رۆژی بەرنگار بوونەوە لەدژی توندوتیژی سەر ژنان
Tuesday, 24/11/2009, 12:00
بەبۆنەی ئەوەی كە رۆژی 25-11 وەكو رۆژی بەرنگار بوونەوە لەدژی توندوتیژی سەر ژنان دەناسرێت، ئەمە وەك بەرهەمی تێكۆشانی ژنانی ئازادیخوازی جیهان بەرز رادەگرین وهیوادارین هەموو ئازادیخوازان بەتایبەت ئەوانەی كە باس لە تێكۆشانی ئازادی رەگەزی دەكەن هەوڵ بدەن كەهەموو رۆژێك ببێتە رۆژی بەرنگار بوونەوە لەدژی توندوتیژی سەر ژنان. ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لەكاتێكدا ئەم رۆژە بەرز رادەگرین، تەئكید لەسەر ئەوە دەكەینەوە كە پێویستە خەبات وتێكۆشان پێش بخرێت و چڕ بكرێتەوە لە پێناو ئەوەی كە لەریشەوە كۆتایی بە توندوتیژی رەگەزی بهێنرێت. چونكە هەتا لە رووی ئەقڵییەتەوە سەبارەت بە توندوتیژی گۆڕانكاری ریشەیی ئەنجام نەدرێت، و پەیوندی نێوان هەردوو رەگەز بەشێوەیەكی هاوتا وئازاد بونیاد نەنرێتەوە، كۆتایی بەئەقڵییەت و سیستمی پیاوسالاری لەژیاندا نایت. نموونەی ئەوەش ئەمڕۆ لە كوردستان و جیهاندا دەبینین، كەهیچ ساتێك تێپەڕ نابێت، بە بێ تۆمار كردنی چەندین رووداوی بەم چەشنە.
هەر بۆیە ئێمە وەكو پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان لە پێناو بن بڕكردنی ئەو نابەرابەریەی كە هەم لەداب ونەریتی كۆمەڵایەتییەوە هەیەو ژنانیش رۆژانە رووبەڕووی دەبنەوە و بۆ دەرباز بوونیان لەم تەنگاویانە روو لە خۆ سوتاندن و كۆتایی هێنان بە ژیانی خۆیان دەكەن وهەروەها ئەو یاسایانەی كە یەكسانی رەگەزی بەبنەما ناگرێت وژنان دەبنە قوربانی سەرەكی لەجێبەجێ كردنیاندا، خەبات و تێكۆشانی خۆمان بەهێزتر دەكەین و پێمان وایە هەم پارتە سیاسییەكان وهەم رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنیش پێویستە بە شێوەیەكی جددی لەم پێناوەدا تێكۆشان بكەن.
هەر سەبارەت بە بەرنگاری توندوتیژی لەدژی ژنان، داوا لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە یاسای فرەژنی جارێكی تر هەموار بكاتەوەو بۆ بكەرەكانی توندوتیژی لەسەر ژنانیش یاسایەك دابنێت و هەتاكو ئەم دیاردەیە لەنێو كۆمەڵگای كوردستاندا نەمێنێت.
دەستەی كارگێڕی
پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان
1-231-2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست