کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌گه‌ر ئێوه‌ لێمانبگه‌ڕێن ئه‌وا ئارامی و ئاسایش به‌رقه‌راره‌

Wednesday, 24/03/2010, 12:00


له‌ هه‌موو بۆنه‌یه‌كی خۆشیدا کاتێك خه‌ڵکی کوردستان دێنه‌ ده‌ره‌وه‌و ئاهه‌نگ ئه‌گێڕن، دوو حزبه‌که‌ لێیان ناگه‌ڕێن و کامێراکانیان ئه‌هێننه‌ ناویانه‌وه‌و ده‌ست ئه‌که‌ن به‌ پرسیاری پڕوپوچ لێیان‌. یه‌کێك له‌و پرسیارانه‌ی که‌ من زۆر شێت ئه‌کات، ئه‌وه‌یه‌‌ له‌ خه‌ڵك ئه‌پرسن که‌ که‌ش‌و هه‌وای ئاسایش چۆنه‌ و ئێوه‌ چۆن ئه‌توانن له‌سایه‌ی ئه‌م ئاشتی و ئارامیه‌ی له‌ کوردستان هه‌یه‌ خۆشی خۆتان ده‌رببڕن؟ مه‌به‌ستیشیان له‌م پرسیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ گوایه‌ له‌سایه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ ئه‌م که‌ژوهه‌وا ئارامه‌ به‌رقه‌راره‌! ئه‌مه‌ش ئه‌که‌ن به‌ماڵ به‌سه‌رخه‌ڵکه‌وه‌!
خۆزگه‌ ڕۆژێك یه‌کێك له‌و کامێرایانه‌ توشم بوایه‌، بۆئه‌وه‌ی پێیان بڵێم: ئه‌ره‌وه‌ڵا ئه‌گه‌ر ئێوه‌ لێمان بگه‌ڕێن عه‌یبمان نیه‌! خه‌ڵکی کوردستانیش خۆیان ئاشتی خوازن، ئه‌گه‌ر حکومه‌ته‌کان لێیان بگه‌ڕانایه‌ هه‌رگیز په‌نایان بۆ چه‌ك نه‌ئه‌برد! خۆیان دژی تیرۆر و چه‌کن، به‌ڵام دوو حزبه‌که‌ دوو هێزی چه‌کداریان هه‌یه‌ به‌ریان داوه‌ته‌ گیانی ئه‌و خه‌ڵکه‌ بێدیفاعه‌، هه‌ر ئێوه‌ن ئارامی و ئاسایش تێك ئه‌ده‌ن، هه‌ر ئێوه‌ن ده‌نگه‌ ئازاده‌کان کپ ئه‌که‌ن، هه‌ر ئێوه‌ن زۆر له‌ خه‌ڵك ئه‌که‌ن ده‌نگتان بۆ بداو به‌ تۆقاندن، کوشتن، نانبڕین، کوشتنی ڕۆژنامه‌نوسان، ته‌هدید و داپڵۆسین نایه‌ڵن ئه‌و خه‌ڵکه‌ داماوه‌ ئاهێك هه‌ڵکێشێ و نانێکی ئیسراحه‌ت له‌ماڵی خۆیا بخوات! هه‌ر ئێوه‌ن بۆ مانه‌وه‌تان له‌سه‌ر کورسیه‌کانتان هه‌رچی له‌ده‌ستتان هات به‌و خه‌ڵکه‌داماوه‌تان کرد!‌
ئه‌تانه‌وێت بڵێن له‌سایه‌ی ئێوه‌وه‌ ئه‌م خه‌ڵکه‌ هاتونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌؟ ئه‌تانه‌وێت بڵێن ئێوه‌ ئارامی‌و ئاسایشتان بۆ دابین کردون؟ له‌هه‌موو دنیادا ئاسایش پاراستن ئه‌رکی حکومه‌ته‌کانه‌، به‌ڵام لای ئێمه‌ پێچه‌وانه‌یه‌! ئاسایشی ڕاسته‌قینه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ر تاکێکی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ هه‌ستبکات له‌چوار دیواره‌که‌ی خۆیا سه‌رفرازه، ئه‌گه‌ر ده‌ستدرێژیه‌کیشی کرایه‌ سه‌ر، ئه‌وا یاسایه‌ك هه‌یه‌ به‌رگری له‌مافه‌کانی بکات! به‌ڵام پێم ناڵێیت کوا یاسا؟ یاسا شکێن هه‌رخۆتانن! ئه‌وه‌ی ده‌ستدرێژیش ئه‌کاته‌ سه‌ریان ته‌نها ئێوه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر ئێوه‌ لێیان بگه‌ڕێن ئه‌وا‌ ئارامی و ئاسایش به‌رقه‌راره!!‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە