ئه‌وه‌ی ده‌نگ بۆ مه‌سعود بدات وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ پاره‌ بخاته‌ سه‌ر بانقه‌که‌ی مه‌لا به‌ختیار.

Saturday, 11/07/2009, 12:00


پاش هه‌ژده‌ ساڵ به‌ فێڵ و درۆ خه‌ڵکی کوردستانتان چه‌واشه‌ کرد ماڵی میلله‌تتان به‌ هی خۆتان ده‌زانی و خۆتان کردبووه‌ وه‌کیلی میلله‌ت و پاره‌کانیانتان به‌ ئه‌مانه‌ت ده‌نارده‌ سه‌ر حیساب بانکی خۆتان و که‌ستان به‌ بیردا نه‌ده‌هات ئه‌و کاته‌ی که‌ زانیتان ڕۆژی ئه‌وه‌یه‌ تۆڵه‌تان لێ بسه‌نرێت‌ و میلله‌ت چاوی کراوه‌ته‌وه‌ ئه‌مجا دیسان وه‌ک واده‌ی کاره‌باکه‌ به‌ خه‌ڵکی ده‌ڵێیت با ده‌نگ به‌ سه‌رۆکی بنه‌ماڵه‌ی به‌رزانی بده‌ن.

ئه‌گه‌ر مێژووی هه‌ژده‌ ساڵتان قیاس نه‌بێت بۆ ده‌نگدان ئه‌بێت خه‌ڵکی ده‌نگده‌ر چی بکاته‌ پێوانه‌ بۆ ده‌نگدان.

به‌ڕێزان ئه‌گه‌ر خزمه‌تی هه‌ژده‌ ساڵ ناکه‌نه‌ ده‌نگدان ئه‌وا ئه‌مانه‌ بکه‌ن که‌ هه‌مووان بینیوتانه‌و ئاگاتان لێ بووه‌: جێبه‌جێ کردنی مادده‌ی سه‌دو چل، دوو حکومه‌تی و دوو ئاسایشی کوردستان، دوو ئاسایشی که‌رکوک، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری سه‌ربه‌خۆی سه‌ربه‌ دوو حیزبه‌که‌، پاره‌ی خوراوی هه‌ڵه‌بجه‌، پاره‌ی خوراوی زیندانه‌ سیاسییه‌کان، گرتن و ئه‌شکه‌نجه‌ دانی زیندانه‌کان، فڕاندن و بێسه‌ر و شوێن کردنی گه‌نجانمان، هه‌ڕه‌شه‌ی نانبڕین، قۆرخ کردنی بازاڕه‌کان، سه‌رهه‌ڵگرتنی گه‌نجان بۆ هه‌نده‌ران، دامه‌زراندن به‌ ته‌زکییه‌ی حیزبی، بێزانکۆیی بۆ قوتابیان، بێڕێزی کردن به‌رامبه‌ر به‌ ئافره‌تان و ئۆقیانوسێک له‌ تاوان.

ئه‌مانه‌ نه‌ باسی ئاوو کاره‌با و سوته‌مه‌نی و جاده‌ و بانی تێدا نییه‌، باسی شه‌ڕی ناوخۆ و دیل کوشتنیشی تێدا نییه‌.

به‌ڕێزان هه‌ر میلله‌تێکی تر جگه‌ له‌ کورد سه‌رکرده‌ و ده‌سه‌ڵاتداری به‌م شێوه‌یه‌ی هه‌بێت پێش ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن بکرێت شاربه‌ده‌ریان ده‌کات. من ناڵێم سه‌رکرده‌ی ووڵاتانی تر پیاو چاکن و دز نین به‌ڵام ده‌ڵێم بۆ ئه‌وه‌ی به‌ میلله‌تیان نه‌وترێت ده‌به‌نگن به‌ شێوه‌یه‌کی وه‌ها دزیی ده‌که‌ن که‌ مه‌گه‌ر شه‌یتان وا به‌ شاره‌زایی بیکات، که‌ ئاشکراش ده‌بن سه‌ریان شۆڕ ده‌که‌ن و واز دێنن و به‌ر نه‌فره‌تی میلله‌ت ده‌که‌ون، به‌داخه‌وه‌ میلله‌تی له‌ شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌کانه‌وه‌ ده‌ستخۆشیان بۆ ده‌که‌ن و په‌یمانیان بۆ نوێ ده‌که‌نه‌وه‌ گۆرانی و حه‌یرانیان به‌سه‌ردا ده‌ڵێن و هونه‌ر و هه‌موو کارێکی جوانیان قێزه‌ون کردووه‌.

با بێینه‌وه‌ سه‌ر مه‌لا به‌ختیار واتا (حیکمه‌ت) ئه‌م کابرایه‌ گره‌وی خۆی له‌ نه‌وشیروان برده‌وه‌ و خۆی خزانده‌ ناو بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانییه‌وه‌ و به‌مه‌ش به‌شی شێری پێ بڕا و بووه‌ ووته‌ بێژ و ده‌مڕاستی مامه‌ و نه‌وشیروانیشیان خه‌ڵه‌تاند به‌ ده‌ملیۆن دۆلار سه‌ته‌لایت و ڕۆژنامه‌یان بۆ دامه‌زراند و هه‌موو هه‌وادارانی ئه‌ویان له‌ده‌وری کوپه‌ زێڕه‌که‌ دوور خسته‌وه‌، ئه‌ویش وا خۆی کردووه‌ته‌ ڕزگارکه‌ری میلله‌ت و بازووی خۆی نیشانی تاڵه‌بانی و حیکمه‌ت ده‌دات و هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌کات.

به‌ڵام یارییه‌که‌ی مه‌لا به‌ختیار به‌وه‌نده‌ کۆتایی نایه‌ت و ده‌بێت ماستاوی زیاتر بکات و ئاغایه‌کی تری بۆ دروست بووه‌ که‌ مه‌سعود به‌رزانییه، ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی کوردستانیش ده‌نگ به‌ کاک مه‌سعود بده‌ن ئه‌وا وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ پاره‌یان خستبێته‌ سه‌ر حیسابی مه‌لا به‌ختیار‌، خۆ ئه‌گه‌ر کچێکی تری هه‌بێت و بیداته‌ که‌س و کاری کاک مه‌سعوود ئه‌وا گه‌وره‌ترین قازانج ده‌کات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە