وڵامدانەوەیەك بە نووسراوەكەی كاوە بۆكانی
Sunday, 21/11/2010, 12:00
ماوەیەكە لەوە پێش لە ماڵپەڕی كوردستان پۆست نووسراوەیەك لەلایەن كاوە بۆكانییەوە لەرێكەوتی 17/11/2010 لە ماڵپەڕی كوردستان پۆست بڵاوكرایەوە كە لەودا كەسایەتی منی ناوبراو كەوتە بەرهێرشو سووكایەتی پێكردن. بەپێویست دەزانم كە بۆ ئاگاداری بیروڕای گشتی كوردستانو لەوڵامی نووسراوەكەی كاوە بۆكانی ئاماژە بەچەند خاڵ بكەم:
1_ بێگومان هەر چالاكێكی سیاسی بەهۆی بوونی حیزبی سیاسی جیاواز لەكوردستان، لەهەڵبژاردنی حیزبو سیاسەتی جیاواز ئازادە، من ماوەی حەوت ساڵ بۆ خزمەت بەبزووتنەوەی ئازادیخوازانەی كوردستان لەپژاكدا چالاكیم كردوە، بەڵام بەهۆی بوونی كێشەی سیاسیو هەندێك رەخنە لە بیروباوەڕی سیاسی ئەو حیزە تێیدا هاتوومەتەدەرێو ئێستاكە بۆ درێژە پێدان بەچالاكییە سیاسیەكانی خۆم ریزەكانی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێرانم هەڵبژاردووە.
2_ من پاش ئەوەی كە لە ریزەكانی پژاك هاتمەدەرێ بەهۆی بوونی نەخۆشی هاوسەرەكەم كە لە عێراق مەجالی دەرمان كردنی نەبووەو هەروەها لەبواری ئەمنییەتیشەوە هیچ گەرەنتییەكم بەدی نەدەكرد، ناچار بووم بگەڕێمەوە بۆ ئێران. پاش رۆشتنەوەی من بۆ ئێرانو لە ئاكامی پرۆسەی بازجووییو دادگاییكردنەكەمدا 5 ساڵ زیندانی هەڵپەسێراوم بەسەردا سەپا كە بەدانی 40 میلیۆن وەسیقە لەزیندان ئازاد كرام. هەر وەك پێشووتریش ئاماژەم پێداوە لەئاكامی لێپرسینەوەو بازجوویكردن لەمن لە ئیتلاعات بەهیچ شێوەیەك هیچ زیانێكی ماددیو مەعنەوی بەكەس نەگەیشتووەو هیچ كەس نەكەوتۆتە بەردەم هەڕەشەی گرتنو لێدانەوە. بۆیە بەراشكاوانە دەتوانم بڵێم كە من لەپاراستنی تەواوی نهێنیەكاندا خۆم بە پابەندی هەموو پرنیسپەكانی پێشووتری خۆمو خەڵكی كوردستان زانیوەو هیچ زیانێكم بۆ كەس نەبووە.
3_ بڵاوكردنەوەی لێپرسینەوەو بازجوویەكانی من لە لایەن كۆماری ئیسلامی بێ گومان لەژێر گوشارێكی زیادە لەحەدو هەروەها هەڕەشەی كوشتنو لەنێوبردنی خۆم و بنەماڵەكەم بووە. لام وابێت پێویست بە شیكردنەوەی زیاتر نەبێت چونكە هەمووان مێژووی كۆماری ئیسلامیو بەرخوردیان لەگەڵ زیندانیانی سیاسی بەباشی دەزانن. هەروەها هەڕەشەی ئەوەم لێكراوە ئەگەر من ئەو كارە نەكەم تەواوی پەروەندەی چالاكی سیاسیو نیزامی من پێداچوونەوەی بەسەردا دەكرێتو ئەگەری سپاندنی حوكمی گران تەنانەت تا كوشتنیش لەسەرم بووە.
بێگومان خەڵكی كوردستانو بزووتنەوەكەشی بەهۆی بوونی فەرهەنگێكی شیاوی سیاسییەوە دەتوانن لەداهاتوودا لەسەر مێژووی چالاكییەكانی من قەزاوەتێكی عادڵانە بكەن. بەم بۆنەوە لەكۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەم كە فەرهەنگی سیاسی هەنووكە ئەوە دەخوازێ كە حیزبو لایەنە سیاسیەكانو كەسایەتیو تاكەكانی كۆمەڵگای كوردستان لەجیاتی سووكایەتیو ناوزڕاندنو خستنە پاڵی تۆمەتی شەخسی لەیەكترو بەتایبەتی لەچالاكانی سیاسی بەشێوەیەكی یەكگرتووانەو بەهاوپشتی یەكتر ریزەكانی خەبات لەدژی كۆماری ئیسلامی پتەوتر بكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست