جەژنی گەنجە کوردەکانی ئەمریکای 2012
Friday, 27/01/2012, 12:00
لە نەوەدەکان، بە تایبەت لە نەوەد و شەش بە دواوە؛ ڕەوێکی گەورەی ڕەوەندی کوردی بەرەو هەندەران هەڵکشان، شاڵاوێکیان لە ئەمریکا داڵدە دران، وەکوو هەموان دەزانین ئەم ووڵاتانە لە هەموو ڕوویەکەوە زیاتر بایەخ بە مناڵ دەدەن، بەو مەبەستەی ئەو مناڵە زمان و نەریت و ڕێسای وولاتی داڵدەدەر تەواو بەرجەستە بکات، بەمەش دەبێتە نەوەی ئایندەی ئەو ووڵاتە. (ئەم بابەتە زیاتر هەڵدەگرێت، بەڵام نامەوێ لە باسەکەم لادەم) بۆیە زۆربەی خێزانەکان کاتێ ڕۆچوونی زمان و نەریتی میللەتەکەی لە ئاکاری مناڵەکەی بەرەو ئامێزی مەرگ دەبینی، ئینجا دەکەوتنە پەلەقاژەی ڕزگارکردنی وەچەکانیان لەو ململانێیەی کە لە گەڵ ووڵاتێکی پلان دارێژی بە ئەزموون تێی کەوتوون، لە هەمان کاتدا ئەم نەوەیە دەکەونە نێوان تەوژمی بەرداشی دوو کەڵچەری جیاواز؛ ئایا لە گوێڕایەڵی هزر و پلانی کۆنینەی چەق بەستووی باوان دەرنەچن و لە گەڵ رەوتی مۆدێرنی پێشکەوتن خوازی نەچن؟ (نەک لەو نەوانەی کە تووشی داڕمان دەبن) یان جەمسەرەکەی تر کە باوانن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم چارەنووسە نا دیارەی نەوەکانیان بکەن؟ ئەم ئاریشەیە ڕۆ چووەتە ناخی هەموو خێزانێکی کورد لەم وڵاتانە، گەلێکیان تووشی تەنگە گژەی زۆر دژوار و وون بوون بوونەتەوە. ئەمە بەپرسیارییەتیەکە هەموو تاکێکی بە ئەزموون وسەرجەم لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی گەورە و دەسڵاتە پارەدارەکەی کوردستانی باشووریش دەگرێتەوە، کە چۆن و چی بکەین بۆ ئەوەی گەنجینەی توانای لەبن نەهاتووی گەنجان لە هەندەران چۆن بە گەڕ بخەین؟ چۆن بە پلانێکی داڕیژراو، بە گوێرەی ئارەزووە جیا جیا ئەرێنیەکانیان وایان لێ بکرێت لە پاشەڕۆژی هەر یەکێکیان بورکانێکی داهێنان و کاریگەر هەڵقوڵێت لەو وڵاتانە و لە هەمان کاتیشدا سوودی سەرەکی بۆ دۆز و ئابوری و بەرەو پێش بردنی هەمە چەشنەی کوردستان هەبێت.
کرۆکی بابەتەکەم لێرەوە دەست پێ دەکەم؛ بە دەست خۆشی کردن لەو گەنجانەی کە لە ڕێکخراوەکانی:-Kurdish Youth of America, Kurdish Youth Club and Kurdish American Youth
چالاکانە و خەمخۆرانە کەوتوونەتە خۆ بۆ هوشیار کردنەوە و بەرەو پێش بردن و بە گەر خستنی توانای گەنجانی کوردی ئەمریکا، دیارترین چالاکیان کە جێی شانازی هەموو خێزانێکی کوردی ئەمریکا بێت؛ کۆکردنەوە و لێک نزیک کردنەوەی گەنجانی کوردە لە هەموو کونجێکی ئەمریکاوە لە جەژنێکی خەندە بەخش و گەش کردنەوەی ڕوحی پاکیان، دەروێشانە سێ رۆژی مەستی زانیاری هەمەچەشنە و بەهرە مژدەبەخشەکانیان و شرین کردنی زمانی زگماکیان بوون، من بۆ خۆم سێ فیستیڤاڵە بەشدارم، جار لە دوای جار سەرنجم لە سەر لایەنێک دابوو کە گەنجان لە هەموو کۆڕ و بەرهەم و چالاکیەکاندا بە ڕێژەیەکی بەرچاو ئامادەییان هەبوو، زۆر بوێرانە و بێ ڕووشاندن بە پەرۆشەوە پرسیاری ئەکادیمی وەرگرانەیان دەکرد، هەندێ جار لەوە دەچوو وەڵامەکە تێری نەکردبن بۆیە هەنگ ئاسا ئاپورەیان بە دەوری خاوەن بابەت لێدەدا بۆ ورگرتنی وەڵامی زیاتر، کە ئەمەش دیاردەیەکی شارستانیانەی مۆدێرنی دواڕۆژی ئەم توێژەی نەوەکانمان پێش بین دەکات. دانیشتوانی واشنتۆن و دەوروبەرەکەی نەبێت کە فیستیڤاڵەکەی تیا ساز درابوو؛ زۆربەی ئەم گەنجانە ڕێی چوار سەعات، هەشت، دوانزە و سی و شەش سەعاتیان بڕیبوو بۆ ئەوەی لە جەژنەکەیاندا چاو و دڵ و هزر ڕوونی لە یەکتر بکەن، هەروەها گەڵێ لە باوانی هاوکار لە گەڵ ڕۆلەکانیان لە هەموو دیدارەکاندا بەشدار بوون بۆ هاندان و دەست خۆشی لێ کردنیان، ئاڵ و گۆڕکردنی بۆچوونەکان، شرۆڤە کردنی ڕۆڵی نەوەکانیان، ڕوانینی خۆیان لە سەر ئەم چالاکی بۆ ئەو چالاکی دەردەبڕی. یەکێک لە خاڵە سەرەکیەکان کە ئەمجارە زۆر سەرنجی خرایە سەر زمان بوو؛ کە چۆن و چی بکرێت بۆ زمانی ستانداردی کوردی و بەراورد کردن لە گەڵ ئەزموونی زمانی نەتەوەکانی تری دنیا، لایەنێکی تر کە باوان لە بیرچوونەوەی زمانی زگماک لای ڕۆڵەکانیان ترسی سەرەکیانە، کەچی لێرەدا گەنجەکان مشت و مڕ و شرۆڤەیان لە سەر بایەخی ئاخافتن بە زمانی دایک دەکرد، هانی یەکتریان دەدا، هەوڵی تێگەیشتن و بێژینیان بە زارەکی یەکتر دەکرد، بەری ڕەنجیان دیار بوو کە هەندێکیان بە چەند زارەکێکی کوردی دەدوان، هەندێک لە کرمانجی سەرووی کوردستان بە پەرۆشەوە بوون کە بە زووترین کات زمانی سەپێنراوی تورکی فەرامۆش کەن و بە کوردی بکەونە گۆ.
ئەم فیستیڤاڵە بە تەنها گەنجانی هەر پێنج پارچەی کوردستان، بە هەموو زارەک، بە بێ جیاوازی باوەڕی تاک، چ ڕامیاری، چ ئاینی، هەموو پێکەوە بازووی هۆشیاریان لێ هەڵماڵیبوو، دەسرۆکەی سەرجۆپی بێلایەنیان دەشەکانەوە، بیر تەسکی سیاسی کوردی لە پاشکۆشدا بوونی نادیار بوو، هەرچەندە لە فیستیڤاڵەکانی پێشتردا لایەنە سیاسیەکان دەیانویست بەرەو خۆیان کێشیان کەن، هێدی هێدی بیان ئاخننە ژێر ڕکێفی خۆیان و پاشان بە ئارەزووی خۆیان دەس لە کار و چالاکیەکانیاندا وەردەن و کەسی حزبی خۆیان بە سەردا بسەپێنن یاخوود هەر هیچ نەبێت ئەندامە گەنجەکانیان لێ دابڕینن و پەرەوازەیان بکەن، بەڵام ئەمساڵ بەری خۆڕاگری ئەم گەنجانە بە دەرکەوت، چوونکە ئەمان توانیان سوود لە لەو ئازادیەی ئەمریکا سەبارەت بە ڕێکخراوە ناحکومی و خۆبەخشەکان وەربگرن، کە چۆن پشت بە خۆیان ببەستن و کۆمەکی دارایی و پالپشتی هەمەجۆر لە کوردستان وەک ئاسیا سێڵ و گرووپی سینک و هتد، لە ناو خۆی ئەمریکاش پینەکڵ و....هتد و گرووپ و کەسانی دڵسۆز دابین کەن، کە ئەمە سیستەمێکە بە بەندێکی یاسایی ئەمریکی جێگیر کراوە کەس ناتوانێ ڕیگری یان بێزاریان بکات، تەواو پێچەوانەی خووە نەخوازراوەکەی لایەن و دەسەڵاتی کوردیە کە ناقرەی ئابووری رێکخراوە ئازادەکان دەگرن بۆ خستنە ژێر ڕکێفی خۆیان، بگرە ئەمان لە فیستیڤاڵی سێیەمدا کاریگەریان لە سەر لایەنەکان تەواو دیار بوو، کە بڕێک لە لایەنەکان بە شەرم و کەمتەرخەمیان دەزانی کە ئەگەر پشتیان تێ بکەن، ئەم گەنجانە زۆر شارەزایانە لە پەروەردەی ڕێسا و کەڵچەر و زانستی پەیوەندی بەستن بە مەبەستی بە گەڕ خستنی چالاکیەکانیان لە سیستەمی ئەمریکا سوودمەند بوون ، بەڵکوو پەروەردەی بیر تەسکی سیاسی خۆماڵی کوردی نین، ئەمەش هۆکارێکی پتەوە بۆ سایکۆلۆجیای ڕەتکردنەوەی دیاردە قێزەوونەکان و دەست نیشان کردنی بێ ترسانەی ئەمریکا بۆ لایەنی ئەرێنی و نەرێنی ئایندەی لایەنە سیاسیە کوردیەکان لە ئەمریکا، بۆ گەواهی ئەم گفتەم؛ پێشتر هەندێ لە لایەنە رامیاریە کوردیەکان هەوڵی سەرکووتکردن و ناو و ناتۆرەی نابەجێ و چاو سوور کردنەوە و دوور خستنەوەی گەنجە کانی سەربە خۆیان لە چالاکی وکۆڕ و کۆبوونەوەکانی ئەم گەنجانە دابوو، گەڵێ جار لە کاتی چالاکیەکانی ئەماندا پلانێکیان دادەڕشت بۆ دابڕانی ئامادبووان و شکست پێ هێنانیان، بە ڵام کەسێک لە هەڵسوڕاوانی فیستیڤاڵی دووەم کە بۆ خۆی من پێم وایە نزیک بوو لە یەکێک لەو لایەنە سیاسیانە توانی زۆرێک لەو گەنجە بێ بەشانە، لە فیستیڤاڵ نزیک بکاتەوە، ئەوە بوو ئەمجارە کۆمەڵێکی تر لەو گەنجانە بە دزە دزەی باوانیان و سیاسیە چەقبەستووەکان خۆیان خزاندە ڕیزی فیستیڤاڵەوە ڕوویان کردە دنیای کراوەی هوشیاری داڕشتنی بناغەی ئایندەی میللەتەکەمان، لە دێرزەمان و لە هەموو میللەتێکدا ململانێی نێوان بەرەی پێشوو و بەرەی نوێ هەر هەبووە هەر دەشبێت، بەڵام گرفتی میللەتی ئێمە و میللەتانی دەوروبەریشمان لەوەدایە بەرەی پێشوو ئەم ململانێیە بۆ خواستی خۆیان دەئاخننە نێو قاڵبی حیزب و ئاینەوە تا ڕۆڵەکانیان لە قسەیان بە هیچ شێوەیەک دەرنەچن و لە مافی بیری ئازاد و کرداری نوێخوازی باش بێ بەشیان کەن، بەڵام بەکارهێنانی حزب و ئاین دوو چەکی ترسناکی دوو جەمسەریە، یەکێکیان کوێر کردن و پابەستەکرنی ڕۆڵەکانیانە و دابڕانیانە لە دنیای نویخوازی و گۆڕانکاری بەرەو باشتر ئەوی تریان ڕەت کردنەوەی ڕۆڵەکانیانە لەو دوو باوەڕە و ئیتر ئەگەر بە هوشیاریەوە بێت دەتوانێ خۆی لە دنیای خزمەتگوزاریدا ببینێتەوە، ئەگەر بە قێز کردنەوە بێت ئەوا بەرەو وونبوون هەڵدەدێرێ و لەوانەیە کەسێکی زیانبەخشی لێ دەرچیت. تا هەنووکەش دەسەڵاتدارانی وڵاتانی دنیای سێ؛ ئاین باشترین هۆکارە بۆ جڵەو کردنی گەنجان بۆ خواستی سیاسی خۆیان، ئەوەتا بواری داهێنان و پێشکەوتنی هەمە لایەنە لەو دەڤەرانە بە هیچ شێوەیەک نابینرێت بەڵکو گەنجانیان بە بیری وێرانکاری ئالوودە کراون، هەر وەک لەسەرەتای بابەتەکەمدا باسم کرد لە وڵاتانی دنیای پێشکەوتووخواز ......هتد؛ سیستەم تەواو جیاوازە، بەردەوام لە هەموو قۆناغەکانی دەسەڵات برەوی تایبەت بە ڕیسا و سایکلۆجیای مافی مناڵ و گەنج دەدەن بۆ بنیاتنانی ئایندەی گەشی میللەتەکەیان، جا ئەم گەنجە کوردانەی ئێمەش پەیوەستن بە سیستەمی ئەم وڵاتانە، زۆر ئەستەمە لە ڕەوتی نوێخوازی مۆدێرنی دنیا دایبڕێنی و بیگێڕیتە دواوە، بۆیە ئەم چالاکیە ناوازەیەی کە خۆیان بە تەحەدداوە پێی هەستاون، مایەی دەست خۆشی کردنیانە، هاندانیانە بۆ کاری لەمانەش باشتر،هەروەها ئەرکی سەرەکی هەموو لایەنە سیاسیە کوردیەکان و زیاترحکومەتی هەرێمە کە بایەخی تایبەت، بێ جیاوازی، بێ دابڕان، بێ سەپاندن، بەر فراوان بە گەنجانی دەرەوەی وڵات بدەن، چوونکە ئەم گەنجانە زۆربەیان لە بەشی زانستی ڕامیاری و یاسایی و خوێندنە باڵاکان دەخوێنن، هەروەها هەست بە بەرپرسیاری نەتەوەیی سەراسەری بێ جیاوازی دەکەن، لەم وڵاتانەدا ئازادن لە چالاکیە ئەرێنیەکان، کاکە ئەمانە گەنجن هێز و گوڕیان تێدایە، ناتوانن بەربەستیان بۆ دانێن، پێشبینی تۆکمەیان لێ دەکرێ کە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەتوانن تەواوی جێگە هەستیارەکانی ئەوروپا و ئەمریکا بگرنەدەست، دەسا بەر پرسان ئەگەر هیچتان پێ ناکرێت یان مەبەستتانە هیچیان بۆ نەکەن؟ رێیان لێ مەگرن و زمانی زبرتان بەرامبەریان بگرن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست