چوار ئەندامی ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی كوردستان دەستگیر دەكرێن
Sunday, 24/07/2011, 12:00
هاونیشتمانیانی خۆشەویست... ئازاديخوازانى كوردستان..
ئەمڕۆو لە كاتێكدا كە بڕیار بوو لەلایەن كەمپینی نا بۆ لەشكركێشیو داگیركاری لەپاركی ئازادی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی جەماوەری بۆ ریسواكردنی سیاسەتە دژە مرۆییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران، لە تۆپبارانو لەشكركێشی بۆ سەر ناوچە سنورییەكانی كوردستانو شەرمەزاركردنی دەسەڵاتی كوردستان لە بێدەنگ بوونی بەرامبەر بەو دەستدرێژیانە ساز بكرێت، ئاسایشی سلێمانی لە كاتی ئامادەكردنی پێویستییەكانی كۆبوونەوەكە وەك لافیتەو متاربۆ پەلاماری چوار چالاكوانێكی كەمپینەكە،بە ناوەكانی (هێمن عهبدورهحمان، حسێن گهرمیانی، هونهر كهریم، سامان عهبدوكهریم) كە لە هەمان كاتیشدا ئەندامی ئەنجومەنی مەیدانی ئازادین، دەدەنو بەرەو بەڕێوەبەرێتی ئاسایش دەیان بەن، سەرەتا ئاسایش بەڵێنی دا ئەو چوار ئەندامەی ئەنجومەنە ئازاد بكەن، بەڵام تا ئێستا هیچ یەك لەوانە ئازاد نەكراونو لە ئاسایشی سلێمانی زیندانین، ئەمە جیا لەوەی كە هێزێكی فراوان لە ئاسایشو پۆلیسەكانی سەر بەڕێوەبەرایەتی چالاكییە مەدەنییەكان لە چوار دەوری پاركی ئازادی بڵاوكرابوونەوەو رێگایان لە هاتنی خەڵك بۆ ناو كۆبوونەوە جەماوەرییەكە دەگرتو ژمارەیەكیشیان بە جلی مەدەنییەوە چاودێری ئەندامانی ئەنجومەنو هەڵسوڕاوانی كەمپینەكە دەكرد، بەڵام سەرباری ئەوەیش توانیمان بە سەركەتووییو بە بەشداری ژمارەیەكی فراوان لە هاوڵاتیان كۆبوونەوە جەماوەرییەكە سازبكەین.
ئێمە بە ناوی ئەنجومەنەوە رایدەگەیەنین كە ئاسایش بەرپرسە لە سەلامەتی گیانی ئەو هاوڕێیانمانەو بەهیچ شێوەیەك بۆی نییە دەستدرێژی بكاتە سەر ئەندامانی ئێمە، چونكە لەلایەكەوە پێشتر ئێمە داوای مۆڵەتمان بۆ كۆبوونەوەكە كردبوو، ئەوە خۆیانن كە مۆڵەتیان نەداوەو جیا لەوەیش پاركی ئازادی لە رووی یاساییەوە پێویستی بە مۆڵەت نییە.
ئێمە سەرباری ئەوەی كە رایدەگەیەنین، پشتیوانییەكی زیاتر لە كەمپینی نا بۆ لەشكركێشیو نا بۆ داگیركاری دەكەین، لە هەمانكاتیشدا داوا لە ئاسایشی سلێمانی دەكەین بە زووترین كات ئەو ئەندامانی ئەنجومەنو هەڵسوڕاوانی كەمپینەكە ئازاد بكەنو خۆیان نەكەنە هاوبەش لە پەلامارو داگیركارییەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ سەر كوردستان.
هاوكاتیش داوا لە جەماوەری كوردستان، رێكخراوە جەماوەریو رێكخراوە نا حكومییەكان، رێكخراوو حزبە سیاسییەكانو تەواوی كەسانێك كە بۆیان گرنگە بەر بە سیاسەتی داگیركەرانی كۆماری ئیسلامی ئێران بگرێت، پشتیوانی لە كەمپینی ناوبراو بكەنو بەشداری كارو چالاكییەكانی بكەن، یان بە رێگای جیاواز كار بكەن بۆ بەرگرتن بەو سیاسەتە داگیركارییە.
ئەنجومەنی مەیدانی ئازادی كوردستان23/7/2011
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست