کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ڕووداوه‌کانی بادینان و نهێنیه‌کانی پشت په‌رده

Thursday, 08/12/2011, 12:00



 
 


ئه‌وه‌ی به‌ ووردی چاودێری ڕووداوه‌کانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی کوردستان و به‌تایبه‌تتر بادینان بکات بۆی ده‌رئه‌که‌وێت که له‌پشت په‌رده‌وه کۆمه‌ڵێک شتی نهێنی ئه‌گوزه‌رێت که نه‌ پارتی و نه‌ یه‌کگرتوو و نه لایه‌نه دۆست و نه‌یاره‌کانی ئه‌و دوو لایه‌نه به‌شه‌ڕ هاتووه نایه‌نه‌وێت وورده‌کاریه‌کانی بۆ میلله‌تی کورد ڕوون بکه‌نه‌وه ، ئینجا یان ئه‌وه‌تا ڕووداوه‌کان ته‌نها سه‌ره‌تایه‌ک بوون بۆ کۆمه‌لێک ڕووداوی تر که له چه‌ند ڕۆژ و هه‌فته‌ی داهاتوودا ئه‌یان بینین یان ئه‌وه‌تا پرۆڤه‌ کردنێکی سه‌ره‌تایی بووه بۆ کۆمه‌لێک ڕووداو که ئه‌کرێت به‌ڕێگاوه بن و هێشتا کاتیان نه‌هاتبێت.
من پێم وایه ئه‌وانه‌ی ڕوویان دا له کات و لایه‌نه به‌شه‌ڕ هاتووه‌کان و شوێندا کۆمه‌ڵێک ئاماژه‌یان تێدایه :

- کات : ئیخوانه‌کان له تونس و میسر و مه‌غریب و قاعیده‌ و ئیخوانیش پێکه‌وه له لیبیا ده‌سه‌ڵات ئه‌گرنه‌ ده‌ست و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه ئه‌که‌ن سوریاش بکه‌نه گۆمی خوێن و شه‌ڕێکی تائیفی گه‌وره له‌و وڵاته هه‌ڵگیرسێنن که به‌ شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتیکی چه‌ند ووڵات و ناوچه‌یه‌ک ئه‌بنه‌ لایه‌ن تیایدا که‌ ئه‌وانیش :

أ- (لوبنان به‌ره‌ی مه‌سیحی سوننی دژی حزب الله).

ب- تورکیا ئه‌کرێت شه‌ڕێکی گه‌وره‌ی تیادا درووست ببێت که له‌پاڵ شه‌ڕی کورد و تورکیادا که حاڵی حازر له ئارادایه عه‌له‌ویه‌کانیش تێوه‌ی بگلێن. (ئه‌م ئه‌گه‌ره له ئێستادا زۆر به‌هێز نیه‌ به‌هۆی پشتگیری ڕه‌های ئه‌مریکا و ئه‌وروپا بۆ تورکیا)

ج- عێراق خۆی له ناو شه‌ڕێکی تائیفیدا ئه‌ژی و ته‌نها به‌شێوه‌یه‌کی کاتی ئه‌و لایه‌نانه‌ی ته‌حه‌کوم به لایه‌نی سوننیه‌وه ئه‌که‌ن ئه‌و شه‌ڕه‌یان به‌ شێوه‌یه‌کی نیمچه‌یی سڕ کردوه تا کاتی پێویست.

دیاره ئامانجی کۆتایی لێدان و په‌لاماردانی ئێرانه به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی جیاواز له‌وه‌ی له عێراق و ئه‌فغانستان و لیبیا بینیمان که ئه‌مریکا و ناتۆ خۆیان ڕاسته‌وخۆ شه‌ڕه‌که‌یان کرد ، ئه‌مجاره کۆمه‌ڵێک که‌ره‌سته‌ی جیاواز بۆ لێدانی ئێران به‌کار ده‌هێنرێن که بریتین له ئیخوان موسلیمینه‌کانی ووڵاتانی عه‌ره‌ب به‌ سه‌رکردایه‌تی تورکیا و ته‌نزیمی قاعیده به‌ ته‌مویل و ڕێنمایی (ئه‌مریکا - قه‌تته‌ر - سعودیه‌).

ئه‌وه‌ی به‌نده تێی گه‌یشتووه تا ئێستا ئه‌وه‌یه که هیچ کام له ووڵاتانی که‌نداوی فارس ئاماده‌ نین له‌ خاک و ئاوی ئه‌وانه‌وه هێرشی ڕاسته‌وخۆ بکرێته سه‌ریان له‌به‌ر دڵنیابوونیان له په‌رچه‌ کرداری ئێران که پێ ئه‌چێت وێرانکه‌ر بێت بۆ ئه‌و ووڵاتانه، تورکیاش پێناچێت له خاکی خۆیه‌وه و به تایتڵێکی تورکی زه‌ق ئه‌و شه‌ڕه ئه‌نجام بدات ، ئێ خۆ شه‌ڕی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ش له کۆتایدا پێویستی به گۆڕه‌پانێکه که لایه‌نه‌کانی ئه‌و شه‌ڕه کرده‌وه جه‌نگیه‌کانی تیا پراکتیزه‌ بکه‌ن ، هه‌رچه‌نیش ته‌ماشای نه‌خشه‌ی ناوچه‌که‌ بکه‌ین له خاکی عێراق زیاتر و زه‌قتر ، گۆڕه‌پانێکمان نایه‌ته پێش چاو.

گریمان له سوریاش ئیخوان ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ ده‌ست ! به‌ فیعلیش له تورکیادا ئیلهامبه‌خشه‌کانیان که پارته‌که‌ی ئه‌ردۆغانه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتن ئایا ئه‌م هێزه‌ سونیه بۆ به‌ریه‌ککه‌وتن له‌گه‌ڵ ئێرانی شیعی له‌کوێوه پێویستی به تێپه‌ڕبوونه ؟ بێگومان له عێراقه‌وه ، ئه‌ویش به‌ دوو میحوه‌ر ڕوو ئه‌دات ، میحوه‌ری یه‌که‌م ناوه‌ڕاست و باشوری عێراقه‌ له ڕێگای هه‌ڵکردنی گڵۆپی سه‌وز بۆ سوننه‌کانی عێراق و دووباره ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی شه‌ڕی تائیفی دژ به‌ شیعه‌ ، هه‌رچی میحوه‌ری دووهه‌میشه میحوه‌ری کوردستان ئه‌بێت بێ شک که زۆر زۆر یه‌کلاکه‌ره‌وه ئه‌بێت له‌به‌ر دوو هۆکار ، یه‌که‌میان ئه‌وه‌یه که کوردستان دراوسێی هه‌ره نزیکی تورکیا و سوریایه و دووهه‌میشیان که ئه‌مه‌یان زۆر زۆر گرنگه، گه‌لی کورد سونییه له دیوی باشوری کوردستان و دیوی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیشدا ، دیاره هێزه باڵاده‌سته‌کانی ئێستای کوردستان هێزی دینی و مه‌زهه‌بی نین تا له ڕێگای لێدان له‌ وه‌ته‌ری حه‌ساسی مه‌زه‌هه‌بیه‌وه پڕ و ئامداه‌بکرێن بۆ شه‌ڕ دژی ئێران ، خۆ گه‌ر بێنینه سه‌ر لایه‌نی ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئه‌وا فارس زۆر زۆر بۆ کورد نزیکتره وه‌ک له عه‌ره‌ب و تورک که هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی زمانی و ڕه‌چه‌ڵه‌کی به‌ کوردیانه‌وه نابه‌ستێته‌وه .

ئه‌ی چاره ؟ چاره ته‌نها باڵاده‌ستکردنی لایه‌نێکی ئیسلامی سوننیه له کوردستاندا که‌ بتوانێ له ڕێگای خیتابێکی دینی و مه‌زهه‌بیه‌وه گه‌لی کورد ، هه‌ر نه‌بێت به‌شێکی گه‌لی کورد تێکه‌ڵی ئه‌و شه‌ڕه‌ بکات. ئه‌و لایه‌نه‌ش یه‌کگرتووی ئیسلامیه به‌ بێ شک و دوو دڵی.

فاکته‌ری شوێن : بادینان

هۆکار ؟ بۆچی بادینان ؟ سنوری به سوریا و ناوچه‌ سوننیه‌کانی عێراق و تورکیاوه‌یه ، له‌وانه‌ش گرنگتر پێگه‌یه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک باشی یه‌کگرتووی ئیسلامیه و له کاتی ئاڵۆزتربوونی ڕه‌وشه‌که ئه‌مریکا و خۆرئاوا له ڕێگای تورکیا و ئیخوانه‌کانی سوریا و سه‌له‌فی و قاعیده و عروبیه‌ سوننه‌کانی موسڵه‌و ئاسان ئه‌توانن بێننه ناوه‌وه.
فاکته‌ری لایه‌ن: پارتی و یه‌کگتوو وه‌ک قۆناغی یه‌که‌م

پارتی:

دیاره پارتی له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا به‌شێوه‌یه‌کی زه‌ق ته‌سلیمی ئیراده‌ی تورکیا بوه ، له لایه‌نی ئابوریه‌وه ئاشکرا ئه‌بینرێت که تورکیا به فیعلی ئابوری ناوچه‌ی زه‌رد به‌ ڕێوه ئه‌بات ، له‌ناو پارتیشدا نێچیرڤان بارزانی و باڵه‌که‌ی له لێدوان و هه‌ڵسوکه‌وتدا له تورک تۆرانی تر لێدوان ئه‌ده‌ن و هه‌ڵسووکه‌وت ئه‌که‌ن. ئه‌مه‌ش تاڕاده‌یه‌ک به‌ره‌ی داهاتووی پارتی دیاری کردووه.
وه‌ک قۆناغی یه‌که‌م پارتی و یه‌کگرتوو به‌ر یه‌ک که‌وتوون ، دیاره به‌ر یه‌ک که‌وتنه‌که‌یان ئه‌کرێت له‌به‌ر چه‌ند هۆکارێک بێت ، بیریشمان نه‌چێت چه‌ند ڕۆژێک پێش ڕووداوه‌که بایدنی جێگری سه‌رۆکی ئه‌مریکا سه‌ردانی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتی کرد که ئه‌کرێت چه‌ند شتێک باس کرابێت و ئه‌و ڕووداوه تا ڕاده‌یه‌ک په‌یوه‌ندی به‌و سه‌ردانه‌وه هه‌بێت یان ئه‌و سه‌ردانه ڕووداوه‌که‌ی پێشتر خستبێت.

پێ ئه‌چێت بایدن به بارزانی ڕاگه‌یاندبێت که به‌رنامه‌یه‌کی له‌و شێوه‌یه هه‌یه بۆ ناوچه‌که‌ و ده‌وری کوردستانی بۆ بارزانی ڕوون کردبێته‌وه له‌و شه‌ڕه گه‌وره‌یه‌دا که به‌ڕێوه‌یه ، ده‌وری یه‌کگرتووشی به بارزانی ڕاگه‌یاندبێت و ئه‌مه‌ش شۆکێکی گه‌وره بوبێت بۆ بارزانی و پارتی ، بۆیه تاکه ڕێگا بۆ مانه‌وه‌ی بارزانی و پارتی به‌و باڵاده‌ستیه‌ی له ناوچه‌که‌ و بادینان هه‌یانه له‌وه‌دا بینرابێت (به بۆچونی پارتی) که پارتی له بری یه‌کگرتوو به‌و کاره هه‌ڵسێت که له ئه‌ساسدا کاری یه‌کگرتووه ، ئێ خۆ ناشکرێت پارتی قسه له قسه‌ی ئه‌مریکا و زلهێزه‌کانی ناوچه‌که‌دا بکات ؟ چار ئه‌وه بووه سیناریۆی شه‌ڕێکی تائیفی درووست بکرێت یان هه‌ندێ ڕووداوی تائیفی بخوڵقێنرێت که تیایدا پارتی وه‌ک پارێزه‌ری مه‌سیحیه‌کان و ئێزدیه‌کان نیشانبدرێت یه‌کگرتووش وه‌ک خه‌ته‌ر بۆ سه‌ر ئه‌و که‌مایه‌تیه ئاینییانه ، هه‌روه‌ک نیشانی ئه‌مریکا و ناوچه‌که‌شی بده‌ن که له ئاستی جه‌ماوه‌ریشدا له‌سه‌ر ئه‌رز پارتی بوونێکی ئه‌ساسی و به‌رجه‌سته‌ی هه‌یه نه‌ک یه‌کگرتوو.

ئایا ئه‌مریکا و ئه‌وروپا ئه‌م سیناریۆیه‌ی پارتی قه‌ناعه‌تیان پێ ئه‌هێنێت تا به‌شێکی نه‌خشه‌که‌یان بگۆڕن ؟وه‌ڵامی ئه‌مه جێ ئه‌هێڵین بۆ ڕۆژگاری داهاتوو، چونکه نازانین یه‌کگرتوو تا چ ڕاده‌یه‌ک ئاماده‌ کراوه و تواناکانی له ڕاستیدا چه‌ندن و یان پارتیش تا چه‌ند به‌که‌ڵکی نه‌خشه‌کانی ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی دێت له قۆناغی داهاتوودا.
ئایا یه‌کگرتووی ئیسلامی ئه‌و هێزه گه‌وره‌یه‌یه که بتوانێ ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست له کوردستاندا ؟ پارتی بۆ هێنده له یه‌کگرتوو ئه‌ترسێت ؟

وه‌ڵام ، ئایا ئیخوان له تونس و میسر و قاعیده و ئیخوان پێکه‌وه ئه‌و هێزانه بوون له له لیبیا ده‌سه‌ڵات بگرنه‌ ده‌ست ؟ بێگومان نه‌خێر ، به‌ڵام فاکته‌ری ته‌داخولاتی ده‌ره‌کی له‌مه‌دا ئه‌کرێ ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت له کردنی یه‌کگرتوو به‌و هێزه ، گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ساڵی 2006 ، سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین ی سکرتێری گشتی یه‌کگرتوو له چاوپێکه‌وتنێکدا ئه‌ڵێت که ئه‌مریکیه‌کان پێیان وتووه له 6 بۆ 10 ساڵی داهاتوودا یه‌کگرتووی ئیسلامی و ئیسلامیه‌کان ده‌سه‌ڵات ئه‌گرنه‌ ده‌ست ، هه‌ر له سه‌ره‌تای 2006 به‌دواشه‌وه به‌رده‌وام و به نهێنی و ئاشکرا خولی به‌ڕێوه‌بردن و خولی نهێنی تر به‌ به‌رده‌وامی بۆ کادیره‌کانی یه‌کگرتوو به‌ڕێوه ئه‌برا له لایه‌ن هێزه‌کانی ئه‌مریکاوه ، که‌ دیاره ئێستا تا ڕاده‌یه‌ک ئاشکرا بووه ئه‌و خولانه و لێدوانه‌که‌ی سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین هه‌ندێ ڕووداوی پشت په‌رده‌ی ئێستامان بۆ ڕوون ئه‌که‌نه‌وه.

هه‌ڵوێستی لایه‌نه کوردستانیه‌کان به‌رامبه‌ر ئه‌م ڕووداوانه و ده‌ور و کاریگه‌رییان له له‌ کاتی ڕوودانی شه‌ڕه‌ گه‌وره‌که‌دا:
دیاره به‌رژه‌وه‌ندی کورد وا ئه‌خوازێت که کورد نه‌بێته به‌شێک له‌و شه‌ڕ و به‌ریه‌ککه‌وتنه چاوه‌ڕوانکراوه‌ی هه‌ردوو لایه‌نی سوننی و شیعی بۆ ئاڕاسته‌ ئه‌کرێت له‌ لایه‌ن ئه‌مریکا و ئه‌وروپاوه.
به‌ڵام ئایا کورد تا چه‌ند خاوه‌نی بڕیار و سیاده‌یه له سه‌ر خاک و ئاسمانی خۆی ئه‌وه‌یان جێگای گومانه و ناکرێت بڕوا بێنین که ئه‌مریکا به چاو سوورکردنه‌وه بێت یان به‌ پێدانی پاره و هه‌ندێ به‌ڵێنی وه‌همی شه‌فه‌وی وه‌ک هه‌میشه‌ کردوویانه کورد ناخزێنێته ئاتوونی ئه‌و شه‌ڕه‌وه.

ئه‌گه‌ر له هه‌ڵوێستی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان و سه‌رکرده‌که‌ی که تاڵه‌بانیه وورد ببینه‌وه ، سه‌ره‌تا وا هه‌ست ئه‌که‌ین ئه‌م لایه‌نه به‌شدار نابێت له‌و شه‌ڕه‌ ، پێش 3 مانگ له ئێستا تاڵه‌بانی له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی مه‌کته‌بی سیاسی حزبه‌که‌ی ڕای ئه‌گه‌یه‌نێت که ڕووداوی زۆر ترسناک چاوه‌ڕێی ناوچه‌که‌ ئه‌کات و ئه‌بێت هه‌وڵبدرێت که کوردستان بێ لایه‌ن و پارێزراو بمێنێته‌وه ، به‌ڵام ئایا یه‌کێتی ئه‌توانێت بێ لایه‌ن بێت ؟ له کاتێکدا پارتی و یه‌کگرتوو پێ ئه‌چێت پێشبڕکێیان بێت له‌سه‌ر قیاده‌کردنی کوردستان له کاتی ڕوودانی ئه‌م شه‌ڕه‌دا ؟ بێگوومان نه‌خێر ، بیریشمان نه‌چێت یه‌کێتی زۆرترین سنوری به ئێرانه‌وه هه‌یه و ناکرێت شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێران ڕووبدات بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م ناوچانه ببنه‌ به‌شیک له گۆڕه‌پانی. ئایا یه‌کێتی کام به‌ره هه‌ڵئه‌بژێرێت ؟ یه‌کێی هه‌میشه زۆر نزیک بووه له ئێران ، به‌ڵام ئه‌مجاره لایه‌نی به‌رامبه‌ر ئه‌مریکا و ئه‌وروپا و ئیسرائیل و تورکیا و هه‌موو جیهانی سوننی ئه‌بێت و ڕه‌نگیشه پارتی هاوپه‌یمانییشی ئه‌و به‌ره‌یه‌ هه‌ڵبژێرێت بۆیه هه‌موو ئه‌گه‌ره‌کان له به‌رده‌م یه‌کێتیدا کراوه‌یه و له مێژووی یه‌کێتی و تاڵه‌بانیشدا په‌ت په‌تێنی سیاسی زۆر به‌ر چاو ئه‌که‌وێت.

هه‌رچی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیشه پێم وایه له وه‌ها حاڵه‌تێکدا له‌گه‌ڵ یه‌کێتیدا ئه‌بێته‌وه به یه‌ک یانیش چاوه‌ڕێی لایه‌نی سه‌رکه‌وتوو ئه‌کات تا سه‌رچۆپی له‌گه‌ڵدا بگرێت ، کۆمه‌ڵی ئیسلامیش هه‌تا ئه‌م ساته له ئێران نزیکه ، به‌ڵام ئایا که شمشێر به‌ر شمشێر که‌وت ئه‌مانیش هه‌ستی مه‌زهه‌بی سوننه بوون به‌ره‌ی شه‌ڕیان پێ ناگۆڕێت ؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ش هه‌ر داهاتوو ئه‌توانێت بیداته‌وه.

له کۆتاییدا هیوادارم که ڕۆشنبیران و سیاسیه‌ سه‌ربه‌خۆکانی کورد عاتفیانه نه‌ڕواننه ڕووداوه‌کانی بادینان به‌ڵکو شیکردنه‌وه‌ی ووردی زانستی و ستراتیجی بۆ ئه‌و ڕوداونه و هه‌رڕوداوێکی نوێ بکه‌ن که دوور نیه له چه‌ند ڕۆژ یان هه‌فته‌ی داهاتوودا ڕووبده‌ن ، ڕووداوه‌کان زۆر له‌وه گه‌وره‌تر و قووڵتر و موخابه‌راتی ترن که له شاشه‌کانی سپێده و که‌ی ئێن ئێن و زاگرۆس و کوردستان تیفیه‌وه شیکردنه‌وه‌یان بۆ ئه‌کرێت، با هه‌وڵ بدرێت کورد که‌مترین زیانی به‌ربکه‌وێت له‌م ڕووداوانه‌دا که به‌ڕێوه‌ن و میلله‌ت ووشیار بکرێته‌وه له ڕاستیه‌کان و نهێنیه‌کانی پشت په‌رده تا که‌س به هۆکاری عاتفی چه‌واشه‌ نه‌کرێت.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە