پرسی سەربەخۆیی کوردستان- سیاسەتەکانی مەسعود بەرزانی درێژکردنەوەی سیاسەتەکانی تورکیایە
Friday, 11/01/2013, 12:00
رەوشی سیاسی ئەمڕۆی کوردستان ئەوەندە سەیرە کە هەموو کێشە لاوەکیەکانی گەورەکراوەتەوەو کراوە بە پرسو رۆژانە تاوتوێ دەکرێن لە لایەن سیاسەتمەدارانو رۆشنبیرانەوە، بە جۆرێک کە گەورەترین کێشەی کورد لە بیری هەموو لایەکبراوەتەوە. مەبەستم لە گەورەترین کێشەش، بە بێ هیچ گومانێک نەبونی قەوارەیەکی سیاسی سەربەخۆ بۆ گەورەترین نەتەوە لە لیستی "ئەو نەتەوانەی بێ دەوڵەتن".
ئایە نەبونی کوردستانێکی سەربەخۆ کێشەیەک نیە تا نەکرێت بە گەورەترین خەمی کورد؟
ئایە سەربەخۆیی کوردستان ئەوەندە شاعیرانەیە کە لە عەرزی واقیعدا بەرجەستەنەکرێت؟
ئایە راستە عێراقێکی دیموکراتی، فیدراڵی بۆ کورد باشترە لە کوردستانێکی سەربەخۆ کە لە ژێر قەبارۆی سەربازیو ئابوری ئێرانو تورکیا بتلێتەوە؟
ئایە سیاسەتەکانی مەسعود بارزانی ئەوەندە حەکیمانە نیە کە لە کۆتاییدا کورد بەرەو سەربەخۆیی دەبات؟
بۆ وڵامدانەوەی پرسیاری لەم جۆرەو تاوتوێکردنی باردۆخی کورد لەم قۆناخەدا دەبێت لە باری سیاسی ناخۆو دەرەوەی کوردستان تێبگەین. هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە عێراق هەمیشە لە ژێر مەترسی ئەوەدایە کە دیکتاتۆریەت تیایدا درێژە بە ژیانی خۆیدا بداتو چاکسازیو گۆڕان تیایدا نامومکین دەبێت. دەسەڵاتی کورد کە جۆرێکە لە دیکتاتۆریەت مەترسیەکانی دەرەوە وەک فشارێک بەکاردێنێتو بە خەڵکی کورد دەڵێت ئەگەر من نەبم وڵاتانی دراوسێو حکومەتی ناوەند لە بەغدا کوردستان داگیر دەکەنەوەو تەجروبەی هەرێم بەرەو هەرەس دەبەن. بەواتایەکیتر چاکسازی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان بەم شیوەیەی ئێستای زۆر بەخاوی پێشدەکەوێت.
سیاسەتی وڵاتانی دراوسێی هەرێم کە دوژمنی کوردن باری سیاسی کوردستانیان زۆر بەدڵەو هەتا بۆیان بکرێت درێژە بەم قۆناخە ئەدەن. بەڵگەش دوایین داوای ئێرانبوو کە پارتی هەوڵبدات یەکێتی پارچە پارچە نەبێت. نەبوونی کوردستانیکی سەربەخۆ کێشەیەکی زۆر گەورەیەو میللەتی کوردیش بە هەموو پێوەرێکەوە ناتوانێت بەرەو رووی کێشەکانی داهاتوو ببێتەوە. تەنها رێگەچارەیەک سەربەخۆییە.
سیاسەتمەدارانی کورد بە شێوەیەکی گشتی بەدەسەڵاتدارانی سەدە ناوڕاستەکاندەکەن. خەمیان تەنها پڕکرنی گیرفان و پاراستنی پێگەی تایبەتی و گەورەکردنی دەسەڵاتی تاکەکەسیە. پێناسەیەک بۆ نیشتیمانو نەتەوە بوونی نیە لە ئەجەندە سیاسیەکانیان. هەندێکیان خەون بە گەڕانەوەی خەلافەتی عوسمانی دەکەنو هەندێکشیان بوونی کوردستان وەک هەرێمێک بەم شێوەیەی کە ئێستا بوونی هەیە لوتکەی ئاواتەکانە. هەرێمی کوردستان ئەمارەتێکی بارزانیەو ئابوریەکەی دۆڵەمەندکردنی دەسەڵاتەو ئۆپۆزسیۆنیش بە هەموو جۆرەکانیەوە بە کارمەندی ئەو دەسەڵاتەدەکەن. بە واتایەکیتر هیچ سیاسەتمەدارێکی کورد پڕۆژەیەکی سیاسی نەتەوەیی نیە.
هەر سیاسەتی پارتەکانی کوردستانە سەربەخۆیی کوردستان ناشیرین دەکەنو دەیکەن بە خەونێک کە بە هیج شێوەیەک نایاتەدی. زۆر نیە جەلال تاڵەبانی جارێکیتر هەموو کوردێکی خاوەن فانتازیاو خەونی بە گێل ناونا، چونکە لەسیاسەتی ئەودا بوونی کوردستانێکی سەبەخۆ گەورەترین گێلێتیە. بەڵام عێراقێک کە لە سێ پێکهاتەی ناکۆک لکێنراوە فیدڕالیەتو دیموکراتی تیایدا مومکینە.
مێژوو سەلماندویەتی کە مافی چارەنووسی میللەتان هەمیشە شاعیرانە بووە. شاعیریبوون کەموکوڕی نیە. کێ لەو باوەڕەدابوو کە ئەمریکا بتوانێت سەربەخۆیی لە ئیمپراتۆریەتێکی بەهێزی وەک بەریتانیا وەربگرێت. هەموو کارەکە لە سەرەتادا فانتازیابوو. وڵاتە عەرەبیەکان سەرکردەی خاوەن فانتازیایان هەبوو کاتێک دەستیان کردە دەستی ئەوروپیەکان لەدژی عوسمانیەکان. عوسمانیەکانیش خاوەن خەونو فانتازیاو شاعیرانیەتیبوون کاتێک لە ناوڕاستی ئاسیا هاتنو بەهیزترین ئیمپراتۆریەتی سەردەمی خۆیانیان درووستکرد. ئەگەر ئێمە سەربەخۆییمان بوێت دەبێت هەموو تاکێکی کورد فیری ئەوە بکەین کە شاعیرانە بیربکەنەوە.
کورد لە دەرەوەی کوردستان بە کوردستانی ناژمێردرێن، بەڵکو بە عێراقی ناودەبرێن و لە هەموو دونیا شتێک نیە ناوی کوردستانیبێت. پاسپۆرتێکی کوردستانی نیەو کورد خاوەنی هیچ جۆرە ناسنامەیەک نیە. کاتێک کوردێک سەفەردەکات کەس بە کوردستانی ناوی نابات. هەرێمی کوردستان ئەگەر بەهەر جۆرێک لە بەشەکانی عێراق پێشکەوتووتربیت هیچ سەنگێکی نیە لەدەرەوە، بەڵکوو هەمیشە بە عێراق ناودەبرێتو بەدڵنیایشەوە عێراقیبوون جێگەی شانازی نیە لە هیچ شوێنێکی دونیا.
سیاسەتەکانی مەسعود بەرزانی درێژکردنەوەی سیاسەتەکانی تورکیایە لە عێراق. ئەڵبەتە ئەو سیاسەتە بەرهەمێکی ئابووری زۆرباشی هەیە بۆ دەسەڵاتی کورد بەڵام هیچ شتێک لە دونیادا بێ بەرهەم نیە. کاتێک تورکیا ئامادەبێت کاری ئابووری لەگەڵ هەرێمی کوردستانبکات ئەوە بێگومان مەرجەکەی داوانەکردنی سەربەخۆییە.
بۆ ئێمەی کورد کاتی ئەوە هاتووە کە هەڵوێستەیەک بکەینو کێشەی کورد بکەینە پرسێک و سەربەخۆییش تیایدا وەک تاکە ئامانج دابنەین. ئەم سەردەمەش سەردەمی شۆڕشی گەلانە بۆ ئازادی. ئەگەر ئێستا خەمی سەربەخۆیی کوردستان نەخۆین ئەوە بێ هیچ گومانێک چەند دەیەیەک ئاواتی هەزار ساڵەی کورد دوا دەکەویت.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست