کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


17ى شوبات، رەمزێك بۆ ستەم، دەرسێك بۆ خەبات

Thursday, 16/02/2012, 12:00





17ى شوبات بوو بەئاماژەیەكى مێژوویى لەژیانى سیاسى خەڵكى كوردستاندا، ساڵێك لەمەوبەرو لەمڕۆژەدا لەمەیدانى ئازادى شارى سلێمانى و دواتر لەمەیدانەكانى ئازادى زۆربەى شاروشارۆچكەكان، فووكرا بەگەرووى مایكرۆفۆنەكانداو لەپێناو ئازادى و دادپەروەرى و یەكسانیدا، دەنگى هەقخوازانەى خەڵك بەرزبۆوە تاكو هێڵێك لەنێوان كۆتایى و سەرەتاى دوو قۆناغى جیالەیەكتر، بكێشێت و لەوبەروارەوە ژیانێكى سیاسى و ئابوورى و كۆمەڵایەتى و كەلتورى نوێ، جیاواز لەوەى پێشوو، دەستپێبكات.
لەبەرامبەر گەندەڵى و بێدادى 20ساڵى رابردوو، لەبەرامبەر بێدەربەستى و ئەو جیاوازیە چینایەتى و كۆمەڵایەتیە گەورەیەى نێوان بەرپرسان و خەڵك، لەبەرامبەر دەستوورێكى پێشنیاركراو كە بۆ بەرهەمهێنانەوەى دەسەڵاتى میرو بەگزادەو كەلتوورى خێلأ و یاساى جەنگەڵە، لەدژى یاساى خۆپیشاندان كەدەستى ناوەتە بینەقاقاى هەموو ئازادیەكان و دەسەڵاتە دیكتاتۆرەكانمان بیردێنێتەوە، لەبەرامبەر یاساى رۆژنامەنووسى كە لەپێناو شاردنەوەى كارنامەى بەرپرسان و بنەماڵەكانیان رووماڵكردنى رووداوەكان حەرامدەكات، لەبەرامبەر ئەو هەموو گزى و ناپاكیەى لەسندوقەكانى دەنگدان كرا، لەبەرامبەر ئەو هەموو درۆیەى بەناوى ئازادى و دیموكراسیەوە كرا، لەبەرامبەر چۆكدادان و چاوچنۆكى كاربەدەستان بۆ پارەو كورسى و سامان، لەبەرامبەر ئەوەى كۆمەڵێك كەسى ناشارەزاو لێنەهاتوو وەك زاروو بەگوانى هەموو بڕگە هەستیارەكانى كۆمەڵگاوە نوساون و لێینابنەوە و لەبەرامبەر ئەوەى كە هیچ ئومێدێك بەچاكبوونى ئەمانە نەما ... خەڵكى كوردستان هاتنە سەر شەقامەكان و بۆ نووسینەوەى مێژوویەكى نوێ، 63 رۆژ لەمەیدانى شارەكان بەپێوەراوەستان و شەوانى هەموو ئەورۆژانەش بەدیار هەواڵى گلانى ئەم دەسەڵاتەوە دانیشتن.
ئەمە وێنەیەك و نمونەیەكى نوێ بوو لە خەباتى سیاسى و كۆمەڵایەتى خەڵكى كوردستاندا، قۆناغێكى نوێ بوو لەدژوەستانەوەى دەسەڵات و شێوازێكى نوێ بوو لەداواكردن و بەدواداچوونى مافەكان كە هێزو ئیرادەى جەماوەر تیایدا رەگەزى سەرەكیە، ئەگەرچى ئەمجۆرە خەباتە و ئەمجۆرە بزووتنەوەیە لەمێژووى دوورو نزیكدا چەندینجار ستەمكارانى كێشاوەتە پاى دادگاو لەقەفەزى تاوانى پێچاون. بەڵام بەداخەوە لەكوردستان هێشتا لەسەرەتادایە، ئەویش لەبەرئەوەى:
1- خەڵك رێكخراو نیە، رێكخراوبوونى چین و توێژەكانى وەك كرێكاران و موچەخۆرانى دەوڵەت و ژنان و قوتابیان و لاوان و كاسبكاران پیشمەرجى زۆر پێویستن بۆ سەركەوتنى هەرشۆڕش و راپەڕینێك، بەبێ ئەم رێكخراوانە شۆڕش و راپەڕین ئەگەر سەریشكەوێت بەرهەمەكەى هێزەكانى تر دەیبەن.
2- ئامانج و داخوازیەكان، وە رێگاو میكانیزمى بەدیهێنانیان لەئاستێكى فراوانى شەعبیدا فۆرمۆڵە نەكراون و ناناسرێن، تەنها لاى نوخبەیەك ئەمانە رۆشنن، راستە هاتنەمەیدانى خەڵك گرنگە بەڵام گرنگتر ئەوەیە بزانێت چی دەوێت و چۆن بەدیدێنێت.
3- ئەو هێزە سیاسیانەى بەرواڵەت هاوخەباتى خەڵك بوون، هەلپەرست و ناراستگۆ بوون لەگەلأ خۆپیشاندان و داواكاریەكانى خەڵك و خیانەتیان لەو هاوپەیمانێتیە نەنووسراوە كرد كە لەكاتى هەڵبژاردنەكان و لەكاتى خۆپیشاندانەكاندا خەڵك لەگەڵى كردن، ناڵێم خۆپیشاندانەكانى كوردستان هاوشێوەى شۆڕشەكانى ناوەڕاستى سەدەى 19ى ئەوروپایە، بەڵام خیانەتى ئەم هێزانەى نەیارى دەسەڵات هاوشێوەى خیانەتى بۆرژوازى ئەوكاتەى ئەوروپایە كە هێزو تێكۆشانى كرێكاران و زەحمەتكێشانیان تەنها بۆ ئامانجى خۆیان كەڵك لێوەرگرت و داخوازى ئەوانیان فەرامۆشكرد. هەروەكچۆن لێرە بۆ مامەڵەو سەودا نەبێت داواكاریەكانى خەڵكیان بیرنەكەوتۆتەوە.
4- بەرژەوەندى وڵاتانیش یەكێك لەفاكتەرەكانە، وڵاتانى دەوروبەرو لەسەروو ئەوانیشەوە ئەمریكا هێشتا بەرژەوەندییان لەمانەوەى پارتى و یەكێتیدایە و لەدەرەوەى ئەوان لەبەرژەوەندى خۆیان دوودڵن و بەوهۆیەشەوە لەهاتنەمەیدانى خەڵك دەترسن.
لەبارودۆخێكى وادایە كە ململانێى نێوان خەڵك و دەسەڵات تاڕادەیەك بەهاوسەنگى ماوەتەوە، داخوازى و نارەزایەتی پەرەیانسەندووەو بێئومێدى بەم دەسەڵاتە زیادیكردووە، بەڵام پارتى و یەكێتیش زیاتر نوقمى بەژەوەندى حیزبى و بنەماڵەیى بوون و بەهەرنرخێك بێت ناهێڵن حكومەتێكى واقیعى و دەسەڵاتێكى نیشتمانى لەم هەرێمە دابمەزرێت و بوار بەربەئیرادەى خەڵك نادەن و لەپێناوى مانەوەى خۆیاندا هەرچى لەدەستیان بێت دەیكەن، وەكچۆن شەقامى شارەكانیان بەخوێن سووركرد، تاوانبارانیان لەدەستى جەماوەرو لەدەستى یاساكانى خۆشیان پاراست، تاوانباریان بێتاوان و بێتاوانیان تاوانباركردو ملیان بە یەك داواكارى خەڵك نەدا و یەك هەنگاویشیان بۆ چاكسازى نەنا. تەنانەت ئەوەندە لەگەلأ خەڵك لێكدوورو جیاوازن كە لەگەلأ یەك خاڵى داواكارییەكانى خەڵك یەكناگرنەوە. ئەوان لەدۆڵێك و خەڵك لەدۆڵێك.
بەكورتى خەڵك بەئاراستەیەك و دەسەڵاتیش بەئاراستەیەكى پێچەوانە رێگادەبڕێت، خەڵك بۆ ئازادى و دەسەڵات بۆ سەركوت، خەڵك بۆ یەكسانى و دەسەڵات بۆ قوڵكردنەوەى جیاوازى نێوان چینەكان، خەڵك بۆ عەدالەتى كۆمەڵایەتى و دەسەڵات بۆ بێدادى، خەڵك بۆ دەسەڵاتێكى گشتى نیشتمانى و دەسەڵات بۆ دەسەڵاتێكى حیزبى و بنەماڵەیى، ناكۆكیەكان هەر ماون و رۆژبەرۆژیش قوڵتردەبنەوە، نەداخوازیەكانى خەڵك جێبەجێ بوون و نەدەسەڵاتیش دەستى لەسیاسەتى خۆى هەڵگرتووە، نەخەڵك متمانەى بەدەسەڵاتەو نە دەسەڵات منەتى بەخەڵكە، دەسەڵات لەجیاتى وەڵامدانەوەى خواستەكانى خەڵك لەسەرەوە فریوكارى دەكات و لەژێرەوەش قاچى كەسانى دى رادەكێشێ بۆناو زەلكاوى گەندەڵى.
سەرەنجام ئەم ململانێیە پێویستى بەیەكلابوونەوەیەو یەكێك لەئەگەرەكانیش كەوتنى دەسەڵاتە، كە گرنگە بزانین چى جێگاى دەگرێتەوە، ئەگەرچى تا ئەم چركەساتەش شانسى ئیسلامى سیاسى لەكوردستان لاوازە، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنى بارودۆخى ناوچەیى و بەكەڵكوەرگرتن لەهاوپەیمانى گۆڕان، دوورنیە ئەوان سندانى دواى قوزەڵقورت بن. بۆیە دەبێت بە حەزەرو وردبینى و هەستیارى زیاترەوە مامەڵە لەگەلأ رووداوەكان بكرێت و لەژێر كاریگەرى سۆزداریدا بریاریان لەسەر نەدرێت. مریشك هەرچەند بەرز بفرێت ئاكامەكەى كەوتنە، ئەم ئۆپۆزسیۆنە برینى دڵى خەڵك تیمار ناكات، یەك ساڵى رابردوو نمونەیەكى زیندووە، بەتایبەتى ئیسلامیەكان بەهەویەت دژى ئازادین، دژى ژنن، دژى پێشكەوتن و شارستانیەتن، خەڵك دەبێت بیر لەبەدیلى خۆى بكاتەوە. چاوەڕوانى لەبەرنامەى ئەوانەى لانیكەم 20 ساڵە لەگەلأ ئەم دەسەڵاتە شیرى یەك مەمك دەخۆن، كارێكى كوشندەیە. گرنگى ئەم خەباتەى خەڵك لەوەدایە پشت بەهێزى خۆى ببەستێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە