پەیامێك بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا
Tuesday, 22/05/2012, 12:00
دەبوو زووتر هەڵوێستی توندم بەرانبەر گشت ئەو ناهەقیانەی کە بە من و بەڕێوەبەرایەتی پەیمانگای تەکنیکی دەربەندیخان و گشت قوتابیانی کرا بە چەندەها ڕێگەی جیاواز ئاراستەی ئەو دەستەڵاتە بکردایە کە وەزارەتی خوێندی باڵا بەڕێوە دەبات. ناتوانم باوەڕ بەو بۆچونانەش نەکەم کە دەستەی کوردستان پۆست لە ڕاگەیاندنەکانەوە ڕایان گەیاند کە زۆر بە نەرمی لەگەڵ دەستەڵاتی کوردیدا مامەڵەیان کردووە لە سەرەتاوە، تا ناچار کراون هەڵوێستیان بگۆڕن بەو ئاراستەی کە ئێستە هەیانە، کە زۆرجار جوێن و ووشەی زۆر توند لە ووتارەکانیاندا بەکار دەهێنن، دەستەڵاتێك ئەوەندە سەقافەتی نەبێت کە پێی ووترا گەندەڵی ئیتر مانای وایە هیچی تێدا نەماوەتەوە، بەڵام چونکە ووشەی گەندەڵی لەناو ڕاگەیاندنی کوردیدا ووشەیەکی تازەیەو لەناو خەڵك و عەشایەریشدا زۆرێکی ماناکەی وەك خۆی نازانێت، ئیتر دەستەڵات هەندێك جار بە شانازیشەوە دەڵێن (ئیمە دزانن گەندڵی هەیە بلام وەرن با پیکوە چارەسەری بکەین). وە منیش دەڵێم بەڵام ئێوە ڕاست ناکەن و ناتانەوێت چارەسەری بکەن، وەیان ئیتر لەمەودوا بەم شێوەیە باشترە بڵێم ئێوە درۆ دەکەن لەبری ڕاست ناکەن، چونکە تا ئەدەب بەکار بهێنین بەرانبەر ئەو دەستەڵاتە زیاتر بوغرا دەبن، هەروەك لەبەرانبەر گەندەڵیەکانیشدا دەبێت ئێستەودوا شی بکرێنەوە، بەو زمانەی کە خۆیان پسپۆڕن تێیدا بەکاریان بهێنین، بۆ نموونە هەرشتێك درۆ بوو بڵێن درۆزن و کەزابن لەوەدا، لەوەی تردا دزو جەردەو خوا نەناسن، لەوەی تردا حیزو قەحبەن، لەوەی تردا موخەنەت و خیانەتکارن، لەوی تریشدا فێڵبازو شەیتانن، لەوەکەشیاندا قوندەرو بیژەین، لەوی تریشدا نەشارەزاو نەخوێندەوارن، لەوەی تریشیدا بێ ڕێزو بێ ئیحترام و هەتیمچەن،لەوی تریشدا قاتڵ و موجریم و بێ ڕەحمن، لەوی ترداو لەوی تردا...
هەموو ئەو ووشانە بەشێکن لە گەندەڵی، بەڵام ئێمە مانان کە ئەوروپامان دیووەو تەمەنمان لەگەڵ خوێندندا هەر لە بنەڕەتیەوە تێیدا هەبووە، لەولاشەوە ئەوەندە لە ئیسلام فێربووین کە بە ئەدەبەوە قسە بکەین مەهما کان بەرانبەرەکەشمان زۆر بێ ئەدەب و بێ ئیحترام بێت، کەچی دێن و خۆیان لێ دەگۆڕدرێت و وەك کابرای مانگا فرۆش و مانگاکەو دەڵاڵی لێ دێت. کە دەگێڕنەوە کابرایەك مانگایەکی نەزۆکی لەڕو گەڕی بێ شیری شێتۆکەی دەبێت، دەیبات بۆ بازاڕ بیفرۆشێت و دەیدات بە دەڵاڵێك کە موشتەریەکی بۆ بنێتەوە، کابرای دەڵاڵیش هاوار دەکات مانگامان لایە مانگا، بە زگێك دوو گۆلکی دەبێت، ڕۆژی یەك سەتڵ شیر دەدات، فەقیر وەك مەڕی پێغەمبەر (ێ) وایە، کابرای خاوەن مانگاش دەچێتەوە لای دەڵاڵ و دەڵی برا پیاوی باش بە ئەگەر دەزانیت مانگاکەم وایە با لە دەستی خۆمی دەرنەکەم، چونکە منداڵم ووردە.
جا نازانین ئەم دەستەڵاتە کابرای مانگا فرۆشە یان مانگاکەیە وەیان دەڵاڵەکە.
لێرەدا باسەکەم بە کورتی باس دەکەم، وە ئەم ووتارە یەکەم ووتارمەو زۆری تر درێژەی دەبێت و تەحەدای هەموو ئەو کەسانەش دەکەم لە یەکەم ڕۆژەوە تا کۆتا ڕۆژ ئاگایان لەم مەسەلەیە بووە وەرن هەر نەقدێکیان لەم ووتانە هەیە بیخەنە ڕوو، وە ئامادەی گفتوگۆی کراوەشم بەبەرچاوی کامێراو بە ڕاستەوخۆ لە هەر کەناڵێکی تەلەفزیۆنی بیانەوێت، بەڵام ڕاستەوخۆ بێت، نەك وەك ئەو موقابەلەیەم کە کرام بۆ گۆڤارێکی پارتی و دواتر ناوەرۆکی بابەتەکەیان گۆڕیبوو وە بەکاریان هێنا بوو بەرانبەر کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی، لە کاتێکدا هەرچەند من ئەگەر ڕخنەشم لەو دوو حیزبە هەبێت زۆر زۆر بەشەریف تریان دەزانم لە پارتی، بەشێوەیەك کە هەر بەراورد ناکرێت.
من دوای ئەوەی کە داوام لێکرا لەلایەن مامۆستا ڕزگار عەبدولکەریم ڕاگری پەیمانگای تەکنیکی دەربەندیخان کە بگەڕێمەوە کوردستان و لە هەمان پەیمانگا دەست بەکار ببم، زۆری پێ ووتم کە کەسانی خاوەن ماستەرو دکتۆرا بە ئێمە ڕازی نابن، تۆ خەڵکی شارەکەیت و پێویستمان پێتەو جیاوازی نی یە پەیمانگاو زانکۆ، هەر شتێکی زیاتر مەعنەوییە، وەك ناوەکەی، وەگەرنا هەر سەر بە یەك وەزارەتن و لەو جۆرە قسانە. منیش ناوم بەلاوە گرنگ نەبوو تەمەنم لە ئەوروپا بەسەر بردبوو گرنگ بەلامەوە خزمەت بوو نەك مەنسەب و مەعنەوە، گرنگ خزمەت کردن بووە بە کوردستان و وە گەر شارەکەی خۆشم بێت بێگومان ئەوە زیاتریش، خۆم چاك ئەوەم دەزانی کە گەندەڵی باڵی بەسەر کوردستاندا کێشاوەو بۆ من پێ دەچێت زۆر قورس بێت، بە تایبەتی حیزبی نیم و تاقەتی ئەو چەلەقانیەم نی یەو نامەوێت ببم بە بەشێك لەو گەندەڵیەی ئەوان، شانازی بەوەوە دەکەم کە بەینی من و حیزبەکانی دەستەڵات ئاسمان و ڕێسمانە، مامۆستا ڕزگاریش من چاك دەناسێت و خۆی دڵی دامەوەو بەڵێنی پێمدا کە من هەقی هیچم نەبێت و بە ئاسانی و بە زووی کارەکانم بۆ بەڕێ بکات، منیش زۆر بە خۆشحاڵیەوە هەر کە بڕوانامەی ماستەرەکەم وەرگرت بێ دوو دڵی و هیچ هەوڵێکی ئیشکردن لە بەریتانیاو هیچ جێگەیەکی تر لەکاتێکدا چەندەها جێگەی خۆیان ئۆفەریان بۆ دەکردم، گشت بڕوانامەکانم لەلایەن پارێزەرەوە تەێدیق کردن، دواتر ناردم بۆ وەزارەتی خارجی بەریتانیاو ئەوانیش هەموویان تەێدیق کرد، دواتریش لە مولحەق سەقافی عێراقی و سەفارەتی عێراقیش هەموویم تەێدیق کردوو ماڵ و منداڵم پێچایەوەو خواحافیزی یەکجارەکیم لە بەریتانیا کرد، هەر بە گەشتنم بە کوردستان مامۆستا ڕزگار پەیوەندی پێوە کردم داوای کرد بڕانامەکانی بۆ ببەم و دەست بەکار بکەم تا کارەکانی وەزارەت تەواو دەبێت، کە پێ دەچێت چەند هەفتەیەکی پێ بچێت، منیش وام دەزانی خەو دەبینم ئەمە کوردستانە؟ یان چ ووڵاتێکە من بۆی هاتووم؟ لە دڵی خۆمدا لۆمەی خۆم دەکردو دەمووت من زۆر نا دادگەر بووم بەرانبەر ئەم دەستەڵاتە کە زۆرجار ووتارم لەسەریان نووسیووەو باسی گەندەڵیانم کردووە، ئێستە ئەوەتا من بەبێ واسیتە بەبێ ئەوەی حیزبێك پشتم بێت بە ئاسانی بە دوو هەفتە دام دەمەزرێنن، کەوتبووم بە دوو دڵیەکی واوە کە چۆن تەوبە بکەم لەو کارانەی لە ڕابردوودا کردوومە، چۆن بتوانم قەرەبووی بکەمەوە، دواتر هەرخۆم گەشتم بەو بڕوایەی کە جارێ زووەو ئەم دوو دڵیە تەنها عاتیفەیە، ئەوە بوو دوو هەفتە بوو بە دوو مانگ و ساڵی نوێ هات و تا بەهاری ساڵی نوێش بەردەوام بووم جگە لە بێ ڕێز بەرانبەر بە من و بە گشت قوتابیانی پەیمانگای تەکنیکی دەربەندیخان و ڕاگری پەیمانگاکەش هیچی ترم بەدی نەکرد، کە زۆر بێ منەتانە دەستیان بە ڕووی من و ڕاگری کۆلیژو گشت قوتابیاندا نا.
دوای ئەوەی زیاتر لە ٢٠ جار لە دەربەندیخانەوە ڕۆشتمە هەولێرو ئیشەکانی وەزارەتی عەدل و پەیوەندیەکانی دەرەوەو تەربیەشم تەواو کرد، دوای ئەوەی گشت جێگەکان هەر لە پەیمانگای تەکنیکی دەربەندیخان و دەستەی تەکنیکی سلێمانی و ئاسایشی گەرمیان و گشت جێگەکان ڕەزامەندیان دەربڕی تەنها بەهۆی ئیمزایەکی دکتۆر گۆڤەند شێروانی یەو گشت ڕێسەکان کرانەوە بە خوری، لە کاتێکدا بەڵێنی پێم داو بەڵێنەکەی نەبردە سەر لەکاتێکدا منی لە ئیش کردو بە ڕاشکاوی پێم وت ئەگەر دەیکەی بیکەی ئەگەر نایکەیت زوو یەکلایم بکەرەوە ووتی ئەدی کو نایکەم.
لەگەڵ هەموو ئەوەشدا لە کۆتایدا ووتیان موعامەلەکەت لە وەزارەت بەبێ سوود جێ هێشتووەو سەردانی دەکەیت، چونکە ئێمە لە زووەوە مەلەفی تۆمان داخستووە، کەچی زۆر بەداخەوە ئێستە دەڵێن مامۆستا عومەر خۆی ڕۆشتووەتەوەو ئارامی نەگرتووە، لە کاتێکدا من پێم ووتن با مەلەفەکەم دانەخرێت تا سەفەرێك دەکەم و دەگەڕێمەوە بەریتانیاو تەقدیمی دکتۆرا دەکەم و دەگەڕێمەوە، ئەوان ووتیان مەلەفی تۆ هەر زوو داخراوە، جا نازانم داخستنی مەلەف و ئارام نەگرتنی من چەندیان بەچەند.
ئارام نەگرتنی من چ پەیوەندی بە باسی کوردستان پۆست و دکتۆر کەمال میراودەلیەوە هەبوو کە پێم دەوترا لەلایەن پارتیەوە، چ پەیوەندی بە بە ئاراستەی حیزبی و ناچارکرنی واسیتەوە هەبوو، چ پەیوەندی بەوەوە هەبوو باسی دکتۆر کەمال مێرادەلی بەردەوام بە گومێمدا بدرێتەوەو وام لێ بکەن ئەو هەستەم لا دروست ببێت کە من لەگەڵ دکتۆر کەمال میراودەلیدا تاوانێکی گەورەم کردبێت، لە کاتێکدا دکتۆر کەمال میراودەلیم زۆر زۆر لە هەموو ئەوان پێ مەرد ترە کە بە خراپی باسی دەکەن، وە کوردستان پۆستیشم لە گشت ئەو ڕاگەیاندنانە پێ باشترە کە ئەوان تەعنی لێ دەدەن، لە هیچ ووتارێكی ڕابردووشم پەشێمان نینم و کەسایەتی دکتۆر کەمالیش هیچ کات لەلام کەم نەبووەو وا نازانم کارێکی خراپم لەگەڵیدا کردبێت. هەموو ئەوەی کردوومە بەخۆ بەخشی و بەو پەڕی قەناعەتەوە بووە، بەجیا لە مشەخۆرەکانی حیزب کە بە پارە گشت کارەکان دەکەن و وە قەناعەتیشیان هەر بە پارە فرۆشتووە.
خۆشحاڵم بەوەی کە لە ١ دیناری ئەو دەستەڵاتە سوودمەند نەبووم و لەسەر ئەرکی خۆم خوێندوومە تا ماستەرکەم بە دەستهێناوەو.
تەنها بەوە کۆتایی پێ دەهێنم کەسی شیاو لە جێگەی شیاودا دابنێن، ناوەکەتان وەزارەتی خوێندنی باڵایە کەسانێك دابنێن بۆ یەکسان کردنی بڕوانامەی باڵا کە لە بڕوانامە تێ بگات و بزانێت چۆن بەدەست دێت، بزانێت ماستەر یانی چی، بزانێت ئاستی دکتۆرا چی یە، هەتا ئەگەر لە هەر ووڵاتێیش بەدەست هاتبوو، بزانێت فلتەرەکان تەسدیق کردن چی یەو حسابیان بۆ بکات، بەو شێوەیە نەبێت کە تەنها وەرەقەیەك بە ئیمزای کەسێکی حیزبی سەر بە دەستەڵات یەکسان نی یە بە بڕوانامەی ماستەرو دکتۆرا، بزانێت بەو شێوەیە گەندەڵی بنبڕناکرێت، بەڵکو گەندەڵی گەورە دروست دەکرێت، چۆن یەك وەرەقە یەکسانە بەو هەموو بڕوانامەو تەسدیقاتی خارجی و داخلی، بزانێت کێن ئەو کەسانەی بەبێ شەهادە ئەو وەرەقەیان پێدراوە... بزانێت ئەو دەزگانەی سەر بە ووڵاتەکەی ئەون لە دەرەوەی ووڵات چۆن تەسدیقی بڕوانامە دەکەن، بزانێت سیستمی ووڵاتان لەگەڵ گەندەڵی کوردستاندا جیاوازی زۆرە، بزانێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ سیستمی ووڵاتاندا نەك سیستمی ووڵاتانی گەورەی وەك بەریتانیا لەگەڵ گەندەڵی خۆیدا بگونجێنێت، بزانێت ئاستی خۆی بەرز بکاتەوە نەك ئاستی بەرزی ووڵاتان بە بۆ لای خۆی دابەزێنێت،بزانێت چۆن دڵی خاوەن شەهادەکان ڕابگرێت و مەیلیان بۆلای خزمەتی ووڵات ڕابکێشێت، بزانێت قەرارێك کە هەبوو دەبێت بۆ هەمووی بێت نەك تەنها بۆ حیزبیەکان، بزانیت کەسێك بەبێ خزمەت خانەنشین نەکات، بزانیت دکتۆر کەمال میراودەلی کەسێکی ئەکادیمی و خاوەن ئەزموون و زۆر بە توانایەو ئەگەر هەر لەبەر بڕوانامەکانیشی بێت نابێت سوکایەتی پێ بکرێت.
کە باسی کەم تەحامولی و توڕەبوونیش بکرێت، من زۆر بە مافی خۆمی دەزانم کە تەحامولم نەمێنێت و توڕە ببم و هەتا جوێنیش بدەم، ئەی باشە ئیتر توڕەبوون بۆچێ دروست کراوە؟ جوێن بۆچی بوونی هەیە؟ لە چ کاتێکدا بەکار بهێنرێت، ئەگەر کەسێك ناهەقی بەرابەر کرا هەر پێبکەنێت؟!، ئەگەر کەسێك سوکایەتی پێ کرا نوکتە بۆ بەرانبەر بکات؟!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست