کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


تاکەی بە قسە ناڕەزایی دەردەبڕن!؟ بەرپرسەکان لە قسە ناترسن

Wednesday, 21/06/2017, 22:16


مەلا بەختیار زۆر بێباکانە بەکارهێنەرانی میدیا کۆمەلایەتیەکانی ناونا ''فەیسبوکچیەکان''.
مەسعود بارازانیش هەر لە ئەو ڕۆژانەدا ووتی: (ئەوەندەی دەتوانن، شت بنوسن، هەڵپەرن، جنێوبدەن ، هەرچیەك دەکەن با بیکەن. بە حەقیقەت نە گوێیان لێ دەگرین و نە هیچ حسابێکیان بۆ دەکەین).

-------------------------
هەردوکیان دەربڕینەکانیان لە کات و سەردەمێکی گونجاودا بو ، گونجاو بۆ خۆیان. گونجاو بەو مانایە نا کە ووتە و دەربڕینەکانیان پەسەندە. نەخێر بە پێچەوانەوە هەردوکیان زۆر بێشەرمانە سوکایەتی و گاڵتەجاڕیان بە خەڵك و بە دەنگە ناڕازیەکان و ڕای جیاواز کرد. بەڵام لە کاتی خۆیدا بووە و گونجاو بووە لەو تێڕوانینەوەی کە هەر دەسەڵاتدارێك لەبەرامبەر دەنگی بڵندی ناڕازی بەڵام بێکرداردا بێت لەخۆبایی دەبێت و هەر بەو زمانە روبەڕویان دەبێتەوە و مامەڵەیان دەکات. ئایا مەلا بەختیار راستی نەپێکاوە کە دەنگە ناڕازیەکان ناو بنێت ''فەیسبوکچی'' ؟ لە کاتێکدا خۆشبەختانە بۆ ئەو، دەبینیت هەر کەسە و لە ماڵەکەی خۆیدا و دور لە خەڵك و دور لە کار و چالاکی هاوبەش لە ڕێگای فەیسبوکەوە هەر باس لە خراپیەکان و گەندەڵی و دزی و تاوانەکانی دەسەڵات دەکات و ڕۆژانە بە کۆمێنت و لایك و نوسین دەیانخاتە ڕو، بەبێ ئەوەی هیچ کردارێکی هەبێت بۆ ڕێگری لەو ناڕەواییانە. ئایا ناڕەواییە هەر ووشەی فەیسبوکچیمان پێ ڕەوا ببینێت؟! . زۆرن ئەوانەی هەر قسە دەکەن و لە لایفەکاندا ئەشیڕێنن و دەنوسن بە بێ ئەوەی هەرگیز لە خۆ و دەوروبەر و هاوبیرەکانی بپرسێت، تاکەی ئەمە پەسەند بکەین؟! تاکەی لە تاوانەکانیان بدوێین و بنوسین بەڵام کرداردژیان ئەنجام نەدەین؟ ئایا تەنها ڕێگای ئەقڵانی ئەوە نیە بەدوای ئەو پرسیارانەشدا دیسانەوە پرسیارگەلێکی تر ئاراستەی خۆمان بکەین و بپرسین: بەڵام ئایا چ کردارێك بگرینە بەر و چۆن و بە چ ڕێگایەك ڕزگارمان دەبێت لەم خراپکار و تاوانبارانە ؟! ئایا چ میکانیك و وەسیلەیەك بگرینە دەست و بگرینە بەر بۆ گەیشتن بە خەونەکانمان و ئامانج و داواکاریەکانی خەڵك؟! ئایا دەکرێت بە درێژایی ژیان لە چاوەروانی دەستێکی سیحری و سوارچاکێکی ئەفسانەییدا بین بێت و ڕزگارکەرمان بێت؟! هەر ئە جۆرە چاوەڕوانینەی ئێمەیە کەسانێکی بچوکی وەکو مەلا بەختیارو مەسعودیان کردۆتە ئەو گەورانەی کە بەو شێوازە سوکایەتیمان پێ بکەن و بێنرخانە لە ووتە و نوسین و ڕەخنەکانمان بڕوانن . کاتێك هەرکەسێك لە ئێمە هەست بەوە بکات ئیتر سەردەم و کاتی کردارە پێویستە ڕوی دەممان بکەینە خۆمان و ئەوانەی کە خۆیان بە دەمڕاست و نوسەر و چالاکوان و خاوەن هەڵوێست دەزانن ،بپرسین تاکەی سوکایەتیەکەی مەلا حیکمەتمان بەسەردا چەسپاو بێت؟ تاکەی بە فەیسبوکچی بمێنینەوە؟ تاکەی کۆلکە خوێندەوارێکی خێڵەکی هێندە بە بچوکمان بزانێت لە هێج کاردانەوەیەکمان نەسڵەمێتەوە؟ تاکەی ئامادە نەبین لە مێزی کۆمپیوتەر و لاپتۆپەکانمان ئەولا تر نەچین؟. هەندێکمان هەمو توانا و وزەی خۆمان بێهودە دەخەینە ڕێکخستنی خۆپێشاندانی دەرزەنێك لە چالاکوانان و دەنگە ناڕەزاییەکان لە بەردەم دەزگا ئەوروپیەکان یان بەرامبەر کەسایەتیەکی پلەکانی خوارەوە ی دەسەڵات . ئەگەرچی خۆشم هەمان شێوازی کارو چالاکیم ئەنجام داوە و لە سەردەمانێکدا بە کاریگەرم زانیوە بەڵام ئیتر لە ساتێکی دیاریکراودا گەیشتومەتە ئەو ڕایەی کەبڵێم ئەوە شتێك نیە جگە لە یاریدەدەرێکی لاوەکی و تەنها ئەو ڕێگایە هەرگیز بە ئامانجەکانمان ناگەیەنێت. کاتی ئەوە نەماوە کە کار و چالاکیمان تەنها قەتیس بدرێت لە ناساندنی ڕوی دزێوی دەسەڵات و پیاوانی دەسەڵات و ئاشکراکردنی ناشرینیەکانیان لە لای خەڵك. ئەمڕۆ ئەوەی ڕاستی ئەو دەسەڵاتە و حیزبەکانی و پیاوانی دەسەڵات نەبینێت یان کوێرە یان گێلە، یان خۆی کوێروگێل دەکات لە پێناوی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانی و موچە بندیواریەکانیا یان لەترسی ئاشکرابونی شەرمەزاریەکانی. بۆیە ئیتر بە ئێمە و بە هیچ دوان و نوسینێك ئە جۆرە کەسانە هۆشیارناکرێنەوە و بە ئارستەی دروست و خەڵکی دا نابرێن. ئەمانە تەنها دەبێت لە داهاتودا بە هێز و زەبروزەنگی یاسا پەراوێز بخرێن و وەکو کەسانی زەرەرمەند بۆ کۆمەڵگا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت
قەتیسدانی خەبات و چالاکی بەمەبەستی ئاگادارکردنەوەی وڵاتان و دەزگا نێودەولەتیەکان لە تاوان و ناڕەوایی و پێشێلکاریەکانی مافەکانی خەڵك لە لایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە ،بە تایبەتی بە دەنگێکی کز و لاواز و لە ڕێگای ڕێکخراوێکی چەند کەسی بە بیر و نەخۆشی دوکانداری سیاسی و ڕێکخراوەییەوە وبە ڕەوت و بیری، باهەرخۆم و هەر من دیار و دەرکەوتو بم ، شتێك نیە جگە لە خۆ و خەڵکی گۆشەگیرکردن و ئاسنی سارد کوتان و لە هەندێ باردا خۆ بچوك کردنەوەش. باشترین ئەنجامەکانی ئەو جۆرە مامەڵانە ڕەنگە تەنها چەند وێنەیەك بێت بۆ لاپەرەکانی فەیسبوك وبەدەستهێنانی لێشاوێك لە لایك و دەسخۆشی بێت. ئەمڕۆ مەترسی داعش و ئیسلامی توندڕەو بۆتە خێروبەرەکەت و بەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێمدا ڕژاوە . ئەمڕۆ تەواوی سەران و پارتە چەپ و ڕاست و ناوەندەکانی ڕۆژئاوا قسە لە ئەولەویەتی ئاسایشی خۆیان دەکەن ،ستایشی دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکەن کە لە سەنگەرەکانی پێشەوەی جەنگی دژ بە تیرۆرن و پارێزەر و پشتیوانی ئاسایشی گەلانی ڕۆژئاوان. ئەولەویەتی وڵاتان و سەرانیان لەوەدا نیە کە پارێزگاری نان و مافی خەڵكی کوردستان بکەن، بەڵکو بەرژەوەندیەکانی خۆیان و گەلانی خۆیان پلەی یەکەمە و لەپێش هەمو شتێکەوەیە. ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی کوردستانیش ئەو قۆناغەیان تێپەڕاندووە کە بە ڕەخنە و ئاشکراکردنی کردارە پڕ لە شەرمەزاری و فەزاحەتەکانیان هیچ کاریگەریەکیان لەسەر بکرێت. تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوەی خودی تاکەکانی ناو دەسەڵات خۆیان بە شێوازێك دەدوێن و ڕەخنە دەگرن و دەنوسن کە ئەیانەوێت وا نیشان بدەن خۆیان لەدەرەوەی تاوان و دزی و گەندەڵیەکانن و خۆیان وەکو تاکێکی دەرەوەی ئۆرگان و حیزبەکانی دەسەڵات نمایش دەکەن ، لەبەرچاوترین نمونەشمان ''عەقید" شاناز و مەلا حیکمەت و لاهور تاڵەبانین. ڕەخنە و نوسین و ناڕەزاییە لاوازە تاکە کەسیەکانی ئەوروپا تەنها خۆ ڕازیکردن و کات بەسەر بردنە و زۆرجار خۆ بە قارەمان نمایشکردنە. ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان پێویستی بە کەسانێکی کارامە و دڵسۆز و لەخۆبورد و هەیە کە ئامادە بن بە گیانێکی خۆ بەزل نەزان و خۆ بە ڕابەر نەزان و خۆ بە ڕۆشنبیرترین نەزان و خۆ بە بەتواناترین نەزان هاوکاری یەکتری بن و کاری هاوبەش ئەنجام بدەن. بە جۆرێك ئامادە بن خۆیان و بەرژەوەندیەکانیان بخەنە خزمەت بیروباوەڕی شۆڕشگێڕانەوە و واز لە ووردە ڕێکخراوی ئێرە و ئەوێ و دوکاندارێتی سیاسی و ڕێکخراوەیی بهێنن. لە دوان و چات و یەکتر بینینەکاندا لەسەر تەنها ووشە و دەربڕین یان فاریزە و خاڵێکی بەیاننامە و ڕایەکی جیاواز گروپ و هاوکارانیان بەجێ نەهێڵن و بێهیوایی نەخەنە دڵی دڵسۆزانیشەوە . ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان پیویستی بەو کەسانە نیە کە لەڕێگای لایف و نوسینەکانیان و بە کاڕ و چالاکیەك خۆیان لێ بۆتە ڕابەرێکی پشتگوێخراو و جگە لە خودی خۆیان کەسی تریان لا پەسەند نیە. ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان پێویستی بە یەکگرتویی دەنگە ناڕازیە دڵسۆزو لەخۆبوردوەکان هەیە بۆ ئەوەی بەیەکەوە و هاوکار ڕێگا و بەرنامە بۆ چارەسەری بنەڕەتی خەڵکی هەرێمەکەمان بدۆزنەوە و میکانیک و ئامرازەکانی دەسنیشان بکەن بۆ ئەوەش کاتی هەنگاو هەڵهێنانە نەك خۆ بێدەنگ کردن و خۆ شاردنەوە لە پشتی کۆمێنت و لایکەکانەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە