کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بودجە و شینوشەپۆڕی پێشوەختى دەسەڵات بۆچى ؟

Monday, 16/05/2011, 12:00


سامان هەولێرى


لاى هەموو كەس ئاشكرایە كە دەسەڵات نیوەى بودجەكەى بۆ پرۆژەى وەهمى و بەخشین و تەخشان و پەخشانى حزبی داناوە ، دەسەڵات خۆى باش ئەزانێ و زۆر وەستایانە دابەش و لێكدان و كۆكردنەوەیەكى وردى بۆ تەواوى بوارەكان كردوە بەو پێیەى كە لە خزمەتى بەرژەوەندى دوو حزبەكەدایە و بەو رێژەیەى كەزۆر ترین شێوە پارەى وەهمى لە رێگەى كاك د. نابەرهەمەوە بچێتە گیرفانى دوو دوكانى تاڵەبانى و بارزانیەوە ، هەربۆیە ماوەیەكە زۆربەى بەرپرسە حزبی و حكومى و تەنانەت بەسەرۆكى فراكسۆنى كوردستانیشەوە كەوتونەتە شینوشەپۆڕى ئەوەى كە بودجە نەخرێتە ناو ململانێی سیاسیەوە لەبەر ئەوەى ئەم بودجەیە پەیوەندى بە بەرژەوەندى خەڵكەوە هەیە و ژیانى خەڵكى پێوە بەندە ؟
لەهەمووى سەیرتر ئەوەیە كە سەرۆكى فراكسێۆنى كوردستانى سۆزان  لە جیاتى ئەوەى وەك ئەندام پەرلەمانێك قسە بكات و خۆى بەبەشێك لە پرۆسەى چاودێرى و لێپیچینەوەى كاروبارەكانى حكومەت بزانێ ، كەچى پێش وەخت وەك كەسێكى حزبی و لێپرسراوێكى حكومى قسە ئەكات و ئەپاڕێتەوە و ئەڵێ هیوادارم بودجەى پێشنیاركراوى حكومەت بە ساناى تێپەڕێ و گرفتى بۆ دروست نەكرێ ، لە كاتێكا سەراپاى ئەو بودجە خەمڵێنراو و پێشنیاركراوە بەگرێ و گوڵە و دەیان كەموكوڕى و شتى سەیروسەمەرەى تێدایە كە سوێند بەگۆڕەى خاڵە شەهابیش ئەخۆم كە سۆزان خان ئەم حەقیقەتە لەمن باشتر ئەزانێ !
بۆ ئەوەى بێمەوە سەر مەبەستى ئەو نوسینەم كە بۆ دەسەڵات شینوشەپۆڕى پێشوەختى دەست پێكردوە و ماوەیەكە لە كەناڵەكانى خۆیەوە ئەم بابەتەى ورژاندوە و پێش وەخت و لابەلا و ناڕاستەخۆ ئەڵێ : خەڵكینە ئەگەر بودجە دوابكەوێ ئەوە بۆ بەرژەوەندى گشتى خراپە و خەتاى ئۆپۆزسیۆنە كە بەتەنگ بەرژەوەندیەكانى ئێوەوە نیە ؟
بۆیە من ئەم شینوشەپۆڕە پێشوەختەى دەسەڵات بۆ ئەم چەند خاڵەى خوارەوە ئەگێڕمەوە :
1- ماوەى (2 3) مانگە منحەى حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانى نەداوە ، كەوەك كارتێكى فشار بە پەسند كردنى بودجەى پێشنیاركراوى ساڵى 2011 ى بەستۆتەوە بەوەى دواى ئەو پەسند كردنە قسە لە یاساكەى بودجەى مانگانەى حزبەكانیش ئەكرێ ، ئەمەش ماناى ئەوەیە چەند بریارى پەسەند كردنەكە دوابكەوێ ئەوەندەش منحەى بڕاوى ئۆپۆزسیۆن دوا ئەكەوێ .
2- دەسەڵات خۆى بەمەبەست ئەو بودجەى واداناوە كە زۆرترین كەمو كورتى و گەورەترین رێژەى پارەى وەهمى بچێتە گیرفانى حزبەوە بۆئەوەى ئەگەر پەسەندكرا ئەوە خیر علی خیر ، خۆئەگەر پەسەند نەكرا ئەوا هەم وەك بابەتێكى ئیعلامى بەكارى ئەهێنێ و هەم بۆ ماوەیەكیش منحەى لایەنەكان زیاتر را ئەگرێ و فشارەكانى زۆرتر ئەكات .
3- بەهۆى پەسەند كردن و پەسەند نەكردنى بودجەكەوە كاتێكى باش بۆ خۆى دابین ئەكات و وەك دەسەڵات ئەو ماوەیە پیلان و تاكتیكى نوێ و شرۆڤەى زیاترى بارودۆخەكە ئەكات و خۆى بۆ هەر پێشهاتێكى نوێ ئامادەكات لەكاتێكا تەواوى خەڵك و ئۆپۆزسیۆن بەبابەتى بودجەوە خەریك ئەكات .
4- ئۆپۆزسیۆن خۆیشى بێ و ترشی بێ دەسەڵات بە زۆرینەى دەنگ وەك یاساكانى تر یاساى بودجەكەش تێ ئەپەڕێنێ بەناو گەڵى هەر 59 ئەندام پەرلەمانەكەى فراكسیۆنى كوردستانیدا بۆیە ، ئەوەى لە سەر ئۆپۆزسیۆن پێویستە زۆر خۆى بەم بابەتەوە خەریك نەكات چونكە مانگەشەو هەر لە ئێوارەوە دیارە و زۆرینە بەعس ئاساكە دەنگى پێ ئەدات ، بۆیە باشتر وایە جەخت لە شێواز و میكانیزمى چۆنیەتى پێدانى منحەى احزاب بكات و هەرچۆنێ بێ ئەو بابەتەش تێ پەڕێنن بۆ ئەوەى هیچ بیانویەك بەدەست د. نا بەرهەمەوە نەمێنێ و با بزانین ئایا راست ئەكات كە ئەڵێ تا یاساى پێدانى منحەى حزبەكان تەواو نەبێ منحەى احزاب نادەین ؟
5- ئەگەر ئەم یاسایانە تێ پەڕین و ئاڵوگۆڕێك لە ئەداى زۆرینەدا رووى نەدا بەڕاى من بایكۆتى تەواوى دانیشتنەكانى پەرلەمان بكەن و بەبەیاننامەیەك ماڵئاواى تەواو لە پەرلەمان بكەن و دیوەخانەكە بە تەواوى بۆ كەمال دووزى چۆڵ بكەن چونكە هیچ بیانو و بەهانیەك نامێنێ بۆ مانەوەتان ، پێم وایە ئەمەش دواكار و دوادانیشتنتان ئەبێت .
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە