کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


جاڕنامەی ڕاوێژی نەتەوەیی لە سەر کێشەی ڕۆژئاوای کوردستان

Friday, 19/10/2012, 12:00




13ی ئوکتوبەری 2012 ، پاریس (پاڕلەمانی فەڕانسە)

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (ک.ن.ک) بە گوێرەی پێویستی و خێرایی ڕۆژەڤی سیاسی لە سەر کێشەی نەتەوەیی کوردستان " ڕاوێژی نەتەوەیی" ئەنجام دا.
ڕاوێژی نەتەوەیی ئەمساڵ 13ی ئۆکتوبەری 2012 لە پاریس لە سەر پرسی ڕۆژئاوای کوردستان کۆبونەوە. لە هەر چوار پارچەی کوردستان و میدیای دیاسپورا و 31 (سی و یەک) بەرپرس و نوێنەری پارتی و ڕێکخراوی سیاسی، بە دەیان ڕێکخراوی مەدەنی و دموکراتیک و هەروەها سیاسەتمەدار و ڕووناکبیری سەربەخۆ بەشدار بوون. لەو کۆبونەوەیەدا 340 کەس بەشدار بوون و نوێنەرایەتی هەرە باڵای نەتەوەیی پێک هات. بەشدار بوانی ئاسووری ـ سوریانی ـ کلدانی و ئەرمەنی پەیامی یەکیەتییان دەدا. 
لەو ڕاوێژە نەتەوەییەدا لە سەر پرسی ڕۆژئاوای کوردستان بە گشتی و پڕۆسەی سەرهەڵدان و ئورگانیزە کردنی بەڕێوەبەری خۆبەڕێوەبەر هەڵوێستەی لە سەر کرا. بە تایبەتی لە سەر ناوی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستانی ئەندامی لێژنەی باڵا، بەرپرسیار و کەسایەتییە سیاسییەکان و ڕوناکبیران کە ئامادە بوون و لە سەر پێشهاتەکان زانیاری بەرفرە ڕاگەیەندران. ڕوانگه و پێشنیاری خۆیان پێشکەشی ڕاوێژی نەتەوەیی کرد. ڕاوێژی نەتەوەیی سەربەرزانە دەستنیشێنی کرد کە گەلی کورد لە سەر خاکی نیشتمانی خۆی بە سیاسەت و کردەوەی ژیرانە ویستی مافی نەتەوەیی و دیموکڕاتیکی خۆی بەرز کردۆتەوە و لەم قۆناغەدا لە هەمو بوارەکانی ژیاندا دەستی بە ئاوا کردنی دەسەڵاتی خۆ بەڕیوەبەری خۆی کردوە. 
گرێ دراو بەو پڕۆسەیە ، تێکڕای میکانیزمی نەتەوەیی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەنجومەنی نیشتمانی کورد و مەجلیسی گەل لە 11ی پوشپەڕی (2012) لە هەولێر بە چاودێری سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاک مەسعود بارزانی پەیماننامەیەکی نەتەوەیی ئیمزا کراوە و لە چوارچێوەی ئەو لێک نزیک بونەوە نەتەوەییە و دیموکڕاتیکە لە 24 پوشپەڕی (2012) لێژنەی باڵای کورد پێک هاتوە. گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بەو دەسکەوتە، لە بواری یەکیەتی نەتەوەیی هەنگاوێکی گرنگ و مێژووییان هاوێشتوە و ئەو هەنگاوە لە لایەن حکوومەت، حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستانی فیدڕاڵ (هەرێمی کوردستان) ، ک ج د ، ب د پ ، پەژاک ، ک ج ک و تێکڕای کوردان بە دڵگەرمییەوە پێشوازیان لێ کرد و هاوکاری مەزن نیشان درا. کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانیش بە ڕاگەیەندراوێک پشتگیری خۆی دیاری کرد و بانگی هەموو کورد و کوردستانیانی کرد کە پشتگیری ئەو پڕۆسەیە بکەن ، هەروەها داوای لە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان کرد کە ئەو یەکیەتی نەتەوەییە بپارێزن و بەرەوپێشی ببەن. 
کۆبونەوەی " ڕاوێژی نەتەوەیی" ئەمجارە 13ی ئۆکتوبەری (2012) پاریس بە تەرکیبی بەربڵاوی نەتەوەیی خۆی بە پیویستی زانی کە ڕاگەیەندراوێک بۆ ڕای گشتی کوردستان و دنیا بڵاو بکاتەوە. هەروەها ئەو داخوازانەش کە پێشنیار کراون پراکتیزە بکرێن و لە "کومیتەی پشتگیری" کە لە 15 پازدە کەس پێک دێن دەستەبەر بکرێن. 

یەکەم) بڕیارگەلێک کە لە کۆبونەوەی " ڕاوێژی نەتەوەیی" دراون بەو جۆرەی خوارەوەیە:
1. گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ویستی نەتەوەیی، دیموکڕاتیکی خۆی بە ڕێگای دیموکڕاتیک و ئاشتیانە بەرز کردۆتەوە و لەو بوارەدا خۆی ئامادە و ئورگانیزە کردوە. 
2. گەلی کورد و تێکڕای بەرپرسیارانی سیاسی و دیموکراتیک لە ڕۆژئاوای کوردستان سیاسەت و کردەوەی ژیرانەیان بەڕیوە بردوە کە نەکەوتونەتە ناو ناکۆکی ڕژیمی شام و ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتە کە لە ئانکاراوە هیدایەت ئەکرێن. 
3. لەو هەلومەرجەی سوریەدا کورد لە سەر خاک و زێدی خۆی بۆ سەقامگیری و ئاسایش گیان، ماڵ و مڵک و گاڕانتی کردنی داخوازە دیموکراتیکەکانی خۆیەتی و بۆ بە دەست هێنانی قەوارەیەکی نەتەوەیی دەستی بە ڕێکخستنی هێزی ئەمنییەتی و ئاسایش و پاراستنی خۆی کردوە. 



4. بە دوای پەیماننامەی (11ی پوشپەڕی 2012هەولێر) و دامەزراندنی لێژنەی باڵای کورد (24ی پوشپەڕی 2012) ئامانجەکان ڕوون بونەتەوە کە لە سەرانسەری ڕۆژئاوای کوردستان هەموو بەشەکانی ژیان بە ڕێکخستن بکرێن و دەسەڵاتی نەتەوەیی و دیموکراتیک پێک بێن. 
5. لە ڕاوێژی نەتەوەییدا بە یەکدەنگی وترا کە هەموو ویست و داخوازی کەمینە ئەتنیکی و دینی { ئەرمەنی ـ ئاسوری ـ سوریانی ـ کلدانی } یەکانی ڕۆژئاوای کوردستان گاڕانتی بکرێن و ئەمنییەتی ژیانی ئەوان دەستەبەر بکرێت. هەروەها کوردی ڕۆژئاوای کوردستان بە بەشدار کردنی کۆمەڵەی ئەتنیکی و دینی دەبێ دەسەڵاتداری خۆ بەڕیوەبەری کە نیشاندەرو نوێنگەی دیموکراتیکی کۆمەڵگا بێ، دەستەبەر بکەن. 
6. لە ڕاوێژی نەتەوەییدا بەرپرسیارانی ڕۆژئاوای کوردستان زۆر بە ئاشکرایی جاڕیاندا کە هەرچەند مافی چارەنووس وەک هەمو گەلانی دیکەی دنیا مافی گەلی کوردە و ئەتوانن هەرکات پێداگری لە سەر بکەن، بەڵام لە قۆناغی ئیستادا سوریەیەکی دیموکراتیک ولە کوردستان سیستەم و ئیدارەی نەتەوەیی و دیموکراتیک دابمەزرێنن و لەو چوارچێوەیەدا بانگ لە هەموو گەلانی سوریە دەکەین کە پێکەوە سوریەیەکی دیموکراتیک ئاوا بکەین. 
7. لە ڕاوێژی نەتەوەییدا گاڕانتی کرا کە کوردی ڕۆژئاوای کوردستان لە گەڵ دراوسێکانی خۆیدا بە ئاشتی بژین و بە هیچ جۆر دەخاڵەت لە کاروباری ئەوان نابن.
8. لە ڕاوێژی نەتەوەییدا زۆر بە ڕاشکاوی هەڵوێستەی لە سەر کرا کە کوردی ڕۆژئاوای کوردستان لە سەر خاکی خۆی سیستەمێکی دیموکراتیک، لائیک و سوسیال دابمەزرێنن. 
9. ڕاوێژی نەتەوەیی بانگی هەمو کورد و کوردستانیان دەکات کە لەم کاتە هەستیارەدا پشتیوانی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بن.
10. ڕاوێژی نەتەوەیی داوا لە کوردانی ڕۆژئاوا دەکات کە ئاشتی ناوخۆیی بە تەواوی بپارێزن و یەکیەتی نەتەوەیی بە هێزتر و سەقامگیرتر بکەن. 
11. ڕاوێژی نەتەوەیی داوا لە هەمو گەلانی سوریە دەکات کە نەکەونە ناو شەڕی ئەتنیکی، دینی و مەزهەبی و لە ناو خۆیاندا لە سەر بنەمای ژیانێکی ئازاد وە یەکسان سوریەیەکی دیموکراتیک پێکەوە ئاوا بکەن.
12. ڕاوێژی نەتەوەیی داوا لە جیهانی دیموکڕاتیک و مرۆڤ دۆست دەکات کە لە دامەزراندنی قەوارەیەکی نەتەوەیی و دیموکڕاتیک لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ناو سوریەیەکی دیموکڕاتیک دا هاوکاری بکەن و پابەند بن تا ئیدارەیەکی دیموکڕاتیک و خۆبەڕێوەبەر لە ڕۆژئاوای کوردستان ببێتە بنگەی هەرە سالمی نۆڕم و پڕێنسیپی ئازادی، یەکسانی، ئاشتی و دیموکڕاسی. 
13. ڕاوێژی نەتەوەیی هەروەها داوا لە کوردستانی فیدڕاڵ (هەرێمی کوردستان) دەکات کە ڕێگا و دەروازە و کاناڵی ژیانی ئابوری و بازرگانی بە ڕووی ڕۆژئاوای کوردستان دا بکاتەوەو ڕێگا بۆ میکانیزمی بازاری ناوخۆیی ڕۆژئاوای کوردستان هەموار بکات تا ژیانی ئابووری لە ڕۆژئاوای کوردستان بە هێز ببێت و خەڵکی ناوچەکە لە تەنگژەی ئابوری ڕزگاریان بێت. 
14. ڕاوێژی نەتەوەیی پەیمانی هەولێری (11ی پوشپەڕی 2012) کە بە چاودێری سەرۆکی کوردستانی فیدڕاڵ کاک مەسعود بارزانی لە ناو کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان بە ئاکام گەیشتوە تەئید دەکات و لێژنەی باڵای کوردانی ڕۆژئاوا نوێنگەی ڕاستەقینە دەبینێ و یارمەتی دەریان دەبێت.
15. ڕاوێژی نەتەوەیی دەخاڵەتی نیزامی دراوسێکانی سوریە مەترسیدار دەبینێت و داوا لە خەڵکی ناوچەکە دەکات کە دژی هەر چەشنە هەوڵدانێکی نیزامی تورکیە ڕاوەستن.
16. ڕاوێژی نەتەوەیی پڕوکاسیۆنی دەوڵەتانی سەردەستی ناوچەکە بە تایبەت تورکیە لە سەر ڕۆژئاوای کوردستان مەحکوم دەکات. 
17. ڕاوێژی نەتەوەیی داوا لە ئۆپوزسیۆنی سوریە دەکات کە ئەگەر گەرەکیانە ڕژیمی سوریە بگۆڕدرێت و سوریەیەکی دیموکڕاتیک دابمەزرێت، پێویستە لە سەر بنەمای قبووڵ کردن و گاڕانتی کردنی ویست و مافەکانی گەلی کورد لە گەڵ لێژنەی باڵای کوردی ڕۆژئاوای کوردستان پەیمان ببەستن.
18. ڕاوێژی نەتەوەیی هێرشی ئاسمانی ڕژیمی شام مەحکوم دەکات.
19. ڕاوێژی نەتەوەیی داوایەکی بە هێز لە ژنانی کوردستان دەکات کە لە ڕێکخستنی قەوارەیەکی نەتەوەیی و دیموکڕاتیک‌دا لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆڵی خۆیان بە باشی بگێڕن. 

دووهەم) کومیتەی پشتگیری
کومیتەی پشتگیری، لە ژێر بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەییدا لە پازدە کەس پێک هاتوە. لە ناو ئەو پازدە کەسەدا نوێنەرانی پارت و ڕێکخستن و کەسایەتی سەربەخۆ جێ دەگرن.
نەقشی کومیتەی پشتگیری ئەوەیە: 
لە ئاستی دیپلوماتیک و تێکەڵی ناوخۆیی دا هاوکاری لێژنەی باڵای کوردی ڕۆژئاوا بکات. ڕۆڵێکی وا بڕیاردەر نییە. 


سێهەم) داواکاری ک.ن.ک
کۆبونەوەی " ڕاوێژی نەتەوەیی " ک. ن. ک بە بیر و هزرێکی بەرزی نەتەوەیی داخواز لە کورد و کوردستانیانی ڕۆژئاوا دەکات کە ئەو دەرفەتەی هەڵکەوتوە بە بەرپرسیاریێکی مەزنی نەتوەیی بە کار بێنن و بە وێنایەکی دیموکڕاتیک بەڕێوەبەریێکی هاوبەشی نەتەوەیی پێک بێنن و بە بێ هەڵاواردن لە هەموو بوارەکاندا دەسەڵات لە ناو خۆیاندا دابەش بکەن. 
کۆبونەوەی " ڕاوێژی نەتەوەیی " هەروەها لە نەتەوە یەکگرتوەکان (یو ئێن)، لە یەکیەتی ئوروپا، لە هەمو ڕێکخراوەکانی سیاسی، سوسیال و کولتووری و هەمو دەوڵەتانی جیهان و بێروڕای گشتی مرۆڤدۆست داخواز دەکات کە گوێ بدەنە دەنگی ئازادیخوازی ڕۆژئاوای کوردستان و پشتیوان بن، هاوکاری بکەن تا هەم خەڵکی کورد و کوردستان بگەنە ئازادی، هەم لە سوریەش سیستمێکی دیموکڕاتیک ئاوا ببێت. ئەوەندەی کە کورد لە نیشتمانی خۆیاندا سەربەست بن، ڕۆژهەڵاتی ناڤین ئەوەندە بەرەو دیموکڕاسی دەچێت و ئەوە دەبێتە دەسکەوتێک بۆ سەرکەوتنی مرۆڤایەتی لە جیهان دا. 
پێویستە دنیا و سەردەستانی دنیا باش بزانن کە سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە تەواوی بە قبووڵ کردن و ناسینی قەوارەی دیموکڕاتیکی کوردستانەوە بەستراوەتەوە. پاش پێک هاتنی کوردستانی فیدڕاڵ لە ناو عێراقدا، پێک هێنانی قەوارەیەکی نەتەوەیی دیموکڕاتیک لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ناو سوریەی دیموکڕاتیک دا لە ناوچەکەدا هەنگاوێکی بەرەو سەقامگیری و ئارامی بێت. بە کارهێنانی نەوت، وزە و بە هەمو دەوڵەمەندی ناوچەکە بە ئازاد بوونی گەلی کوردەوە بەستراوەتەوە. دەوڵەتانی دنیا پێویستە ئەو ڕاستیە باش بزانن و پشتیوانی بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کورد بکەن تا خەڵکی ئەوانیش لە دەوڵەمەندی ناوچەکە بەهرەمەند ببن. 

لە بەر ڕۆشنایی ئەو ڕاستیانەدا ئێمە داوای گەلی کورد و هەموو کوردستانیان دەگەیەنینە دنیا کە پێکهاتنی سوریەیەکی دیموکڕاتیک بە ناسینی ستاتۆیەکی نەتەوەیی و دیموکڕاتیکی کوردی ڕۆژئاواوە بەندە. ئۆپوزسیونی ڕژیمیش پێویستە ڕاستی گەلی کورد ببینێت و بە پێی ئەو ڕاستیە پۆزیسیۆنی خۆی لە بەرامبەر گەلی کورد نیشان بدا. 

ڕاوێژی نەتەوەیی، سوپاسی بەڕیوەبەری پاڕلەمانی فەڕانسە دەکات کە بۆ ئەو کۆبونەوەیە دەرگایان بۆ کردینەوەو پێشوازی گەرمیان لێ کردین. لە گەڵ پێزانینی پاڕلەمانی فەڕانسە، ڕاوێژی نەتەوەیی ڕەخنەی لە پۆلیس و دۆزگەری فەڕانسە هەیە کە سیاسەتمەدار و دیپلوماتی کورد، ئەندامی کۆنسەی ڕێبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەڕێز "ئادەم ئۆزون"یان لە سەر داخوازی دەوڵەتی تورکیە گرتوە. تێکەڵی و دۆستایەتی گەلی کورد و فەڕانسە پێویستە بەو جۆرە کارە نیگەتیڤانە تێک نەچێت . هەر بۆیە ڕاوێژی نەتەوەیی هیوادارە کە دەوڵەتی فەڕانسە ئەو هەڵەیەی خۆی بە زوترین کات سەرڕاست بکاتەوە و ئادەم ئۆزون ئازاد بکەن. 
سەرکەوتن بۆ گەلی کورد و کوردستان

کۆبونەوەی ڕاوێژی نەتەوەیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە سەر ڕۆژئاوای کوردستان
13ی ئوکتوبەری 2012 { پاڕلەمانی فەڕانسە }

کۆبونەوەی ڕاوێژی نەتەوەیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە