رونكردنەوەیەك لە ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی كوردستانەوە
Sunday, 12/06/2011, 12:00
هاونیشتمانیانی خۆشەویست، جەماوەری ناڕازی كوردستان
وەك ئاگادارن، ماوەیەكی زۆر بەسەر سەركوتكردنی خۆپیشاندانە جەماوەرییەكاندا تێپەڕ بووەو لەم ماوەیەشدا پرۆسەیەك لە بەڵێنو پەیمان لەسەر جێبەجێكردنی داواكارییەكانی خەڵكی كوردستان تێپەڕبووە، ئەمە سەباری تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێك بەسەر دانیشتنی چەند ئەندامێكی ئەنجومەنو نوێنەرانی چەندان گروپی جیاواز لەگەڵ سەرۆكی هەرێمو سەرباری خستنەگەڕی پرۆسەیەكی سەرەتایی بۆ دادگایكردنی كەیسی تۆمەتبارانێك، كە هەستاون بە شەهیدو برینداركردنی خۆپیشیاندەران، بەڵام لەهەموو ئەو حاڵەتانەدا بەكردەوە ئەوە دەركەوتووە كە دەسەڵات ئیرادەی بەجێهێنانی داواكارییەكانی خەڵك لەخۆی پیشان ناداتو سەرجەم بەڵێنەكانو دان نان بە رەوایەتی داواكان تەنیا بۆ بەسەربردنی كاتەو، پرۆسەی دادگایكردنەكانیش یان بە سیناریۆ بەڕێدەكرێت یان تاوانبارانی سەرەكی تەقەكردنەكان رادەستی دادگا ناكرێن. لەلایەكی تریشەوە، پرۆسەی دانوستانی دەسەڵاتو حزبەكانی ئۆپۆزیسۆن، لە كۆبوونەوە داخراوو دوور لە چاوی خەڵكەكانو بەبێ بەشداری نوێنەرانی شەقام نەیتوانیووە هاوكاری بەدیهێنانی داواكارییەكانی خەڵك بكاتو خەریكە ئەو رێككەوتنانە دەگۆڕێت بە رێككەوتنێكی ژێربەژێرانەی حزبەكانو خواستەكانی خەڵك دەكرێتە دەرەوەی دانیشتنو كۆبوونەوەكان . بۆیە ئێمە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستیانەی سەرەوە رایدەگەیەنین كە:
1- پێویستە لە وادەیەكی دیاریكراودا، دەسەڵات داواكارییەكان بەڕەسمی بناسێتو كاتو میكانیزمی جێبەجێكردنیان بۆ دیاری بكات.
2- هەر ئێستا تۆمەتبارانو ئەو كەسانەی بە ئاشكرا هەستاون بە تەقەكردن لە خۆپیشاندەران، رادەستی دادگا بكاتو دەسەڵاتی جێبەجێكردن بە كردەوە هاوكاری دادگا بكات بۆ تەواوكردنی پرۆسەی لێپرسینەوە لە تۆمەتباران.
ئەگەر دەسەڵات بەهەمان شێوەی پێشوو درێژە بە كات كوشتن بداتو بە كردەوە هیچ هەنگاوێك بۆ جێبەجێكردنی داواكاری هاونیشمانیانو خۆپیشاندەران نەنێتو لەماوەیەكی كورت دا وەڵام نەداتەوە، ئێمە وەك ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی كوردستان، ناتوانین هیچ ئیلتیزامێك بە پرۆسەو ئەنجامی رێكەوتنی حزبەكانەوە بكەینو لەدۆخێكی وادا نائومێدی خۆمان بە پرسەی دانوستانو رێككەوتنەكان رادەگەیەنینو لە بەرامبەریشدا هەر جۆرە توانایەكی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ گرتنەبەری ئەو رێگا مەدەنیانەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەكان دەكاتەوە بە ئەمرێكی واقیعیو روو دەكەینە شێوازە جۆراوجۆرەكانی ناڕەزایەتی دەربڕین بە خۆپیشاندانیشەوە، تا لەو رێگایانەوە جارێكی تر فشاری زیاتر بخەینە سەر دەسەڵاتو ناچاری بكەین بە كردەوە سەرجەم داواكارییەكانی جەماوەری خۆپیشاندەر جێبەجێ بكات، لە هەمان كاتیشدا رایدەگەیەنین كە ئۆباڵی ئەنجامی چاوەڕوان نەكراوی نائومێدی لەجێبەجێكردنی داواكارییەكان لە ئەستۆی دەسەڵاتدایە.
ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی كوردستان9/6/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست