کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


زیلان ژنه‌ ده‌روونناسێکی ئازادیخوازی شۆڕشگێڕ..!!

Tuesday, 30/06/2009, 12:00


(1)
ئاشقێکی شه‌یدای ئازادی...
زه‌ینه‌ب کناجی ناسراو به‌ هه‌ڤاڵ (زیلان)** ژنه‌ کوردێکی مه‌ڵاتیایی، له‌ساڵی 1972 له‌شاری مه‌ڵاتیا له‌دایکبووه‌، کۆلیژی ده‌روونناسی له‌ زانکۆی ئینینۆ ته‌واو کردووه‌ و هاوسه‌رگیری کردبوو و خاوه‌نی منداڵێکیش بوو... به‌ڵام هه‌ڤاڵ زیلان وه‌ک ژنێکی زرنگ و هوشیار ته‌واوکردنی زانکۆ و هاوسه‌رگیریکردنی به‌ کۆتایی هیوا و ئاواته‌کانی خۆی نه‌زانی و نه‌یتوانی چاوپۆشی له‌ راستینه‌ی داگیرکاری وڵات و ژێرده‌سته‌یی گه‌ل و کۆیلایه‌تی داسه‌پێنراوی سه‌ر ژنانی هاوره‌گه‌زی خۆی بکات. به‌ڵکو وه‌ک ژنه‌ ئاشقێکی ژیانی ئازاد، ئازادی خۆی له‌ئازادی گه‌ل و وڵاته‌که‌ی و ئازادی ژنانی زه‌لیلدا ده‌بینی و به‌قووڵی له‌و راستییه‌ گه‌یشتبوو که‌ مرۆڤه‌کان (تاکه‌کان) ناتوانن له‌ وڵاتێکدا رێزدار و خاوه‌ن شکۆمه‌ندی خۆیان بن، ناتوانن خۆشه‌ویست و جوان بن، ناتوانن ئازاد و به‌ئیراده‌ بن، ئه‌گه‌ر وڵاته‌که‌یان داگیرکرابێت و گه‌له‌که‌یان ژێرده‌سته‌و دواکه‌وتوو و پارچه‌ پارچه‌ بووبێت و سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ و نکوڵی و قڕکردن له‌دژیدا گه‌یشتبێته‌ ترۆپکی خۆی و ژنانیشی وه‌ک کۆیله‌ و زه‌لیلێک ژیان به‌ مردوویی بگوزه‌رێنن... بۆیه‌ هه‌ڤاڵ زیلان به‌دوای ره‌گی رێزداری و شکۆی مرۆڤه‌کان و گه‌لاندا گه‌ڕا، به‌قووڵایی رۆچووه‌ نێو چه‌مکی ئه‌شق و خۆشه‌ویستی، ده‌مامکی سه‌رجه‌م جوانییه‌ رووکه‌شی و فریوده‌رییه‌کانی ژێر زه‌مه‌نی داگیرکاری و بنده‌ستی و زه‌لیلی هه‌ڵماڵی، ئه‌و درۆیه‌ مه‌زنه‌شی ریسواکرد که‌وا بانگه‌شه‌ی "ئازادی تاکه‌که‌سی به‌بێ ئازادی گه‌ل و کۆمه‌ڵگا" ده‌کات. ئیدی له‌ئاکامدا رێز و شکۆی مرۆڤه‌کانی له‌قووڵایی ئه‌شق و خۆشه‌ویستیدا بینی، ئه‌شق و خۆشه‌ویستیشی له‌جوانیدا بینی و جوانیشی له‌ ئازادیدا بینی و ئازادیشی له‌تێکۆشاندا بینی و تێکۆشانیشی له‌ ئیراده‌ و ئیراده‌شی له‌ هیوا و هیواشی له‌ باوه‌ڕیدا بینی و باوه‌ڕیشی له‌ فیکر و فه‌لسه‌فه‌دا بینی و فیکر و فه‌لسه‌فه‌شی له‌ سروشتی ئازادانه‌ی مرۆڤ و خۆشه‌ویستی ژیاندا بینی... چونکه‌ زیلان ته‌واو ده‌رکی به‌وه‌کردبوو که‌ مرۆڤه‌ زه‌لیله‌کان، گه‌له‌ بنده‌سته‌کان، ژنانی چه‌وساوه‌ که‌س رێزیان لێناگرێت و خۆشه‌ویست نابن و به‌ناشیرین و قێزه‌ون سه‌یر ده‌کرێن، چونکه‌ ئازاد نیین و ژیانیان خۆشناوێت. بۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ژیانیان خۆشبوێت و ئازادببن پێویسته‌ تێبکۆشن، بۆئه‌وه‌ی له‌ تێكۆشانی خۆشیاندا به‌سه‌رکه‌وتن و ئازادی بگه‌ن پێویسته‌ خاوه‌ن ‌هیوا و ئیراده‌ و باوه‌ڕی و و فیکر و فه‌لسه‌فه‌ بن و په‌یوه‌ستی به‌ها سروشتی و ژیانیی و مرۆییه‌کانی مرۆڤ بن که‌ له ‌ئازدی و ئه‌شقی ژیاندا شاراوه‌یه‌...
له‌م پێناوه‌دا زیلان بڕیاری تێکۆشان و پاشان بڕیاری گه‌وره‌ترین چالاکی گیانبازی ده‌دات... رێبه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان له‌م با‌ره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت:" ئه‌وه‌ی تێبکۆشێ ئازاد ده‌بێت، ئه‌وه‌ی ئازاد بێت جوان ده‌بێت، ئه‌وه‌ی جوان بێت خۆشه‌ویست ده‌بێت، ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستیش بێت رێزدار ده‌بێت"

(2)
تێکشکاندنی سایکۆلۆژیای زه‌لیلی...
ئافراندنی سایکۆلۆژیای ئازادی
هه‌ڤاڵ زیلان وه‌ک ژنه‌ کوردێکی ده‌روونناس و هوشیار ده‌رکی به‌وه‌ کردبوو که‌ که‌س و ره‌گه‌ز و چین و گه‌له‌ بنده‌ست و وڵات داگیرکراوه‌کان خاوه‌ن ده‌روون و سایکۆلۆژیایه‌کی زه‌لیلین، که‌ سیخناخه‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندێتی (بێباوه‌ڕی، بێهیوایی، ره‌شبینی، بێئراده‌یی، قه‌ده‌رگه‌رایی، مه‌رگدۆستی، خۆبه‌که‌مزان، ملکه‌چکار و خۆپه‌رست...) بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و سایکۆلۆژیایه‌ی زه‌لیلبوون تێکبشکنیت پێویسته‌ زه‌برێکی مه‌زن له‌سیسته‌مه‌ باڵاده‌ست و داگیرکارییه‌که‌ بده‌یت، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی تاکه‌کان خاوه‌ن هێزی زه‌بر وه‌شاندن بن له‌و سیسته‌مه‌ باڵاده‌ست و داگیرکارییه‌ ده‌بێت ‌له‌تاکه‌کاندا سایکۆلۆژیایه‌کی ئازاد بئافرێنرێت که‌ پڕ بێت له‌ باوه‌ڕی، هیوا، گه‌شبینی، ئیراده‌، ژیاندۆستی، به‌خۆباوه‌ڕ، تێکۆشه‌ر و فیداکار و گیانباز بێت. ئیدی هه‌ڤاڵ زیلان هه‌روا به‌ رێکه‌وت و بێ بیرکردنه‌وه‌ ته‌ڤلی تێکۆشانی ئازادیخوازانه‌ نه‌بوو، به‌ڵکو به‌ده‌رککردن به‌م راستیانه‌وه‌‌ ساڵی 1995 بڕیاری ته‌ڤلیبوونی تێکۆشانی شۆڕشگێڕانه‌ ده‌دات... ده‌قی نامه‌کانی هه‌ڤاڵ زیلان و گه‌وهه‌ر و ئامانجی ئه‌و چالاکییه‌ گیانبازییه‌ی ئه‌نجامی دا شاهیدێکی ته‌واوی ئه‌م راستییه‌ن. بۆیه‌ ته‌ڤلیبوونی هه‌ڤاڵ زیلان بۆ تێکۆشانی شۆڕشگێڕانه‌ ته‌ڤلیبوونێکی هوشیارانه‌ و زانستیانه بوو، له‌ئاکامی لێگه‌ڕین و لێوردبوونه‌وه‌ و شرۆڤه‌کردنێکی فیکری و سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی ئه‌نجامگیره‌وه‌ ته‌ڤلی تێكۆشان ده‌بێت. بڕیاری به‌شداریکردنی هه‌ڤاڵ زیلان له‌بنچینه‌دا بڕیاری تێکشکاندنی ئه‌و سایکۆلۆژیایه‌ی زه‌لیلبوونه‌ بوو که‌وا سه‌دان ساڵه‌ زیهنییه‌ت و سیسته‌می باڵاده‌ستی داگیرکاری و پیاوسالاری له‌ناخی کوردان به‌گشتی و ژنان به‌تایبه‌تی چاندبوویان، له‌هه‌مانکاتدا بڕیاری ئافراندنی سایکۆلۆژیا ئازادی بوو، که ‌تێکۆشانی ئازادیخوازانه‌ی رێبه‌ر ئۆجه‌لان و پ ک ک زه‌مینه‌ فه‌لسه‌فی و ئایدیۆلۆژی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی ره‌خساند... هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌ڤاڵ زیلان سه‌ره‌تا ئه‌و سایکۆلۆژیایه‌ی زه‌لیلبوونه‌ی له‌ناخی خۆیدا تێکشکاند و هه‌ر له‌ناخی خۆیشیدا سایکۆلۆژیایه‌کی ئازادی ئافراند، پاشانیش وه‌ک ژنه‌ شۆڕشگێڕێکی پێشه‌نگ، به‌ته‌ڤلیبوون و تێکۆشان و چالاکییه‌ گیانبازییه‌که‌یشی له‌ناخی هه‌ڤاڵانی و گه‌له‌که‌ی و سه‌رجه‌م ژنانی ئازارچه‌شتووی ئازادیخوازدا مه‌زنتر و تۆکمه‌تری کرد... مسۆگه‌ر هه‌روا ئاسان نییه‌ سایکۆلۆژیای زه‌لیلی تێکبشکێنرێت و له‌شوێنیشیدا سایکۆلۆژیای ئازادی بئافرێنرێت. چونکه‌ تێکشکاندنی سایکۆلۆژیایه‌ک و ئافراندنی سایکۆلۆژیایه‌کی جوداتر‌ له‌گه‌وهه‌ری خۆیدا به‌واتای شۆڕشکردن دێت. واتا شۆڕشکردن له‌ناخه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌ی بۆ ناخی هاورێباز و هاوره‌گه‌ز و گه‌له‌که‌ی.
ئه‌وه‌ی هه‌ڤاڵ زیلان به‌چالاکییه‌که‌ی کردی هه‌ر ته‌نیا درێژه‌دان نه‌بوو به‌تێكشکاندنی سایکۆلۆژیا زه‌لیلی کوردان و ئافراندنی سایکۆلۆژیای ئازادی، به‌ڵکو به‌هه‌مان شێوه‌ش سایکۆلۆژیای ملهوڕێتی و لوتبه‌رزی و بێباکی داگیرکارانیشی تێکشکاند و هه‌پڕوون به‌هه‌پڕوونی کرد و سایکۆلۆژیایه‌کی تێکشکاو و تۆقیوی له‌لای ئه‌و ئه‌رته‌شه‌ یه‌ک ملیۆنییه‌ی که‌ دووه‌مین ئه‌رته‌شی جیهانه‌، دروستکرد. به‌راده‌یه‌ک ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت زیلان و هاورێبازانی زیلان بوونه‌ته‌‌ فۆبیایه‌کی مه‌زن بۆ سه‌ر سایکۆلۆژیای یه‌که‌ به‌یه‌که‌ی سه‌ربازانی سیسته‌می داگیرکاری تورک..
‌ ئه‌وه‌ی هه‌ڤاڵ زیلان ئه‌نجامی دا؛ ره‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌ شوومه‌ی نکوڵی و توانه‌وه‌ و قڕکردن‌ بوو که‌وا به‌سه‌ر کورد و ژناندا وه‌ک قه‌ده‌رێک سه‌پێنرابوو، ره‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و ژیان و واقیعه‌ پڕ سته‌م و ‌پیلانگێڕی و ته‌له‌که‌بازییه‌ بوو که‌وا سیسته‌می باڵاده‌ستی و داگیرکاری له‌کوردستاندا سه‌پاندبووی... زیلان مێژوو و ژیان و واقیعێکی زه‌لیلی ره‌تکرده‌وه‌ و به‌ هه‌پڕوون به‌هه‌پڕوونکردنی جه‌سته‌ی خۆی، به‌ به‌خشینی گیانی خۆی، په‌یامی ئه‌شقی ژیان و ئازادی و گه‌ل و وڵاتی دا... زیلان وه‌ک که‌سێتییه‌کی پێشه‌نگی ئازادی به‌ده‌سته‌واژه‌ی "من ئاشقی ژیانم، خۆزگه‌ له‌گیانم شیرینترم هه‌بوایه‌ تا بمبه‌خشیایه‌..." ئه‌شق و خۆشه‌ویستی و رێزی خۆی بۆ ‌ژیانێکی ئازاد و بۆ گه‌له‌که‌ی و رێبه‌ره‌که‌ی و ته‌واوی مرۆڤایه‌تی ده‌ربڕی... به‌مه‌ش زیلان وه‌ک نموونه‌ی ژنه‌ پێشه‌نگێکی کورد، بۆته‌ مانیفێستۆیه‌کی ئازادی بۆ ژنان و گه‌له‌ سته‌مدیده‌که‌ی، زیلان وه‌ک چۆن بووه‌ درێژه‌پێده‌ری رێبازی به‌رخودانڤانی حه‌قی و که‌مال و مه‌زڵوم و که‌مال و خه‌یری و فه‌رهاد کۆرتای و عه‌زیمه‌ و عه‌گید و بێریتان.... ئه‌وا ‌ سه‌ما و زین و گوڵان و شیلان و ڤیان و هه‌زاران پێشه‌نگی تری رێبازی ئازادیش به‌په‌یامی مانیفێستۆی ئازادی زیلانه‌وه‌ پێشه‌نگایه‌تیان کرد و گه‌یشتنه‌ نه‌مری... ئه‌مڕۆ هه‌زاران منداڵی کورد بۆ خۆشه‌ویستی هه‌ڤاڵ زیلان ناویان نراوه‌ زیلان، هه‌زاران هۆنراوه‌ و گۆرانی بۆ نه‌مری زیلان گووتراون، وێنه‌کانی زیلان بۆته‌ سیمبۆلی قاره‌مانێتی و له‌ ماڵی زۆربه‌ی کوردانی وڵات و هه‌نده‌ران هه‌ڵواسراوه‌، مسۆگه‌ر ئه‌وانه‌ی مێژوو ده‌ئافرێنن مێژوو هه‌رگیز له‌یادیان ناکات، ئه‌وانه‌ی واتا بۆ ژیان و ئازادی و مرۆڤ و گه‌ل ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ مسۆگه‌ر مه‌رگ پێیان ناوێرێت و هه‌ر به ‌نه‌مری له‌ناخی گه‌ل و مرۆڤایه‌تیدا ده‌مێننه‌وه‌. بۆیه‌ مێژوو و ئه‌مڕۆ و داهاتووش هه‌ر به‌و پێشه‌نگه‌ نه‌مرانه‌وه‌‌ واتادار و شکۆمه‌ند و پرشنگداره‌... ‌

** هه‌ڤاڵ زیلان له‌(30)ی حوزه‌یرانی 1996دا چالاکییه‌کی گیانبازی له‌شاری دێرسیم له‌ناو سه‌ربازه‌ داگیرکه‌ره‌کانی تورکیادا ئه‌نجام ده‌دات، ئه‌م چالاکییه‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌کی هه‌ڤاڵ زیلان بوو بۆ ئه‌و زوڵم و چه‌وسانه‌وه‌ و تۆقاندنه‌ی که‌وا رژێمی داگیرکاری تورکیا له‌به‌رامبه‌ر به‌ گه‌لی کورددا به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، هه‌روه‌ها وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌کیش بوو بۆ ئه‌و پیلانگێڕییه‌ی که‌وا بۆ له‌ناوبردنی رێبه‌ر عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان داڕێژرابوو، که‌ له‌ (6)ی گوڵانی 1996دا، له‌میانه‌ی ته‌قاندنه‌وه‌ی ترومبێلیکی پڕ له‌ مادده‌ ته‌قێنه‌ره‌کان له‌دیمه‌شق، خواستیان رێبه‌ر ئۆجه‌لان له‌ناوی ببه‌ن.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە