بێ هاوپەیمانی... پارتی لە ڵیواری مەرگی نزیك دەکاتەوە

Friday, 10/02/2012, 12:00






ئێستا پارتی لە گۆرەپانی سیاسی کوردستان بە تەنیا ماوەتەوە. پارتی تەنیایە لە بەرئەوەی:
1- هیچ کام لە گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵ ئامادە نیین بەشداری حکوومەتی پارتی بکەن یان هەر جۆرە هاوپەیمانیەك لە گەڵ پارتی مۆر بکەن.
2- یەکێتیش سەرەرای هەر هاوپەیمانیەك لە گەڵ پارتی هەیبێت نەیاری میژوویی پارتی یە.
ڕاستیەکی بەڵگە زۆرن دەسەلمێنن کەوا لەو کاتانەی پەیوەندی یەکێتی و پارتی لە بەرزترین ئاستدا بووە ئەوانە لە ژێرەوە هەر خەریکی مل شکاندنی یەکتر بوون. خۆ ئەگەر ئەم دژایەتیە مێژووییەی نیوان یەکێتی و پارتیش وەڵا بنێیین ئەوا یەکێتی دەبێت باش لەوە گەیشتبێت کە سیاسەتی(نە دەسەڵات بیت و نە ئۆپۆزیسێۆنیش) گەوەرەترین زیانی بە یەکێتی گەیاند لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوو و درێژە دانیش بەم سیاسەتە بە زیانی هەرچی زیاتری ئەو تەواو دەبێت. بۆیە چاوەروان دەکرێت چیتر یەکێتی لە چوارچێوەی کوردستان هاوپەیمانی پارتی نەبێت.

پارتی نەك هەرهەست بە تەریك کردنەوە دەکات بەلکۆ لە مەترسی ئەم تەریك کەوتوونەوەش باش تێدەگات. بۆیە پارتی کەوتۆتە خۆ و دەیەوێت بە هەر نرخێك بێت ئەم تەرێك کەوتنەوەیە کۆتایی پێ بێنێت. مەبەست لە سەردانەکانی نێچیرڤان بارزانی بۆ لای گۆڕان و کۆمەڵ لە چوارچێوەی ئەم هەوڵانەی پارتی بوو بۆ دەرباز بوونە لەم قەیرانە نەك لە ئەنجامی سیاسەتی کرانەوەی نێچیرڤان بارزانی وەك ئەوەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی پارتی بڵاوی دەکەنەوە.

پارتی هێندە تەنگەتاو بووە دەست بۆ حیزبی سۆسیالست، حیزبی شیوعی کورستان و زەحمەتکێشان دریژ دەکات بۆ رزگار بوون لەم کێشەی تاك کەوتنەوە کە تێی کەوتووە. سەرەرای ئەوەی پارتی چاك دەزانێت کەوا کاریگەری حیزبی سۆسیالست، حیزبی شیوعی کورستان و زەحمەتکێشان لە گۆرەپانی سیاسی کوردستان زۆر لاوازە، بەڵام ناچارە وەك یاریکەری سیاسی گۆرەپانی سیاسی کوردستان بیاناسێنێ تاکو دواتر لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ ئەم حیزبانە نیشان بدات کە پارتی تەنیا نییە، سەردانی نێچیرڤان بارزانیش بۆ لای ئەم حیزبانە هەر بۆ ئەم مەبەستە بوو.

تەریك کەووتنەوەی پارتی کۆتایی بە دەسەڵاتی ڕەهای دێنێت لە کوردستان. بۆ سەلماندی ئەم ڕایە، دەکرێ سەیری ڕابردوو و ئێستای یەکێتی بکەین. سەرەرای ئەوەی یەکێتی لە ناوەراستی هەشتاکان تاکو ناوەراستی نەوەدەکان هێزی یەکەمی کوردستان بوو، بەڵام بە هۆی ئەوەی یەکێتی بە تەنها لە ڵایەك بوو و هەموو هێزە سیاسیەکانی تری کوردستانیش لە لایەکی تر هێزە سیاسیەکانی دەرگیر لەگەل یەکێتی لە دەوری پارتی کۆبوونەوە وەك هێزی دووم و کۆتاییش بە دەسەڵاتی ڕەهای یەکێتی هات.

کۆبوونەوەی هێزەکانی دەرگیر لە گەڵ یەکێتی بە دەوری پاری لە خۆشەویستیان بۆ پارتی نەبوو بەلكۆ بە هۆی دژایەتی کردنیان بوو لە گەل یەکێتی. ئەم هەڵومەرجە دەکرێت دووبارە بێتەوە و ئەم جارە کۆتایی بە دەسەڵاتی ڕەهای پارتی بێنێت. واتە هێزە سیاسیەکانی کوردستان وجەماوەرەکانیان دەکرێ لە دەوری یەکتر کۆبوونەوە لە دژی دەسەڵاتی ڕەهایی پارتی. هەر بۆیەش هێزی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستان پێویستە:

1- لە گرنگی ئەم تەریك کەوتنەوەی پارتی تێیکەوتووە تێبگات
2- لە بیری ئەوە دابێت چۆن برەو بە تەریك کەوتنە بدات
3- بە هیچ شێوەیەك نەیەلێت تەوقی ئەم تەریك کەووتنەوە بشکێنرێت.

ئۆپۆزیسیۆن دەبێت بزانێت کە پارتی لە ماوەی داهاتوو ئامادەی تنازلاتی زۆرە بۆ دەرچوونی لەم قەیرانە. دەشبێت ئاگادار بن لە بەر خاتری چەند دەستکەوتێکی کاتی ڕوح بە بەر پارتی نەکەنەوە.




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە