داواكارییەكانى خەڵك، "ئەنجومەنى مەیدانى ئازادى كوردستان"و دەسەڵاتو ئۆپۆزسیۆن
Tuesday, 24/05/2011, 12:00
سەرەتا گیانلەدەستدانى شەهیدانى ئەم سەرهەڵدانە جەماوەرییەو خۆڕاگرىو سەربەرزى كەسوكاریانو ئازارى بریندارەكانو هەموو ئەوانەى گیراونو ئەشكەنجەى دەروونىو جەستەیى دراون،بەوپەرى وەفادارییەوە رێزلێدەگرینو دەستى خەباتكارانەى پڕ لەجەسارەتو لەخۆبردوویى لاوانو ژنانو مامۆستایانو خوێندكارانو كرێكارانو فەرمانبەرانو كاسبكاران بەگەرمى دەگوشینو نەفرەتو لێخۆشنەبوونى هەتاهەتایى بۆ بكوژانو فەرماندەرانى تەقەكردن لەخۆپیشاندەران دەنێرینو بەڵێنى پێداگرى لەسەر داخوازییەكانى خەڵكى كوردستان دووپات دەكەینەوە.
هەموومان ئاگادارین كە لەجەرگەى خرۆشانە جەماوەرییەكانى خۆرهەڵاتى ناوەراستدا، ئێمەش وەك میللەتێكى زیندووى حەقخوازو تینوو بە ئازادىو یەكسانى لە 17ى شوباتەوە تا 20ى نیسان بۆ ماوەى 63 رۆژ شەقامو ناوەندەكانى بازارمان لەزۆربەى شاروشارۆچكەكان كردە مەیدانى بانگەوازى چاكسازى سیاسىو ئابوورىو كۆمەڵایەتىو لەپێناوى ئەمانەدا بەرۆكى ئەو دەسەڵاتەمان راتەكاند كە 20ساڵەو لەپرۆسەیەكى سیاسى خۆپەرستانەدا هەموو شتێكى ئەم هەرێمەى لەدەستى كەمینەیەكى چاوچنۆكدا قۆرخكردووە.
بەپێچەوانەى رەوتى كارى دەسەڵاتەوە، لەماوەى ئەم 20 ساڵەداو بەتایبەتى لەدواى رووخانى رژێمى بەعسەوە بوارێكى سیاسىو ئابوورى باش بۆ خەڵكى كوردستان رەخساوە بۆ گەیشتن بەمافەكانى. لەرووى سیاسیەوە دەكرا حكومەتێكى موئەسەساتىو پایەكانى دەوڵەتێكى مۆدێرن دابمەزرێتو تەنانەت لەبارودۆخێكى وەك ئێستادا كە دەسەڵاتى ناوەندى لاوازەو نەیارەكانى سەربەخۆیى كوردستان لەوڵاتانى دراوسێو لەجیهانى عەرەبى دەرگیرى كێشەى خۆیاننو پشتیوانى نێودەوڵەتیش لەئارادایە، بیر لەدەوڵەتى سەربەخۆ بكرێتەوە، وە لەرووى ئابووریشەوە بەهۆى ئەو هەموو داهاتو ئیمكاناتەى لەبەردەستدایە دەتوانرا باشترین خۆشگوزەرانىو خزمەتگوزارى بۆ خەڵكى كوردستان دابینبكرێت، بەڵام دەسەڵاتدارانى كوردستان بەهۆى لێنەوەشاوەییانو لەبەر بەرژەوەندى سیاسىو ئابوورى خۆیان گەندەڵىو ناعەدالەتىو نایەكسانییان كردووە بەسیستەمى حوكم لەم هەرێمەداو بەهێزى چەك پارێزگارى لێدەكەن.
خەڵكى مافخوراوى كوردستان لەئاكامى ئەو دەستوپێ سپیكەییەى دەسەڵاتو لەبەرامبەر گەندەڵىو نادادپەروەریدا، دەستماندایە خۆپیشاندانەكانو پەنامان برد بۆ ئەو راستیەى كە تەنها بەهێزى خۆمان رزگار دەبینو دەتوانین ئەوەى دەمانەوێت بنیاتى بنێینو پێویست ناكات چیتر چاوەڕوانى بەڵێنە نەزۆكەكانى دەسەڵات بینو فریوى بیانووەكانى ئەوان بخۆین، بۆیە هەوڵماندا بەجۆرێك ئەم كۆمەڵگایە رێكبخرێتەوە كە لەناوخۆدا خۆشگوزەرانىو عەدالەتى كۆمەڵایەتى فەراهەم بێتو باشتریش بەرگەى پەلامارو پیلانى دەرەكى بگرێت.
بەڵام دەسەڵاتى كوردستان لەجیاتى بەهەندوەرگرتنى داخوازییەكانمانو لەجیاتى دەست بردن بۆ چاكسازى، رێگەى سەركوتو پەلامارى سەربازى هەڵبژارد، لەدرێژەى ئەم سیاسەتەدا جگە لە 10 شەهیدو سەدان بریندارو زیندانىو هەزاران پێشێلكارى ئازادى، دەیان ملیار دیناریش بۆ سەركوتى ناڕەزایەتى خەڵك لەبودجەى گشتى خەرجكرا. دواى ئەوەى پریشكى ئاگرى خۆپیشاندان سنوورى ئەوپەڕى دەسەڵاتى ئەمنى بڕىو لەهەولێر بڵێسەى سەند، بەهاوكارىو هەماهەنگى هێزى سەربازىو ئەمنىو هەواڵگرى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدارو بەكەڵك وەرگرتن لە سوپاى عێراق كە دەیانساڵە ئامرازى سەركوتى خەڵكى كوردستانەو هەروەها لەبەر رۆشنایى چراى سەوزى ئەمریكادا كە بەبوونى ئیسلامیەكانو پەیوەندى ئێران ترسێندرابوو، ئەزمونى سەركوتى هەولێرو دهۆك گواسترایەوە بۆ هەموو ناوچەكانى ترى كوردستان. بەئومێدى ئەوەى لەسایەى لوولەى تفەنگدا جارێكى تر خەڵكى كوردستان بخرێتەوە ناو تۆڕى بێمافییەكانو بەهەندێك ئاڵوگۆڕى شكڵى بێناوەرۆك داواكارییەكانى خەڵك بكرێت بەژێر خۆڵەوە.
واتە ئەم دەسەڵاتە بەهۆى خراپى ئەدائیەوە قەیرانەكەى قوڵتر كردۆتەوە، یاساكانى خۆشی خستۆتە ژێر پێ لەو شوێنانەى قازانجى خەڵكى تێدایە. تەنانەت بەپێوانەى وڵاتە دیكتاتۆرەكانى ناوچەكەش بەدەم داواكارییەكانى خەڵكەوە نەهاتووەو بەڵێنى چاكسازى نەداوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە ئیرادەو خواستى چاكسازى نییەو ئاسۆی بۆ دەسەڵاتى سیاسى دامەزراندنى حكومەتو دەوڵەتى مۆدێرن نییە.
ئەگەرچى ئێمە خەڵكى ناڕازى كوردستان هەر لەسەرەتاوە ئەم راستیەمان دەزانى كە ئەم دەسەڵاتە بەئاسانى مل بە ریفۆرم نادات و بەرادەیەك لەگەندەڵییەوە گلاوە كە ئامرازى چاكسازى لەبەردەستدا نیە. بەڵام بەهیواى ئەوەى رووداوەكانى وڵاتانى خۆرهەڵاتى ناوەراست بەئاگاى هێنابنەوە، كۆمەڵێك داواكاریمان بۆچاكسازى خستەڕوو، كەدەسەڵات تائێستا خۆى لەجێبەجێكردنیان بواردوەو بەبیانوى جۆراوجۆرەوە درێژەى بەخەمساردىو بێدەبەرستى خۆیداوە.
داواكارییەكانى ئێمە لەپێناوى ئەوەدایە كوردستان ببێت بەكۆمەڵگەیەكى ئاسایى مۆدێرن، دەستوورێكى مەدەنىو پێكەوتنخواز هەبێت كە ئازادىو دیموكراسىو مافە مەدەنىو فەردییەكان بەرهەمبێنێت، مافى هاوڵاتى بوونى یەكسان هەبێتو هەمووان لەبەردەم یاسادا یەكسان بن، حیزبەكانو بەرپرسەكان دابماڵرێن لەهێزى چەكدارى تایبەتىو دەزگاى سیخوڕى، حكومەت حاكم بێت نەك حیزب، موڵكو ماڵى دەست بەسەراگیراو وەرگیرێنەوەو سامانو بودجەى كوردستان بۆ پێشخستنى هەرێمو خۆشگوزەرانى خەڵك بێت بەشێوەیەكى دادپەروەرانە، خەڵك مافو ئیرادەى هەبێت لەدانانو لابردنى دەسەڵاتو بەرپرسەكاندا، ژیانو گوزەرانى چینەكانى خوارەوە بەجۆرێك باشبكرێت كە چیتر كەس ناچار نەبێت بۆ بەرێوەچوونى ژیانێكى سادە دوو كار بكات یان شوێن حیزبەكان بكەوێت، حیزب ببێت بەئامرازى خەبات نەك سەرچاوەى ژیانو خۆدەوڵەمەندكردن، ئەركى حكومەت كاركردن بێت بۆ نەهێشتنى گەندەڵىو لێپرسینەوە لەگەندەڵكارانو كار یان بیمەى بێكارى بۆ هەموو كەسێكى ئامادەبەكار دابینبكرێت و .... تاد.
سەركوتو هێرشى سەربازى ئەم داخوازییانەو ناڕەزایەتى خەڵكى لەناونەبردووە بەڵكو ئەوان هەر لەجێى خۆیان ماون بەڵام كۆمەڵێك فاكتى دژى دەسەڵات جێگیركرد، بۆنمونە: سەركوتى كرد بەمەلەفێكى رەسمىو لەئاستى ناوخۆو دەرەوەشدا ئەم دەسەڵاتەى وەك سەركوتگەرو دژى ئازادىو دیموكراتى ناساند، دەسەڵاتى لەخەڵك جیاكردەوە بەجۆرێك كە لەروانگەى خەڵكەوە مەحكومە بەرۆیشتنو چیتر بەخواستى خەڵك قابیلى مانەوە نیە،خۆپیشاندانەكانى دواى 17ى شوباتو لەشكركێشییەكانى دواى 19ى نیسانو دوومانگو نیو بارى ناسایى شارى هەولێرو بەڕێوەبردنى حوكمى عورفى بەرۆشنى نیشانیدا كە تەنها چەك پشتیوانى ئەم دەسەڵاتەیەو بەچاوى خۆشمان بینیمان كە بەلولەى چەك (ئەویش كەرووى كردە سنگى جەماوەر) شەرعیەتى خۆى بەدەستهێنایەوە نە بەرازیكردنى خەڵك، كەوایە ئەم دەسەڵاتە كەماوەتەوە لەبەر ئەوە نیە كە خەڵك دەیەوێت بەڵكو لەبەر ئەوەیە كە خەڵك نەیتوانى بیڕوخێنێت، لەبەر ئەوە نیە كە ئەو هێشتا باشى تێداماوە بەڵكو لەبەر ئەوەیە كەهێزى جەماوەر هێشتا وەكو پێویست بەرابەرایەتى سەربەخۆى خۆیەوە نەهاتۆتە مەیدان.
بۆیە ئێمە "ئەنجومەنى ئازادى كوردستان" وەك نێوەندى بزووتنەوەیەكى جەماوەرى سەربەخۆ، لەسەر بنەماى ئەوەى كە دەبینین لەلایەكەوە بێمافییەكانى خەڵك هەروا درێژەى هەیەو داواكاریەكان هەروا لەزەویدا كەوتوونو سەرەتایەك بۆ جێبەجكردنیان دیارنیەو لەلایەكى تریشەوە دەسەڵاتداران بەردەوامن لەسەر قازانجپەرستى خۆیانو تەخشانو پەخشانكردنى بودجە ئاوڕنەدانەوە لەكارو ژیانى خەڵك، جەخت لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە:
* خۆمان بەدرێژكراوەى خۆپیشاندانەكانى 17ى شوبات تا 20ى نیسان دەزانینو ئامانجو بەرژەوەندى خەڵكى كوردستان دەكەین بە ئاڵاى خەباتى خۆمانو تەواوى ئەو داواكارییانەى لەئەسناى خۆپیشاندانەكاندا لەمەیدانى ئازادى شارى سلێمانىو ئەو داخوازییە تایبەتییانەى لەشاروشارۆچكەكان پێشكەشكراون بەمانفێستى كارى خۆمان دەزانینو بۆ بەدیهێنانیان تێدەكۆشین.
* رەخنە لەهەر جۆرە تاكڕەوییەكو هەر هەوڵێكى خۆسەپاندن دەگرین كە لەناو ئەم بزووتنەوەیەدا هەبووبێتو رێگە لەدووبارە بوونەوەى دەگرینو پەیڕەوى لەكارى بەكۆمەلأ دەكەینو بڕیارەكان بەشێوەى راوێژو راى زۆربە بەڕێوەدەبەین، كارى ژێربەژێرو رێككەوتنى نەهێنى بەتەواوى رەتدەكەینەوەو پەیڕەوى لەروونىو شەفافییەت دەكەین.
* ئەو هاوخەباتییەى كە لەكاتى خۆپیشاندانەكاندا بەدەورى داواكارییەكاندا لەگەلأ هێزولایەنەكان پێكهاتبوو هەوڵدەدەین لەسەر بنەماى هاوسەنگى بیپارێزین، بەڵام رێگە نادەین سیاسەتى هیچ حیزبێك سایەبكات بەسەر كارو ئامانجو بڕیارەكانى ئەم بزووتنەوەیەدا، ئەمە لەگەلأ ئەوەشدا كە هەوڵدەدەین پەیوەندى دۆستانەو خەباتكارانە لەگەلأ هێزو لایەنە مەدەنىو پێشكەوتنخوازەكانو لایەنگرانى مافەكانى خەڵك پەرەپێبدەین.
* بۆ بەدێهێنانى داواكارییەكانى خەڵكى كوردستان، كە ئامانجى ئێمەیە، هەموو رێگایەكى خەباتكارانە دەگرینە بەر، هەر لەكەمپەینو ئیمزا كۆكۆدنەوە بیگرە تا دەگات بە مانگرتنو كۆبوونەوەى جەماوەرىوخۆپیشاندانو لەسەر بنەمایەكى هاوسەنگ وتووێژیش رەتناكەینەوەو وەك یەكێك لەرێگاكان كارى لەسەر دەكەین.
ئامانجى سەرەكى ئەم بزووتنەوەیە "چاكسازییە " هەم لە سیستەمى حوكمڕانىو هەم لە ژیانو گوزەرانى خەڵكداو هەروەها لە رژێمى ئابووریشدا، كۆمەڵگەى كوردستان بەبێ چاكسازى ریشەیى لەم بوارانەدا ناتوانێت بەرەوپێشەوە بچێتو رووبەڕووى ئاستەنگو مەترسى گەورەش دەبێتەوە كە چارەنووسمان بەرەو ئایندەیەكى نادیاردەبات، دەسەڵات ئەگەر هاوكارنەبێت بۆ ئەم چاكسازییەو خۆپەرستانەو دەمارگیرانە درێژە بە شێوازى كارى رابردووى بدات، ئەوا بیركردنەوە لە كەنارخستنى دەبێتە كارێكى ناچارى بۆ خەڵكى كوردستان.
وە ئۆپۆزسیۆنیش ئەگەر دوور لەخواستو داواكارییەكانى خەڵك رێككەوتن بكاتو بەسەر خەباتو ناڕەزایەتى خەڵكدا سەركەوێت بۆ بەدەستهێنانى ئیمتیازاتى تایبەتىو پشت لەو هاوخەباتییەى مەیدانەكانى ئازادى بكات، ئەوا نەك هەر بێمتمانەیى بەڵكو رووبەڕووى نەفرەتى خەڵكیش دەبێتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست