کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گریانم دێت بۆ زانکۆکانی کوردستان..

Wednesday, 17/03/2010, 12:00


دوێنێ که‌ نێچیریم بینی له‌ مه‌راسیمی وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك زانکۆی کوردستاندا، پڕ به‌دڵ گریانم هات بۆ زانکۆکانمان. بیرم گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئه‌و کاته‌ی له‌ زانکۆی سلێمانی ده‌مخوێند و ته‌نها له‌ کوردستاندا یه‌ك زانکۆ هه‌بوو! به‌ڵێ له‌ کوردستاندا ته‌نها زانکۆیه‌ك هه‌بوو به‌ڵام به‌مانای زانکۆ!! مامۆستاکانمان زۆربه‌یان پرۆفیسۆری هندی ویابانی و مسری بوون، خوێندنیش له‌و زانکۆیه‌دا پله‌ی به‌رز بوو به‌زمانی ئینگلیزیش بوو، له‌ جیهانیشدا باوه‌ڕ پێکراو بوو. به‌ڵام ئێسته‌ خوا نه‌یبڕێت له‌سایه‌ی حکومه‌تی خۆمانه‌وه‌ پێم وابێت که‌س نازانێت چه‌ند زانکۆمان هه‌یه‌! چونکه‌ کردنه‌وه‌ی زانکۆ بوه‌ به‌ مه‌زاجی مه‌سئوله‌کان و هه‌رکه‌سێك ده‌چێته‌ شارێك وه‌عدی زانکۆیه‌ك ده‌دات بێ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی بۆ دانرابێت! جاری وا هه‌یه‌ زانکۆیه‌ك له‌به‌ر خاتری مناڵی مه‌سئولێك ده‌کرێته‌وه‌! له‌ بودجه‌ی تازه‌ی ئه‌م ساڵیشمان چوار زانکۆ به‌ڕێوه‌یه‌! به‌ڵام ئه‌و زانکۆیانه‌ نه‌ مامۆستای باش و نه‌ پێداویستی زانکۆی تێدا به‌دیده‌کرێت! جگه‌ له‌وه‌ش کۆمه‌ڵێك دکتۆرای فشه‌ بۆ مه‌سئوله‌کان تێیدا وه‌رگیراوه‌و حزبه‌کانیش به‌ که‌یفی خۆیان ته‌راتێنی تێدا ده‌که‌ن و ده‌ستده‌خه‌نه‌ کاروباریانه‌وه‌. به‌مانای که‌لیمه‌ هه‌رچی قودسیه‌ت هه‌بێت له‌م زانکۆیانه‌دا نه‌ماوه‌ و بونه‌ته‌ زۆروبۆر!
خوێنه‌ری به‌ڕێز ڕه‌نگه‌ هه‌ندێ که‌س به‌باشی بزانن که‌ زانکۆ له‌ کوێره‌ دێکانیشماندا هه‌بێت، چونکه‌ پێیان وایه‌ که‌ قوتابی له‌شاری خۆیدا زانکۆ ته‌واو ده‌کات و ئه‌و کاسانه‌ی باری ئابورییان کزه‌ له‌ خوێندنی زانکۆ بێبه‌ش نابن! به‌ڵام ئه‌و گه‌نجه‌ی هه‌موو ژیانی له‌ شارۆچکه‌که‌ی خۆیدا به‌رێته‌ سه‌ر و هیچ ژیانێکی دوور له‌ خێزانه‌که‌ی نه‌بینێت ده‌بێت چۆن گه‌نجێكی لێده‌ربچێت؟ ئایا له‌بری ئه‌و هه‌موو زانکۆ کڵۆڵه‌، حکومه‌ته‌که‌مان بایه‌خی بدایه‌ به‌ هێنانی مامۆستای باش و تاقیگاو پێداویستی هاوشانی زانکۆکانی جیهان و کردنه‌وه‌ی به‌شی ناوخۆیی به‌ هه‌موو پێداویستی ژیان و ده‌رماڵه‌ی چاك بۆ قوتابیان زۆر باشتر نه‌ده‌بوو! ئه‌و کاته‌ش گه‌نجێکی دووره‌شار ئاشنا ده‌بوو به‌ ژیانی شار و فێری ژیانی دوور له‌ خێزان و هه‌ستکردن به‌ لێپرسینه‌وه‌ ده‌بوو، له‌ ژیانیشدا ده‌بوو به‌ گه‌نجێکی سه‌رکه‌وتوو دنیا دیده‌! فێریش ده‌بوو که‌ چۆن به‌ته‌نها به‌ره‌وڕوی کێشه‌کان ببێته‌وه‌.
به‌ڵێ کاروباره‌کانی حکومه‌ته‌که‌مان هه‌موویان بێسه‌روبه‌رییان پێوه‌ دیاره‌، بوونی نێچیریش به‌ سه‌رۆکی زانکۆی کوردستان یه‌کێکه‌ له‌و ئیشانه‌! ئیتر توخوا ناهه‌قمه‌ پڕ به‌دڵ‌ گریانم بۆ حاڵی ئه‌و زانکۆیانه‌ بێت؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە