ئۆپۆزسیۆنێکى نوێ .. بەفۆرمێکى نیشتمانى
Wednesday, 17/02/2016, 19:15
ئەو بارودۆخەى کە ئێستا دروست بوە بەهۆى شکستى حکومەتى بنکە فراوانەوەبوو، چونکە هەرسێ لایەنى ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتى پێشوو نەیانتوانى لەسەر پرۆژەیەکى ستراتیجى کۆک بن بۆ بەڕێوەبردنى حکومەت و چارەسەرى قەیرانەکان و گەندەڵى، کە چەندان ساڵە حکومەت بە دەستیەوە دەناڵێنێت و رۆژ بەرۆژ جەستەى حکومەت دادەرزێنێت و بەرەو مردن و لەناوچوونى دەبات، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان لەو بڕوایەدابوون کە لەناو حکومەتدا دەتوانن رۆڵى کاراتر ببینن و دەستیان کراوەتر دەبێت بۆ چارەسەرى قەیرانەکان و راستەوخۆ دەتوانن دەست بخەنە سەر برینەکان و چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە، لەسەر هەردوو ئاستى پەرلەمان و حکومەت پارتەئۆپۆزسیۆنەکان چالاکانە دەستیان بەکار کردوو لە هەوڵى ئەوەدابوون کە بنەمایەکى بەهێز بۆ سیستمێکى سیاسیى دیموکراسى لە کوردستادا دابڕێژن و بۆ ئەم مەبەستەش دەستیان کرد بە هەموارکردنەوەى دەستورى هەرێمى کوردستان و لەگەلڕ هەموو لایەنەکانى تردا ویستیان دەستورێکى دیموکراسى و پێشکەوتوو بنووسنەوە بە هەموو پێکهاتەو ناوەڕۆکەکانى هەتا ببێتە سەرچاوەیەک بۆ یاساکان و سنورێک بۆ باندەکانى مافیا و پارتە دەسەڵاتدارەکان و کەسە چاوچنۆکە بەرژەوەندى خوازەکان دابنێت، بەڵام سەد مەخابن ، لەبەردەم ئەو هەوڵانەدا پارتى دیموکراتى کوردستان بە پلەى یەکەم و لە دوا قۆناغیشدا یەکێتى چووە پالڕ، کە دەستیان کرد بە دروستکردنى دیوارێکى کۆنکرێتى گەورە بۆئەوەى شکست بە ئەو هەوڵانە بدەن و لە کاردانەوەدا سیاسەتێکى زۆر توند و نالۆژیکیان گرتەبەر و هەموو ئەو دەستکەوتانەیان لەباربرد و دۆخەکەیان گێڕایەوە بۆ پێش حکومەتى بنکە فراوان و بە ئەنجامدانى کودەتاى 12ى حوزەیران ئیتر رۆڵى هەموو دامەزراوە شەرعیەکانى وەک پەرلەمانیان پەک خست و جارێکى تر رۆڵى بەڕێوەبردنى حکومەت و کاروبارى سیاسیى گەڕایەوە بۆ مەکتەبى سیاسیەکان بەتایبەتى یەکێتى و پارتى.
پارتە دەسەڵاتدارەکان هەر بە پەکخستنى ئەو دامەزراوە شەرعیانەوە نەوەستان، بەڵکو دواتر بەپێى پلانێکى نەخشە بۆ کێشراو کەوتنە سزادانى پارتەکانى کە پێشوو لە ئۆپۆزسیۆندا بوون لەگەلڕ کۆمەڵانى خەڵک بە گشتى و بەتایبەتیش ئەوانەى لە دەرەوەى یەکێتى و پارتیدان، ئەمەش بۆ ئەوەبوو کە جارێکى تر بە نەفەسێکى ترەوە بگەڕێنەوە سەر گۆڕەپانى سیاسیى و بەهێزکردنەوەى بنکەى جەماوەریان.
لە دوایەمین رالگەیەندراوى لیژنەى چاکسازى قەیرانەکانى حکومەتى هەرێم کە سیستمى نوێى مووچەى راگەیاند ئەو راستیە دەبینرێت، چونکە لە جیاتى ئەوەى کە حکومەت گوآ بۆ ئەو هەموو پرۆژە چاکسازیانە بگرێت کە خرایە بەردەمى بەتایبەتیش شەفاف بوون لە مەلەفى نەوت و گاز و بڕینى مووچەى بن دیوارەکان کە بەشێکى زۆرى رێکخستنە حیزبیەکانى یەکێتى و پارتین و نەهێشتنى رۆتین و سزادانى گەندەڵکاران و گێڕانەوەى پارەى دزراوى هاوڵاتیان لە دەرەوە، حکومەت هەموو قورسایى چاکسازیەکانى خستە سەر کەمکردنەوەى مووچەى فەرمانبەران، وەک ئەوەى کە تائێستا سەرچاوەى سەرەکى ئەم قەیرانانە، فەرمانبەران بون و پێویستە فەرمانبەر پارەکان بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەى دەوڵەت و دەبێت سزاکە بۆ ئەوان بێت چونکە هەتا ئێستا زۆرى مووچەى فەرمانبەر بووە کە حکومەتى بەو دەردە بردووە.
ئەم سیاسەتە هەتا ئێرە قۆناغێک بوە، لێرەوە دەچێتەقۆناغێکى ئاڵۆز و سەختتر، چونکە سزاکان گەیشتنە سەر تاکە تاکەى هاوڵاتیان و ئەم سزادانەش هەروا شتێکى ئاسایى نیە، چونکە ئەمە بۆ ئامانجى سیاسیە، کە ئەویش جارێکى تر بەهێزکردنەوەى پێگەى جەماوەرى دوو پارتى دەسەڵاتدارەو لێدانى پارتەکانى تر و زۆرینەى خەڵکە، لێرەوە دەبێت پارتە سیاسیەکانى دەرەوەى یەکێتى و پارتى زۆر بە ورزدى مامەڵە لەگەلڕ دۆخەکەدا بکەن، چونکە پارتى سیاسى دەبێت کار بۆ دابینکردنى ماف و بەرژەوەندیەکانى هاوڵاتیان بکەن و لەپێگە هەستیار و ناسکەکاندا لەگەڵیاندابن و لەکاتى گرفتەکاندا پشتیان بەرنەدەن و ببنە قەڵغان بۆ پاراستنى مافەکانیان، ئەگەر سەیرى بارودۆخى کوردستان بکەیت کە بە درێژایى 24 ساڵى رابردوو پێگە گرنگەکانى دەسەڵات و حکومەت لەژێر هەژموونى یەکێتى و پارتیدا بوون، ئەم دوو حیزبە پەیام و دروشم و شێوازى کارکردن و ئامانجیان روونەو خۆشیان و جەماوەریش دەزانن چۆن سیستمى سیاسیى دەبەن بەڕێوەو بە چ ئاراستەیەکیدا دەبەن، بەڵام ئەوەى گرنگە هەڵوێستى سآ پارتەکەى ترى ناو پەرلەمانە کە بریتین لە یەکگرتوو کۆمەلڕ و گۆڕان، ئەمان دەبێت بزانن چى دەکەن و چۆن هەنگاو هەڵدەگرن، بەتایبەتیش ل ئەم کاتە هەستیارەدا، کە زۆرینەى هاوڵاتیان و فەرمانبەران کەوتوونە بە سزایەکى سەختى حکومەت و دوو پارتە دەسەڵاتدارەکە، دەبێت ئەم پارتە سیاسیانە جەماوەر بە تاکە پشتیوان و کایەى کارکردنى خۆیان بزانن و بۆ بەرگرى کردن لە مافەکانى هاوڵاتیان ئامادەى هەموو قوربانیەک بن، نابێت ئەم پارتانە لە بازوى پارتە دەسەڵاتدارەکان بترسن، چونکە جەماوەریش هێزێکى گەورەیە، ئەگەر ئەو جەماوەرە پشتیوان لە هەر پارتێک بکات سەرکەوتوو دەبێت. لەبەرئەوە دەبێت ئەم سآ پارتە بە ستراتیجیەتێکى نوێوە مامەڵە بکەن و نەهێڵن پلانى پارتى و یەکێتى بچێتەسەرو درز بخەنە نێو پەیوەندیەکانیان، بەڵکو جارێکى تر هەرسآ پارتەکە بگەڕێنەوە بەرەى خەڵک و فەرمانبەران و ببنە داکۆکیکەرى سەرسەختى بەرژەوەندیەکانى خەڵک، ئەگەر ئەمە بە پاشەکشەى دوو پارتى کۆمەلڕ و یەکگرتووش بێت لە حکومەت دەبێت ئەم کارە بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە بەرەیەک پێک بهێنن و لەسەر چەند خاڵێکى ستراتیجى رێک بکەون کە قۆناغى داهاتوو کارکردن بێت لەپێناو دابینکردنى مافەکان هاوڵاتیان و باشکردنى گوزەران و گێڕانەوەى مووچە بۆ بارى پێشوو، لەگەلڕ بوونى پرۆژەیەکى یەکگرتوو بۆ چاکسازى لە هەرێمى کوردستاندا.
دروستکردنى ئەم هاوپەیمانێتیە نوێیەش تەنها پارتە سیاسیەکان نەگرێتەوە بەڵکو بەرەکە فراوان بکرێت بۆ رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و میدیاکاران و رۆشنبیران و مامۆستایانى زانکۆ، ئەگەر بەرەیەکى بەوجۆرە پێک بێت دەبێتە هێزێکى فشارى زۆر گەورە و دواجار هەردوو دەسەڵاتى یەکێتى و پارتى ناچار دەکات بە پاشەکشە لە بڕیارەکانیان و ملکەچکردن بۆ داواکانى هاوڵاتیان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست