یەكێتى زانایان لە كۆنگرەى یەكگرتنەوەوە بۆ كودەتاكەى شارى سلێمانى

Monday, 26/04/2010, 12:00


ڕۆژى (15 / 2 / 2010) زانایانى كوردستانى باشور بە ئومێدو دڵى خۆشەوە لە شارو شارۆچكەو گوندەكانى خۆیانەوە بەرەو پایتەختى هەرێمەكەیان بەڕێ كەوتن بۆ كۆنگرەى پێنجەمى یەكگرتنەوەى ڕێكخراوەكەیان كە پەتاى شەڕى ناوخۆ درزى خستبووە ناو ماڵ و حاڵ و ژیانى كۆمەڵایەتى و سەرجەم كایەكانى ژیانەوە ، بەڵام خۆشبەختانە زۆربەى وەزارەت و بەڕێوبەرایەتى و ڕێكخراوەكانى كۆمەڵگاى مەدەنى (NGO) یەكیان گرتەوەو بە چالاكانە لەبوارى كارى خۆیاندا دەست بەكاربوون ، ئێمەش دواى
(10) مانگ چاوەڕێ و دواخستن بەسەر كۆنفرانسى لق و ناوچەكانى یەكێتى زانایاندا دواجار زەمینەى بەستنى كۆنگرە ڕەخساو بە ئامادەبونى سەرۆكى هەرێم و نوێنەرى حكومەت و پارێزگا شەیپورى كۆنگرەوە و یەكگرتنەوە نەك بەئایەتێك بەڵكو چەندان ئایەت سەداى خۆى بڵند كرد ، هەرچەندە دەبوایە زانایان هەرگیز لەت بوون و دابەش بونیان لەڕوى كارى ڕێكخراوەیى یەوە بەسەردا نەهاتبایە بەپاڵپشتى ئەو مەرجەعیەتە موەحەدەى كە هەمویانى كۆكردبویەوە ، لەلایەكى ترەوە ڕێكرخراوى یەكێتى زانایان دەبوایە هەرگیز نەبوایەتە ماڵ بۆ ئەم دوولایەنە عەلمانیە كەلەگەڵ بنەما دەستورى و حەزارییەكانى ئاینەكەیاندا یەك نەگرێتەوە ، زانایان لە مێژووى دێرین و زێڕینى خۆیاندا پەیامدارو تێكۆشەرەكانیان سمبولى بەرخودان و ناڕەزاى و نەرێ بوون بەڕووى دەسەڵاتى گەندەڵى سەردەمى خۆیاندا ، وە زانایى بەدەرگاو دیوانى سوڵتانەكان لاى كۆمەڵگاش شایەنى پێشەوایەتى موسڵمانان نەبون .
یەكێتى زانایانى ئیسلامى كوردستان هەرلەسەرەتاى حەفتاكانى سەدەى ڕابردووەوەو ئەم ڕێكخراوەیان دروست كرد بۆ پڕكردنەوەى ئەو بۆشاییە ئایینى یە كە لە شۆڕشى گەلى كوردا هەبوو بەبەشدارى دەیان كەڵەزاناى گەلەكەمان لەو كاتەدا .
دواى دوومانگ لە ئاشكراكردنى ئەنجامى هەڵبژاردنى یەكێتى زانایانى كوردستان (17/ 2 بۆ 17 / 4 / 2010) كە لافیتەى ڕووبەڕوى ئامادەبوان بریتى بوو لە (كۆنگرەى پێنجەمى یەكگرتنەوەى زانایانى ئاینى ئیسلامى كوردستان) بەبەشدارى هەموو جۆرە زانایایەكى ناو ڕێكخراوەكە لە ڕووى سیاسى و فكرییەوە بەڵام گرنگ ئەوە بوو هەموان بۆ ئامانجێك هاتبوون وە بە ئازادانە لەناو زاناكاكنى هەموو شوێنەكانەوە هەڵبژێردرابوون بۆ بەستنى كۆنگرەكەیان پشت بەست بەبڕیارى سیاسى و قەناعەتى هەردوو ڕێكخراوە لەت بووە كە ، ئەوەندەمان خۆش بوو تا ئەنجامەكان وەدەركەوتن هەندێك لەو زانایانە كە وەعدى حزبیان وەرگرتبوو كە دەریان بچێنن بەڵام ئەنجامەكە بەشێوازێكى كەبوو ئێمە دەپرسین بۆدەبێ یەكێتى زانایان كە سانێك ئاراستەى بكەن كە لە (1%) خۆیان باوەڕیان بەمەلاو پەیامى مەلا نییە ، ئەگەر ئەم ڕێكخراوە یەك دەنگ و یەك هەڵوێست و یەك ئامانج بوینایە هەرشتێكمان بەباش بزانیبایە بۆ بەرژەوەندى زانایان و ئایین و نیشتمانمان دەمان چەسپاندن و بۆیان جێ بەجێ دەكردین بەڵام مەخابن چاوەڕێین خەڵكێكى تر بڕیاڕمان بۆبدات !
دواى دەرچونى ئەنجامى هەڵبژادنەكان (31) زانا لەكۆى (266) ئەندام دەرچوون كەناو نران ئەندامانى ئەنجومەنى ناوەندى یەكێتى زانایان .
سید أحمد بەرزنجى كە یاریدەدەرى بەڕێز سكرتێرى گشتى یە بۆ كاروبارى ئاینى ئەم پیاوە هەمیشە بەعەقڵیەتى شاخەوە مامەڵە لەگەڵ زانایان دەكات و دژایەتى بەرامبەرەكانى دەكات لە كارى زانایاندا و حسابیان بۆ ناكات و نایان خوێنێتەوە چەندین جار كەدەهات قسە بكات لەكۆڕو كۆبەنەوەكاندا بۆزانایان نزیكەى سەعاتێك زیاتر پەخشانێكى سواوى دەیانجار وتراوى دەوتەوەو دواتریش ئامادەنەدەبوو گوێ بۆ ڕەخنەو پێشنیارى زانایان بگرێت ، لە كاتێكدا ئەو بۆى نەبوو كەزانایان بەشێوەیەكى گشتى كۆبكاتەوە چونكە پۆستەكەى ئەو حزبى بوو نەك حكومى و رٍێكخراوەیى .
یەكێتى زانایان ئەو كاتە نەگبەتى گرتى كە سەید احمد كرا بە دانوست كاریان لاى نوێنەرى زانایانى هەوڵێر هەربۆیە ئەم بەرپرسە باڵایەى ناو یەكێتى شكست لەدواى شكست دەهێنێت بەسەر یەكێتى زانانیانى ئاینى ئیسلامى كوردستاندا (سلێمانى) وەكەسیش نی یە لێپێچینەوە لەگەڵدا بكات و پێى بڵێت سەردەمى ئەو عەقڵیەتە چەق بەستووە بەسەر چووە .
كۆنگرەى یەكێتى زانایان بەشێوازێكى ڕێك و پێك ویاسایانە كاروبارەكانى خۆى تەواو كردو دادوەرێكى جدى و ماندو نەناس بەبەرچاوى هەموانەوە دەنگەكان ئیفراز كران ، تا بەرى بەیان دەیان زانا و چاودێر لەناو هۆڵى كۆنگرەدا بوون ، بەڵام مەلاكانى سەر بەیەكێتى نیشتمانى كە بەدەفتەر دۆلاریان بۆ هەڵڕشتبوون بەشكستەوە لە كۆنگرەوە دەرچوون هەرلەناو كۆنگرەدا بوین تەلەفۆنیان كردبوو كە بانوێنەرى ئێمە لە لیژنەى سەرپەرشتیارى هەڵبژاردن دا پاشەكشە بكەن هەرواشیان كرد وە وەتوبویان وەرنەوەو ڕازى نابین بەو ئەنجامە لێرەدا پێویستەجارێكى تر بپرسین و ئاشكرای كەین بۆ بەرچاوى ڕاى گشتى كە ئەم بەناو دیموكراسى و مافى چارەى خۆنوسینە تەنها بڵقى سەرئاون و خۆڵكردنە چاوى خەڵكە شكست و گلان لەبەنامەیاندا نی یە لە پێناو شكستى خۆیاندا ئامادەن هەموو ئەزمونى گەلى كورد بدەن بەدەم ئاوو بكەوینە سەرساجى عەلى ، ئێوە زیاتر لە سەد مەلاى یە كێتى تان هەبوو لە ناو كۆنگرە ئەوەى (60) دەنگى بهێنایە دەرچونى بەدەست دەهێنا ئەى بۆچى خۆتان دەنگتان بەخۆتان نەدا متمانەتان بەخۆتان نەكرد و پاشقولتان لەیەكتر گرت ئیتر بۆچى شكستەكە دەدەنە لاى هۆكارى تر خۆتان ئەم كارەتان لێنایە كەسى تر تاوانبارمەكەن ، پێك هاتەى (ى ، ن ، ك) لەگەڵ پەیام و بەرنامەى مەلاو مزگەوتدا ناوگونجێت .
هەندێك لەمەلا یەكێتى یەكان كە لەدەڤەرى سلێمانى ئیش و كارى زانایانیان بەڕێوە دەبرد كەسانێكى حزبى و بوغزن و ڕق لە دڵ و گوێ لەمشتى حزب بوون لەبەرگى مەلا كاریان دەكرد ڕێكخراوەكەیان بۆخۆیان قۆرخ كردبوو بە ئاراستەى حزب هەڵدەستان و دادەنیشتن بەشدارى شەڕى ناوخۆیان پێكراو ڕەعیەتێكى دەستەمۆبون هەتا توانییان دژایەتى مەلاو مزگەوت و ئاینیان پێكرا بەڵێ قوربانیان زۆر كرد بۆ ئاغا نوێژنەكەرەكانیان ئێستاش كە هیچتان لەباردانەماوە و دەورى خۆتان تان بینى چۆڵى كەن باخەڵكى تر بێتە پێشەوە بە شێوازێكى تر لە ئیش و كار دەست پێ بكات .
كێشەكە لێرە دایە دواى دوومانگ لەدەرچونى ئەنجامى هەڵبژاردن (17/4 / 2010) تازە سەید احمد بەرزنجى كودەتا دەكات بەسەر كۆنگرەى پێنجەمى ڕێكخراوەكەدا و لەت لەت و پەرتەوازەى دەكات (15 بۆ 20) مەلاى یەكێتى كۆدەكاتەوەو بارەگانوێكەى سكرتارییەتى زانایان لە جادەى توى مەلیك دەكاتەوە و بە ئامادەبوان دەڵێت : ئەوا مامۆستا مەلا حمە امین چەمچەماڵى بە (امر) كرا بەسەرۆكى زانایان و برا گەورەتان:
ئەمە كەئەم پیاوە كردویەتى پێچەوانەى یاساو بارودۆخى سیاسى كوردستان و بەرژەوەندى حزبەكەیى و كارى ڕێكخراوەییە پەرتەوازەكردنى زانایان و ناو ماڵى كوردییە .
ئایا ئاغاى بەرزنجى چۆن ئەمەى كرد ؟ تۆبڵێ ى مەكتەبى سیاسى ئەم كارەیان پێكردبێ ستراتیژى خۆیان و پارتى هەڵبوەشێننەوەو گلەى سەدان زانان و جەماوەر بهێننە سەر خۆیان ؟ ئایا دواى ئەم هەنگاوە مەترسیدارە ئیتر چ نرخ و بەهایەك بۆ بەستنى كۆنگرە لەناو ئەم ڕێكخراوەدا دەمێنێت ؟ ئایا دەكرێ سەرۆكى هەرێم و حكومەت و جەنابى مام جەلال و مەكتەبى سیاسى هەردوولا بەم كودەتایە ڕازى بن ؟ ئایا ئەمە یارى كردن نى یە بە بەهاكانى ژیانى دیموكراسى و پێكەوە ژیان و ژیانى مەدەنى و دەستاو دەست كردنى دەسەڵات ؟ ئایا ئەوە ناسەلمێنێت بۆ هەرموولا كە بەڕاستى حزب ڕیكخراوەكانى شى قوت داوە وە لەسەر پەنجەى پیاوانى حزب كارو بارەكانیان هەڵدەسوڕێت ؟
باشە خەڵكێك تۆى ناوێت و دەرناچیت لە هەڵبژاردندا بەزۆر و تۆبزى خۆت دەكەى بە سەرۆك و براگەورەى ؟
كاكە لەدنیادا عەیب نییە چۆڵ كردنى كورسى بۆ خەڵكى تر ، خۆ ئێوە ئیدیعاى دنیا دیدەى و بە ئەزمونى دەكەن ، یان حاڵتان وەكو كوێخاى گوندەكەى لێهاتووە كە خەڵكەكە دەیان وووت تۆمان ناوێت و لەكۆڵمان بەرەوە ئەویش دەیوت : ئەگەر ئێوە من بە كوێخاى خۆتان نازانن ئەوە من هەر خۆم بەكوێخاى ئێوە دەزانم !. ئەگەر گومان ڕەخنەتان لە كۆنگرەو ە شێوازى كارى داد وەر هەیە ئەوا ڕێگاى قانونى هەیە فەرموون ئەوە عەرزو ئەوە گەز ، ئەگەر پەشیمانن ئەى بۆهاتن بۆ كۆنگرە ؟ نەئەكرا چاوەڕێى ئەم ئەنجامەش بن ؟ ئێوە دەڵێى لە دنیاى دیموكراسیدا ناژین لەسەردەم دابڕاون ئاگاتان لەچوار دەورى خۆتان نییە تا زووە واز لەم ماڵە باجێنەیە بهێنن و ڕازى ببن بە واقیع و توڕەى ناڕازى سەدان زانا بهێننە سەر خۆتان و حزبەكەتان ئەوەندەى تر بارى خۆتان قورس مەكەن ...بەكام ئەمر سەرۆك بۆ ڕێكخراوێكى وا گەورە دادەنێن بێ پرس بە هیچ كەسێ چ مەسڵەحەتێك لەو كارەدا هەیە ئەو ئەمرە لەكوێوە دەرچووە ؟ كە خۆى بە باڵاتر دەزانێت لە كۆنگرەو ئیرادەى یەكگرتنەوە . ئایا ئەم ئەمرو ئامێرانە تەندروستن و جوان بڕاریان داوە باش بیر دەكەنەوە ، زانایان لە ڕێكخراوەكەیاندا كاتێك ئەمەیان بیست توشى شۆك هاتن مویا گرژ بوو ئەم كودەتایە بۆ و لە پاى چى ؟ ئایا تەسلیم كردنى ڕێكخراوێكى مەدەنى سەربەخۆ بۆ ئەبێت حزبێكى گەورەى وەكو (ى ، ن ، ك) ئەوەندەى لەبەر گران بێت لە كاتێكدا بە ئاسایى و بە یاسایی و ئاگادارى گشت لا كۆنگرەى خۆى بەستووە ئایا زانایان كە ڕەمزى پاكى و ڕێنمونى گەلەكەیانن و دژى ستەم و ستەم كارى بونەتەوەو ملیان بەستەم كاران نەداوە بەمە ڕازین ؟ ئایا ئەمە جارێكى تر دڵى هەموومان لە كارى ڕێكخراوەى سارد ناكاتەوەو بەرەو جودا خوازى قوڵترمان نابات ؟ وە هەموو حزبێك ڕێكخراوێك بۆ زاناكانى خۆى دابمەزرێنێت كارمان بەكوێ دەگات ؟ .
چەندە لەم بارودۆخە هەستیارەدا لەبەرژەوەندى گەلى كوردو ناوماڵى كوردە كودەتایەكى لەم جۆرە ، یەكێتى خۆى ڕەخنە لە هەندێ كەس دەگرێ كە جودا خوازن و ماڵى كوردیان لەت كردووە ، ئایا ئەم هەنگاوەى خۆیان لەت لەت كردنى ڕێكخراوى یەكێتى زانایان چۆن دەپاساوێنن بۆ خەڵك ؟ بۆیە داوا دەكەین لە زانایانى دڵسۆزى خەڵك و خاك و گەل و نیشتمان نەكەن بەم كارە ڕازى بن و دواى ئەم كودەتا چییانە كەون وە ڕۆژنامەو میدیاى ئازادیش بانەهێڵن ئەمە تبێپەڕێت بەسەریاندا و لێیان بكرێت بە هەڵا ، چونكە ئەمە سەرەتاى زەنگێگى ترسناكە بۆ سەر ژیانى مەدەنى دیموكراسى لەهەرێمەكەماندا .
لەم كات و دۆخەدا ئەگونجێت زۆر لە زانایان بپرسن چارەسەر چییە ؟ ئێمەش چارەسە ر لەم چەند خاڵەدا دەبینینەوە :
1. ڕازى بوون بە ئەنجامى كۆنگرەى پێنجەمى یەكگرتنەوەى یەكێتى زانایان كە لە (15 , 16 / 2 / 2010) لە هەولێر گیرا .
2. تانەدانى یاسایى لە ئەنجامى كۆنگرەو ڕازى بوون بە بڕیارى دادوەر .
3. دوورى گرتن لە هەر دەست تێوەردانێكى حزبى و هەربڕیارێك كە پێچەوانەى پەیڕەو پڕۆگرامى یەكێتى زانایان بێت و دژ بێت لەگەڵ لائیحەى كارى ڕێكخراوەیدا .
4. ئەوانەى دەرنەچوون و گلەییان هەیە لە دەرەنجامەكە با ئارام بگرن و لە لق و ناوچەو ڕێكخراوەكەدا درێژە بە خزمەت و خەباتى خۆیان بدەن تا كۆنگرەى داهاتوو .
5. مەلا حمە امین چەمچەماڵى و ستافى كودەتا چییەكان با هەرگیز ڕازى نەبن بەو جۆرە خۆسەپاندن و خێر پێكردنە چونكە بۆ كەسایەتییان باش نییەو مێژوو بۆیان تۆمار دەكات .
6. باحكومەت و دەسەڵات لە زوترین كاتدا پاڵێوراوانى ناو كۆنگرە ڕاسپێرێ بۆ ڕێكخستنەوەى یەكێتى زانایان و لەم پاشا گردانییە ڕزگارمان ببێت و چى تر كارو بارەكان بە هەڵواسراوى نەمێنێتەوە .
7. باسەرجەم زانایانى هەرچوار پارێزگاكە كە ئەو كۆنگرە بەرى ڕەنجى زیاتر لە پێنج هەزار مەلاى كوردە ئامادەبین ڕێپێوان و داكۆكى لێبكەین و بڕژێنە سەر جادەكان ، ئێمەش چیمان لەو هەموو چین و توێژەكان كەمترە بۆ سەندنى مافى خۆیان ، لەم ڕۆژانەدا خوێندكارانى ئامادەیى چ هەڵوێستێكى گشتى و یەكڕیزیان هەبوو بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارێكى وەزارەتى پەروردە ، بائێمەش بۆ سەندنى مافەكانمان یەك هەڵوێست و بوێرانە ئامادەبین بۆ سەندنى مافەڕەواكانمان .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە