کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


پەیامێك لە دانمارک و باشوری سوێدەوە بۆ سەرای ئازادی سلێمانی

Thursday, 07/04/2011, 12:00



ئێمە خۆپێشاندەرانی ڕەوەندی کوردی لە دانمارك و باشوری سوێد، ئەمڕۆ 7-4-2011 لەبەرامبەر پەرلەمانی دانمارك کۆبونەینەتەوە و خۆپێشاندانمان بەڕێخستوە هەم بۆ ڕاگەیاندنی هاوپشتی خۆمان بۆ خۆپێشاندەرانی سەرای ئازادی سلێمانی و شار و شارۆچکەکانی تری کوردستان، وە هەم بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر دەسەڵاتدارانی کوردستان کە نەك هەر دەسەڵاتێکی گەندەڵە و بەدرێژایی 20 ساڵی ڕابردوو سەروەت و سامانی کۆمەڵگەی کوردستانی بەتاڵان بردوە بۆ کۆمپانیا حزبی و بنەماڵییەکانی خۆیان، بەڵکو خەڵكی کوردستانیشی لە بێ مافیدا ڕاگرتوە و کاتێكیش جەماوەر دێتە سەرشەقامەکان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی، ئەو مافە ڕەوایە پێشێل دەکات و بە چەك وەڵامی خواستەکانی جەماوەری ناڕازی دەداتەوە.
خواستی نەهێشتنی گەندەڵی و دابینکردنی خزمەتگوزایەکان، خواستی ئاڵوگۆڕی لە سیستەمی حوکمڕانی و بەدەستهێنانی ئازادی لەڕێگەی وەلانانی مۆتەکەی دەسەڵاتی "پارتی" و "یەکێتی" بەسەر ژیان و چارەنوسی خەڵکی کوردستاندا، بۆتە داواکاری سەرەکی خۆپیشاندەران. هیچ کاتێك ئەم دوو حزبە دەسەڵاتدارە بە ئەندازەی ئەمڕۆ نە کەوتونەتە بەر نەفرەتی خەڵکی کوردستان و ڕیسوا نەبوون. هیچ کاتێکیش بە ئەندازەی ئەمڕۆ ترسی ژێرە و ژوکردنی دەسەڵاتەکەیان نەبووە.
دوای تێپەڕینی زیاتر لە مانگ و نیوێك بەسەر بەردەوامی خۆپێشاندانەکانی کوردستاندا، دوای ئەوەی کە "ئەنجومەنی کاتی سەرای ئازادی-سلێمانی" زیاتر لەمانگێکە خواستەکانی خۆی فۆڕمۆڵە کردوە لە لیستێك لە داخوازی هەم هەنوکەیی و هەم بنەڕەتیدا، وە ئەو لیستەیەی خستۆتە بەردەم حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان، بەڵام جەماوەری ناڕازی کوردستان تا ئێستا هیچ جۆرە هەنگاوێکی عەمەلی ڕاستەقینەی لەو سێ دەسەڵاتەی کوردستانەوە نەبینیوە کە نیشاندەری ئەوە بێت کە ئەم دەسەڵاتە نیاز و نیەتی ئەوەیە کە وەڵام بە خواستەکانی خەڵکی کوردستان بداتەوە.
سادەترین خواستە هەنوکەییەکانی خۆپێشاندەران بە دادگا گەیاندنی ئەوانەن کە بە دۆکیومێنتەوە ئاشکرا تەقەیان کردوە و خۆپێشاندەرانیان کوشتوە، بەڵام ئەو دەسەڵاتە هەتا سەروەری یاساکەی خۆشی پێشێل دەکات و ئامادە نیە تاوانباران بداتە دادگا و جەلاد و قوربانی وەك یەك تەماشا دەکات. نەك هەر ئەمەش هەر ڕۆژە هەڕەشە دەکات و خەریکی گرتن و ڕاپێچکردنی هەڵسوڕاوانی خۆپێشاندانەکانە بۆ زیندان بەناوی ئەوەوە کە گوایە سەروەری یاسایان شکاندوە.
ئه‌مرۆ پارتی وه‌ک ده‌سه‌ڵاتداری ناوچه‌کانی هه‌ولێر و دهۆک به‌مه‌به‌ستی ڕێگرتن لە تەقیەنەوەی ناڕەزایەتیەکان و سەرهەڵدانی خۆپیشاندان، گه‌مارۆیه‌کی سه‌ربازی و ئه‌منی توندی خستۆته‌ سه‌ر خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه‌و فه‌زایه‌کی پڕ له‌ ترس وتۆقاندنی به‌سه‌ر خه‌ڵکدا سه‌پاندوه‌. ره‌وه‌ندی کوردی له‌ دانمارک و باشوری سوێد ئەم ئابڵوقە دانە سەربازی و ئەم خۆداسەپاندنە سەرکوتگەرانەیە ئیدانە دەکات و ڕایدەگەێنێت کە ئەم سیاسەتەی دەسەڵاتیش لە داسەپاندنی باری نائاسایی ڕانەگەێنراو بەسەر ئەو ناوچانەدا پێشێلکردنی هەمان سەروەری یاساکانی خۆشیەتی.
ئەم دەسەڵاتە هیچ شەرعیەتێکی نەماوە. ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ بڕیارنامەی "ئەنجومەنی کاتی سەرای ئازادی" ڕادەگەێنین کە داوای دەست لە کار کێشانەوەی هەرسێ سەرۆکایەتی؛ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمان دەکات و خوازیاری هەڵوەشانەوەی حکومەتی هەرێم و پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمەکەیە.
جەماوەری ڕاپەڕیوی کورستان، خۆڕاگری ئێوە لە مەیدانی ئازادیدا، نەك هەر بۆ ئێمە و ئازادیخوازانی جیهان بەڵکو بۆ نەوەکانی داهاتووشمان جێگەی شانازی و سەربەزیە، ئێوە تەنها نین لە مەیدانی ئازادی و بەرگریدا، ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات بەڕیزێکی یەکگرتوو لە پشت ئێوە وەستاوە.
نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی خۆپێشاندانەکان.
سڵاو لە خۆڕاگری ئێوە لە سەرای ئازادی.
نەنگ و شەرمەزاری بۆ دەسەڵاتدارەتی "پارتی" و "یەکێتی" و حکومەتە کارتۆنیەکەیان.
خۆپێشاندەرانی بەردەم پەرلەمانی دانمارك
7-4-2011
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە