کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌گه‌ر سه‌رده‌شت عوسمان پێش ڕاپه‌ڕین 23 ساڵ بوایه‌ به‌ده‌ستی به‌عس شه‌هید ده‌کرا

Tuesday, 18/05/2010, 12:00



شه‌هیدی جوانه‌ مه‌رگ سه‌رده‌شت عوسمان زه‌بروزه‌نگی به‌عسی نه‌بینی بوو، هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌ش که‌ له‌ سه‌رده‌می حکومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌که‌که‌ی به‌غدا به‌سه‌ر میلله‌ته‌که‌ماندا هات وه‌کو مێژویه‌ك له‌ژیانی کورتیدا بیستویه‌تی، لێم مه‌علومه‌ که‌ دایکی وه‌کو هه‌موو دایکێکی کورد به‌به‌رده‌وام بیری ئه‌و ڕووداوانه‌ی خستبێته‌وه‌. بیرم دێت دایکی ڕه‌حمه‌تیم هه‌موو ڕووداوه‌کانی به‌ژیان و له‌دایکبونی یه‌کێکمانه‌وه‌ ده‌به‌سته‌وه‌، بۆ نمونه‌ به‌یه‌کێکمانی ده‌ووت له‌ لافاوه‌که‌دا له‌ بێشکه‌دا بویت، به‌یه‌کێکمانی ده‌وت له‌ مه‌نع‌التجوله‌که‌دا سێ ساڵان بویت، به‌یه‌کێکی ترمانی ده‌وت که‌ له‌ حامیه‌ خه‌ڵکه‌که‌یان خسته‌ ژێر ده‌بابه‌ په‌لی تۆم گرت و له‌گه‌ڵ ژنی گه‌ڕه‌ك ڕۆیشتم بۆ ئه‌وێ! به‌یه‌کێکی تری ده‌وت که‌ زه‌عیم سدیق هاته‌ سلێمانی تۆم خسته‌ مه‌کته‌ب. ‌ بۆیه‌ ده‌زانم دایکی سه‌رده‌شتیش هه‌میشه‌ پێی ووتوه‌: له‌ ئه‌نفاله‌کاندا تۆ ساوابویت، له‌ قه‌سفه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌دا تۆ شیره‌خۆره‌ بویت، له‌ ڕاپه‌رینه‌که‌دا تۆ مناڵ بویت، له‌ کۆڕه‌وه‌که‌دا ده‌مان گرتیته‌ باوه‌ش، له‌داگیرکردنی هه‌ولێردا تۆمان خسته‌ قوتابخانه،‌ ئه‌مانه‌و ده‌یان قسه‌ی له‌م شێوه‌یه‌، ئاخر ژنی کورد چی هه‌یه‌ له‌م قسانه‌ زیاتر بۆ مناڵه‌که‌ی بکات!!
ڕه‌نگه‌ دایکی شه‌هید سه‌رده‌شت له‌ ڕاپه‌ڕینه‌که‌دا دڵی زۆر خۆش بووبێت، چونکه‌ لای وابووه‌ که‌ ئیتر کوڕه‌کانی له‌ کوشتن و لێدانی به‌عس ڕزگاریان بوو!
سه‌رده‌شت عوسمان ئه‌و لاوه‌ بوو که‌ له‌ سه‌رده‌می به‌عسدا نه‌ژیا، به‌ڵکو له‌ کوردستانی به‌ناو ئازاد دا چاوی کرایه‌وه‌، له‌ هه‌رزه‌کاریه‌وه‌ به‌ چاوی خۆی ناعه‌داله‌تی بینی، گوێی له‌ قسه‌ زله‌کانی ده‌سه‌ڵاتداره‌کان بوو، له‌هه‌مان کاتیشدا ڕاستیه‌کانی به‌چاوی خۆی ده‌بینی! جیاوازی نێوانی کوڕه‌ مه‌سئولێك و کوڕه‌شه‌هیدێکی ده‌بینی، بۆیه‌ نه‌یتوانی بێده‌نگ بێت! کوڕی وه‌کو سه‌رده‌شت ئه‌گه‌ر له‌ سه‌رده‌می به‌عسدا لاو بوایه‌، بێگومانم که‌ له‌سێداره‌ ده‌درا!! به‌ڵام شه‌هید کردنی ئه‌و لاوه‌ له‌ ئێستادا چی جیاوازیه‌کی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ شه‌هیدی پێش ڕاپه‌ڕین؟؟
ئه‌گه‌ر سه‌رده‌شت له‌سه‌رده‌می به‌عسدا له‌ سێداره‌ بدرایه‌، که‌س‌وکاری ده‌یان زانی کێ کوشتویه‌تی!!
ئه‌گه‌ر سه‌رده‌شت شه‌هیدی پێش ڕاپه‌ڕین بوایه‌، به‌دزیه‌وه‌ نه‌ ده‌ڕفێنراو لاشه‌که‌ی له‌ موسڵ فڕێ نه‌ده‌درا، ڕه‌نگه‌ وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌نه‌به‌ردیه‌کدا له‌بن به‌ردێکدا شه‌هیدبوایه‌، یان وه‌کو هه‌زاران کوڕی کورد به‌ ئاشکرا سجن بکرایه‌و شه‌هید کرایه‌و که‌س‌وکاری چاویان به‌ مه‌یته‌که‌شی نه‌که‌وتایه،‌ به‌ڵام له‌ ئێسته‌ باشتر ده‌بوو، چونکه‌ بکوژه‌کانی ده‌زانرا کێن، چونکه‌ به‌ده‌ستی بێگانه‌ شه‌هید ده‌کرا و کورد نه‌یده‌کوشت‌‌!! چونکه‌ له‌ ژێر په‌رده‌ی ئازادیدا سه‌رنوگم نه‌ده‌کرا!!
ئه‌گه‌ر سه‌رده‌شت به‌ده‌ستی به‌عس شه‌هیدی بکرایه‌، وه‌کو هه‌زاران کوڕی لاوی کورد ناوی نه‌ده‌هێنرا، چونکه‌ شه‌هیدی سه‌رکرده‌ نه‌ده‌بوو، خانوی گوندی ئه‌ڵمانیش بۆ که‌س‌وکاری نه‌ده‌کرا، براکه‌شی نه‌ده‌بوو به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان، چونکه‌ له‌ڕوی نه‌ده‌هات به‌خه‌ڵك بڵێت من برای شه‌هیدم و ده‌نگم بۆ بده‌ن!! ئه‌و خێزانه‌ش دیاره‌ له‌و که‌سانه‌ نین که‌ بازرگانی به‌ خوێنی کوڕه‌ شه‌هیده‌که‌یانه‌وه‌ بکه‌ن. له‌به‌ر هه‌مان هۆش گه‌ڕه‌ك و شه‌قام و باخه‌ گشتیه‌کانیش به‌ ناویه‌وه‌ نه‌ده‌نرا!! پارچه‌ زه‌ویش له‌ناوجه‌رگه‌ی هه‌ولێردا نه‌ده‌درا به‌ باوکی، به‌ڵکو له‌ڕێگه‌ی که‌سنه‌زان یان له‌ قه‌راغ شار پارچه‌یه‌ك زه‌وی بێبایه‌خی پێشکه‌ش ده‌کرا! هه‌موو جارێکیش بۆ وه‌رگرتنی ده‌رماڵه‌ی شه‌هیدانه‌که‌ی ده‌بوو دایکی یان باوکی چه‌ند سه‌عاتێك سه‌ره‌ی بگرتایه‌!
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە