کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بانگەواز

Monday, 12/10/2015, 21:53


بۆ چارەسەری پرس وهێورکردنەوەی ئاڵۆزیەکان لە باشوری کوردستان، پێویستە هەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە ژێر فەرمانیەتی یاسا.
بەداخەوە، بە هۆی پابەند نەبوون بە یاسا، بارودۆخی هەرێمی کوردستان بەم ئاڵۆزیە گەیشت و لەبەرامبەر ناڕەزاییدەربڕین و خۆپیشاندەران خوێن ڕشتن و کوشتنی تێکەوت. 
 ئەوا بۆ دوو ساڵ دەچێت هەرێمی کوردستان ( باشوور ) رووبەڕووی چەندین قەیرانی ئابوری، سیاسی، ئیداری، لەشکەری و کۆمەڵایەتی کراوەتەوە و لەبەرامبەری دا خەڵکی کوردستان حەوسەڵەی گرت و قوربانی زۆریان دا و خۆڕاگریان کرد. بەڵام ئیدارەی حکومەت و دەسەڵاتی هەرێم نەیتوانی کۆدەکانی ئەو قەیرانانە و تەحەمولی کۆمەڵانی خەڵک بخوێننەوە، بۆیە کێشەکان بێ چارەسەر مانەوە و ئەم بارودۆخەی ئەمڕۆی لێ کەوتەوە. 
کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چاوەڕوانی وەرچەرخانی نوێ دان و رۆژ لە دوای رۆژ پێشهاتی نوێی سیاسی و سەربازی دێنە ئاراوە. وەکو ئەبینرێ ئەم ناوچەیەی کە کوردستانی کەوتۆتە ناو جەرگەیەوە، شەڕ، پێکدادان، نائارامی و پشێوی و تا گەیشتۆتە ئەوەی زلهێزەکانیش پاڵاوتنی حساباتیان لەم ناوچەیەدا یەکلایی دەکەنەوە. بۆیە ئەم دەڤەرە لە بارودۆخێکی ناهەمواردا گوزەر دەکا. لەناو ئەو شەرت ومەرجانەدا، گەلی کورد و کوردستانیش وەک ئاکتەرێکی دیار و بەرچاو و گرنگ بەدی دەکرێ و حیسابی تایبەتی بۆ دەکرێ. لەلایەکی تریشەەوە هەر چوار دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان وەک پێکهاتەی دەوڵەتبوون و ‌وجۆری حوکمڕانیان لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە قەبوڵ ناکرێن و بەمەوە بارودۆخیان پڕە لە قەیران و کێشە و شەڕ و مافەکانی مرۆڤ تیایاندا جێگای گومان و لێپرسینەوەیە. ئەمانە هەمووی لەلایەک مەترسی و لەلایەکی تریشەوە دەسکەوت و رێخۆشکەرن بۆ گەیشتن بە ئامانج و مافەکانی گەلی کورد و کوردستان. 
ئەمڕۆ لە هەر دوو پارچەی کوردستان، باشوور و رۆژئاوا، خۆسەریەکی دیموکراتی و نیمچە سەربەخۆ هەیە. لە باکوری کوردستانیش گەلەکەمان لە خەبات و تێکۆشانێکی پڕ سەخت و دژوار دان و لە روناکی ئاسۆی سەرفرازی نزیکبۆەتەوە. لە رۆژهەڵاتی کیردستانیشدا گەلەکەمان لە سەنگەرەکانی بەرگری و خۆڕاگریدان لە بەرامبەر دەوڵەتی کۆنەپەرستی سێدارە و بەگیانی بەرزی شۆڕشگێریەوە لە سەنگەری پیرۆزی خەبات و تێکۆشاندان. بە گشتی گەلی کورد و کوردستان بەبێ گوێدان بە سنوورە دەستکردەکان شان بە شان و هاوسەنگەر لە بەرامبەر هێزی رەش و تیرۆرستی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی داعش و داگیرکەران دا خاک ووڵات دەپارێزن. بۆیە ئەمانە هەمووی دەستکەوتی مەزنن و رەگوڕیشەی یەکیەتی نەتەوەیی بە‌هێز دەکەن و گەلی کوردستان شانازی پێوە دەکات و کوردستان و کێشە رەواکەی گەیاندۆتە قۆناغێکی نوێوە. 
ئەم بارودۆخەی کە لە باشور لە ئارادایەو دروست کراوە وەک ئیشارەمان پێدا هۆکارەکانی روونن. بەهیچ شێوەیەک خزمەت بە دۆزی کۆمەڵانی خەڵک ناکات و رێڕەوی ئەمڕۆی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان، کە خەباتە لە پێناو دەستەبەرکردنی دیموکراتی و مافەکانی مرۆڤ بەداخەوە لەکەدار دەکات. هەروەها کاردانەوەی نەرێنی دەکاتە سەر ئەو گرنگیدانە نێودەوڵەتیەی کە بە دۆزە رەواکەمان دەدرێت. بۆیە هێورکردنەوەی و بەدەمهاتنی داواکاریەکانی خەڵک و بەرپرسیارانە هەڵسوکەوتکردنی حکومەت و ئەو لایەنانەی لەناو حکومەتدان ئەرکێکی مێژوویی نەتەوەیی و نیشتیمانی یە. 


 كۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ک ن ک. نیگەرانی خۆی بۆ ئەو بارودۆخەی کە لە باشور هاتۆتە کایەو، دەردەبڕێت و لەم خاڵانەی خوارەوە دا داواکاریەکانی کە پێویستن رەچاو بکرێت، وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی چڕ دەکاتەوە و بانگی دەسەڵات، هێزە سیاسیەکان، رێکخراوە مەدەنیەکان و خەڵک بە گشتی دەکات: 
١. پرسە سیاسیەکان و دەسەڵات لە هەرێم، دەبێ بە بەیاسا چارەسەر بکرێن و هەروەها لەسەر هەموو ئاستەکانی دەسەڵاتدا یاسا سەروەربێت و کەلتوری رادەستکردنی دەسەڵاتەکان بە پێی پرەنسیبەکانی دیموکراسی پەیڕەو بکرێت. 
٢. گەلەکەمان لە باشور، خاوەن شکۆ و رێزن و سەرچاوەی هێز و توانای پاراستنی دەستکەوتەکانی گەل و نیشتیمانن. بۆیە شایەنی ئەوە نین برسی و تینوو بکرێن و بژێویان بە سیاسەت و پێکنەهاتن لەسەر چۆنیەتی دەسەڵات ببەسترێتەوە. 
٣. خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەڕبڕینی کۆمەڵانی خەڵک بە هەموو چین و توێژێکیەوە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی مافەکانیان، مافێکی سەرەتایی دیموکراتیانەی ئەوانە و پێویستە لە لایەن دەزگاکانی میری بە سینگفراوانیەوە وەڵامبدرێتەوە و مافەکانیان بۆ بگەڕیندرێتەوە و ژیان و گوزەرانیان بۆ فەراهەم و خۆشگوزەران بکرێت. هەروەها لەژێر هەر بیانویەکەوە بێت، نابێت بە توندوتیژی و بەکارهێنانی چەک سەرکوت و دەمکوت بکرێن. 
٤. داوا لە پۆلیس، ئاسایش و هەموو هێزەچەکدارەکانی هەرێم دەکەین، کە بەرپرسیارێتی و گیانی برایەتی و ئەرکی راستەقینەی سەرشانیان مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران بکەن و بە دڵسۆزانە سەر و ماڵ و موڵکی خەڵک و گشتی بپارێزن و پەنا نەبەنە بەر بەکارهێنانی توند و تیژی و چەکبەکارهێنان. ئەوەش لەبەر چاو بگرن کە ئێمە هەمووی رۆڵەی ئەم گەل و نیشتیمانەین. 
٥. داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین، هەوڵبدرێت و بەزووترین کات مووچەی فەرمانبەران و کارمەندان و خەڵکی بدرێت و هاوڵاتیان لە قەیرانی بژێوی و ئابوری رزگار بکرێن. 
٦. بۆ هێورکردەنەوە و تەشەنەنەکردنی زیاتری ئەو بارگرژیانەی کە لە ئارادان. بانگی دەزگاکانی راگەیاندنی حیزبی وئەهلیەکان دەکەین، بەئەرکی رۆژنامەوانی راستەقینەی خۆیان هەڵسن و داوا لە خۆنیشاندەران بکەن کە خۆپیشاندانەکان هێمن و مەدەنیانە بن و لە هۆکارەکانی ئەم رەوشە دا راستگۆیانە و هەستیارانەوە مامەڵە بکەن و تڤەنگ بە تاریکیەوە نەنێن و راستەکان وەکو خۆی بگوازنەوە. 
٧. داوا لە حکومەت و لایەنە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم دەکەین کە بە نیازی چارەسەرکرگنی کێشەکان. گەڕان بە دوای هۆکارەکانی ئەم دۆخە، بە رابردووی دەسەڵاتدارێتی خۆیاندا بچنەوە و کۆدەکانی بە دڵسۆزانە بخوێننەوە. هەروەها بۆ کاری جیدی بکرێ دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتی و دادپەروەری لە هەرێمدا. ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ک ن ک ئامادەین هاوکارو یارمەتیدەر بین.
گەلەکەمان ئەم راستیانە دەزانێت و ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان –ک ن ک. جارێکی تر پێداگیری دەکەینەوە، کە ئەو نزیکبوونەوە و گرنگیدانە نێودەوڵەتی و نێونەتەوەییەی بۆ دۆزی گەلی کورد و کوردستان هاتۆتە دی. دەرەنجامی سیاسەتی دڵسۆزانە و حەکیمانەی تێکۆشان وخەبات و خۆڕاگری و بەرخۆدانی رەنجی ئێستا و چەند ساڵەی یەکە یەکەی خەڵک و هێزە سیاسیەکانی کوردستانە. بۆیە گەلی کورد و کوردستان و خاکە پیرۆزەکەی خاوەنی شکۆی بەرزی دەستکەوتەکانن. 
لە کۆتاییدا سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی قوربانیانی دوێنێ و پێرێ ی خۆپیشاندانەکانی کەلار و قەڵادزێ دادەنەوێنین و داوا دەکەین کە بکوژەکانیان بدرێنە دادگا و بە توندی شەرمەزاریان دەکەین. هەروەها هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانی دەخوازین.دەکەین. بە هیوای چارەسەری هەرچی زووتر و ئاشتیەوانیی نەتەوەیین! 

کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، ک ن ک
١١ ی گەڵاڕێزان ٢٠١٥، برۆکسل
Kongreya Neteweyî ya Kurdistanê 
 Kurdistan National Congress
 Congrès National du Kurdistan
  Rue Jean Stas 41 1060 Bruxelles
 tel: 00 32 2 647 30 84
fax: 00 32 2 647 68 49 
 Homepage:
www.kongrakurdistan.net
e-mail:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە