کەس ناتوانێت تاقە یەک دەنگ بکات بە دەنگی من
Thursday, 01/11/2001, 16:55
ئەمەی خوارەوە دیمانەیەکی کۆنی کوردستانپۆستە لەگەڵ شێرکۆ بێکەس، کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠١ کۆمەڵێک پرسیارمان ئاڕاستەی کردبوو، ئەو کاتە بوو کە تازە کەوتبووینە سەر پێی خۆمان و سەرەتای کارکردنمان بوو، پێش ئەوەی یەکێتیی و جەلال تالەبانیش دەزگای سەردەم بۆ شێرکۆ بکاتەوە، ئیتر شێرکۆ سەنگەری لێمان گرت و کەوتە هێرش کردنە سەر کوردستانپۆست.
ئێمە لە ئەرشیفە کۆنەکەیدا، تەنیا ئەو پرسیارەمان دۆزییەوە، ئەگەر ئەوانی تریش هاتنە بەردەستمان هەر لێرەدا دایدەنێینەوە.
کوردستانپۆست: کاک شێرکۆ تکایه وه‌ڵامێکی قوڵی ئه‌م پرسیاره ساکارهمان بده‌ره‌وه. ئه‌گه‌ر لێت بپرسین چۆنیت ! چی وه‌ڵامێکمان ده‌ده‌یته‌وه؟
- بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره، من یه‌کسه‌ر له مه‌وداکانی"باشی و خراپی" خودی خۆم وه‌ک مرۆڤێ، تاکێک، نادوێم، چونکه ئه‌زانم وهلإمێکی سنوردار ئه‌بێ و ره‌نگه جێی بایه‌خی هه‌مووان نه‌بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بشبێت، پرسیاره‌که و وه‌ڵامێکی کاتی ئه‌بن و ئه‌که‌ونه په‌راوێزی ئه‌و رۆژگاره‌وه که ئه‌م پرسیاره‌ی تێدا ئه‌کرێت. به واتایه‌کی تر، پرسیاره‌که و وه‌ڵامه‌که‌یشی، له‌و مه‌ودا ته‌نگه به‌ره‌دا،له لێپرسینه‌وه‌یه‌کی رۆتینی تێپه‌ڕ ناکات. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی، هه‌ڵبه‌ته ئه‌وه، بۆ من روون و ئاشکرایه ئه‌و وه‌خته‌ی ئێوه ئه‌م پرسیاره ئه‌که‌ن، مه‌به‌ستتان له وه‌ڵامێکه که له سنووره‌کانی خودی خۆم – کاروباری تایبه‌تیم – ته‌ندروستیم – په‌یوه‌ندییه تایبه‌تییه‌کانم بچێته ده‌ره‌وه و له گشتگیریدا، له خه‌مه گه‌وره‌کاندا، له باشی و خراپی سه‌رده‌مه‌که و ره‌وشتی هه‌مووان و پاشه‌ڕۆژ و گیروگرفته‌کانی ئه‌مڕۆماندا، په‌لوپۆ بهاوێ.
"چۆنی بۆ من" له خۆمدا ته‌واو نابێت، گریمان ئه‌گه‌ر به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کانیش "من بۆ خۆم" باش بم یان خراپ. که‌واته من نابمه ئاوێنه‌یه‌ک به ته‌نها هه‌ر خۆم نیشان بداته‌وه و یان به ته‌نها له‌به‌ر ئاوێنه‌یه‌کدا بوه‌ستم که به ته‌نها ده‌م و چاو و ره‌نگ و رووی خۆم نیشان بداته‌وه. ئه‌م جۆره سه‌یر کردنانه له خۆپه‌رستیدا نوقممان ئه‌که‌ن. له لایه‌کی تریشه‌وه – ئه‌وه‌ی راستی بێ ئه‌م به دوادا چوونه، یان ئه‌م پرسیاره، سه‌رێکی گه‌لێ گرنگی هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه: پرسیاره‌که له کێ ئه‌کرێت؟! به‌مجۆره وه‌ڵامدانه‌وه‌یه له یه‌کێکه‌وه بۆ یه‌کێکی تر جیاوازی ئه‌بێ – جیاوازی بیر کردنه‌وه – جیاوازی روانین بۆ ژیان و داهاتوو. بۆ نموونه: ئه‌و وه‌خته‌ی ئه‌م پرسیاره له بازرگانێکی گه‌وره بکه‌م، ئه‌و وه‌ڵامه‌ی چنگم ئه‌که‌وێ هه‌ر زۆر جیاواز ئه‌بێ له‌و وه‌ڵامه‌ی که له ده‌می شاعیرێکه‌وه یان هونه‌رمه‌ندێکه‌وه ئه‌یبیستم. بۆیه هه‌رگیز ئه‌م وه‌ڵامه سه‌ره‌نجامێکی موتله‌ق و ره‌ها به‌خۆیه‌وه نابینێ و وه‌ڵامه‌کان هه‌میشه رێژه‌یی ئه‌بن. من نامه‌وێ لێره‌دا ئه‌وه بڵێم که خودی مرۆڤ خۆی له سۆراخێکی وه‌هادا بایه‌خی نییه، به‌ڵام ئاخر "چۆن بوونی خودی خۆم" له سه‌رده‌مێکی به ژه‌نگ و ژاری وه‌ک ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێمه‌دا – " به باش یان به خراپ" ئه‌بێ چی بگه‌یه‌نێ؟ ! .. من چۆنبوونی خۆم، له چۆن بوونی مه‌سه‌له‌یه‌کدا، له خه‌ون و ئامانجێکدا ئه‌بینم، که که‌م تا زۆر بۆی جوڵاوم – یان به‌شداریم له به‌سه‌رهات و رووداوه‌کانیدا کردووه. بۆم نووسیوه و عاشقی بووم، ئه‌مه له کاتێکدا من نامه‌وێ له "راستی و ناڕاستی" ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بدوێم. یان باری سه‌رنج و لێکدانه‌وه‌ی خۆم وه‌ک "تاقهڕاستی" بپاڵێوم. نه‌ء، چونکه هه‌موو ئه‌زموونن، به‌تایبه‌تی تاڵه‌کانی رابردوو ئه‌وه‌یان فێرکردووم، که زۆربه‌ی هه‌ره زۆری کاره‌سات و ئه‌و به‌ڵایانه‌ی به سه‌رمان هاتوون، به‌شێکی زۆری له‌و شوێنه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه که هه‌ر ره‌نگه و خۆی به جوانترین، باشترین ره‌نگ بزانێ و ره‌نگه‌کانی تر، بیرکردنه‌وه‌ی تر، لێکدانه‌وه‌ی جیاوازی دیکه به که‌م و مایه پووچ ته‌ماشا بکات و هیچ سهنگینێکیان بۆ دانه‌نێ. گه‌رای زۆرداری و دیکتاتۆریش، به لای منه‌وه هه‌ر له سه‌ره‌تای ئه‌م نه‌بینی جیاوازی و رێزنهگرتنهوه، له دنیادا دروست بووه. وه‌ک وتم وه‌ڵامی " چۆن بوونی من" له چۆن بوونی مهسهلهیهکدایه، که ئه‌توانم بۆ مه‌سه‌له‌ی "ئازادی" کورتی بکه‌مه‌وه، واته له جه‌وهه‌ری بیرۆکه‌ی ئازادی‌دا کۆی بکه‌مه‌وه، که ئه‌ویش ئازادی گه‌له‌که‌مه به هه‌موو مانایه‌کی فراوانی ئه‌م وشه‌یه. ره‌نگه له جێگه‌ی خۆیدا بێت ئه‌وه‌یش بڵێم که من بۆ خۆم له یاده‌وه‌ری خۆمدا، ناخۆشترین رۆژگار، ئه‌و رۆژگارانه‌ی بوون، که گه‌له‌که‌م تیایدا توشی مه‌رگی به کۆمه‌ڵ و چه‌وساندنه‌و و راگواستن و کوشتن و قه‌ڵاچۆکردن بوون، دیاره به پێچه‌وانه‌یشه‌وه- رۆژه خۆشه‌کان – ئه‌گه‌رچی له مێژووی ئێمه‌دا که‌م و کورتخایه‌ن بوون، ئه‌و رۆژانه بۆ خودی خۆیشم به خۆشترین رۆژگار له قه‌ڵه‌م ئه‌ده‌م، ئه‌مه له کاتێکدا ئه‌وه‌ی به لای منه‌وه لێره‌دا گرنگه، ئه‌وه‌یه راده‌ی کارکردنی ئێمه چی بووه له‌و رۆژگارانه‌دا، واتا ئێمه به کرده‌وه چیمان بۆ ئه‌و ناخۆشی و خۆشیانه کردووه؟! ره‌نگه ئه‌مه‌یان باسێکی تر بێ و په‌یوه‌ندی به وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارهتانهوه نه‌بێت، بۆیه درێژه به‌م چه‌مکه ناده‌م.
چۆن بوونی من په‌یوه‌ندییه‌کی بنه‌ڕه‌تی به چۆنبوونی کوردستانه‌وه هه‌یه. دوای ئه‌وه‌یش به گشت جیهانه‌وه و ئه‌و ئه‌ستێره‌یه‌وه که هه‌موومان له سه‌ری ئه‌ژین. ئه‌ته‌وێ من چۆن بم له کاتێکدا جه‌سته‌ی وڵاته‌که‌م له سه‌ر کۆته‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست،کوت کوت کراوه... ئایا ئه‌مه له‌ت و په‌ت کردنی جه‌سته‌ی منیش نییه؟! ئێمه هه‌موومان به خودی خۆمان ته‌مه‌نێکی کورتمان له سه‌ر ئه‌م زه‌مینه ئه‌بێت. وه‌ک خه‌ونێکی کورت و هیچی تر. به‌ڵام زاو و زێکردنی ژیان وه‌ک پێش ئێمه و دوای ئێمه‌یش به‌رده‌وام ئه‌بێت. بێگومان هه‌موومان چۆن بوونی ژیانی خۆمان به باش و خراپ، لا گرنگه و نکوولی له‌مه ناکرێت. به‌ڵام ئێمه دواڕۆژ هه‌ر دواڕۆژی خودی خۆمان نییه و نابێت. به‌ڵکوو ئێمه بریتین له رابردو ئیسته و داهاتوو. کۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تی هیچ جۆره پێشکه‌وتن و شارستانییه‌تی به خۆیه‌وه نه‌ئه‌بینی ئه‌گه‌ر تاکه‌کانی کاریان به دوای خۆیان و پاشه‌ڕۆژ نه‌کردایه. له به‌ر ئه‌وه چۆن بوونی من له ئیسته‌دا چۆن بوونی که‌سانی دیکه‌شه له دواڕۆژدا. یان به واتایه‌کی تر، من په‌یوه‌ندییه‌کی دینامیکیم به دوای خۆشمه‌وه هه‌یه. مێژوو ئاوا دروست بووه. "باشی له چۆن بوونی مندا" و له ئیستادا خۆی له باش بوونی ژیانی خه‌ڵکیدا ئه‌بینێته‌وه و دیاره خراپ بوونهکهیشم هه‌ر به‌و پێوانه‌یه ئه‌پێوم. من وه‌ک شاعبرێ _ وه‌ک ئازادیخوازێکی کورد _ هه‌ر له منداڵییه‌وه مه‌ڵاشووم وا هه‌ڵدراوه‌ته‌وه، که چۆنبوونی من له چۆنبوونی ئه‌وانی تردابێت. باسکردن له راستی، جوانی و ئازادیی چییه ئه‌گه‌ر به ته‌نها هه‌ر له خودی خۆمدا ته‌واو ببن؟! ئه‌ی شیعر چییه ئه‌گه‌ر فه‌زای ئه‌و هه‌ر خه‌م و په‌ژاره‌ی خۆم بێ و هیچی تر؟! کورد چۆنه؟! مرۆڤایه‌تی چۆنه؟! منیش وام، پێم وایه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره ئه‌وه‌نده به‌سه که له ده‌مێکه‌وه شیعره‌کانم وتویانه ئه‌وان چۆنن!
سەرچاوە:
https://web.archive.org/web/20020118164344/http://kurdistanpost.com/
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست