پاشخانی سیاسی کارەساتی ئاشبەتاڵی کەرکووک و پیلانی مەلای عەجەم و بەزمی ئاشبەتال و کارەسات سازان
Thursday, 19/10/2017, 22:10
پاشخانی سیاسی کارەساتی ئاشبەتاڵی کەرکووک و پیلانی مەلای عەجەم و بەزمی ئاشبەتال و کارەسات سازان
چەخماخەی شۆڕش و ڕاپەڕینی نوێ لە کەلار نوخشە بێ لە گشت کوردستان
-----------------------------------------
دۆزی نەتەوەیی کورد پاش ڕاپەرینە مەزنەکەی باشوور کەوتە سەر ڕێچکەی سروشتیی خۆی و سەرەڕای تێکڕای کەند وکۆسپ و تەنگ و چەڵەمەکانی گەهشتە خاڵی لووتکەی . لە مژاری گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان . هەر هەموو ڕووداو و بوویەرێن بچووک و مەزن لەم ڕێبازەدا بوونە هۆکاری کاری و کایگەر ئەڕای بەهێزتەرتەر بوونی هەستی یەکگرتوویی نەتەوەیی کورد . پێشتر داستانی خۆڕاگری کۆبانێ و بەشداری یەک لاکەرەوەی هێزی پێشمەرگە لە شکاندنی هۆڤانەکانی داعش ، گشت تاکێکی کوردی لە خەم و مشووری چارەنووسی نەتەوەی کورد یەک خست . گشت پرسی سەربەخۆیی ئەم تایبەتمەندیەی ژین و ژیاری کوردەواری گەیاندە لووتکە و تەزوو و مووچڕکی مەرگی خستە گیانی نەیار و دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان . دەنگ و ڕەنگدانەوەی کۆچی دوایی مام جەلال دە ئاستی گشت کوردستان ژی بووە هۆکارێکی دیکە لەم بوارە دا . شەڕی کەرکووک لەم چەند ڕۆژەی دوایی دا دیسان و لە درێژەی ڕەوتی گەشەی دۆزی نەتەوەیی کورد هەموو کوردی لە دەوری ئاڵای ڕزگاری کوردستان کۆ کردەوە . کارەساتی ئاشبەتاڵی شەڕی کەرکووک لە لایەن سەرکردایەتی کوردەوە ئاوێکی سارد و سڕ ، بە ساردی هەستی نەتەوەیی خۆیان ، بوو کە کرا بە سەر ئاگر و کوڵی بە جۆش هاتووی نەتەوەیی کورد و کوردستانا .
پاشخانی پاشەکشێی کورد نەک هەر لە کەرکووک بەڵکو لە هەموو ئەو دەڤەرانەی کە پێشمەرگە لە شەڕی داعش ڕزگاری کردبوو فرمانێک بوو و فرمانێکە کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی بێ هێزکراوی کوردە و گەلێ هۆکاری دەرەکی بەهێز دەوریان بووگە لە هاتنە ئارای . پاشەکشێکە فرمانێکی چاوەڕوانکری بوو و گەر سەرکردایەتی کورد بە لێزانیی و ژێریی یەوە هەڵس و کەفتی وەگەرد بکردبا ئیدی ئەو کارەساتەی لێ شین نەدەبوو و گیانی کوردانەی نەدەتاساند ، وەک ئەوەی ئێستا ، گەر لۆ ماوەیەکی کورت بت ژی .
دەوری سەرکردایەتی کورد لە پێک هێنانی بنەمای کارەساتەکەی کەرکووک هەر زوو دەستی پێکرد و لە سەردانی " وەفدی کوردستان " بۆ بەغدا و بەتایبەت شەڕی موسڵ و هاوکاری هێزی پێشمەرگە و سپای عێراقی و کێشەی کەسایەتی مالکی بۆ سەرۆکی هەرێم ، رەنگ ئەداتەوە . بابەتەکانی پێشووترمان ( ٢٧ ساڵە ؛ مافی دیاریکردنی چارەنووس مافی مەردم کوردە ئانکو ئی تاکەکەس!!؛ سەربەخۆیی کوردستان ، سەرتان بخوات ؛ بەڵای ڕەشی زێڕی ڕەش) گەنگەشەی ئەو مژارانە ئەکاتن کە پێوەندی بە بەئاوادانی بناوانی سەربەخۆیی کوردستانەوە هەیە .
شەڕە درۆزنانەی ئامریکا و مەلای عەجەم و گەرم داهاتنی لەم چەند ڕۆژەی دوایی دا لە وانەیە هۆی سەرکی و لەناکاو بوونی کارەساتەکەی کەرکووک بێت . ترامپی ئامریکا ، ئانکو ئامریکای ترامپی بە شێوازی سەرچڵانە و هەڵەشەیی خۆی دیسان بە ڕواڵەت لە مەلای عەجەمی هەڵ پێچاوە و گەمارۆ و سزای ئابووری نوێی بۆ دیاری کردوون . ترامپ هەڵپەی ئەوەی کرد کە سپای پاسدارانی عەجەمان بخاتە ناو ڕێزی تێروریزمە . ئەمەی نەکرد و جارێ بەوەندە بەسی کردووە کە پێان بووشت کە ئالیکاری تێروریزمن . هیچ دوور نیە کە لێ هەڵ پێچانی ترامپ لە مەلای عەجەم فێڵ و گەمەیەکی سیاسی بێ پەی خۆ دزینەوە لە قەیرانی کوریای باکوور . ئەمە گەر وسا بت ئانکو نەبت ، هیچ لەوە ناگۆڕی کە مەلای عەجەم بە پەلە کەفتنە خۆیان ئەڕای بەکردەوە بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی نوێی ترامپ دە هەنبەر خۆیان . جە ڕێکارەکەوە مەلای عەجەم هیچ شوێنێک لە عێراق باشتر و لەبارتر نینە لەبۆ دژکردەوەیان لە بەرانبەر ئامریکا . لە عێراقی عارەبی شێعەگەری سەفەویی دا ژی هێچ شوێنێک لە کوردستان لەبارتر نیە ژ بۆ مەرما مەلای عەجەم بەوەی کە کێشەی شێعە و سوننە کەم تا کورتێ یەکلا کراوەتەوە و عارەبی سوننە بەکردەوە خراونەتە پەراوێزەوە و شار و شاروچەکەکانیان بووگەسە وێرانە و پەپوو تێدا دەخوێنێ .
باشووری کوردستانی تووش بوو بە قەیرانی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و بەڕیوەبەرایەتی و سەرهەڵدانی عێراقێکی بەهێز دوای شەڕی داعش ئەو بوارەی بۆ مەلای عەجەم ڕەخساند کە دە ئاقاری ستراتیژی خۆیان و دژ بە ئامریکا بە سانایی بجووڵێتەوە و دەسکەوت و سەرکەوتنێکی نوێ دەستەبەر بکات. سروشتی دۆزی نەتەوەیی کورد ژی ئالیکاری ترکانی لۆ مەلای عەجەم مسۆگەر کرد . هەوڵە دیپلۆماتیکیەکانی عەجەم و ترکان پاش گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان گەلەک چڕتر بووەوە . کاردانەوەی داگیرکەرانی کوردستان جە هەمبەر گشتپرسیە سەرکەوتووەکەی کوردستان ، یەکیانی خست و دەستی مەلای عەجەمی ئاوەڵا کرد لەبۆ لێدانی کوردستان .
ئێک ژ هۆکارێن دن کو دە کوردستانێ باشوور دەوری نەرێنی دەبینێ ئەوەسە کە پارسەنگی سیاسی عارەبی سوننە لە عێراق دە لە کوردستان کۆ بووگەسەوە . ئەوەندەی عارەبی دژی شێعەگەری سەفەویی لە کوردستانا دەنگ و ڕەنگیان هەیە ، لە باقی شوێنەکانی دیکەی عێراقا نیانە . ئەمەش وا دەکات کە مەلای عەجەم بە لێدانی کوردستان ، بە کردەوە بە تیرێک دوو نیشان بپێکێ . کورد بە کردەوە باجێ کوردبوونی خۆی و داڵدەدانی عارەبی سوننە پێکەوە ئەدات . داڵدەدانی پەنابەرانی عارەبی سوننە لەوانەیە لە ڕوانگەی مرۆیی یەوە فرمانێکی باش بێت ، لێ مرۆڤ و مرۆڤایەتیی و ئاکاری مرۆڤانە لە سیاسەت و بە تایبەت سیاسەتی مەلای عەجەم و پارەپەرەستانی ڕۆژئاوایی نەک هەر پووشێک ناهێنێ بەڵکو ئەشی باجەکەشی بدەی وەک ئەوەی نها باشووری کوردستان ئەیدات .
لە هەموو خەڵکی شارەزا و ئاگاداری ڕەوشی سیاسی ناوچەکە و هەروەها جیهانیی ، پڕ باش خویایە کە شەڕی ڕووکاریی و درۆزنانەی ئامریکا و مەلای عەجەم هەر لە سەرتاو دەسپێکێەوە هەیا نها و نەمازە لەم دواییانەدا بەگشتی بە قازانجی عەجەمان دا شکاوەتەوە . ئیک ڕاستی هەس کە ئەشێ بیرمەند و نەخاسما سەرکردایەتی کورد دەبەرچاوی بگرن . ئەویچ ئەوەسە کە مەڵای عەجەم لە گشت هەرایێکی نێوان خۆیان و ئامریکا هەڵیان داوە و پتر پەلیان هاوێشتوە و بازنەی دەسەڵاتیان فراوانتر کردوە . مەلای عەجەم بە دروشمەکەی مەلا خومەینی دەستیان پێکرد کە دەیگوت ڕێگای قودس ( ئورشلیم ) بە کەربەلا دا تێپەڕ ئەبێ . شەڕی ئامریکا و سەدام و بەعس ، مەلای عەجەمی گەیاندە کەربەلا . هەرای بەهاری ( شەختەی ) عارەبی مەلای عەجەمی گەیاندە بناگوێی ئیسرائیل و کەناری قودسەکەیان . بەرنامەی ستراتیژیکی ئاتۆمی مەلای عەجەمان هۆکارێکی ستراتیژیکی یە کە پێداویستی گەیشتن بە قودس و پاراستنی دابین ئەکاتن . ئۆباما بە کردەوە ئەم کارئاسانیەی لۆ مەلای عەجەم پێک ئانی و بەمەشەوە نەوەستا بەڵکو تێکڕای ئاورووپا و ڕووس و چینشی لەگەڵ خۆی هێنایە ناو گەمەکەی .
کاتی خۆی مەلای عەجەم لە شەڕی عارەب و عەجەم دا پێویستیان بە کوردی باشوور بوو و بەرەی کوردستانی پێ پێک هێنان . دواتر ئامریکا و مەلای عەجەم پێکەوە پێوئیستیان بە کوردی باشوور بوو بۆ لێدانی سەدام و بەعس . کورد لەو کاتەوە هەیا نها کەوتوەتە بەر بەرداشی مەلای عەجەم و ئامریکا . ئەم دۆخەش دەوری بەرچاوی ، گەر نەبێژین یەکەمی ، بووگە لە کێشە و ئاڵۆزی ناوخۆیی باشووری کوردستان . سەرهەڵدانی داعش دیسان پێداویستی ئامریکای لۆ کورد هێنایەوە ئاراوە . دوای شەڕی داعش ئیدی لە ئەگەری نەبوونی مەترسیێکی نوێ ئەڕای ئامریکا ، کورد ئەکەوێتە دەرەوەی پێداویستی سیاسی و سەربازی ئامریکا . ئامریکای ئۆباما هەر زوو کوردی خستە پەراوێزەوە . ئەم پەراویز خستنە ژی بووە هۆی پاڵ پێوەنانی کورد بەرەو عرووسان . ئەمەش بە نورەی خۆی و بە تایبەت دیپلۆماسی دەمخوارکردنەوە لە ئامریکا لە لایەن هەنەک سیاسی کورد و لە پێشیانەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێم ، نێوانی کورد و ئامریکای شەکراوی کرد . هەکە کورد ئامریکای لە کیش چوو ، ئاورووپا و ڕۆژئاواش بە دوای دا دێت . کوردی دوورکەفتە ژ ئامریکا ئەبێتە نێچیری مەلای عەجەم و تەپکە داویان . سەرکردایەتی کورد جە باشوور ، کوردی گەیاندە وەها دۆخێک کە ئاوسی کارەساتی سیاسی یە .
ئەمڕؤش ، گۆڕ دەنگ و باس ، شەڕی ڕەقە کۆتایی هات و ئیدی لەمڕۆ بە دواوە کوردی ڕۆژئاواش تووشی هەمان چارەنووسی پەراوێزخستن لە لایەن ئامریکاوە ئەبن . ئەوەی کە لە کەوهەوری سیاسەتی ئامریکا و هاوهاوەکانیەوە دەرئەکەفێت ئەوەسە کە ئەوان کوردیان لە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی خۆیان دا پێ باشە و لەگەڵیان دان و سەندنی سیاسی و سەربازی و ئابووری ئەکەن . پرت و بۆڵەی هەندێک لە کاتی شەڕی دژی داعش لە مەڕ پێ نەدانی چەک و چۆڵەی پێویست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە نەزانین و بێ ئاگایی لەو ڕاستیەوە سەرچاوە ئەگرێ کە ئامریکا کوردی هەر لەو ئاستەی هێز و دەسەڵات دا گەرەکە کە بواری پێداوە و پێی ئەدات .
خاڵێکی هەری گرینگ لێگرە ئەوەسە کە ئامریکا و بەتایبەت مەکگورک ، کابرای ئامریکایی بەرپرسی هاوپەیمانان لە شەری دژی داعش لە عێراق ، ئەشێ ئاگاداری پیلان و دەستی مەلای عەجەمان لە دژی کورد و کارەساتەکەی کەرکووک بووبێتن ، وەک ئیڕۆ گوتەبێژی سەربازی ئامریکا ئاشکرای کرد . ناشی کە بەرپرسانی سیاسی و سپایی ئامریکا ئەوەش نەزانن کە جم و جووڵی سیاسی و سەربازی مەلای عەجەم لە عێراق لە دژی کورد دەق لەو کاتەدا چڕ و پڕ بووەتەوە کە ترامپی سەرۆکیان شەڕێکی نوێی لە دژی عەجەمستان دەس پێکردوە . هیچ دووریش نیە کە مەلای عرجەم کاردانەوەیان لە دژی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان بۆ ئەم هەل و دەرفەتە هەڵ گرتبێ . کارەساتی کەرکووک لە ژێرچاوەدێری ئامریکا ڕووی دا و تەنانەت سەربازیان هەبووە لە بنکەی سەربازی کەیوان لە کەرکووک و چاوەدێریی ڕووداوەکەی کەرکووکیان کردوە ، بە گوێرەی هەمان گوتەبێژی سەربازی هاوپەیمانان . ئەمەش تێتە ئەو واتا کە ئامریکا تەنانەت لە هەمبەر دوژمنە ناسراوەکەی کە مەلای عەجەمە بێ ، لە حاست کورد و دۆزە نەتەوەیی یەکەی ئاوەها بێدەنگەی لێ ئەکات . هەمان سپای پاسدار کە بە ڕواڵەت ئابڵۆقەی ئابووری خراوەتە سەری لە لایەن ئامریکاوە بە چەک و تفاقی سەربازی ئامریکایی و بەبەرجاوی ئامریکایی یەل پەلاماری کورد ئەدات و ئەوانیش تازە بە تازە داوای دان و سەندن لە کورد ئەکەن . گۆڕ زانیاری گشتی بووت مرۆڤ دکاری بووشت کە ئامریکا و هاوپەیمانان و بەتایبەت مەکگورک و مەلای عەجەم و عارەبی شێعەی سەفەویی و ترکان بە هەڤرە ئەو کارەساتەی کەرکووکیان بە سەر کوردا هێنا . کارەساتی کەرکووک ئەی سەلمێنی کە لەمرۆ بە دواوە ڕۆژئاوای کوردستانیش و پ ک ک ئەشێ چاوەڕێی کارەساتەک هانا بن .
کاکە و برالەیی دە سیاسەتی پارەپەرەستان دا ناخوات . هێز و چەکی ئابووری و سیاسی و سەربازی دەور ئەبێنێ . چەکی هەری کاریگەری کورد ، بێ لە خەڵکەکەی ، ئیرۆ گاز و نەوتە . دەی با بەرهەم هێنانی ئەو دوو بەڵایە بەتەواوەتی هەل پەسێردرێ کە هەم دز و گەندەل کارانی ناوخۆیی پێ ئەتاسێندرێ و لەمەش فرە فرە گرینگتەرتەر بەرژەوەندی پارەپەرەستان و سووخۆرانی جیهانی ئەکەفێتە بەر مەترسی . ئەوجا دیسان کورد و کوردستان بایەخ و نرخێکی سیاسی دیکەی ئەبێتن و ئاوەها نابێتە سووتەمەنی گەمەی قرێژی سیاسی نێوان یاریکەرانی ئەو گەمە دزێوە . ئیرۆ ڕۆژی ئەوەیە کە نەوت و گازی کوردستان بۆ یەکەم جار بەمەبەستی پاراستنی کورد و کوردستان بێت بکار ئانین . سەرکردەی کورد ئەشێ ئەو بوێریەیان هەبێ کە وەڵامی گەلەکۆمەکی نەیار و دوژمنانی کورد بە ڕاشکاوی بدەنەوە ، بە بڕینی تەواوی نەوتی کوردستان لە بازاڕەکانی جیهانی ، پشت بەستوو بە مەردم کورستان .
ئەمڕۆ خەڵکی کەلار ڕژانە سەر جادە و بەریان بە حەشدی شێعە گرت و لە شارەکەیان دووریان خستنەوە . ئەمەش هەمان ڕێکاری سەردەمی ڕاپەڕینە کە هێژ زیندووە . گیانی بەرخۆدان و بەرگری دە هەمبەر داگیرکەرێکی هۆڤان وەکی حەشد و سپا بوودەڵەکەی عێراقێکی بێ سەرەو وبەرە و کانگای دز و گەندەڵ و دۆڕاوی سیاسی ژێر دەستەی مەلای عەجەم ، ئەو هۆکارە گاوەرەیەیە کە بە سانایی و بە کردەوە ئەتانێ بەرپەرچی پیلانی مەلای عەجەم و ئامریکا و ترک و عارەبی شوینیزم لە دژی کورد بداتەوە . گەر کورد و هێزی پێشمەرگە بەو پیلانە سووک و چرووک و عەجەمانە گەڕێکی گەمەی سیاسیان دۆڕاند ، ئەوە ئیدی خەڵکی خۆڕاگر و فێرە خەبات و شؤڕش و بەرەنگاری کورد بە گشتی و کەرکووک بە تایبەتی ، هەر وەک خۆی و بگرە چارژاوتر و بە ئەزموون تر لە جێی خۆیەتی و لە کێشی دایە کە دیسان لە دژی داگیرکەران ڕاپەڕێ و ڕایان ماڵی و سەرشۆڕیش بکاتە خەڵاتی ئەوانەی خەیانەتیان بە کورد کرد و ئەوانەی وەک گۆڕان پەلاماری دوژمن بە ڕخنەی نەخۆشانەیان لە دەسەڵات و سیاسەتی کورد پاساو ئەدەنەوە ، شەرمەزار بکات . هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەشێ وەک جاری جاران ببیتە کۆڵەکەی خەڵکی ڕاپەڕیو و شۆڕشگێڕ .
دە گەرمەی گەرم داهاتنی شەڕە درۆزنانەی ئامریکا و مەلای عەجەم ، کوردستان بە گشتی و کەرکووک بە تایبەتی کەوتنە بەر پەلاماری مەلای عەجەم و تێدا ژی سەرکەوتن . تێکڕای بیرمەند و شارەزایان پێشبینی ئەمەیان ئەکرد و مە ژی گوت کو دوای شەڕی داعش سەرەی شەری کورد تێت . شەڕی موسڵ پێشمەرگەی خستە پەراوێزەوە ، سەرەڕای ئەوەی کە سەروکی هەرێم و سەرانی عارەبی بەغدا شانازیان بەوەوە ئەکرد کە لەو شەڕەدا خوێنێ پێشمەرگە و سپای عێراق پێکڤە تێکەل بوو . ئیرۆ ژی جە کەرکووکەی کوردستان ئەمێ دەس خۆشانەی ئەو بیرۆکە نەزۆک و چەواشەکارانەمان بە چاوی خۆمان دیت .
بە گشتی وەکی ئاماژە پێ هاتە کرن ، پاشەکشێی کورد چاوەڕوانکراو بوو و هۆکاری ئەو پاشەکشێ ژی ژ دەرەوەی دەسەڵاتی کوردە . هەر ڕۆژێک پاش کارەساتەکەی کەرکووک دەرکەوت و لایەنی کوردی و عارەبی و ڕۆژئاوایی ڕوونیان کردەوە کە کورد ئەوەیان بە سەرا سەپاوە و لەگەڵی ڕێک کەوتوون کە بە بێ شەڕ و پێکدادان لەو دەڤەرانە بکشێنەوە کە پێشمەرگە لە دەستی داعشی ڕزگار کردبوو . ئیشتاش خەریکی ڕێکخستنەوەی هێزەکانن بەگوێرەی ئەو ڕێكکەوتنە کە فوئاد مەعسووم بۆ سەرکردایەتی کوردی هێنابوو . کۆبوونەوەکەی دووکان لە لایەن پارتی و یەکیەتی و سەرۆک کۆماری عێراق دەق لۆ ئەو مەبەسیە بووە . پەیامەکەی ئەمڕۆی (١٧/١٠/٢٠١٧ ) فوئاد مەعسووم بەو ناوەرۆکە سەر سووڕهێنەرانە و عێراقیانەی هیچ لەوەدا ناهێڵێتەوە کە ئەو جەنابە کۆنە پێشمەرگە گەڵاڵەی پاشەکشێ و ڕێککەوتنەکەی بۆ کورد پێ بووە و هەر ئەوەندەشی مابوو کە دەس خۆشی لەو سپا و حەشدە بکات کە لە پێناوی دێمۆکڕاسی و یەکیەتی خاکی عێراق ئەو کارەساتەیان بە سەر کەرکووک و مەردم کوردستانا هێنا . ئەوەش خرا نینە کە مەردم بزانن کە جەنابی سەرۆک کۆمار یەکەم کەسی سیاسی و دیپلۆمات بوو کە چاوی بە خومەینی کەوتبێ و ژەمە نیسکینەیەکی لەگەڵ خواردبێ وەک خۆی ئەیگێڕایەوە . ئەوەی فویاد مەعسووم بۆ عارەب و مەلای عەجەم وەک کەواسووری بەر لەشکری داگیرکەر لە دژی کورد کردی خاڵی ڕەشی ژیانی خۆی و هاوهاوەکانیەتی و بە هیچ کلونجێک ناسڕێتەوە لە مێژوویان و بەرپرسن لەو کوشتار و ئەنفالەی حەشد و سپای عێراقی لە خورماتوو و کەرکووک لە دژی نەتەوەی کورد بەرێوەی ئەبەن و زمانی کوردی لە کەرکووک یاساخ ئەکرێتن و بێ ڕێزی بە ئاڵای کوردستان ئەکرێت . خەڵکێک هەنە کە قامک لە سەر چەند کەسێکی نزم دائەنێن و بە هۆکاری کارەساتی کەرکووک ناویان ئەبەن . لێ ئیرۆ فوئاد مەعسووم دەری خست کە جەنابیان یەکەم کەسە کە ببووە دارەدەست و مقاشی مەلای عەجەم و عارەبان لە دژی کورد و کوردستان و هێزی پێشمەرگە . ئەم جەنابە بە پیاوە بێ دەنگەکەی بەغدا ئەناسرا و هیچ جم وجووڵێکی ئەوتۆی نەبوو و لە سەروبەندی ئەوەدا بوو کە عارەب ئەویش لە کارەکەی دەربکەن ، کەچی بۆ بەرژەوەندی مەلای عەجەم و شێعەی سەفەویی عێراقی ئەوپەڕی چالاکی نواند و ئەو بەزمەی بە سەر کوردا هێنا . ئەمەگ و نمەک گیری فوئاد مەعسووم بۆ نیسکینەکەی خۆمەینی ، وەفا و ئەمەگ ئەویان بۆ مام جەلال کە هێشتا کوردەکەو ماچۆ کفنەکەی زەرد نەکردووە ، ئاشکرا ئەکاتن .
ناکارامەیی سەرکردایەتی کورد جە باشوور بووە هۆی ئەوە کە ڕێكخستنەوەی هاوکێشەی هیزی مەلای عەجەم و ئامریکا بەو کارەساتە و ئاشبەتالە بە سەر کوردا بشکێتەوە . هەر ئەوەی کە ئێستا ملیان پێ داوە و چوونەتە ژێر باری دەکرا بە بێ ئەو کارەساتەی کەرکووک جێ بە جێ بکرێتن و نە خۆیان پێی شەرمەزار و سەرشۆڕ ئەبوون ونە مەردمەکەی کوردستانیچ تووشی ئەو ئازارە دەروونی ئەهاتن .
خەڵکی کوردستان لە گشتپرسی و تەنانەت لە ڕۆژی یەکەمی شەڕی کەرکووک دا کێش و وزەی شؤڕشگێڕانە و گیانی بەرزی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی یان هێنایە سەر شانۆی سیاسی . ئەم ڕەوتە کوردانەی سەدەی ٢١کەم لە کۆمەڵگای کوردەواری دا ماک و مەکۆی سەرەکی بەرەوپێش بردنی دۆزی نەتەوەیی کوردە . وسا خویا دەبێتن کو سەرکردایەتی ئێستای کورد جە باشوورەکەو کوستانەکە نەک هەر کێشی ڕێکخستنی ئەم هێزە کۆمەڵایەتی و مێژوویی یەی نیە بەڵکو ڕێگریشە لە سەرهەڵدانی سەرکردایەتیێکی نوی کو بتانێ بەو ئەرکە ڕابگات . ڕێکاری گۆڕان بۆ ئەم کورت هێنانەی بزاڤی کوردێنی ، پێک هێنانی حکومەتێکی کاتی هاوبەشە کە دەق وەک هەمان قیادە موەقتەی گۆرینە . چاری سەرەکی لە دەرەوەی ئەم دەسەڵاتە چەق بەستووەی ئێستای باشووری کوردستانە . هێزێکی گاورە و بەرفرە و بەهێزی کۆمەڵایەتی وەک نەوەی ڕاپەڕین لە دایک بووە و لە دەرەوەی دەسەڵات ئەجووڵی و لە پرسی گشت پرسی دا دەری خست کە ئەوە ئەوانن کە سەرکردە و ژێرکردە بەرەو پێشەوە داژوون . کەلاری ئیمرۆ شانۆی خەباتی ئەو هێزەیە و کوردستان بە گشتی لە کێشی دایە کە سبێ ڕۆژ بە تێکڕا ببێتە کەلار . کەلار ئیمرۆ بووە دەروازەی ڕاپەڕینێکی نوێی کوردان . تەپڵی ڕاپەڕین لە دژی داگیرکەری دەروون ڕەش و دزێو و بوودەڵە و پیلان گێڕ لێدراوە . دەی با خۆبەخشانی دوێنێی شەڕی کەرکووک چاکی لێ بە لادا بکەن ئاگری ڕاپەڕینێکی نوێ خۆش بکەن و سەرکردە و ژێرکردە ؛ ڕەخنەگر و پرت و بۆڵە کەر و بایەعی خۆر و بن دیوار و لاپرەسەن و دز و گەندەڵکار و سەرشۆر و خەیانەتکاران و توێمەڕی و دەمڕاس و سەماکەرانی عرووبە و پیلانی مەلای عەجەم و عارەب و ترکان و ئامریکا لە گۆڕ نێن .
چەخماخەی شؤڕش و ڕاپەڕینی نوێ لە کەلاری ئیمرۆ جێگرەوەی سیاسەتی دان و سەندن و دیپلۆماسی دۆڕاو و ڕێکاری ئاشتیخوازانە و یاسا و دەستووری بێ بنەما و پێشێل کراو و ڕێککەوتنی ژێربەژێر و سەرجەم گەمە و یاری سیاسی بوودەڵانەیە کە کارەساتەکەی کەرکووکی بە دیاری بۆ کورد هێنا . کەلاری ئەمرۆ و کەلاری گشت کوردستان هەمان دەنگ و ڕەنگی بەهێزی لافاوی کۆمەڵانی خەڵکە کە لە پرسی گشتپرسی تەسی بە نەیار و بالۆرەی ناساز ژەنانی دۆڕاوی دوێنێ هێنا . کوردستان وەک کەلار ئەو کوردستانەیە کە بەتەنیا بەو خەڵکە نەبەرد و نەبەز و خۆڕاگرە دیتە دی و ئەرکی بەرز ڕاگرتنی ئاڵای قەت نەکەوتووی کورد و کوردستان لە سەر شانیانە . ئەم ئەرکە مێژوویی یە کاری فشەپاڵەوانانی چەقاوەسووی سەر میدیاکان و ڕخنەگرانی دۆڕاو و پەراویز خراوی وەک گۆڕان نیە . مێژووی مرۆڤایەتی و مێژووی کورد و داهاتووی پڕشنگداری مرۆڤ لە سەر خاکی ئاهورایی کوردستان بەو خەڵکەی تۆمار ئەکرێتن کە هەر دوێنێ بوو کە راپەڕین و لافاو ئاسا پیسی و پڕوپووچی ناوبەرا مرۆڤایەتیان راماڵی .
لە جیاتی ئەوەی کە هەموو کوردستان بکەنە کەلاری ئیمرۆ ، ناڕاستی و چەواشەکاری سەرکردایەتی کورد تەنانەت بەوەشەوە ناوەستن کە مەردمەکەی خۆیان و هێزی پێشمەرگە و تەنانەت بەشی هەرە زۆری ئەندامانی بەرزی خۆشیان لەو ڕێککەوتنەی کە ئیتر ئیرۆ هەمووان ئەیزانن و پێی لێ ئەنێن و بووە هۆی کارەساتەکە ، ئاگادار نەکردەوە ، بەڵکو ئا نها بە هەمان ڕێکار و شێوازی ناڕاست و چەواشەکارانە بەربوونەتە یەکتر و هەر لایەنە ئەوی دی تاوانبار ئەکاتن . ئەمەش گەمەیەکی ساویلکانە و قیزەوەنە کە کاریگەریی ناباشی کارەساتەکە چەند قات ئەکاتەوە وهیچ ڕێز و پێزانینێک لەبۆ خەڵک ناهێڵێتەوە . لێدوانی درۆ و ناڕاست و ترسەنۆکانە لە جیهانی ئیمڕۆی لێک گرێدراویی سەردەمیانە بە قەدەر وانێکێک بڕ ناکات و بەتەنێ خاوەنەکەی سەرشۆڕ ئەکاتن .
تەپکەو و فێڵەعەجەمانەی مەلاکانی تاران سەرکردەی سیاسی و سەربازی باشووری کوردستانی بە لە خشتە بردوە و وایانی لێکردوە کە ئەوان بەشێک لە خۆیان بکاتە هۆکاری سەرەکی کارەساتەکەی ئاشبەتاڵی کەرکووک . لەمەش فرەتر و مەترسیدار تر ، ئەم ڕێکارە عەجەمانە ئەیان خاتە شەڕی یەکتر و کورد بەرەو شەڕی ناوخۆیی دەبا . درز و کەلێن و کەلەبەری نێوان پارتی و یەکیەتی ئەو بوارەی بۆ مەلای عەجەم ڕەخساندووە کە ئاوەها ئاژاوەیەک لە ڕیزی هێزەکانی کوردستان بنێتەوە و جێگەی داخ و سەرسووڕمانە ژی کە تەنانەت سەرۆکی هەرێم لە پەیامەکەی ئیمڕۆی دا دەری خست کە جەنابیان ستراتیژی مەلای عەجەمی نەزانیوە کە کوردستان بەرەو شەڕی ناوخۆیی و دووبەرەکی و دوو ئیدارەیی دەبات . فێڵە عەجەمانەی مەلاکانی تاران وای کردووە کە هەر بەرپرسێکی سیاسی و سەربازی باشووری کوردستان ئەوەندە ، بە ڕاست و ناڕاستەوە ، بە ڕاست بزانێ و دەری ببڕێ کە پێی دراوە و لێی ئاگادارە . ئەمەش ماک و هۆکاری ئەو سەرلێشێواویی و پشێونیی و درۆ و دەلەسە و نالێکێ و ناتەبایی یەیە کە دوای کارەساتەکە هاتگەسە هۆلێ و پارەک ژ پیلانی مەلای عەجەمانە .
کاردۆخ
کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان
١٧/١٠/٢٠١٧
فەرمانی فواد مەعسووم بە لابردنی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکووک
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست