کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


خۆپێشاندانەکانی ساڵی 82 دژ بە دڕەندەترین ڕژێم (بەشی یەکەم)

Thursday, 04/06/2020, 21:34


(چەند لاپەڕەیەك لە بیرەوەریەکانم)

چوار ساڵ پاش ڕاگرتنی شه‌ڕ له‌نێوان ڕژێمی به‌عس و پارتی دیموکراتی کوردستان ساڵی 1974 شه‌ڕ و به‌یه‌کدادان ڕووی دایه‌وه‌، ژماره‌یه‌کی زۆر له‌خه‌ڵکی کوردستان په‌نایان برده‌وه‌ به‌ر گوند و شارۆچکه‌کان، ژماره‌یه‌کی زۆر له‌قوتانیان و مامۆستایانی زانکۆ و په‌یمانگاکانی ئێراق و کوردستان چونه‌پاڵ شۆڕشه‌که‌وه و له‌ناوچه‌ جیاوازه ڕزگارکراوه‌کان دا بوون. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و قوتابیانه ‌له‌خوێندن دانه‌بڕێن شۆڕش بڕیاری دا زانکۆ له‌شارۆچکه‌ی قه‌ڵادزێ بکاته‌وه‌. زۆربه‌ی قوتابیان و مامۆستایانی زانکۆ و په‌یمانگاکان ڕویان کرده‌ قه‌ڵادزێ. زانکۆ ده‌ستی کرد به‌کاره‌کانی خۆی و خوێندن درێژه‌ی پێ ده‌درا. فڕۆکه‌کانی ڕژێمی به‌عس له‌24 ی نیسان دا بۆردومانی ئه‌و شاره‌یان کرد. له‌هێرشه‌ئاسمانیه‌که‌دا بۆ سه‌ر قوتابیان و خه‌ڵکی سیڤیل کاریگه‌رترین بۆمبای کۆمه‌ڵ کوژی وه‌کو ناپاڵم به‌کار هێنرا بوو.
ئه‌و بۆردومانه ‌دڕندانه‌یه ‌نزیکه‌ی 200 شه‌هید و سه‌دان برینداری لێ که‌وته‌وه‌. زۆربه‌ی زۆری شه‌هید و برینداران قوتابی و مامۆستا و خه‌ڵکی سیڤیل بوون..
له‌ ڕۆژانی ئه‌و بۆردومانه‌دا یه‌کێك له‌مامه‌کانم (نه‌جات) که‌ته‌مه‌نی له‌ناوه‌ندی بیسته‌کان دا بوو، له‌قه‌ڵادزێ پێشمه‌رگه بوو‌، به‌کاره‌ساتێکی دڵته‌زێن شه‌هید بوو. ئه‌و کاته‌ من سیانزه‌ساڵان بووم. کاتێك هه‌واڵه‌که‌مان پێ گه‌یشت له‌گه‌ڵ باوکم له‌ پێنجوین بوین. هه‌واڵه‌که‌ له‌ناو ده‌سته‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌دا به‌باوکم گه‌یشت. لەسەرەتادا هێمن و بێدەنگ بوو خۆی زۆر تێك نه‌دا، کاتێك پێشمه‌رگه‌کان به‌جێیان هێشتین و ته‌نها ماینه‌وه‌بۆ یه‌که‌م جار بوو له‌ژیانما ببینم باوکم فرمێسك به‌چاویا بێته‌خواره‌وه‌. ده‌یوست له‌منیشی بشارێته‌وه‌ بۆیه‌ له‌ژێر دره‌خته‌کانی چوارباخی پێنجوندا ڕاکشا و مشکیەکەی دابوو به‌ڕووی خۆیدا، وای پیشان ده‌دام که ‌ده‌یه‌وێت سه‌رخه‌وێك بشکێنێت. ئه‌م له‌ده‌ستدانه‌ گه‌وره‌یه‌ی خۆشه‌ویست ترین و لاوترین و ڕوخۆشترین ماممان به‌زوویی له‌یادمان نه‌ده‌چۆوه‌ و هه‌میشه‌باسمان ده‌کرد. به‌تایبه‌تی کاتێك ساڵیادی ئه‌و بۆردومانه‌ نزیك ده‌بۆوه..
ساڵی 1982 له‌مانگی نیسان هه‌موان له‌ماڵه‌وه‌دانیشتبوین. له‌و ڕۆژانه‌دا دوباره‌ باسی مامه‌نه‌جاتم ده‌کرایه‌وه‌، یه‌کێك له ‌ڕۆژه‌کانی ئه‌و مانگه ‌ده‌مه‌و چێشته‌نگاو بوو ئه‌ندامێکی ڕێکخستنه‌کان له‌پڕ هات بۆ ماڵه‌وه‌ و پێی ڕاگه‌یاندم قه‌ڵادزێ و ئۆردوگای زۆره‌ملێی به‌سته‌ستێنی نزیك قه‌ڵادزێ خۆ پیشاندان و به‌یه‌کدادان له‌نێوان پیاوه‌کانی ڕژێم و جه‌ماوه‌ردا ڕووی داوه‌.
منیش ئه‌ندامه‌که‌م به‌خێرایی ئیزن داو خۆم کۆکرده‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی په‌یوه‌ندی به ‌به‌رپرسه‌که‌مه‌وه‌، که‌ناوی نه‌ورۆز بوو، هاوڕێ نه‌ورۆز برین پێچ بوو به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی چووه ‌ناو هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ به‌دکتۆر نه‌ورۆز ده‌ناسرا. دکتۆر نه‌ورۆز له‌پێشمه‌رگایه‌تی دا پارچه‌تۆپ به‌ر ئه‌ژنۆی که‌و‌ت و تاکو ئێستا ده‌شه‌لێ. دکتۆر نه‌ورۆز پێی ڕاگه‌یاندم لە هیچ هه‌واڵێکی وا ئاگادار نیه‌ و ئێواره‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ په‌یوه‌ندی به‌به‌رپرسه‌که‌ی خۆیه‌وه‌ده‌کات و هه‌ر فه‌رمان و بڕیارێك بدرێت ئاگادارم ده‌کاته‌وه.
هه‌رچه‌ند زۆرم له‌خۆم ده‌کرد خۆم به‌شتێکی تره‌وه ‌سه‌رقاڵ بکه‌م تاکو ئێواره‌ هه‌واڵێك له‌دکتۆر نه‌ورۆزه‌وه‌ وه‌ربگرم، خۆم پێ ڕانه‌ده‌گیرا و له‌و باوه‌ڕه‌دا بووم که‌پێویسته‌ کات له‌ده‌ست نه‌درێت و به‌زوویی پشتیوانی ئه‌و خۆ پیشاندانانه ‌بکه‌ین. پێش دکتۆر نه‌ورۆز، حه‌مه‌جه‌زای سه‌ید مه‌جید پێشتر به‌رپرسی ڕێکخراوه‌ییم بوو. پەیوەندیەکی نزیك و هاوڕێیانە لە نێوانماندا مابۆوە. گومانم دەکرد کە حەمە جەزا کرابێتە به‌رپرسی دکتۆر نه‌ورۆز. بۆیه‌ چووم بۆ ماڵی حه‌مه‌جه‌زا که ‌ده‌که‌وته‌ گه‌ڕه‌کی شێخانه‌وه‌ نزیك به‌ سەرای سلێمانی. له‌پرنسیپی ڕێکخراوه‌یی کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌راندا قه‌ده‌غه‌ بوو که ‌په‌یوه‌ندی به‌که‌سانی ده‌ره‌وه‌ی شانه‌که‌ی خۆته‌وه‌ بکه‌یت. به‌ڵام پێویستی دۆخه‌که‌م کرد بە بیانو و ئه‌و پرنسیپه‌م شكاند. حمه‌جه‌زا ئاگاداری کردم که‌ئه‌ویش شتێکی وای به‌ر گوێ که‌وتووه ‌و پاش نیوه‌ڕۆ کۆبونه‌وه‌ی هه‌یه‌و مه‌سه‌لەکە ‌باس ده‌که‌ن. تاکو کاتی کۆبونه‌وه‌که‌ له‌گه‌ڵ حه‌مه‌جه‌زا به‌یه‌که‌وه‌ بووین به‌ پیاسه‌ به‌ ناوشار و چایخانه‌ کاته‌که‌مان ده‌گوزه‌ران و باسمان له‌وه‌ده‌کرد ده‌بێت چی بکرێت و چۆن ئیمه‌ش خۆپیشاندان پێك بهێنین. هیچ یه‌کێك له‌ئێمه‌ تاقیکردنه‌وه‌مان له‌ بواری ئەو خه‌باته‌ نوێیه‌ جه‌ماوه‌ریه‌دا نه‌بوو، بۆیه‌هه‌ریه‌که‌مان شتێکمان ده‌وت و پێشنیارێکمان ده‌کرد. کاتێك ساتی کۆبونه‌وه‌که ‌هات حەمه‌جه‌زا لێم جیا بۆوه ‌و منیش چوم په‌یوه‌ندی به‌ئه‌ندامانی خوار خۆمه‌وه ‌بکه‌م و له‌ مه‌سه‌له‌که‌ ئاگاداریان بکه‌مه‌وه‌. ئه‌و کاته‌ ئه‌ندامی پۆلێك بووم به‌ناوی (پۆلی شه‌هید دکتۆر عه‌لی) پۆله‌که ‌له‌ دوو شانه‌ی سه‌ره‌کی پێك هاتبوو یه‌کێکیان ناوی (شانه‌ی سه‌ره‌کی شه‌هید ڕێباز) و ئه‌وی تریان (شانه‌ی سه‌ره‌کی شه‌هید ڕێبوار) بوو. من به‌رپرسی شانه‌‌ی سه‌ره‌‌کی شه‌هید ڕێبوار بووم که ‌له‌ نزیکه‌ی 30 ئه‌ندامێك پێکهاتبوو. هاوڕێ ڕەنجە کە ناسرابو بە ڕەنجە وڵوبەیی بەرپرسی شانه‌ی سه‌ره‌کی شه‌هید ڕێباز بو. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌گمه‌ن ئه‌ندامان ته‌له‌فۆنی ماڵمان هه‌بوو، ئه‌گه‌ر هه‌شمان بوایه ‌له ‌ته‌له‌فۆنا ته‌نها موعدمان ده‌به‌ست و نه‌ده‌کرا هیچی تری تیادا باس بکرێت. بۆ هات و چۆش که‌سم له‌یاد نیه‌ ئۆتۆمۆبیلی هه‌بو بێت جگه ‌له ‌شه‌هید کاروانی کوڕی عه‌باسی شه‌رعی. به‌ڵام ئه‌ویش نه‌یده‌توانی هه‌میشه‌ هه‌مو کاره‌کانمان بۆ ئەنجام بدات.گه‌رچی زۆر جار خۆی و ئۆتۆمۆبیله‌که‌ی ده‌خسته‌ خزمه‌ت کار و په‌یوه‌ندیه‌کانه‌وه‌. پاره‌ی ته‌کسیشمان نه‌بوو بۆیه‌هه‌میشه ‌په‌یوه‌ندیه‌کانمان به‌پاس و به‌پێ بوو. تاکو حه‌مه‌جه‌زا له‌کۆبونه‌وه ‌گه‌ڕایه‌وه‌ منیش ئه‌و دوو ئه‌ندامه‌ی که‌ڕاسته‌ و خۆ به‌رپرسیان بووم ئاگادارم کردنه‌وه‌، ئه‌وانیش ئه‌ندامه‌کانی خوار خۆیان ئاگادار کردبۆوه‌ و به‌م جۆره‌ ته‌واوی شانه‌سه‌ره‌کیه‌که‌ی خۆم له‌ئاماده‌ باشی دا بون. وەك بەرپرسی شانەی سەرەکی پەیوەندیم تەنها بە دو ئەندامی سەرەکی شانەکەوە هەبو یه‌کێك له‌و ئه‌ندامانه‌ قوتابیه‌کی پۆلی شه‌شه‌می ئاماده‌یی بوو ماڵیان له‌ گه‌ڕه‌کی قه‌ره‌جاوا بوو، ناوه ‌نهێنیه‌که‌ی هاوڕێ بوو، بۆیه ‌به‌ هاوڕێ هاوڕێ بانگمان ده‌کرد. ناوی خۆیم له‌یاد نیه‌ هێنده‌ی ده‌رباره‌ی ئاگادارم ئه‌وه‌یه‌ که‌ دوای ڕاپەڕین ماوەیەك ئه‌فسه‌ری دەزگای زانیاری بو ‌له‌ سلیمانی. کوڕێکی دڵسۆز و چالاك و له‌خۆ بوردو بوو له‌کاره‌کانیا. ئه‌ندامه‌که‌ی تریان خه‌ڵاتی شێخ جه‌ناب بوو (برازای شه‌هید ‌شه‌هاب)، ئه‌و کاته‌من بیست و یه‌ك ساڵان بوم، خه‌ڵات چه‌ند ساڵێك له‌من منداڵ تر بوو.
پاش کۆبونه‌وه‌کەیان‌ حه‌مه‌جه‌زا ئاگاداری کردمه‌وه ‌که ‌له ‌کۆبونه‌وه‌که‌دا بڕیار دراوه‌ خۆ پیشاندان بکرێت بۆ پشتیوانی قه‌ڵادزێ به‌ڵام هه‌ر شانه‌یه‌کی سه‌ره‌کی له‌زووترین کات و لە چوارچێوەی تواناکانی خۆیان و به‌و شێوه‌یه‌ی به‌گونجاوی ده‌زانن با خۆپێشاندان ده‌ست پێبکه‌ن.
لەو سەردەمەدا یه‌کێتی زۆرترین لایه‌نگرانی هه‌بوو له‌سلیمانی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێڕاگه‌یاندم که‌هه‌وڵ بدرێت خۆ پێشاندانه‌که‌ مۆرکی یه‌کێتی پێوه‌ نه‌نرێت بۆ ئه‌وه‌ی زۆر ترین خه‌ڵك به‌شدار بن. پاشان پارچه‌ وه‌ره‌قه‌یه‌کی خسته‌ده‌ستمه‌وه‌ که‌ چه‌ند دروشمێکی تیادا نوسرابۆوه‌. ئه‌وه‌نده‌ی له‌یادم مابێت ئه‌م دروشمانه‌ی تیا بوو:
" بژی گه‌ل هێزی گه‌ل...  دیموکراسی بۆ گه‌ل. 
بژی گه‌ل هێزی گه‌ل... حوکمڕانی بۆ گه‌ل. 
چیتان ئه‌وێ قوتابیان... ئازادی زیندانیه‌کان. 
چیتان ئه‌وێ قوتابیان... گێڕانه‌وه‌ی گونده‌کان"
من حمه‌جه‌زام به‌جێ هێشت و چوم بۆ ماڵی خه‌ڵاتی شێخ جه‌ناب که‌ له‌ ئه‌سحابه‌سپی بوو خه‌ڵات گه‌نجێکی ووریا و چالاك و له‌خۆ بورد بوو، سه‌رباری ئه‌وانه‌ش زۆر ڕوخۆش بوو، دایك و باوکیشی زۆر میواندۆست بوون، ئه‌گه‌ر چی من به‌رپرسی ڕێکخراوه‌یی خەڵات بوم به‌ڵام په‌یوه‌ندیمان وه‌کو دوو هاوڕێ ئاسایی بوو. 
ئه‌و ڕۆژه‌ پلانی زۆر گه‌وره‌و قه‌به‌مان داده‌نا و لێی پاشگه‌ز ده‌بوینه‌وه‌. دوا بڕیار و پلانمان ئه‌وه‌بوو چه‌ند مه‌ترێك قوماشی ڕه‌ش و چه‌ند سه‌د ده‌رزیه‌کی سنجاق بکڕین. شته‌کانمان هێنایه‌وه‌ بۆماڵی خه‌ڵات و قوماشه‌ ڕه‌شه‌که‌مان کرد به‌چه‌ند سه‌د پارچه‌یه‌کی 3 به‌10 سانتیمه‌تریه‌وه‌. پاشان له‌سه‌ر وه‌ره‌قه‌ی هێنده‌ی له‌پی ده‌ست دروشمه‌کانمان به‌کاربۆن کۆپی کرده‌وه‌ و ئاماده‌مان کردن بۆ ڕۆژی داهاتو. ئه‌و شه‌وه ‌له‌ماڵی ئه‌وان مامه‌وه‌. بۆ سبه‌ینێ نیوه‌ڕۆکه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵات و چه‌ند ئه‌ندامێکی تردا چوین بۆ گه‌ڕه‌کی قه‌زازه‌کان که‌کوچه‌و کۆڵانی زۆری تیا بوو لە حاڵەتی ڕودانی په‌لاماردانمان له‌لایه‌ن ڕژێمه‌وه‌ دەمانتوانی ئاسان تر خۆمان ڕزگار بکه‌ین. له‌ یه‌کێك له‌ کۆڵانه‌کانی ئه‌و گه‌ڕه‌که‌، که‌ ده‌که‌وته‌ سه‌ر دیوی سابون که‌ران له‌یه‌کتری جیا بوینه‌وه‌ و هه‌ر دوو که‌سمان به‌جیا له‌وانی تر له‌چاوه‌ڕێدا بوین، قوتابخانه ‌ته‌واو بێت و قوتابیان به‌وێدا تێپه‌ڕن. قوتابخانه‌یه‌کی ناوه‌ندی کوڕان و یه‌کێکی کچان له‌و نزیکه‌بوون و پاش ته‌واو بونی قوتابخانه‌ به‌و کۆڵانانه‌دا تێده‌په‌ڕین ئێمه‌ش ده‌چوینه‌ ناویانه‌وه‌ و پارچه ‌په‌ڕۆیه‌کی ڕه‌ش و ده‌رزیه‌کی سنجاقمان ده‌دانێ که‌وه‌کو نیشانه‌ی غه‌مناکی بۆ شه‌هیدانی قه‌ڵادزێ بیکه‌ن به‌سه‌ر سنگیانه‌وه ‌و ئاگاداریشمان ده‌کردنەوە که ‌له‌م ڕۆژانه‌دا خۆ پیشان دان ڕوده‌دات.

زۆربه‌ی قوتابیان لێیان وه‌رده‌گرتین و هه‌ندێکیان داوای ژماره‌یه‌کی زۆرتریان ده‌کرد بۆ ئه‌وه‌ی بیده‌ن به‌هاوڕێ و ناسیاوه‌کانیان. ئێواره‌ش هه‌مان شتمان له‌شوێنێکی جیاوازدا به‌ڵام بۆ قوتابیانی هه‌مان ئه‌و قوتابخانانه‌ دوباره‌ کرده‌وه‌.
ئه‌م کاره‌مان ته‌نها بۆ ئه‌وه‌بوو تاکو دڵنیا بین له‌وه‌ی که‌ تا چه‌ند قوتابیان ئاماده‌ییان تیادایه‌ بۆ خۆ پیشاندان. هه‌ندێك له‌قوتابیه ‌کچه‌کان کاتێك ده‌مانویست له‌گه‌ڵیان دا بدوێین و ده‌چوینه‌ نزیکیانه‌وه‌ وه‌ڵامیان نه‌ده‌داینه‌وه‌ و پارچه‌په‌ڕۆ ڕه‌شه‌کانیان لێ وه‌رنه‌ده‌گرتین، بۆیه‌ناچار سه‌رباری مه‌ترسی پێمان ڕاده‌گه‌یاندن که‌ئه‌ندامی ڕێکخستنه‌کانین یان ده‌مانگوت پێشمه‌رگه‌ی ناوشارین. ئه‌وسا ده‌وه‌ستان و گوێیان لێ ده‌گرتین و پارچه‌قوماش و ده‌رزیه‌که‌یان لێوه‌رده‌گرتین و هه‌ندێکیان له‌هه‌مان کات دا به‌سنگیاندا هه‌ڵیانده‌‌واسی‌.
بۆ سبه‌ینێ نیوه‌ڕۆ دروشمه‌کانمان له‌گه‌ڵ خۆمان دا برد به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی که‌ دوبارە به‌سه‌ر قوتابیاندا دابه‌شی بکه‌ین و بۆ ڕۆژی دوای ئه‌وه‌ خۆپیشاندان ئه‌نجام بدرێت. له‌و باوه‌ره‌دا نه‌بوین ئه‌و ڕۆژه‌ هیچ ڕوبدات. هێشتا ژماره‌یه‌کی که‌متر یان زیاتر له‌په‌نجه‌کانی ده‌ستمان له‌دروشمه‌کان نەخستبوه‌ ده‌ستی قوتابیه‌ کوڕه‌کانه‌وه‌. هێنده‌مان نه‌زانی دروشمه‌کان به‌ده‌نگی به‌رز له‌ناوه‌ندی قوتابیه‌کاندا به‌رز بۆوه‌.
که‌ف و کوڵی قوتابیان و ڕق و کینه‌یان له‌ڕژێم به‌ڕاده‌یه‌ك بوو به‌پێچه‌وانه‌ی به‌رنامه‌که‌ی ئێمه،‌نه‌یانویست تاکو ڕۆژی داهاتوو چاوه‌ڕوانی بکێشن. خۆپێشاندان دان ده‌ستی پێکرد و نزیکه‌ی سه‌د که‌سێك ده‌بوین، چه‌ند سه‌‌د مه‌ترێك به‌ئاراسته‌ی شه‌قامی سابونکه‌ران دا نه‌ڕۆیشتبوین که‌ژماره‌مان بووه ‌دوو به‌رابه‌ر، له‌گه‌ڵ خه‌ڵات و چه‌ند خۆپیشانده‌رێکی تردا بڕیارماندا ئاراسته‌ی خۆپێشاندانه‌که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی سه‌رای سله‌یمانیه‌وه‌ به‌رین به‌ره‌و خه‌سته‌خانه‌ی شیره‌که‌ به‌و مه‌به‌سته‌ی ژماره‌مان زیاتر بێت و ئه‌وسا لە شەقامی ئۆرزدیەوە به‌ره‌و به‌رده‌رکی سه‌را بچین. خۆ پیشانده‌ران هه‌ندێك جار ده‌وه‌ستان و هوتافیان ده‌کێشا. هێشتا پێنج سه‌د مه‌ترێك به‌شه‌قامی سابونکه‌ران دا سه‌نه‌که‌وتبوین لۆریه‌کی زیلی سه‌ربازی به‌ڕێکه‌وت به‌ره‌و ڕومان هات. خۆپیشانده‌ران ڕاسته‌وخۆ که‌وتنه ‌به‌رد‌باران کردنی سه‌ربازه‌کان‌. ئه‌وانیش وه‌ستان و به‌کڵاشینکۆف که‌وتنه‌ ته‌قه‌کردن به ‌ئاسماندا. هێنده‌ی نه‌خایاند که‌وتنه ‌ته‌قه‌ به‌ناو خۆ پیشانده‌ران دا. خۆ پیشانده‌ران ده‌کشانه‌وه ‌بۆ سه‌رسوچی کۆڵانه‌کان، له‌کۆڵانه‌کانه‌وه‌ بەردەوام بەرد دەگیرایە ‌سه‌ربازه‌کان. کاتێك ته‌قه‌کان ده‌وه‌ستان خۆپێشاندەران دەگەڕانەوە سه‌ر شه‌قامه‌که‌. نزیکه‌ی سه‌عاتێك که‌متری خایاند هێزه‌کانی پۆلیسی ته‌واری و هێزه‌ تایبه‌تیه‌کان گه‌یشتنه ‌شه‌قامه‌کانی نزیك به‌ سابونکه‌ران و له‌هه‌ر شه‌قامێکه‌وه ‌ده‌سته‌یه‌ك بڵاودەبونەوە و له‌سه‌ر سوچه‌کان دادەمەزران ‌و دەکه‌وتنه‌ تەقە لە ‌خۆپیشانده‌ران. خۆپیشانده‌ران نه‌یانده‌ویست بڵاو ببنه‌وه‌. چه‌کداره‌کانی ڕژێم له‌زیاد بوندا بوون بەڕادەیەك کە ئیتر ده‌هاتنه‌ ناو کۆڵانه‌کانه‌وه‌. له‌یه‌کێك له‌خۆکشانه‌وه‌کانماندا له‌به‌رده‌مم دا کچێك به‌به‌رگی قوتابخانه‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌ویه‌که‌ خۆی گرمۆڵه‌کردبو پشتی له‌من بوو ده‌گریا، منیش وام زانی که‌ترساوه‌. دانه‌ویمه‌وه‌ تا یارمه‌تی بده‌م هه‌ستێته‌ سه‌رپێ، له‌گه‌ڵ به‌رزکردنه‌وه‌یدا جله‌کانم و ده‌ستم بوون به‌خوێن ئه‌وسا زانیم برینداره‌. خۆم توند کرده‌وه ‌تاکو بتوانم هه‌ڵیگرم و بیبه‌مه‌ کۆڵانه‌کانه‌وه‌، له‌و کاته‌دا چه‌ند سه‌ربازێك له‌پشته‌وه‌ به‌شه‌ق و قۆناغه‌ تفه‌نگ په‌لاماری هه‌ردوکمانیان دا. هه‌ردوکمان که‌وتینه‌سه‌ر شه‌قامه‌که‌، چه‌ند سه‌بازێکیان به‌سه‌ر منه‌وه‌ مانه‌وه‌ و به‌شه‌ق و قۆناغه‌تفه‌نگ لێیان ده‌دام. هه‌رچۆنێك بوو توانیم ڕزگارم بێت له‌ده‌ستیان. ته‌نها سوچێك چه‌کداری ڕژێمی لێوه‌دیار نه‌بو سوچی ئه‌و شه‌قامه‌بوو که‌ شه‌قامی ئۆرزدی و سابونکه‌رانی به‌یه‌که‌وه‌ده‌به‌سته‌وه‌. بۆیه‌ ڕووم کرده ‌ئه‌و سه‌رسوچه‌. کاتێك گه‌یشتمه ‌ئه‌وێ بینیم له‌ناوەندی شه‌قامه‌که‌دا ده‌سته‌یه‌ك چه‌کدار وه‌ستابون، ناچار خۆم کرد به‌ کۆڵانێکی تردا و چومه‌ ماڵێكه‌وه‌. ماڵه‌که‌ قادرمه‌یه‌كی تیادا بوو ده‌چووه ‌سه‌ر هه‌یوانه‌که‌ی. کاتێك ‌به‌قادرمه‌که‌دا سه‌رده‌که‌وتم له‌سه‌ر شه‌قامه‌که‌وه‌ سه‌ربازێك ڕووی ده‌مانچه‌که‌ی تێ کردم و به‌ده‌مانچه‌که‌ی ئیشاره‌تی بۆ کردم بۆ ئه‌وه‌ی بێمه‌ده‌ره‌وه‌. منیش به‌خێڕایی خۆم کرد به‌ژوورێکی ماڵه‌که‌دا. بینیم چه‌ند قوتابیه‌کی تریشی تیادا بوو. هه‌موان له‌چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دا بووین که‌بێن و بمانبه‌ن. ئه‌گه‌رچی کات له‌سه‌رخۆ تێده‌په‌ڕی، به‌ڵام هیچ چاره‌یه‌کمان نه‌بوو جگه‌له‌وه‌ی خۆمان بێده‌نگ بکه‌ین و چاوه‌ڕوان بین. که‌س نه‌هاته ‌ماڵه‌که‌وه‌. ماڵه‌که‌ ته‌نها پیرێژنێکی خه‌ڵه‌فاوی تیادا بوو به‌بێ قسه‌ سه‌یری ده‌کردین و له‌سه‌ر کورسیه‌ باغه‌که‌ی هه‌ڵنه‌ده‌سا و خۆی تێك نه‌ده‌دا. چه‌ند سه‌عاتێك له‌ماڵه‌که‌دا ماینه‌وه‌. پاش ئه‌وه‌ی ده‌نگ و ڕاکه‌ڕاکه ‌نه‌ما یه‌ك بەدوای یەك‌ ماڵه‌کەمان به‌جێده‌هێشت. شه‌قامه‌کان ئارام بو بونه‌وه‌،چه‌کداره‌کانیش که‌م بوبونه‌وه. ئەگەرچی سه‌رسوچه‌کانیان به‌رنه‌دابوو، به‌ڵام وازیان له‌گرتن و لێدانی خه‌ڵکی هێنابوو.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا ماڵمان له‌ پاڵ گردی عه‌لی ناجی بوو، به‌پێ گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵه‌وه‌، له‌ڕێگا بیرم له‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ که‌ سبه‌ینێ چی بکه‌ین و دۆخه‌که‌ به‌چ ئاراسته‌یه‌کدا ده‌چێت. ئه‌وه‌ یه‌که‌م جارم بوو که‌ڕۆڵم هه‌بێت له‌پێکهێنانی خۆ پیشاندانێکی جه‌ماوه‌ری دا و به‌شداری تیا بکه‌م. ئه‌و ڕوداوه‌ ووره‌ و وزه‌یه‌کی گه‌وره‌ی پێ دام و ئه‌و هه‌سته‌م تیا دروست ده‌بوو که‌ ئه‌م ڕژێمه چەندە تۆقێنەرە و وامان لێکدەدایەوە کە که‌س نه‌وێرێت ڕووبه‌ڕووی بوەستێتەوە، بەڵام ‌ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ر زۆر له‌ترس و تۆقاندن به‌رز تر و زیاتره‌. وه‌کو لاوێکی بیست و یەك ساڵی زۆر شاناز بووم به‌ خۆم و هاوڕێکانی شانه ‌سه‌ره‌کیه‌که‌م که‌له‌ناوجه‌رگه‌ی ڕژێمێکی ئاوا دڕنده‌ و بە توانایەکی ئاوا که‌مه‌وه‌ خۆ پیشاندانێك پێك بهێنین. تاکو ئه‌و خۆپیشاندانه ‌یه‌ك کاتژمێریه‌ نه‌مبیستبو هیچ خۆپێشاندانێکی تر له‌سلیمانی دا ڕووی دابێت، هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ ده‌نگی ئه‌و خۆ پێشاندانه‌ به‌ته‌واوی شاردا بڵاو بۆوه‌. ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژ پێشمه‌رگه‌کانی یه‌کێتی هاتبونه‌ ناو شار و له‌گه‌ڕه‌که‌کانی وه‌کو کارێزه‌وشك و مه‌جیدبه‌گ هانی خه‌ڵکیان دابوو بۆ خۆپێشاندان. خه‌ڵکێکی زۆر هه‌ر هه‌مان ئێواره‌ خۆ پیشاندانیان ئه‌نجام دابوو .
هه‌مان ئێواره‌له‌لایه‌ن دکتۆر نه‌ورۆزه‌وه‌ ئاگادار کرامه‌وه‌که‌ پێویسته ‌سبه‌ینێ ڕۆژی هه‌ینی له‌گردی شه‌هیدان خۆ پیشاندان ده‌ستپێبکرێت و پێویسته‌ خه‌ڵکی ئاگادار بکه‌ینه‌وه‌ و خۆمانی بۆ ئاماده‌بکه‌ین. به‌و هیوایه‌وه‌ بوین که‌خۆپیشاندانێکی گه‌وره‌ئه‌نجام بدرێت.
کۆتایی بەشی یەکەم

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە