کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


یاری جیهانی فوتبۆڵ و کۆنگره‌ی یه‌کێتی نیشتیمانی چیمه‌ن که‌رکوکی

Tuesday, 11/05/2010, 12:00


یاری جیهانی فوتبۆڵ و کۆنگره‌ی یه‌کێتی نیشتیمانی
چیمه‌ن که‌رکوکی

ڕه‌نگه‌ زۆر که‌س بڵێت په‌یوه‌ندی یاری تۆپی پێی جیهانی و کۆنگره‌ی یه‌کێتی کوجامه‌رحه‌با! به‌ڵام من زۆر لێك چوون و جیاوازی له‌ نێوانیاندا ده‌بینم.
_ ئه‌م دوو یاریه‌ هه‌ردوکیان‌ له‌ مانگی حوزه‌یرانی داهاتوودا به‌ ڕێوه‌ ده‌چن
_ یه‌که‌میان به‌ چوار ساڵ جارێك بێ دواکه‌وتن له‌ کاتی خۆیدا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، دوهه‌میشیان پێویسته‌ وه‌ك هه‌موو کۆنگره‌ی حزبێکی گه‌وره‌ که‌ له‌ جیهاندا هه‌یه‌ به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ سێ ساڵ جارێك ببه‌سترێت، به‌ڵام کۆنگره‌ی یه‌کێتی هیچ کات و ساتێکی دیاری کراوی نیه‌و له‌‌ ماوه‌ی سی ‌ساڵدا سێ کۆنگره‌ به‌ڕێوه‌ نه‌چوه، به‌ستنی کۆنگره‌ش له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی و مه‌زاجی سه‌رۆکی حزبه‌!
_ یه‌که‌میان هه‌موو جیهان به‌ شه‌وقه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی ده‌که‌ن، دوهه‌میان نه‌ك هه‌ر جه‌ماوه‌ر به‌ڵکو ئه‌ندامی حزبه‌که‌ش بڕوایان پێ نه‌ماوه‌
_ یه‌که‌میان یاساو ڕێسای خۆی هه‌یه‌و که‌سیش ناتوانێت لێی لابدات، به‌ڵام دووهه‌میان، په‌یڕه‌وو پرۆگرامه‌که‌ی بریتیه‌ له‌ کۆمه‌ڵێك فشه‌و درۆی زل که‌ هیچی جێ به‌جێ ناکرێت
_ یه‌که‌میان ئه‌و یاریانه‌یه‌ که‌ هه‌ر ووڵاته‌و تیپی خۆی هه‌یه، هه‌ر تیپێکیش لایه‌نگری خۆی هه‌یه‌‌، دوهه‌میش به‌ هۆی ته‌که‌توله‌وه‌ چه‌ند تیپێك دروست بوه‌ و لایه‌نگرانی خۆیان هه‌یه‌
_ یه‌که‌م هه‌رجارێك و تیپێك کاسه‌که‌ ده‌بات بۆ خۆی، به‌ڵام دووهه‌م ئه‌وه‌ پتر له‌ سی ساڵه‌ کاسه‌که‌ به‌ده‌ست یه‌ك که‌سه‌وه‌یه و له‌ کۆنگره‌ی داهاتوشدا هه‌ر وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه‌
_ هه‌ردو یاریه‌که‌ گۆڵی تێدا ده‌کرێت، به‌ڵام گۆڵه‌کانی فوتبۆڵ به‌ کارامه‌یی و لێزانینی یاری که‌ر ده‌کرێت، گۆڵه‌کانی کۆنگره‌ش به‌ پیلان و نه‌خشه‌دانانی شه‌یتانیه‌ت ئه‌نجام ده‌درێت
_ له‌ فوتبۆڵدا ئه‌و که‌سه‌ی هه‌ڵه‌ بکات په‌ناڵتی ده‌درێت و پاش کۆتاییش هه‌موو تیپه‌کان هاوڕێن و زۆر جاریش بۆ خۆشی پێکه‌وه‌ یاری ده‌که‌ن. به‌ڵام له‌ کۆنگره‌ی یه‌کێتی بێ سه‌روبه‌ره‌و که‌س به‌که‌س نیه‌و ‌دوای کۆنگره‌ش‌ تیپه‌کان هه‌ر دوژمنن و به‌ خوێنی سه‌ری یه‌کتری تینون و ڕه‌نگه‌ چه‌ند که‌سانێك ملیان بشکێنرێت و ڕسوا بکرێن
_ یه‌که‌میان، تیپه‌کان هه‌ر له‌زوه‌وه‌ ده‌ست ده‌که‌ن به‌ مه‌شق و خۆڕاهێنان، دوهه‌میان پێش به‌ستنی کۆنگره‌که‌ به‌ ماوه‌یه‌کی که‌م تیپه‌کان ده‌که‌ونه‌ خۆئاماده‌کردن و پیلان‌ دانان و نه‌خشه‌کێشان بۆ زاڵ بون به‌سه‌ر تیپه‌کانی تردا
_ یه‌که‌میان ئه‌و تیپه‌ی لێزان بێت و شایه‌نی بردنه‌وه‌ بێت ده‌بێته‌ یه‌که‌م و کاسه‌که‌ی ده‌درێتێ، دو‌هه‌میان ئه‌و تیپه‌ی ماستاوکه‌ر و پێڵاودانه‌ر بێت ده‌بێته‌ یه‌که‌م به‌ڵام چاوی به‌ کاسه‌که‌ ناکه‌وێت!
_ بۆ یاریه‌ جیهانیه‌کان با هه‌مومان به‌ شه‌وقه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی بکه‌ین و هه‌ر که‌سێکیش ئازاده‌ که‌ لایه‌نگری تیپی هه‌ڵبژارده‌ی خۆی بێت، به‌ڵام تکاتان لێده‌که‌م که‌ستان لایه‌نگری هیچ تیپێکی کۆنگره‌ مه‌بن، چونکه‌ هیچ کامیان شایه‌نی ئه‌وه‌ نین

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە