !!.
بەپێیى نووسراوى ژمارە 11248 لە 12 / 5 / 2009 ى وەزارەتى شەهیدان كەئاڕاستەى بەڕێوبەرایەتى گشتى شەهیدانى سلێمانى كردووە ، ئاگادارى كردوونەتەوە كەوا 4 شەهید لەسەر داواى كەسوكاریان دۆسیەكانیان وەرنەگیراوە گەڕاوەتەوە بۆ خانەنشینى گشتى سلێمانى ، لەبەر ئەوەى كێشەى وارسیان هەیە و بەپێیى یاساى ژمارە 9 ى ساڵى 2007 شموولى ئەو مووچەیە ناكەن .
بەپێیى نووسراوێكى دیكەى وەزارەتى دارایى ژمارە 1627 لە 4 / 3 / 2008 ئاڕاستەى ئەنجومەنى وەزیران كراوە دەڵێ بەپێیى یاساى ناوبراو مووچەى شەهیدانە شموولى خوشك و برا ناكات .
دوایى وەزارەتى دارایى نووسراوێكى بەڕێوبەرایەتى شەهیدان ئاڕاستەى ئەنجومەنى وەزیران دەكات و دواتر ئەنجومەنى وەزیران بڕیار دەدات كەمووچەى ئەو شەهیدانە كە (شەهاب نورى ساڵح) یەكێكە لەوچوار ناوە دەڵێ وارسەكانیان مووچەى شەهیدانە نایان گرێتەوە ، بۆیە بەدەر لەیاساى ژمارە 9 ى ماف و ئیمتیازاتەكانى كەسوكارى شەهیدان وەك خانەنشین مووچەكەیان بۆ خەرج بكرێت .
دواتر بەپێیى نووسراوى ژمارە 10642 لە 19 / 5 / 2009 ئاڕاستەى بەڕێوبەرایەتى گشتى خانەنشین كراوە داواكراوە مووچەى ئەو شەهیدانە خەرجبكرێت بۆیان لەو بەروارەوە كەمووچەكەیان ڕاگیراوە یان وەرنەگیراوە .
_ بڕگەى (1 و 2 و 3) لە بڕگەى دووەمى ، ماددەى 5 لەیاساى ژمارە 9 ى 2007 ماف و ئیمتیازەكانى كەسوكارى شەهیدان و ئەنفالكراوەكان لەهەرێمى كوردستان بەم شێوەیەیى خوارەوە دیاریكراوە بۆئەوانەى كەمووچە دەیانگرێتەوە ..
1) ژن و مێرد .
2) كوڕ تاتەمەنى 24 ساڵ ئەگەر لەخوێندن بەردەوام بێت .
3) كچ تائەوكاتەى دادەمەزرێت بەفەرمانبەر .
بەپێى ئەم سێ بڕگەیەیى سەرەوە كەلە 17 / 5 / 2007 ەوە كەوتۆتە بوارى جێ بەجێ كردنەوە سۆزان بەهیچ شێوەیەك شمولى ئەو مووچەیە ناكات ، چونكە تەمەنى یاسایى تێپەڕاندووە ، فەرمانبەریشە و مووچەى ترى هەیە ، بڕگەى 3 ش دەڵێ كەكچ دامەزرا ، مووچەى شەهیدانەى باوكى وەرناگرێ .
واتا جەنابى سۆزانى خاڵە شەهاب بەنایاسایى مووچەى باوكى وەردەگرێ ، بۆیە بەهیچ شێوەیەك ئەم دزە بۆى نیە باسى كەسوكارى شەهیدان و ناوى شەهید هەر بكات ، بۆیە دەڵێم ئەى كێ ئەو دزە كەسەرۆكى لیستى پارتى و یەكێتیە لەدیوەخانەكەى كەمال كەركوكى بدات بەدادگا ؟ .
3 _ بۆ وەسفیە بەنى وەیسى بێ خەبەر ؟
تۆ ئەگەر بێ خەبەرى باخەبەرت كەمەوە ، ئەگەر بەخەبەریشى ئەى بۆ دانیشتووى بۆ دەست بەكار نابیت ، چەند ناوى شەهیدى وەهمیت بۆ بژمێرم ؟ چەند ناوى زیندووت پێ بلێم ئێستا شەهیدن ؟ چەند كارەساتى ئۆتۆمبێل و مردنى خوایت پێ بڵێم كراون بەشەهید ؟ ئەى ئەوە نیە براكانى لێپسراوى مەڵبەندى ڕانیە كەهەردووكیان لەتاڵانى كوژراون لە دوایى پڕۆسەى ئازادى عێراق بەشایەدى هەموو خەڵكى پشدەر و بیتوێن و قەڵادزێ بەناوەكانى (خدر وەتمان و مەحمود وەتمان) كراون بەشەهید ، ئەى ئەمە شەهیدى بەرژەوەندى نیە ؟ ئەى ئەمانە لەدزى و جەردەیى و تاڵانى نەكوژراون و خراونەتە نێو لیستى شەهیدانەوە ؟ كامەیان سوكایەتیە خانمى بەڕێزى بێ خەبەر ؟ ئەوانەى تریشت بۆ ئەژماركەم ؟ بابچینە ئەنجومەنى ناوەند پەرلەمانە موحتەڕەمە گەندەڵەكەى یەكێتى ؟ بۆ ناپرسى بزانە هاوسەرى جێگرى سەرۆكى ئەنجومەنى ناوەند بە چ مردووە و چۆن خراوەتە نێو لیستى شەهیدانەوە و چ پلەیەكى بۆ دانراوە ؟ یان براى ئەندامێكى ئەنجومەنى ناوەند كەبەشایەدى هەموو خەڵك براكەى لەڕێگاى هەندەران كەوتە دەریایى ئیجە و خنكا ئێستا كردوویەتى بەشەهید (ئەو ئەندام ئەنجومەنە ئازایەیى خۆى تەقینەوەى بۆخۆى دانایەوە) ؟ كامەت بۆ باس بكەم خانمى خەوتوو ؟ ئەى بۆ ئەمانە ئەڵێیى چى ؟ بۆ ناچى لەجەنابى شۆڕش اسماعیل سەرۆكە دزو گەندەڵەكەى پێشووى دەزگاى شەهیدانى سلێمانى بپرسى بڵێ بەكاغەزى ئەندامانى مەكتەبى سیاسى یەكێتى چەند باوك و دایكى بەرپرسانت كرد بەشەهید و بە 76 تان حساب كردن ؟ چەند جاش و بەكرێ گیراو ناوى خراوەتە نێو لیستى شەهیدانەوە هاوشێوەى باوكى حاجى عەلى سستەى سەرۆك جاش ؟ ئەوە ئێوەن سووكایەتى بەشەهیدەوە دەكەن ، ئەوە ئێوەن ناوى پیرۆزى شەهیدتان سووكردوە ، بەڵێ من لەجیاتى جەنابى كاك نازم عەبدوڵا و بەقەد ژمارەى شەهیدە وەهمیەكان و بەقەد ژمارەى ئەوانەى شەهیدنین و خراونە نێو لیستى شەهیدانەوە دەڵێم بەڵێ ئەوانە شەهیدى بەرژەوەندى و حزبین .
+ ژمارەى نووسراوەكانم لەنووسینێكى كاك فەرمان خێڵانى و كاك سۆران عومەر دەرهێناوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست