ڕه‌وایی شۆڕشگێڕی ده‌سته‌واژه‌یه‌کی پووچ و سواوی دکتاتۆره‌کان
Friday, 22/04/2011, 12:00
شۆڕش بزوتنه‌وه‌یه‌ک یان جوڵانه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و میللیه که له هه‌ناویدا گۆڕانکاری ڕیشه‌یی به‌رهه م ده‌هێنێت له ڕووی سیاسی ، کۆمه‌ڵایه‌تی ، ئابووری، فه‌رهه‌نگی و که‌لتووری، شۆڕش که‌سه هۆشیار و رۆشنبیر و به‌ئاگاکان ڕابه‌رایه‌تی ده‌که‌ن. ده‌کرێت شۆڕش کوتوپر و چاوه‌ڕواننه‌کراو بێت ئه‌ویش له ئه‌نجامی ته‌قینه‌وه‌ی توڕه‌یی جه‌ماوه‌ر، ده‌شکرێت پلان بۆ دارێژراو بێت.
شۆڕش به دوو قۆناغی یه‌ک به‌دووای یه‌کدا تێپه‌ر ده‌بێت که به‌شێوه‌یه‌کی ئۆرگانیکی به‌یه‌که‌وه به‌ستراوه و ناتوانرێت له یه‌کتر جیابکرێته‌وه، قوناغی یه‌که‌م له‌و کاته‌وه ده‌ست پێده‌کات که چه‌خماخه‌ی شۆرش لێ ده‌دات و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه یه که خه‌باتێکی سه‌خت و درێژخایه‌ن بێت، یان چه‌ند رۆژێک بخایه‌نێت، به ڕووخاندنی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی باو کۆتایی دێت و به کۆتاییهاتنی ئه‌م قۆناغه کۆتاییش به ڕۆڵی ڕابه‌رایه‌تیه‌که‌ی دێت. قۆناغی دووهه م له ڕووخاندنی سیسته‌مه کۆنه‌که‌وه ده‌ستپێده‌کات تا به‌دیهێنان و پیاده‌کردنی دووا ئامانجه‌کانی ، ئه‌م قۆناغه زۆر گرنگ و هه‌ستیاره و گه‌ر به‌ده‌ستی که‌سانی ئه‌مین و شاره‌زا و پسپۆر و ته‌کنۆکراته‌وه نه‌بێت ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه شۆڕش شکست بخوات و مانا ڕاسته‌قینه‌که‌ی خۆی وون بکات .
به‌گشتی شۆڕش و خه‌بات کارێکی سه‌خت و دژواره و پرۆسه‌یه‌کی درێژخایه‌نه و هه‌میشه له هه‌ڵکشان و داکشان و هه‌وراز و نشێودایه و پشوودرێژی و نه‌فه‌سی شۆڕشگێڕانه‌ی گه‌ره‌که ، ماکینه‌ی شۆڕش له که‌سانی وه‌ک خوێندکاران، کرێکاران، کاسبکاران، جوتیاران، رۆشنبیران و چین و توێژه‌کانی تری خه‌ڵک پێکدێت ، هه‌ر یه‌ک له‌م که‌سانه سیفه‌تی جه‌نگاوه‌ر وه‌رده‌گرێت که له کوردستان پێیده‌وترێت پێشمه‌رگه یان گه‌ریلا.
زۆرینه‌ی جه‌نگاوه‌ران له که‌سه لاوه خوێنده‌واره شارنشینه‌کان یان شاریه‌کان پێکهاتوه، کاتێک ئه‌م که‌سانه ده‌ڕۆن بۆ شاخ له‌گه‌ڵ بارودۆخی ژیانی گونده‌کان دووچاری به‌ریه‌ککه‌وتن ده‌بن له‌گه‌ڵ دنیایه‌کی ته‌واو نامۆ، باشتروایه بڵێین ژینگه‌یه‌کی سه‌خت و دژوار . له گونده‌کان ژیان زۆر ساده و ساکاره و مرۆڤه گوندنشینه‌کان ژیانێکی زۆر سه‌ره‌تاییان هه‌یه ، خوزمهتگوزاریهکان له ئاو ، کاره‌با، رێگاوبان ، مه‌ڵبه‌ندی ته‌ندروستی ، خوێندنگا بوونی نیه یان بامانایه‌کی تر ئه‌گه‌ر هه‌شبێت زۆر سه‌ره‌تاییه‌و سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی بۆ خۆپاککردنه‌وه و خۆشتنی پیاوان مزگه‌وت و ژنانیش کانییه، خه‌ڵکی گوندنشینه‌کان به ژماره که‌من و ده‌شێت زوربه‌یان خزم و که‌سوکاری یه‌کتربن و له بهرهبابێکهوه هاتبن ، گوندیان به ئاژه‌ڵداری و کشتیاریهوه خه‌ریکن و زوربه‌ی کاره‌کانیان به هه‌ره‌وه‌زی و هاوکاری ده‌کرێت و داهات و باری ئابورییان به شێوه‌یه‌کی گشتی خراپه و زۆرینه‌ی هه‌ژارن، خه‌ڵکی گوندنشین ساده‌ترین هۆیه‌کانی به‌رهه‌مهێنان به‌کارده‌هێنن له بواری کشتوکاڵ و ئاژه‌ڵداری و به دنیای ته‌کنه‌لۆژیا و شارستانی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ئاشنا نین و نامۆیه بۆیان ، گوندنشینه‌کان خه‌ڵکانی ساده و به‌خشنده و به‌رێز و میوان دۆست و خزمه‌تگوزارن، داب و نه‌ریتێکی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه که جیاوازه له‌گه‌ڵ شاردا و ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ گونده‌کانی ده‌ور و پشتی دهڤهرهکهشیان، که‌سانی گوند باوه‌ردارن به ئاینی ئیسلام و کاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ژیانیان و هه‌ڵسوکه‌وتیان هه‌یه.
ژینگه‌ی گوندنشین ته‌واو جیاوازه له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی شاره‌کان، وه‌ک و ووتم ژینگه‌ی گوندان سه‌خت و دژواره و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه گوندنشینان به کۆمه‌ڵ کۆچ ده‌که‌ن بۆ شاره‌کان و له‌وێ نیشته‌جێ ده‌بن.
کاتێک که مرۆڤ بڕیار ده‌دات ببێت به به‌شێک له تاکه‌کانی شۆڕش یان خه‌باتی چه‌کداری، و سه‌نگه‌ری به‌رگری هه‌ڵده‌بژێرێت له شاخ و سیفه‌تی جه‌نگاوه‌ر یان پێشمه‌رگه وه‌رده‌گرێت له یه‌که‌م چرکه‌ساتدا ڕووبه‌ڕووی ژینگه‌یه‌ک ده‌بێته‌وه ته‌واو جیاواز له ژینگه‌ی شار واته(له ژینگه‌یه‌کی فراوان و پر جه‌نجاڵ و پڕ له ئاپوره‌ی مرۆڤ و ژاوه‌ژاو و ده‌نگی گالیسکه و پر له دانیشتوان و ته‌لاری به‌رز و خانووی جوان و قه‌شه‌نگ) ، به‌ره‌و گوندێکی بچوکی ساده و ساکار و ئارام و که‌م دانیشتوان و خانووی قوڕین. له گوندا هه‌موو مرۆڤه‌کان ئاشنان به یه‌کتری گه‌ر که‌سێکی نامۆ بڕواته گونده‌که‌یان ده‌زانرێت و کوڕ و کاڵ و پیاوه ڕیش چهرموهکانی گونده‌که ده‌چن به پیریه‌وه و به‌خێرهاتن و میوانداری ده‌که‌ن. سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و سه‌ختیه‌ی گونده‌کان به‌ڵام به‌ده‌ر نیه له سروشتی جوانی دڵڕفێن.
پێشمه‌رگه وه‌ک هه‌موو مرۆڤێک کۆمه‌ڵێک پێداویستی هه‌یه و ده‌بێت بۆی فه‌راهه‌م بکرێت به بێ ئه‌و پێداویستیانه مرۆڤ که‌سێکی ته‌ندروست نابیت نه له ڕووی جه‌سته‌وه و نه له ڕووی ده‌روونیه‌وه.
بۆیه من له‌و پێودانگه‌وه به‌کورتی ڕاڤه‌و شرۆڤه‌ی سایکۆلۆجی بۆ ژیانی جه‌نگاوه‌ر ده‌که‌م. یه‌که‌م شتیک که پێشمه‌رگه ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه ژینگه‌ی گونده، که ته‌واو جیاوازه له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی شار، له ڕووی خواردن، خواردنه‌وه، پۆشاک، نه‌ریت، .. هتد، که ده‌بێت که‌سی جه‌نگاوه‌ر خۆی له‌سه‌ر ڕابهێنێت و بتوانێت بگونجێت له‌گه‌ڵ که‌شی کۆمه‌ڵایه‌تی گوندنشین. سه‌رچاوه‌ی بژێوی ڕۆژانه‌ی پێشمه‌رگه له‌سه‌ر خه‌ڵکی هه‌ژاری گوند بووه و ئه‌و دۆخه‌ش فشارێکی زۆری له‌سه‌ر گوندنشینان دروست ده‌کرد و زۆر جار له‌به‌ر نه‌بوونی ده‌ستیان ده‌نا به‌ڕوی میوانه‌وه و ته‌نانه‌ت ئه‌و دۆخه‌ش کاریگه‌ری نێگه‌تیفی له‌سه‌ر ووره‌ی پێشمه‌رگه دروست ده‌کرد و بێزاری ده‌کردن، زۆر جار گوندنشینان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست نه‌نێن به ڕووی میوانه‌کانه‌وه ناچار بوون زۆربه‌ی ژه‌مه‌کانیان نان و ڕۆنه‌که‌ره و چا پێشکه‌شی جه‌نگاوه‌ره‌کان بکه‌ن که ئه‌وکاته پێشمه‌رگه ئه‌وه‌نده‌یان له‌و شێوه ژه‌مه خواردبوو ناویان لێنابوو نان و گریس... زۆرێک له پێشمه‌رگه له‌و کاتانه‌دا خۆیان به ده‌رۆزه‌که‌ر و سواڵکه‌ر ناوزه‌ند ده‌کرد و کۆڵێک هیوابڕاو ده‌بوون به ژیان، ژه‌مه‌خواردن که پێداویستیه‌کی فیسیۆلۆجیه بۆ مرۆڤ و ژیانکردنی ، به‌ڵام برای پێشمه‌رگه له‌و چیایه بۆی مسۆگه‌ر نه‌ده‌کرا و زوربه‌ی کاته‌کان به برسێتی و مه‌مره و مه‌ژی شه‌و و ڕۆژی به‌ڕێ ده‌کرد. یه‌کێکی تر له پێداوێستیه سه‌ره‌تاییه فیسۆلۆجیه‌کانی مرۆڤ سێکسه نه له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا هه‌بوو نه له که‌لتوری کورده‌واریشدا ڕێگا به پیاده‌کردنی ده‌درا مه‌گه‌ر به حه‌ڵاڵی ئه‌ویش به پێی شه‌ریعه‌تی قورعان و سونه‌تی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام بوو، جگه له‌وه‌ش به پێی ڕێنمایی ئه‌و کاته‌ی سه‌رکردایه‌تی سێکس کردن تاوان بوو سزای قورسی له‌سه‌ر بوو ، هه‌ندێ جار سزاکه‌ی گولله‌باران بوو.
له سه‌ره‌تای هه‌ڵگیرسانی شۆرشی نوێ‌دا پێشمه‌رگه‌یه‌ک کیژۆڵه‌یه‌کی گوندیی خۆشده‌ویست کاتێک که ئاشکرا بوو پێشمه‌رگه و کیژه‌که گولله‌باران کران، بۆیه ئه‌م ڕه‌وشه هه‌ندێک پێشمه‌رگه‌ی تووشی لادانی سێکسی ده‌کرد جا ئه‌و لادانه به‌رامبه‌ر به هه‌مان ڕه‌گه‌زی خۆی بوو یان خۆبه‌تاڵکردنه‌وه بوو به ئاژه‌ڵان. یه‌کێک له‌و فشاره ده‌روونه کوشندانه‌ی که هه‌میشه له‌سه‌ر ده‌روونی پێشمه‌رگه بوو ترس بوو ، ترس له دوژمن، ترس له هاوڕێکه‌ی، له هاوسه‌نگه‌ره‌که‌ی یان شه‌و هاوڕێ پیشمه‌رگه‌که‌ی خیانه‌تی له‌گه‌ڵ نه‌کات و له شیرینی خه‌ودا نه‌یکوژیت، ئه‌و ساتانه ده‌سه‌ڵاتی به‌عس خه‌رجیه‌کی زۆری ده‌دا که سیخوڕه‌کانی خۆی بخزێنێته ناو هێزی پێشمه‌رگه‌وه، هه‌ر بۆیه ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه شه‌وانه چه‌ند جارێک جێگای خه‌وتنیان ده‌گۆڕی و ئه‌مه‌ش کاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر دروستکردبوون و دووچاری که‌م خه‌وی ببوون، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که شوێن خه‌ویان خراپ و ناته‌ندروست بوو، مۆته‌که‌ی ترس هه‌میشه ئاماده‌گی هه‌بوو له نه ستیاندا و خهونهکانیشیانی ئاڵۆز کرد بوو.
یه‌کێک له شته هه‌ره پێداویستیه‌کانی مرۆڤ خۆشه‌ویستییه، پێشمه‌رگه بێبه‌ش بوو له‌م خۆراکه ڕۆحیه، دابڕا بوو له خۆشه‌ویستی بۆ دایک، باوک، برا، خووشک، کهسو کار، هاوسه‌ر، کوڕ، کچ، هاورێ، دڵدار، دابڕان له خۆشه‌ویستی شاره‌که‌ت، یاده‌وه‌ریه‌کان، له دابڕان‌دا مرۆڤ زیاتر عاشق ده‌بێت و پهرۆشیهکان زیاتر دهووروژێت و دووچاری درۆدهنگی و مۆله‌قه ده‌بێت . پێشمه‌رگه له شاخدا هه‌ست به ئۆقره‌یی و جێگیری ناکات و هه‌میشه مه‌ترسییه‌ک هه‌یه و به‌رۆکی ده‌گرێت و ئاینده‌یه‌کی نادیار چاوه‌ڕوانیه‌تی و یاسایه‌ک یان هێزیک نیه به‌رگری لێبکات و بیپارێزێت، ته‌نها تفه‌نگه‌که‌ی ده‌ستی ده‌بێت به هاوڕێی ، له‌راستیدا چه‌ک ئه‌هریمه‌نه هه‌ر وه‌ک کورده‌واری ده‌ڵێت، پێشمه‌رگه هه‌ستی ده‌کرد ئاسایشی خۆی و ده‌وروپشی له مه‌ترسیدایه و به‌وه‌ش ڕه‌شبین ده‌بوو به‌رامبه‌ر به ئاینده، هه‌رچه‌نده ئه‌و له ناخیدا په‌یامێکی مه‌زنی مرۆڤانه‌ی هه‌ڵگرتبوو، ڕۆژ و مانگی ده‌ژمارد به‌و هیوایه‌ی کۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی نه‌گریسی به‌عس بێت و هه‌وای ئازادی هه‌ڵبمژێت مه‌خابن هه‌ر له‌گه‌ڵ درێژبوونه‌وه‌ی خه‌بات ده‌رفه‌ت بۆ هیوا و ئومێد له دابه‌زیندا ده‌بوو زیاتر جاڕس ده‌بوو و شتێک نه‌ده‌ما به‌ناوی ووره و ویستی پێشمه‌رگه. کاتێک که پێشمه‌رگه له سه‌نگه‌ری به‌رگری دژ به داگیرکه‌ر هاورێی سه‌نگه‌ری لای ڕاستی شه‌هید ده‌بوو، لای چه‌پی زامدار ده بوو، پێداویستی پزیشکی نه‌بوو بۆ تیمارکردن و ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌بوو له ئاکامدا که‌م ئه‌ندام بێت یان ئه‌ویش هه‌مان چاره‌نوسی شه‌هیدبوون بێت، خه‌مێکی قوڵ له ناخی کاکی پێشمه‌رگه‌دا ده‌وروژا و سێبه‌ری مه‌رگی خۆی تیا ده‌بینی، مه‌ترسیه‌کی تر له‌سه‌ر ناخی پێشمه‌رگه ئه‌وه‌بوو که وه‌ک مرۆڤه سه‌ره‌تاییه‌کانی چه‌رخی به‌ردی لێبێت و کێوی بن یان به ئاژه‌ل بن ، که‌سێکی پێشمه‌رگه ئاوای به هاوسه‌نگه‌ره‌کانی ووت(گه‌ر له‌وه زیاتر به‌م شاخ و داخه‌وه بمێننینهوه ده‌شێت له جیاتی چاکوچۆنی کهیهکتریمان بینی وه‌ک بزن به‌یه‌کتری بڵێین باع ع ع ع) . ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه مشتێکه له خه‌روارێک له‌و فشاره ده‌رونیانه‌ی که له‌سه‌ر جه‌نگاوه‌ر بوو ئه‌وه‌ش کاریگه‌ریه‌کی نێگه‌تیفی هه‌میشه‌یی له‌سه‌ر ده‌روونی دروست ده‌کرد و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی قورسی ده بوو له‌سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتی خودی پێشمه‌رگه و ئه‌وه‌ش نامۆ بوو به که‌سی ئاسایی. نابێت ئه‌وه‌مان له بیر بچێت که جه‌نگاوه‌ران له خه‌باتی درێژخایه‌نیان دووچاری نه‌خۆشی جه‌سته‌ییش بوون له ئه‌نجامی سه‌رمای سه‌ختی زستانه‌ی شاخ و گه‌شتی هه‌میشه‌یی و درێژخایه‌ن به پیاده‌و به به‌رده‌وامی بۆ ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێک و جوڵه‌ی هێزی پێشمه‌رگه به مه‌به‌ستی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه له‌گه‌ل هێزی پۆشته و تێر و ته‌سه‌لی داگیرکه‌ر، زوربه‌ی ئه‌و نه‌خۆشه جه‌سته‌ییانه له دوای کۆتایی هێنان به قۆناغی یه‌که‌می شۆڕش یان خه‌باتی چه‌کداری هێدی هێدی له لاشه‌ی شهکهتیاندا نه‌خۆشییه‌کان ده‌رده‌که‌وێت واته هه‌م لاشه‌یه‌کی شه‌که‌ت، هه‌م ڕۆحێکی شه‌ته‌ک له ناخیاندا سه‌رهه‌ڵده‌دات. که‌واته ئه‌و خه‌ڵکه تێکۆشه‌رانه ده‌بن به قوربانی یان زیندویهکی شه‌هید.
شتێکی گرنگ که ده‌مه‌وێت لێره‌دا ئاماژه‌ی پێبکه‌م ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ژینگه‌ی گوند یان شاخ وه‌ک ئه‌وه‌ی که له کوردستان هه‌یه ده‌رفه‌تی ئه‌وه نادات که ئاگاداری دنیای پێشکه‌وتن بیت و ده‌ست و په‌نجه نه‌رم بکه‌یت له‌گه‌ل دنیای ته‌کنه‌لۆجیا و به‌رکه‌وته بکه‌یت به گۆڕانکاریه هه‌نوکه‌ییه‌کان، هه‌ر وه‌ک که‌سێک به هه‌نگه‌شه‌لێ دووای که‌سێکی وه‌رزشکار بکه‌وێت... هه‌ر بۆیه‌ش پێشمه‌رگه دووچاری دابڕان ده‌بێت له شارستانیه‌ت و ژیانی مه‌ده‌نیه‌ت و جیهانی ده‌ره‌وه.
ڕه‌وایی شۆڕشگێڕی(شرعیـە پوریه) ده‌سته‌واژه‌یه‌که به‌رامبه‌ر به دنیای دیموکراتی ئه‌مرۆ و له دنیادیدی نه‌وه‌ی نوێ و ڕه‌وایی ده‌ستوری و ڕه‌وایی هه‌لبژاردنی دیموکراتیدا شکستی خواردوه، سیحره‌که‌ی به‌تاڵبۆته‌وه و ووشه‌یه‌كی پووچی شه‌ڕی ساردی سه‌رده‌می نێوان رۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوایه ، ڕه‌وایی شۆڕشگێڕی له‌وه‌دایه که خه‌باتگێڕان دوای سه‌رکه‌وتنی قۆناغی یه‌که‌می خه‌بات چه‌که‌کانیان دانێن و
ده‌وڵه‌ت که‌شێکی گونجاو بۆ ئه‌و تێکۆشه‌رانه ده‌سته‌به‌ر بکات که سه‌رله‌نوێ ئاشناببنهوه به دنیای مه‌ده‌نیه‌ت و پێشکه‌وتن، به‌تاڵکردنه‌وه‌یان له شه‌ڕه‌نگێزی و کوشتاری مه‌یدانه‌کانی جه‌نگ و وێرانکاری. چونکه فێربوون و ڕاهاتن و خوو له‌سه‌ر پیشه‌یه‌ک به تایبه‌تی سه‌نگه‌رگیری له‌به‌رده‌م دوژمن‌دا، زۆر ئاسته‌مه مرۆڤی جه‌نگاوه‌ر بکاته‌وه به که‌سێکی ئاسایی. گه‌ر به‌رده‌وام لایه‌نی که‌می پێداویستیه‌کانی ژیانیان بۆ دابین نه‌کرێت، هه‌روه‌ها ده‌بێت کۆمه‌ڵیش به هه‌موو توانایه‌وه به مه‌زنی و ڕێز و گه‌وره‌ییه‌وه سه‌یری ئه‌م قوربانیانه بکات.
له ئه‌مه‌ریکا گه‌ر تاوانێکی کوشتن یان هه‌ر تاوانێکی تر ڕووبدات پاش لێکۆڵینه‌وه‌ی پۆلیس و دۆزینه‌وه‌ی سه‌ره‌داوه‌کان و ئاشنابوون به ناوی هه‌ندێک گومان‌لێکراو ڕاسته وخۆ ده‌رواننه لیستی جهنگاوارهکانی جه‌نگی ڤێتنام، چونکه زۆرێک له تاوانه‌کان جه‌نگاوه‌ران به‌رپرس بوون لێی، من نامه‌وێت له ڕێز و حورمه‌تی قوربانیه تێکۆشه‌ره‌کان که‌م بکه‌مه‌وه به‌ڵام ئه‌وه بوێریهکه و ده‌بێت بوترێت.
له دیمانه‌یه‌کدا مه‌سعود بارزانی ئاوا ده‌ڵێت (ئه‌گه‌ر ئێستا بڵێن پردێک چۆن دروست ده‌بێت، نازانین به‌ڵام ده‌توانین خراپی بکه‌ین چونکه ئیشه‌که‌ی ئێمه وابووه).
ئه‌زموونی گه‌لانی دنیا و کوردیش ئه‌وه‌ی سه‌لماندوه که به ڕه‌وایی شۆڕشگێڕی ناتوانرێت حوکمی جومگه‌کانی ده‌وڵه‌ت بکرێت و وڵاتیک بنیات بنرێت له‌سه‌ر بنچینه‌ی دیموکراتی و یه‌کتر قبوڵکردن، به ڕه‌وایی شۆڕشگێڕی ده‌سه‌ڵاتی تۆلیتاری و دکتاتۆری داپلۆسێنه‌ر و سه‌رکوتکه‌ر به‌رهه‌م ده‌هێنرێت ، ووڵات ده‌کات به ئۆردوگای کۆیله‌کردنی هاوڵاتیان و و قوربانیه‌کانی سه‌رده‌می شاخ ده‌بنه‌وه به جه‌لاده‌کانی داگیرکه‌ر و مه‌یدانی جه‌نگ له شاخه‌وه ده‌گوێزنه‌وه بۆ شاره‌کان و سروشته مهدهنیانهکهی شار ده‌شێونن و گرێ کوێره ده‌روونیه‌کانیان و خووه شیریهکانیان به به‌کوشتدانی لاوان و گه‌نجان له شه‌ڕی ناوخۆی نه‌خواستراو ده‌که‌نه‌وه‌و ئاینده‌یه‌کی نادیار بۆ گه‌له‌کانیان دیاری ده‌که‌ن.
هه‌ندێک داموده‌زگای سیخوڕی ووڵاتان له دنیادا جه‌نگاوه‌ره دێرینه‌کان به‌کارده‌هێنن به مه‌به‌ستی کاری تیرۆریستی و له‌ناوبردن و تیرۆرکردنی نه‌یاره‌کانیان. جه‌لال تاڵه‌بانی هه‌روه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌یی له پلان گێڕاندا بووه نه‌ک دژ به نه‌یارانی به‌ڵکو ده‌رحه‌ق به گه‌له‌که‌ی. با به یه‌کێک له پلانه‌کانی ئه‌م جه‌نگاوه‌ره شاره‌زا بین، زیاتر له چل ساڵه شاری سلێمانی و گه‌رمیان بووه به پێگه‌یه‌کی سیاسی و سه‌ربازی له‌بار و گونجاو بۆ که‌سی جه‌لال تاڵه‌بانی و هه‌میشه خه‌ڵکی ئه‌و ده‌ڤه‌ره باوه‌شی سۆز و خۆشه‌ویستی بۆ کردۆته‌وه و به‌هه‌زاران که‌سی کردوه به قوربانی بۆ یهکاڵاکرنهوهی گرێ ده‌رونیه‌کانی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی له کۆنگره‌ی پارساڵی جهلالیهکاندا ئه‌م دڕنده‌یه پلانڕێژیه‌کی زۆر وردی دژ به خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه کرد که زۆر باش ده‌یزانی که پێگه و نفوزی به ڕاده‌یه‌کی زۆر لاواز بووه له‌دوای ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان و عێراق، بۆیه به ده‌م چه‌ورکردنی ئه‌ندامانی حزبه‌که‌ی سێ جه‌نگاوه‌ری شاخی دڕنده‌ی سه‌رخست بۆ ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی حیزبه‌که‌ی له کۆنفرانس‌دا به‌و مه‌به‌سته‌ی بیانکات به گژ خه‌ڵکدا ، جارێکی تر گیانی شه‌ره‌نگێزی له‌و که‌سانه‌دا بوژانده‌وه و هاری کردن بۆ به گژاچونه‌وه‌ی هه‌ر ناڕه‌زاییه‌ک که له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا ڕووبدات. به کرداریش له خۆپیشاندانه‌کاندا ئه‌وه‌ی سه‌لماند.
ئه‌زمونی شه‌ڕی ناوخۆی هه‌ر دوو حزبی بنه‌ماڵه گوزارشته له‌و نه‌خۆشیه ده‌روونیه کوشهندهیهی که سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی پێکهاتووه له تاڵه‌بانی و بارزانی و سوته‌مه‌نی ئه‌و ئاگردانهش خه‌ڵكی سڤیل و ساده یه، دابه‌شکردنی باشور بۆ دوو پارچه و فه‌رمانڕه‌وایه‌تی دوو ئیداره‌یی و دزینی سامانی سه‌ر زه‌وی و ژێر زه‌وی و بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و به کۆیله‌کردن و به بهرخۆرکردنی گه‌لێکی بێ به‌رهه‌م و ده‌ست تێکه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ داگیرکه‌رانی کوردستان و به بازاڕکردنی کوردستان وه‌ک ناوچه‌یه‌کی ئازاد بۆ که‌لوپه‌لی ستوککراوی ئێران و تورکیا.
ئه‌و دۆخه و ئه‌زمونی بیست ساڵه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه ئه‌وه‌ی لامان گه‌ڵاڵه کردوه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سه‌رتاپای شکسته و هه‌میشه کۆسپ و کهڵهگان له‌به‌رده‌م هه‌ر کارێک که به سودی گه‌له‌که‌مان بێت. قۆناغی دووهه‌می شۆڕش نه‌ک به‌وان ناکرێت به‌ڵکو ئه‌وان ڕێگری یه‌که‌من له به‌جێگه‌یاندنی ئامانجه نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان، ده‌بێت ئیداره‌کردنی ووڵات بگه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌سته ئه‌مینه‌کان، ئه‌و ده‌ستانه‌ی که به عه‌قڵییه‌تی سه‌رده‌م بیرده‌که‌نه‌وه و شاره‌زان له بهدامودهزگاکردنی جومگه‌کانی ده‌وڵه‌ت و پسپۆڕن له په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌کردنی مرۆیی و ئابوری و زانست و ته‌کنه‌لۆجیا و بواره‌کانی تری به ده‌وڵه‌تبوون.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست