چوار حیزبەكە ئەى ئێوە بۆ؟!
Thursday, 25/06/2009, 12:00
دواى قسەو باسێكى زۆر لەناو شەقامى كوردیدا لە سەر تێنەپەڕاندنى دەستور لە لایەن پەرلەمانى كوردستانەوە بەوەى كەوا پەسەند كردنى دەستور لەم كاتەدا زیانێكى زۆر لە خەڵكى كوردستان دەدات، دواجار ڕۆژى 24/6/2009 پەرلەمانى ماوە بەسەر چووى كوردستان بە زۆرینەى دەنگى ئەندامە بەشدارەكانى دەستورى كوردستانى پەسەند كرد. تاكو ئێرە زۆر ئاسایى یە بۆ پەرلەمانێك كە تا ئێستاش ئەندامەكانى لە مەكتەبى سیاسى حیزبەكانیانەوە ڕێنمایى وەردەگرن، قسەى من لێرەدا لە سەر چوار حیزبەكەیە كە ئێستا هاوپەیمانیتیان پێك هێناوە بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمان ئەو چوار حیزبەى كە خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنێكى ڕاستەقینە پیشان دەدەن لە گۆڕەپانى سیاسى هەرێمى كوردستاندا و بەردەوام ڕەخنە لە سیستەمى دەسڵات دەگرن لە كوردستانداچۆن ڕێگە بە نوێنەرەكانیان دەدەن لە پەرلەمان كەوا دەنگ لەسەر دەستورێك بدەن كە نەك ئێستا بەڵكو داهاتووشمان دەكاتە دوزەخێك بەوەى زۆرترین دەسڵات بەر سەرۆكى هەرێم كەوتووە لە كوردستاندا و دەسڵاتیكى كەم دەداتە پەرلەمان وئەندامەكانى لە كاتى جێ بە جێ كردنى بڕیارەكاندا. بەڵام ئەمڕۆ ئەوە بۆ ڕاى گشتى ئاشكرا بووە كەوا ئەو چوار حیزبە تەنها بە قسە ئۆپۆزسیۆنن نەك بە كردار ،من لە ئەندام پەرلەمانەكانى سەر بەو چوار حیزبە دەپرسم چۆن دەنگ لە سەردەستورێك دەدەن كەتا كاتى پەسەند كردنى زۆربەى ئەندام پەرلەمانەكانى هاوڕێتان ئەو دەستورەیان نەدیوە. بە بڕواى من بۆ هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى كوردستان جەماوەرى كوردستان زۆر لەوە هوشیارترە كە ئێوە دەتانەوێت بە زۆر دەستورێكیان پێ پەسەند بكەن كە خۆیان و نەوەكانى داهاتووش پێ یەوە بناڵێنن وە دڵنیام جەماوەرى ستەم دیدەى كوردستان ناهێڵن جارێكى دیكە ئەو هەموو نا عەدالەتیانەى كە لەمەو پێش كراوە دوبارە ببێتەوە ئەویش بە پشتگیرى كردن لەو لیستەى كە زۆرترین ئاوات و ئومێدى خەڵكى كوردستان بە دیدەهێنێت وە دەبێتە فریاد ڕەسێك بۆ ڕزگار بوونى خەڵك لەو جەورو ستەمەى كە لەساڵانى رابردودا لێى كراوە.
شێوە گەرمیانى
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست