تکایه‌ به‌شداری ئه‌م که‌مپینه‌ بکه‌ن..

Tuesday, 21/12/2010, 12:00


زۆر بەڕێزان!
ویژدانە وشیارەکان
لە گەڵ رێز
محەممەد سەدیقی کەبوودوەند، تەمەن ٤٨ ساڵ، رۆژنامەنووس و بەڕێوەبەری حەوتەنامەی پەیامی مەردوم (پیام مردم) و بناخەدانەری رێکخراوی ناحوکمیی مافی مرۆڤ لە کوردستان کە دژ بە ئاپارتایدی قەومی و رەگەزی لە کوردستان تێکۆشانی کردووە، ئەمرۆ بە باوکی روحی مافی مرۆڤ لە کوردستان ناسراوە، لە مانگی ژوئەنی ٢٠٠٧ و دوای حەوت مانگ ئەشکەنجەی سەخت لە ژوورە تاکەکەسیەکان بە تاوانی دامەزراندن و بەڕێوەبردنی "رێکخراوی پارێزگاری لە مافی مرۆڤی کوردستان"، ١١ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا و بەندکراوە.
رێکخراوەکەی کەبوودوەند لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠٠٥ لە چوارچێوەی رێک‌کەوتنە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ و لە سەر بنەمای رێک‌کەوتنی ٢١ی میساقی مافە مەدەنی و سیاسیەکان کە دەوڵەتی ئێرانیش بەڵێنی رەچاوگرتنییانی داوە، دامەزراوە.
ئەو رێکخراوە کە بەرنامەکەی بە پێی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤە، لە ماوەی ساڵانی تێکۆشانی خۆی دا، هەموو توانایی خۆی بۆ پارێزگاری و پشتیوانی لە مافی ژنان، مناڵان، بەندکراوان، کەمایەتیەکان، خەڵکی کورد و ماف و ئازادیە بنەڕەتیەکانی سەرجەم شارۆمەندانی ئێرانی بە کار هێناوە و داوای لە دەوڵەت و کۆمەڵگا کردووە تا رێز بۆ مافەکانی ئینسان دابنێن.
بەڵام محەممەد سەدیق کەبوودوەند کە لە زیندانی ئەوینی تاران بەند کراوە، لە ماوەی نیزیک بە چوار ساڵ بەندکران دا، بەرەورووی نەخۆشی‌ جۆراوجۆر لەوانە دڵ، زەختی خوێن، مێشک و هەست و پرۆستاتی توند، بووە و چەند جار تووشی جەڵدەی ناتەواوی دڵ و مێشک بۆتەوە و هەر ئیستا لە ژێر چاوەدێری پزیشکان دایە. بەشێک لە پزیشکە تایبەتەکان راپۆرتگەلێکیان لە بابەت بەرگە نەگرتنی کەبوود وەند لە بەرامبەر زیندان و بەند دا دەرکردووە بەڵام بەو حاڵەشەوە دەزگای دادوەری، ئیتلاعاتی و ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی بەوپەڕی گوێنەدان بە راپۆرتە پزیشکیەکان و بارودۆخی ناوبراو، هەروا کەبوودوەندیان لە زیندان دا راگرتووە.
کەبوودوەند لە دادگایەکی ناتەبا لە گەڵ پێوانە نێونەتەەییەکان کە سیاسەتی هەڵاواردنی بەسەردا زاڵە، بە شێوەی نایاسایی حوکمی قورسی زیندانی بەسەردا سەپاوە و لە ماوەی ساڵانی زیندانی‌بوونی دا، وەک هەموو خەڵکی کوردستان بەرەوڕووی هەڵاواردن و ئاپارتایدی مێدیا و راگەیەنەرەکان و پشتیوانی لە ناوخۆ بۆتەوە و پشتیوانی لە ناوبراو لە دەرەوەش تووشی بەرچاوتەنگیی لۆبی و گروپەکانی هاوبەرژوەند لە کۆر و کۆبوونەوە جۆراوجۆرەکان بۆتەوە.
بنەماڵەی کەبوودوەند لە ئێوە بەرێزان داوا دەکەین کە لە کاندیداتۆریی محەممەد سەدیقی کەبوودوەند بۆ خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل ساڵی ٢٠١١ پشتیوانی بکەن.
١٣ی دێسامبری ٢٠١٠

ئێمە لە ئێوە بەرێزان داوا دەکەین کە لە رێگای ئەو لینکەی خوارەوە، لە کاندیداتۆریی محەممەد سەدیقی کەبوودوەند بۆ خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل ساڵی ٢٠١١ پشتیوانی بکەن.--

http://www.gopetition.com/petition/41511.html

بە سپاسەوە
کەمپەینی پشتیوانی لە کاندیداتۆریی سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان بۆ خەڵاتی نۆبێلی ئاشتی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە